ئەمریکا: پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوت دەکەین
رووداو - واشنتن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا و دەڵێت، "بەرهەمی کارکردنی گرنگ و ماندوونەناسانەی سەرکردە عێراقییەکانە."
لەبارەی ئەو رێککەوتنەی کە 4ی نیسان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا واژۆ کرا، رۆژی دووشەممە 01-05-2023 ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن دی سی، رایگەیاند، "پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا. ئەم ئەنجامە بەرهەمی کارکردنی ماندوونەناسانە و گرنگی سەرکردە عێراقییەکانە کە پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، وێڕای واژۆکردنی رێککەوتننامەکە، هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێنەکردووەتەوە، ئەوەش نیگەرانیی بۆ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دروستکردووە کە لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە جۆرێک کە نامەیان بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ناردووە بۆئەوەی رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکە.
لەبارەی سەردانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بۆ عێراق، دیار کوردە پرسی، "ئایا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە گفتوگۆ لەبارەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەکات؟" ڤیدانت پاتێل رەتیکردەوە هیچ وردەکارییەکی لەلابێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، باربارا لیف لەگەڵ سوودانی کۆبووەتەوە و باسیان لە "گرنگیی بەهێزکردنی پێکەوە کارکردن لەنێوان عێراق و ئەمریکا و رێگەکانی گەشەپێدانیان" کردووە.
لە وەڵامی ئەوەی "ئایا ئەمریکا قسەی لەگەڵ تورکیادا کردووە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان؟" پاتێل بە دیار کوردەی راگەیاند، "لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی نزیکمان لە پەیوەندیداین. ناڕۆمە وردەکارییەکانەوە، بەڵام بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین."
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
بەر لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە، وەزارەتى نەوتى عێراقیش مانگانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتى کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکى لە رێگەى ئەو بۆرییەوە هەناردەى بەندەرى جەیهانى تورکیا دەکرد، کە هاوکات نەوتى هەرێمى کوردستانى لێوە هەناردە دەکرا.
راگرتنى هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى مانگێکدا 190 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتى گشتیى عێراق و زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلار بە کەرکووک دەگەیێنێت، ئەوەش سەربارى داهاتى ئەو 378 هەزار بەرمیل نەوتەى رۆژانە هەرێمى کوردستان هەناردەى دەکرد، کە لە 30 رۆژى راگرتنى هەناردەکەیدا زیانى 642 ملیۆن و 978 هەزار دۆلارى بە داهاتی گشتیی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە بەشێکی زۆری بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخاندەکرا.
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن و ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە بەغدایە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیارە سەردانی هەولێریش بکات. ئایا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە گفتوگۆ لەبارەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەکات؟ لە کاتێکدا کە ئەوە نیگەرانیی سەرەکیی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لە هەرێمی کوردستان. هەروەها زانیومە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نامەیان بۆ وەزارەتی دەرەوە ناردووە بۆئەوەی رۆڵی زیاتر لەم بارەیەوە بگێڕێت.
ڤیدانت پاتێل: ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، ئێمە پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا، ئەم ئەنجامەش بەرهەمی کارکردنی ماندوونەناسانە و گرنگیی سەرکردە عێراقییەکانە کە پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن. هیچ زانیارییەکی دیکەی نوێم نییە لەبارەی گفتوگۆکانی باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە؛ بەڵام سەیر دەکەین بۆئەوەی بزانین کە ئایا چ وردەکارییەکی دیکەمان دەستکەدەوێت.
رووداو: ئایا ئێوە قسەتان لەگەڵ تورکیا کردووە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت؟
ڤیدانت پاتێل: ئێمە لە بارەی ژمارەیەک پرسەوە لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی نزیکمان لە پەیوەندیداین. ناڕۆمە وردەکارییەکانەوە، بەڵام بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین.