لە شەوی سەری ساڵ لە هەرێمی کوردستان 103 منداڵ لەدایکبوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، تەنیا لە شەوی سەری ساڵدا 43 منداڵ بە ئاسایی و 14 منداڵ بە نەشتەرگەری لەدایکبوون. تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت، تەنیا لە شەوی سەری ساڵ 11 کوڕ و نۆ کچ لەدایکبوون. تەندروستیی هەڵەبجەش رایگەیاند، حەوت منداڵ لەدایکبوون و تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، 19 منداڵ کە دووانەیەکیشیان تێدایە تۆمارکراوە.
 
بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی شەممە1/1/2021، دەڵێت: "شەوی سەری ساڵ، 23 کوڕ، 20 کچ بە شیوەی منداڵبوونی ئاسایی لەدایکبوون. 7 کوڕ و 7 کچ بە نەشتەرگەری لەدایکبوون".
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تەنیا لە شەوی سەری ساڵ، 19 منداڵ لەدایکبوون، کە 12 کوڕ و حەوت کچ بوون. دووانەیەکیش لەدایکبوون، لە کۆی 19 لەدایکبوون، 13ـیان بەشێوەی لەدایکبوونی سرووشتی و شەشیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون.
 
لەبارەی ژمارەی لەدایکبوون لە شاری دهۆک، هەمزە رەزیکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا لە شەوی سەری ساڵ 20 منداڵ لەدایکبوون، کە 11 کوڕ و نۆ کچ بوون.
 
سەبارەت بە شاری هەڵەبجەش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، لە کاژێر 12:00ی شەو تاوەکو ئێستا، حەوت منداڵ لەدایکبوون، کە پێنج کچ و دوو کوڕن.
 
لەبارەی رووداوەکانی دیکە کە گەیێنراوەتە لایان، تەندروستیی هەولێر دەڵێت، دوو بریندار بە گولـلە، پێنج برینداری جۆراوجۆر، 13 رووداوی ئۆتۆمبێل، 25 کەوتنەخوارەوە، سێ کەسیش لەلایەن ئاژەڵانەوە گەستراون. کۆی گشتی رووداوەکان 58 رووداو لە نەخۆشخانەکە تۆمار کراوە.
 
د. عەبدوڵڵا ئیحسان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆکیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 24 کاژێری رابردوودا، 17 کەس لە نەخۆشخانە تۆمارکراون کە بریتین لە پێنج بریندار بە یاریی ئاگرین، شەش کەس بەهۆی شەڕەوە، دوو رووداوی هاتووچۆ بوون".
 
لە شاری سلێمانیش، بەپێی ئەو ئامارانەی سامان شێخ لەتیف، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 255 کەس لە شاری سلێمانی سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شاریان کردووە، کە هەندێکیان بەهۆی شەڕکردن و چەقۆوە بووە.