شارەوانیی سلێمانی: ئەمڕۆ نزیکەی 2 هەزار تۆن زبڵ و خاشاکمان کۆکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 2000 تۆن زبڵیان کۆکردووەتەوە، ئەو بڕەش زۆر زیاترە لە رۆژانی رابردوو.
بەپێی ئامارەکان، شەوی رابردوو نزیکەی 200 هەزار کەس لە شاری سلێمانی، بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵدا کردووە، ئاهەنگگێڕەکان لە دوای خۆیان زبڵ و خاشاکێکی زۆریان جهێشت و تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیاکانی زبڵ و خاشاک دەستیان بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکەکە کرد.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "رۆژانی ئاسایی، نزیکەی هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی گەشتیاران و بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەری ساڵ لە شەقامی سالم، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، نزیکەی 2000 تۆن زبڵ و خاشاک لە سلێمانی کۆکراوەتەوە."
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتی، دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، لە کاژێر 5ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 9ـی پێش نیوەڕۆ، سەرجەم تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیاکانی پاککەرەوەی شار، دەستیان بە پاککردنەوەی شار و شەقامی سالم، سەرچنار، شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە کردووە.