دواى بەرنامەیەکى رادیۆی رووداو 10 قومارخانە لە دهۆک داخران و 16 قومارچیش دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دوای بەرنامەی "بە کاتی دهۆک"ی رادیۆی رووداو، کە تایبەت بوو بە زیادبوونی ژمارەی قومارخانەکان لە دهۆک، پۆلیسی دهۆک هەڵمەتێکی دەستپێکرد و 10 قومارخانەی داخستن و 16 قومارچیشی دەستگیرکردن.
مقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە دهۆک رایگەیاند هەفتەی رابردوو لێژنەیەکى تایبەت لە هێزە ئەمنییەکان پیکهێنرا، بۆ بەدواداچوونى ئەو شوێنانەى قوماری تێدا دەکرێت لە هەڵمەتێکدا پۆلیسى پارێزگاى دهۆک تاوەکو ئێستا 10 شوێنى قومارکردن داخراون و 16 کەسی دیکەشی بە تۆمەتى قومارکردن و بەکارهێنانى شوێنى خۆیان بۆ قومارکردن دەستگیرکراون.
گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک ئاماژەی بەوەدا تۆمەتبارەکان بەپێی مادە 389 لە یاسای سزاکانی عێراق دۆسیەیان بۆ دەکرێتەوە.
هێمن سلێمان دەڵێت هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت، هەر شوێنێک قوماری تێدا بکرێت دادەخرێت و قومارچییەکان و شوێنەکەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.