%70ـی هۆتێلەکانی سلێمانی پڕ بوون لە گەشتیار

دیمەنێکی گشتیی سلێمانی؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی گشتیی گەشتو‌گوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە ‏سێیەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا گەشتیاران بە لێشاو روویان لە شاری ‏سلێمانی كردووە و 70% هۆتێل‌ و مۆتێلەكان پڕبوون ‌لە گەشتیار.
 
گۆران قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ‏سلێمانی ‏لە ‏‏كاتی ‏بەشداریی پۆدكاستی ‏بەكاتی ‏سلێمانی رادیۆی ‏رووداو، رایگەیاند: "لە ئەمڕۆ ‏سێشەممەوە هاتنی گەشتیار بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بە لێشاو بۆ ‏شاری سلێمانی دەستپێكردووە و لە بازگەكاندا بە باشی پێشوازییان لێدەكرێ‌".‏
 
لەبارەی شوێنی مانەوەی گەشتیاران گۆران قادر گوتی: "‏سەرجەم هۆتێل‌ و مۆتێلەكان ئامادەكاریان بۆ هاتنی گەشتیار كردووە. ئەوەی تائێستا بە ئێمە گەیشتووە 70% هۆتێل‌ و مۆتێلەكان پڕبوون لە گەشتیار و شوێنیان نەماوە".‏
 
لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی تاوەکو ئێستا هاتوونەتە سلێمانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری ‏سلێمانی گوتی، لە داهاتوودا دەستەی گەشتوگوزار سەرجەم ئاماری ‏گەشتیاران رادەگەیێنێت‌، بەڵام گوتیشی، "ئەوەندەی بە ئێمە گەیشتووە ‏زیاد لە 100 گرووپی گەشتیاری لەم چەند رۆژەدا سەردانی شاری ‏سلێمانییان كردووە."‏
 
گۆران قادر، جەختی لەوە كردوە بەهیچ جۆرێك ناهێڵن هۆتێل ‌و ‏مۆتێلەكان لەم كاتەنەدا یاری بە نرخەكانەوە بكەن دەبێت پابەندی ئەو ‏نرخەبن كە پێشتر هەڵیانواسیوە‌.
 
بە گوتەی گۆران قادر، لە شاری سلێمانی شوێنی ‏مانەوەی یەك كەس لە 5 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەكو نزیكەی ‏‏100دۆلار. گوتیشی، گەشتیار بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ‌ بەپێی توانای گیرفانی ‏شوێنی مانەوەی هەڵبژێرێ‌، ئەوەی بۆ ئەوانە گرنگە ئەوەیە لەم كاتانەدا یاری بە ‏نرخەكانەوە نەكرێت.