جێگری پارێزگاری هەولێر: خاوەنى زەوییە سندووقییەکان دەتوانن رێگەپێدان بۆ دروستکردنى خانوو وەربگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە سبەینێ یەکشەممەوە خاوەنى زەوییە سندووقییەکان دەتوانن رێگەپێدان بۆ دروستکردنى خانوو وەربگرن. جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، "زەویی کشتوکاڵی، بازرگانی و موڵکی خەڵک ناگرێتەوە، تەنیا ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە موڵکی حکومەتن و دەکەوێتە شوێنێکەوە کە بووەتە شوێنی نیشتەجێبوون."
 
رۆژی شەممە 01-04-2023 بە سەپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک بۆ رێگەپێدان بە خاوەنى زەوییە سندووقییەکان بۆ دروستکردنى خانوو لەگەڵ سەرجەم قایمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، سەرۆکى شارەوانیى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان بەڕێوەچوو و بڕیاردرا رێگەپێدانیان پێبدرێت.
 
زەوییە سندووقییەکان ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە راست و چەپی خانووە و پارچە زەوییەکە دەکەوێتە گەڕەکێکی نیشتەجێبوون. هێمن قادر،جێگری پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو زەوییانە روونکردنەوەی زیاتری دا و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو زەوییانە دەگرێتەوە کە لە ناحیە و سنووری قەزاکان هەن، لە دەرەوەی دیزاینی شارەوانین و کاتی خۆی گەڕەکەکە هەمووی بە زێدەڕۆیی دروستکراوە، بەڵام پارچەیەک زەوی لەنێوان خانووەکان ماونەتەوە، واتە ئەو زەوییە راست و چەپی خانووە و ناونراون زەوییە سندووقییەکان."
 
لەبارەی رێگەپێدان بە زەوییە سندووقییەکان، هێمن قادر ئەوەی خستەڕوو، "ئەو زەوییانە رێگەپێدانیان بۆ دەکرێت نەک مۆڵەت، چونکە ئەو دووانە دوو شتی جیاوازن؛ رێگەپێدان کە رێگەی پێ دەدەیت خانوو دروست بکات، مۆڵەت تەنیا بەو زەوییانە دەدرێت کە سەنەدی سەربەخۆیان هەیە."
 
بۆئەوەی رێگەپێدان بە خاوەنی زەوییە سندووقییەکان بدرێت، مەرج دانراوە. جێگری پارێزگای هەولێر گوتی، "بەپێی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021ە، کە یاسای بەخاوەنکردنی زەوییە زێدەڕۆییەکانە، بڕە پارەیەک دیاریکراوە کە لە بەرامبەریدا زەوییەکان بە خاوەنەکانیان دەفرۆشرێت، ئەویش 25%ـە، واتە رسوماتێک هەیە بەو رێژەیە رسوماتەکە تەواو دەکات و پارەکە بە حکومەت دەدات و ئەوکات رێگەپێدانی پێ دەدرێت."
 
هێمن قادر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو 25%ـە لە پارچە زەوییەک بۆ پارچە زەوییەکی دیکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە؛ پارچە زەوییەک لە ناحیەی کەسنەزان جیاوازە لەگەڵ پارچە زەوییەک کە دەکەوێتە سنووری هیران یان مەخموور.
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر، هەموو خاوەن زەوییە سندووقییەکان ناتوانن رێگەپێدان وەربگرن، بەشێوەیەک "زەوییە کشتوکاڵییەکان، بازرگانییەکان و ئەوانەی موڵکی خەڵکن ناتوانن رێگەپێدان وەربگرن، تەنیا ئەو زەوییانە دەتوانن کە بە مەبەستی نیشتەجێبوون و دروستکردنی خانووە و دەکەوێتە گەڕەکێک کە گەڕەکەکە ئێستا بووەتە گەڕەکێکی نیشتەجێبوون."
 
پارێزگای هەولێر لەبارەی بڕیارەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانیانی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایى گشتیى شارەوانییەکان داوای چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەویی سندووقی دەکەن، لەوبارەیەشەوە مه‌سرور بارزانی، سەرۆكى حکومەتى هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری رێكارەكان، لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەمانی گرفتی نیشتەجێبوون، چارەسەرى گرفتی ئەو زەوییانە بکرێت."