بە بەشداریی 25 هەزار کریستیان لە دهۆک جەژنی ئەکیتۆ بەڕێوەچوو؛ 'ئەمە وڵاتی ئێمەیە'
رووداو - دهۆک
لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی دهۆک کریستیان لە هەموو تەمەنەکان جلوبەرگی نەتەوەیی تایبەت بە کریستیانەکانیان لەبەرکرد و بە رێپێوانێک بەرەو گەلیی دهۆک بەڕێکەوتن.
ماریا فەرهاد، شاجوانی عێراق بەشداریی رێوڕەسمەکەی کرد و گوتی، "هیوام ئەوە بوو بەشداری بکەم. جەژنی ئەکیتۆ کۆنترین جەژنە لە عێراق، هەربۆیە ئەرکی منە وەکو شاجوانی عێراق بەشداریی تێدا بکەم، داوا لە هەموو کریستیانەکانی دەرەوەی وڵات دەکەم بێن بەشداریی لە جەژنی سەری ساڵی ئاشوورییەکان بکەن."
جگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشێک لە کریستیانەکان خۆیان گەیاندە دهۆک. گرووپێک لە ئەوروپاوە چووبوون و یەکەمجار بوو دهۆک و هەرێمی کوردستان ببینن، سەرسامیی خۆیان بە گەرموگوڕیی رێوڕەسمەکە نیشاندا.
نینوس حەوشو، کریستیانی دەرەوەی وڵات دەڵێت، "هەست دەکەم لە ماڵی خۆمدام، کریستیانێکی زۆر لەم وڵاتەدا دەژین، بەڕاستی ئەمە زۆر باشە."
لە ساڵی 1992ەوە ساڵانە لە 1ی نیسان رێوڕەسمی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی بابلی ئاشووری لە دهۆک دەکرێت؛ ساڵانە ژمارەی بەشداربووان لە زیادبووندایە و ئەمساڵیش زیاتر لە 25 هەزار کریستیان بەشداربوون.
لینوس عەودیشو، رێکخەری رێوڕەسمەکە ئاماژە بەوە دەکات، پەیامی ئەوان ئەوەیە کە بڵێن، "ئەمە وڵاتی ئێمەیە و 6773 ساڵە ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین."
1ی نیسانی 2023 بووە 6773 ساڵەی بابلی ئاشووری کە یەکێکە لە جەژنە گرنگەکانی کریستیانەکان. ساڵانە لە سەرتاسەری جیهانەوە و لە ماوەی 12 رۆژدا کریستیانەکان رێوڕەسمی جۆراوجۆر دەگێڕن.