رووداو دیجیتاڵ
رزگار حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رووداو گوتی، "حیزبەکەی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات."
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی نیسانی 2024، رزگار حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکردووە، وەکو هێز و لایەنەکانی دیکە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین. لەو خشتەیەی کۆمیسیۆن وەک رێکاری هەڵبژاردن دیاری کردووە بۆ رادەستکردنی لیستی بەربژێران، ئێمە پێوەی پابەندین."
ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، "پەرلەمان پەکخراوە، یان وادەکەی کۆتاییهاتووە. حکومەتیش بەرەو ئەوە دەڕوات ماوەکەی کۆتایی بێت. ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. ئەو متمانەیەی لە لایەن وڵاتانەوە بە هەرێمی کوردستان دراوە، بەهۆی پەرلەمان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە؛ ئەگەر ئەمە نەبێت، بابەتی دیموکراسی و ئازادیمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە."
ئەمڕۆ عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوا وادەی پێشکێشکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاژێر 12:00ـی شەوی یەکشەممە بوو و درێژناکرێتەوە."
رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت، "هەموو وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان هانی ئەوەمان دەدەن هەڵبژاردن بکرێت. ئێمە بۆچی لە هەڵبژاردن بترسین؟ دەچینە نێو هەڵبژاردن و هانی هەموو لایەنەکانی دیکە بە پارتیشەوە دەدەین کە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن نەکراوە، بەڵام هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن. پێشتر یەکێتی بە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکرا. دواخستنی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت."
رزگار حاجی حەمە روونیکردەوە، "یەکێتی دەچێتە هەڵبژاردن و بەشداریی دەکات؛ پێشتر ئەو پڕۆژەیاسایەی وەک سکاڵا بردمانە پەرلەمانی کوردستان، زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵی بوون، بەڵام پارتی نەیهێشت بکرێت. بۆیە بردمانە دادگەی فیدراڵیی عێراق. بۆمان دەرکەوتبوو کۆتاکان بەرنامەی پارتی جێبەجێ دەکەن."
رۆژی چوارشەممە، دوای 11 جار دواخستنی بڕیاردان، دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەمکردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 کەمتر بن.
بە گوتەی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، "بەرەی تورکمانی نوێنەرایەتی تورکمان دەکات و بەشداریی هەڵبژاردن دەکات و بەربژێریان بۆ هەڵبژاردن پێشکێش کردووە. ئەوانەی لایەنگری لایەنێکی دیکەن ناڕازین، لەگەڵ پارتی لەکۆبوونەوەدابووین کاتێک پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان لە پەرلەمان کۆمیسیۆنیان کاراکردەوە. بەڵام رێگری لە هیچ لایەنێک نەکراوە کە بەشداری هەڵبژاردن بکات. هاوکات بەشێکی دیکەی پێکهاتەکان لە لیستەکانی دیکە و لای ئێمەش بەشدارن."
لەبارەی یاساکانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانەوە، رزگار حاجی حەمە ئاماژەی بەوەدا: "هەمان یاساکانی هەڵبژاردنن کە ساڵەکانی 2010، 2014 و 2023 هەڵبژاردنی پێ کراوە. لە ساڵی 2023یش ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بەو یاسایە کە فرەبازنییە کراوە و هیچ کێشەی نەبووە. کۆمیسیۆن هەمان کۆمیسیۆنە. تۆماری دەنگدەرانی کۆن؛ کۆمەڵێ ناوی مردووی تێدایە، ئێستە گۆڕاوە. تۆماری بایۆمەتری رێگریی لە ساختەکاریی دەکات."
سەبارەت بەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچی هەڵبژاردن ناکات، ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی پێی وایە: "پارتی دەیەوێت کاتی زیاتری هەبێت."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."