نازم عەوڵا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و دەڵێت لە شۆفێرەکە خۆش بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
نازم عەوڵا، حەمباڵە ناسراوەکەی هەولێر، کە بە قسە خۆشەکانی لە سۆشیاڵ میدیا بەناوبانگە، ئۆتۆمبێل لێی دەدات و بریندار دەبێت. نازم دەڵێت: "تەندروستییم باش نییە، بەڵام لە شۆفێرەکە خۆش بووم." پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: "هەرچییەکی بوێ، ماددی یان مەعنەوی بۆی دەکەین."
 
رۆژی دووشەممە 1-5-2023، نازم عەوڵا، کە لە نێو بازاڕی شاری هەولێر حەمباڵی دەکات و قسە و رەخنەکانی لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بڵاون، بە (رووداو)ی راگەیاند، دوو رۆژ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێک لێیداوە، سەرەتا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، بەڵام ئێستا لە ماڵەوەیە.
 
سەبارەت بە تەندروستیشی، نازم گوتی: "تەندروستیم باش نییە، پزیشکەکان پێیانگوتووم زۆر قسە نەکەم". لەبارەی چارەنووسی ئەو شوفێرەشی بە ئۆتۆمبێلەکەی لێیداوە. نازم گوتی: "لێی خۆشبووم".
 
بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوبوونەتەوە، نازم سەر و دەستی بە برینپێچ بەستراوەتەوە و دەموچاوی شین بووەتەوە. بەپێی نزیکەکانی ئازاری زۆری پێگەیشتووە و  ناتوانێت بە ئاسانی هاتووچۆ بکات.
 
ئەو کاتەی رووداو پەیوەندی بە نازمەوە کرد، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە ماڵی نازم بوو. ئومێد خۆشناو بە رووداوی گوت: "ئێستا تیمێکی تەندروستی دێن بۆ ماڵی مام نازم، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە ماڵی مام نازمین، هەرچییەکی پێویست بێت لەرووی ماددی و مەعنەوی بۆی دەکەین. ئەگەر پێویستیش بکات دەیبەینە نەخۆشخانە."