لە مەرەش حەوت خێوەت سووتان و دوو هاووڵاتی برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە کەمپێکی مەرەشی باکووری کوردستان ئاگر کەوتەوە و لە ئەنجامدا حەوت خێوەت سووتان و دوو هاووڵاتیش برینداربوون.
رووداوەکە کاژێر 04:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئاداری 2023 لە کەمپێکی گەڕەکی یەنیشەهیر سەر بە شارۆچکەی دوڵکادیرئۆغڵو کەوتەوە.
لە یەکێک لەو خێوەتانەدا کە ژمارەیەک رزگاربووی بوومەلەرزە دەمانەوە، ئاگر کەوتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا تەشەنەی سەند و پەڕییەوە بۆ چەند خێوەتێکی نزیکی.
تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە چوونە شوێنەکە.
لە رووداوەکەدا دوو زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە کە دەیانویست ئاگرەکە بکوژێننەوە بریندار بوون. تیمی پزیشکی ئەو دوو بریندارانەیان گەیاندە نەخۆشخانە.
دوای نزیکەی کاژێرێک کارکردن لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە کوژێنرایەوە؛ حەوت خێوەت سووتان. لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەبارەی رووداوەکە بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 287 شوێن کامپ دروستکراوە و تێیاندا 329 هەزار و 382 خێوەت هەڵدراون.
لە هاتای 84 هەزار و 316 خێوەت، لە مەرەش 74 هەزار و 112 خێوەت، لە دیلۆک 49 هەزار و 670 خێوەت، لە سەمسوور 48 هەزار و 500 خێوەت، لە مەلەتی 26 هەزار و 960 خێوەت، لە ئادانا 17 هەزار و 515 خێوەت، لە رووها 8 هەزار و 990 خێوەت، لە عوسمانییە 7 هەزار 282 خێوەت، لە ئامەد 7 هەزار و 458 خێوەت، لە کیلیس 4 هەزار و 579 خێوەت هەڵدراون.