وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانیان: بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستییانە بدۆزرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پێشمەرگە سەرکۆنەی هێرشی درۆنی بۆ سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە هەولێر دەکات و دەڵێت، "هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستییانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن." 
 
کاژێر 11:45ـی رۆژی شەممە 30-12-2023 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام لە پارێزگای هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووە. 
 
لەوبارەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 01-01-2024 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و 'بە تووند'ی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و رایگەیاند، "سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، زامنیی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەشە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بانگی حکومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین کە پاڵپشتمان بن بۆ راگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسیارانە کە دەبێتە هۆکاری ئاشووبی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی." 
 
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەکاتەوە، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەکو هەمیشە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەی، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی دەبێت." دەشڵێت، "هەرچی زووە بکەرانی ئەو کارە تیرۆریستییانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن." 
 
دوێنێ یەکشەممە 31-12-2023 هەر لەوبارەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری جیدی بەرامبەر بە بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر بۆ دۆزينه‌وه‌ى په‌لامارده‌ران و به‌سزاگه‌يانديان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى هاوبه‌ش و هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بكەن.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "به‌رده‌واميى هێرش و په‌لامارى درۆنى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، ته‌نيا زيان به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق ده‌گه‌يێنێت و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات."
 
هاوکات، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق "داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەستپێبکەن و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە."