نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی کانوونی دووەم لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دیاریکرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لە نێوان 11750 بۆ 21500 دینارە، لە سلێمانی نرخی ئەمپێرێک لە نێوان 13500 بۆ 23000 هەزار دینارە، لە سەنتەری دهۆکیش نرخی ئەمپێرێک 19750 دینارە و لە پارێزگای هەڵەبجە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو نرخ دیاری دەکرێت.  
 
رۆژی پێنجشەممە، 01-02-2024، قارەمان مەولوود، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، موەلیدەکان 388 کاژێر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێرێک کارەبا بۆ کانوونی دووەم لە نێوان 11750 بۆ 17750 دینارە، کە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە دەگۆڕێت. 
 
لەبارەی کارەبای 24 کاژێری. قارەمان مەولوود گوتی، "هاووڵاتی هەیە خۆی داوای کارەبای 24 کاژێری کردووە بۆیە مانگی رابردوو موەلیدە 525 کاژێر کاری بۆیان کردووە و نرخی ئەمپێرێکیان 21 هەزار و 500 دینارە."
 
هەر ئەمڕۆ نرخی کارەبای موەلیدە لە شاری سلێمانی دیاریکرا. کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاژێرێک بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (42) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ک ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان 13500 بۆ 14500 دینارە."  
 
بەگوتەی کارەبای سلێمانی، مانگی کانوونی دووەمی 2024 موەلیدە ئەهلییەکان 320 بۆ 345 کاژێر کارەبایان بە هاووڵاتییان داوە. دەشڵێت، "به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان، نرخی ئه‌مپێرێک كاره‌بای موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێک بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت."
 
لەبارەی ئەو گەڕەکانەی کە بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە 7:00ـی بەیانى بۆ 1:00ـی شەوە، نرخى ئەمپێریان لە نێوان 18000 بۆ 19000 هەزار دینار. کارەبای سلێمانی لەبارەی ئەو موەلیدانەی کە کارکردنیان 24 کاژێرییە دەڵێت، "نرخى ئەمپێریان 21 بۆ 23 هەزار دینارە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی کارەبای سلێمانی بێت، خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ بۆ مانگى (شوبات) گۆڕانکارى تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنیا لەنێوان 1:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 1:00ـی شەو ئەگەر کارەباى نیشتیمانیى کوژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاژمێر 7:00 تاوەکو 8:00ـى بەیانى کاردەکەن، رۆژانى هەینى و شەممە پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبرى ئەوە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕى بۆ 1:00ـی شەو کاردەکەن.
 
لە پارێزگای دهۆک موەلیدە ئەهلییەکان مانگی رابردوو 500 کاژێر کاریان کردووە. هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دهۆک نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 8500 بۆ 19750 دینارە، بەڵام لە سەنتەری دهۆک هەموو کارەبای 24 کاژێرییە کە نرخی ئەمپێرێک 19 هەزار و 750 دینارە، ئەوەی بە 8500 دینارە زیاتر هەندێک گوندن کە لە 4:00 ئێوارە بۆ کاژێر 2:00ـی شەو موەلیدە تێیدا کار دەکات."
 
لە پارێزگای هەڵەبجە نرخی موەلیدە ئەهلییەکان دیاری نەکراوە. زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامیەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو نرخەکان دیاری دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.