لە دیلۆک کەسێک خەسوو و خەزووری بەسەختی بریندار دەکات پاشان خۆی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی شاری دیلۆک ـی باکووری کوردستان، کەسێک دوای بریندارکردنی خەسوو و خەزووری، خۆی کوشت.
رووداوەکە درەنگی شەوی یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە گەڕەکی کۆناک لە شارۆچكەی شاهینبەی روویدا.
کەسێكی تەمەن 38 ساڵ بە ناوی جەنگیزهان ساین، کاتێک دەچێتە ماڵی خەزووری، لەگەڵ حوسێن کورت ـی تەمەن 65 ساڵی خەزوور و سەلیمە کورت ـی تەمەن 63 ساڵی خەسووی دەبێت بە دەمەقاڵەیان.
لە کاتی دەمەقاڵەكەدا جەنگیزهان ساین بە دەمانچە خەزوور و خەسووی بریندار دەکات، دوای هێرشەکە بە هەمان دەمانچە خۆی دەکوژێت.
لەسەر ئەو رووداوە، تیمی تەندروستی 112 گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رایانگەیاند جەنگیزهان ساین مردووە و خەسوو و خەزووی بە سەختی بریندار بوونە.
دوو بریندارەکە بە ئەمبیوڵانس گەیێندرانە نەخۆشخانەی توێژینەوە و فێرکاری شاهینبەی.