ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانەوە بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فەرمانگەی پارکی نیشتمانیی دەریاچەی ورمێ دەڵێت، ژیانەوەی کانیاو لە نزیک دەریاچەی ورمێ شتێکی نوێ و سەیر نییە و ساڵانی رابردووش لە کاتی بارینی بەفر و باراندا کانیاوەکان بە شێوەی کاتی ژیانەوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی ژیانەوەی کانیاوەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، مورتەزا داوودی، سەرۆکی فەرمانگەی پارکی نیشتمانیی دەریاچەی ورمێ ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هیچ شتێکی نائاسایی و ناسرووشتی لەو دەریاچەیە رووینەداوە.
 
داوودی دەڵێت، دەریاچەی ورمێ وەکو هەموو دەریاچە و گۆمێکی دیکە کاریگەری بارینی بەفر و بارانی لەسەرە و هەڵقوڵانی ئاو لە نزیک دەریاچەی ورمێ بە هۆی بارینی باران و بەفری زۆرەوەیە و ساڵانی رابردووش شتی هاوشێوە روویداوە.
 
ئێستا ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبووەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتربوونی ئاوی دەریاچەکە زیاتر بە هۆی ئاوی بەنداوەکانەوەیە. لە کۆتاییەکانی پاییزەوە ئاوی بەنداوەکانی مهاباد و پیرانشار بۆ دەریاچەی ورمێ بەردراونەتەوە.