ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی پێنجوێن - سەیدسادق وەرگەڕا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

وێنەیەکی رووداوەکە

رووداو دیجیتاڵ

رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی پێنجوێن - سەیدسادق روویدا. رووداوەکە گیانلەدەستدانی دوو کەس برینداربوونی دووی دیکەی لێکەوتەوە.

رۆژی سێشەممە، 01-04-2025، ئاراس محەممەد، ئێشکگری کارگێڕی لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەرم و بریندارەکان گەیێندرانە لای ئێمە، بریندارەکان چارەسەریی سەرەتاییان بۆ کرا و رەوانەی نەخۆشخانەی شار کران لە سلێمانی، دۆخی تەندروستییان جێگیرە."

بەگوێرەی زانیارییەکان سەرجەم قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە باوک و کچێکن.

لەبارەی تەرمی  کچ و باوکەکەش ئەو ئێشکگرە گوتی، رەوانەی دادپزیشکیی سلێمانی کراون.

ئاراس محەممەد باسی هۆکاری رووداوەکەی کرد و رایگەیاند: لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە روویداوە.