کۆمەڵی دادگەری بە 59 بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەری لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن بەربژێرەکانی پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە و لە سلێمانی زۆرترین بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو 31ـی ئاداری 2024، دوایین کات بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانی لیست و هاوپەیمانەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کۆمیسیۆن رایگەیاند، کاتەکە درێژ ناکرێتەوە.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لیستی ناوی بەربژێرەکانمان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە، 59 بەربژێرمان لە هەر چوار بازنەکە پێشکێش کردووە."
بێستوون حەمەساڵح، گوتی: "لە بازنەی هەولێر 15 بەربژێر، لە بازنەی سلێمانی 32 بەربژێر، لە بازنەی دهۆک 6 بەربژێر و لە بازنەی هەڵەبجە 6 بەربژێرمان پێشکێشکردووە."
لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: ''ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین بە هیچ بیانوویەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت و لەگەڵ ئەوەداین دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان سەرپێ بخرێنەوە، ئێمە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و ئامادەین.''
باسی لەوەشکرد: "بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە، دەکرێت بەبێ لایەنێک هەڵبژاردن بکرێت، چونکە لایەنێک خاوەندارێتی لە هەرێمی کوردستان ناکات."
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری گوتیشی: "بەبڕوای ئێمە ئەم هەڵبژاردن گونجاوتر و پاکترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاریکرابوو و ئەم هەڵبژاردنە باشتر دەبێت."
سەبارەت بەو تێبینییانەی لەبارەی رێکارەکان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرەوە هەیە، بێستوون حەمەساڵح باسی لەوەکرد: گومانمان هەیە لەسەر ئەو ژمارە گەورەیەی دەگوترێت پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە و ناتوانن دەنگ بدەن، ئێمە خەڵکی خۆمان هانداوە ئەوانەی پەنجەمۆرییان ناخوێنێتەوە سەردانی کۆمیسیۆن بکەن و گرفتەکەیان چارەسەر بکەن.
18ی مانگی ئادار پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."