کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی: زیاتر لە دوو هەفتەیە کارکردنمان راگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی دەڵێت، "زیاتر لە دوو هەفتەیە کارکردنمان لە رێگەی کەلار - سلێمانی راگرتووە، چونکە زیاتر لە دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ خەرج نەکراوە. کارکردنیش دەست پێناکەینەوە تاوەکو پارەی پێویستمان بۆ خەرج دەکرێت."
کۆمپانیای بێشکان لە 19-12-2017 دەستی بە کارکردن لە رێگەی کەلار - سلێمانی کرد. پڕۆژەکە 60%ی تەواو بووە، لە کاتێکدا ماوەی تەواوبوونی 540 رۆژ بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێگەیە تەواو نەبووە.
رۆژی دووشەممە 06-03-2023 عوسمان حەمەسەعید، خاوەنی کۆمپانیای بێشکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیار بوو هەفتانە 250 ملیۆن دینارمان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام زیاتر لە دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەکمان بۆ خەرج نەکراوە. بڕیارێکی دیکە هەبوو کە نزیکەی 60 ملیار دینارمان بۆ خەرج بکرێت و ئەوەش جێبەجێ نەکراوە؛ بۆیە لە 15ی رەمەزانەوە کارکردنمان لە رێگەکە راگرتووە."
بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی، ئەگەر پارەی پێویستیان بۆ خەرج بکرێت، ئەوە لە ماوەی یەک ساڵدا رێگەکە تەواو دەکەن، "رێگەکە 42 کیلۆمەترە و نزیکەی 60%ی تەواو بووە."
تەنیا ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی پارە چوار جار کارکردن لە رێگەی کەلار - سلێمانی راگیراوە. لەبارەی کارکردنەوەی کۆمپانیاکە لە رێگەکە عوسمان حەمەسەعید دەڵێت، "بە تەرخانکردنی 250 ملیۆن دیناری هەفتانە ناگەڕێنەوە سەر کار، دەبێت چەندمان کار کرد بەگوێرەی ئەوە پارەمان بۆ خەرج بکەنەوە، ئەگینا ناگەڕێینەوە سەر کار. ئەوەشمان بە بانک راگەیاندووە و بانکی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، بەتەمای هیچ مەبن، چونکە پارە نییە."
گوژمەی رێگەی کەلار - سلێمانی 137 ملیار دینارە و نزیکەی 68 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرجکراوە. خاوەنی کۆمپانیای بێشکان دەڵێت، "ئەو 68 ملیار دینارە بە شەش ساڵ بۆمان خەرجکرا و نزیکەی 60 ملیار دیناری دیکەش ماوە بۆمان خەرج بکرێت. ئەگەر ئەوەش بەو شێوەی رابردوو بێت، ئەوە بە 10 ساڵی دیکەش ئەو پڕۆژەیە تەواو نابێت."