عوسمان کانی کوردەیی لە کۆمەڵی دادگەری دوورخرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵی دادگەری، عوسمانی کانی کوردەیی دوورخستەوە. سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێت: "هۆشداری پێدرا بوو کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، بەڵام ئەمڕۆ بینیمان بەشداربوو و بۆیە لە کۆمەڵ دوورخراوەتەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نەماوە." 
 
رۆژی چوارشەممە 1-03-2023، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عوسمان کانى کوردەیى بەهۆی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دوورخرایەوە."
 
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، چەندین جار ئەو پەرلەمانتارە "هۆشداری پێدرا بوو" کە نابێت بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ بەشداری دانیشتنەکە بکات.
 
هاوکات ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەبەر پابەندنەبوونى بەڕێز عوسمان عەلى سمایل ناسراو بە عوسمان کانى کوردەیى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەری بە سیاسەتى کۆمەڵ و گرێبەستى کارى پەرلەمانى و بڕیارەکانى فراکسیۆنەوە، بڕیارماندا بەدوورخستنەوەى لە ریزەکانى کۆمەڵى دادگەرى."
 

 

 

هەر لەوبارەوە، عوسمان کانی کوردەیی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا گوتی: "دوای ئەوەی 25 ساڵ لە وەزارەتی ئەوقاف خزمەتم کرد لەسەر قسەی هەق دەرکرام؛ ئێستاش دوای پابەندبوون بە هەق و هەقپەروەری لە فراکسیۆنەکەم دوورخرامەوە، لەبەر ئەوەی کە سوێندنی یاساییم خواردووە خیانەت نەکەم، مووچەکەم پێ حەرام بوو دەوام نەکەم و 8 ملیۆن بێتە سەر هەژماری بانکییەکەم؛ بۆیە هاتمەوە سەر کاری خۆم."
 
ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بوو. 
 
09-10-2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023 درێژکرایەوە.
 
دوای درێژکردنەوەکە، جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە دوای 06-11-2022ەوە ناچنەوە پەرلەمان و بە "نایاسایی" دەزانن. پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتووش بڕیاریاندا لە رۆژی 06-11-2022 بەدواوە دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش بکەن، فراکسیۆنی کۆمەڵیش بایکۆتی پەرلەمانیان کرد.