فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سێ جار سنووری گوندی چنارتوویان بۆردوومان کرد و 'هێشتا بە ئاسمانەوەن'
هەولێر دیجیتاڵ
خەڵکی گوندی چنارتوو دەڵێن بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سنووری گوندەکەیان سێ جار لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومان کرا و، "درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەشدا دەسووڕێتەوە."
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر ئەمڕۆ (دووشەممە، 01-01-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کاژێر 08:15ـی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنەوە گوندی چنارتوو لە سنوورەکەمان بۆردوومان کرا. نازانین بۆردوومانەکە زیانی گیانی و مادی لێکەوتووەتەوە یان نا. لە شەوی رابردووەوە، بە بەردەوامی درۆن بەسەر ناوچەکەماندا دەسووڕێنەوە."
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "لە سنووری گوندەکەدا شیوێکی پڕ لە دارودرەخت هەیە و دارستانێکی چڕە؛ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەوێی داوە."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت "تائێستا تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەهاتوونەتە شوێنی رووداوەکە و نەیانتوانیوە بێن؛ لەبەرئەوەی بە بەردەوامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە."
لە ماوەی هەفتەیەکەدا چەند جارێکی دیکە سنوورەکە بۆردوومان کراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر دەڵێت، 28-12-2023 جارێکی دیکە گوندی چنارتوو بۆردوومانکرا، پێشتر و ئابی ساڵی رابردووش چنارتوو بۆردوومان کرابوو.
بەپێی گوتەی خەڵکی گوندەکە لەو سنوورە و چەند شوێنێکی دیکە گەریلاکانی پەکەکەیان بینیوە. پەیامنێرەکەی رووداو ئاماژەی بەوەش دا "بینراوە گەریلاکانی پەکەکە لەم سنوورە و چەند شوێنکی دیکەدا هاتووچۆ دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر کەم بینراون. خەڵکی گوندی تووتەقەڵیش چەند رۆژێک پێش ئێستا گوتیان گەریلا لەم ناوچەیە کەم دەبیندرێن."
خەڵکی گوندی چنارتوو و دەوروبەری، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ترسیان لێنیشتووە
لەبارەی زیانەکانی ئەم بۆردوومانە، پێشەوا بەختیار دەشڵێت "خەڵکی سنوورەکە دەترسن لەوەی شوێنێک، یان ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان بکرێت و بەهانایەوە بچن، چونکە پار لە گوندی تووتەقەڵ ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرابوو، دوو کەس بریندار ببوون، خەڵک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بریندارەکانیان هەڵگرتبوو تاوەکو بیانگەیێننە نەخۆشخانە، دووبارە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج و ئەوانیش لەگەڵ دوو گەریلاکە گیانیان لەدەستدا."
تەنیا چوار ماڵ لە کۆی 17 ماڵی گوندی تووتەقەڵ ماونەتەوە
لەماوەی هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە هەشت جار سنوورەکانی ئاخجەلەر بۆردوومان کراون. بەم هۆیەوە، لە گوندی تووتەقەڵدا، لە ماوەی یەک ساڵدا لە کۆی 17 ماڵ 13ـیان گوندەکەیان چۆڵ کردووە. ئەو چوار ماڵەی ماون، بەترسەوە لەوێ دەژین. پەیامنێری رووداو دەڵێت، خەڵکی ئەو گوندە ناوێرن ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، چونکە دەترسن بکرێنە ئامانج. گوندی چنارتوو ئێستا سێ، چوار ماڵی تێدایە؛ ئەوانیش مەڕوماڵات بەخێودەکەن.
رۆژی 27-12-2023، نزیک کاژێر 6:00 و 8:00ـی بەیانی، پێنج جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی تووتەقەڵیان کرد. ساڵی 2021ـش تورکیا هەمان سنووری بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران، کە دووانیان سڤیل بوون.
لە رابردوودا بە پاساوی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، تورکیا ناوچەکەی بۆردوومان کردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی ئەوەی لە رابردوو تورکیا ئەم سنوورەی بۆردوومان کردووە؛ ئەوەی ئەمڕۆش لەلایەن درۆنی ئەو وڵاتەوە بووە.