بەفر پارێزگای قەرس لە باکووری کوردستان سپیپۆش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلی بەفربارین لە بەشێک لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە شەپۆلەکە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستانیشی گرتەوە.
بەفربارینەکە بەشێوەیەکی چڕ لە پارێزگای قەرس باری و دوای سێ کاژێر گرفتی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بە تایبەتی بارهەڵگرەکان لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو پارێزگای قەرس-ئیدیر دروستکرد.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ناوچەی 18ـی هەرێمی کە پارێزگای قەرس، ئدیر، ئەرزەڕۆم و ناوچەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە رایگەیاند، نزیکەی 14سانتیمەتر بەفر باریوە و مەودای بینین بۆ نزیکەی پێنج مەتر لە دەرەوەی شار کەمبووەتەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ لەسەر رێگەکان رێوشوێنی پێویستییان گرتەبەر.
رۆژی 31ـی ئاداری 2023، بەفر لە پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس، مووش، ئامەد، شرنەخ، سێرت، ئاگری، ئەردەخان، چەولیگ و مێردین باری.