بافڵ تاڵەبانی: لیژنەیەکی ئەمنیمان دروستکردووە و ژمارەیەکی زۆر مافیا دەستگیردەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی سلێمانی کردووە و لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ئەو بە "مافیا" ناوی بردن و گوتی "لیستەکە فراوانە" و هەموو ئەو کەسانە دەگرن و گرنگ نییە سەر بە چ لایەک بن و لەکوێ بن.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکارانی کوردستان باسی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و قەیرانی دارایی و دۆخی ناوخۆی حیزبەکەی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و حیزبەکانی دیکە کرد و وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دوو ئیدارەیی و پرۆژەی لامەرکەزی رایگەیاند، کە ئەو "گاڵتەی" بە دوو ئیدارەیی دێت و دەشڵێت "ئەو هەموو شەهید و خوێنەمان رشت بۆ ئەوە نەبوو کوردستان بکەینە دوو ئیدارەیی، من باوەڕم بە دوو ئیدارەیی نییە. لەبەرئەوە ئێمە لەبەرنامەماندا نییە و بەرنامەیەکی دروست نییە."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، بافڵ تاڵەبانی گوتی، "حوکمی سەربازیی" لەو پارێزگایە هەیە. هاوکات سەبارەت بە دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک کە دەگوترێت تورکمانە، بە دووری دەزانێت کە پارێزگاری داهاتووی کەرکووک تورکمان بێت و گوتیشی: دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق پارێزگارێکی کورد دادەنێن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی هەڤپەیڤینی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ رۆژنامەڤانان
رووداو: لەدوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی, گوتراوە بەر لە کۆتایی ساڵ چەند بڕیارێکی نوێتان دەبێت لەبارەی پرۆسەی سیاسیی کوردستان. مەبەستتان لەو بڕیاری کۆتاییە چییە؟ ئەوە کارتێکی فشارە و هەڕەشەیە بەرامبەر پارتی؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر ئەمە هەڕەشە نییە بەرامبەر کەس، رەنگە شتێک ببیستن شتێکی باش بێت، ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە لەگەڵ هەموو حیزبەکانی کوردستان، یەکێک لەو شتانە ئەوەیە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووینەتەوە بۆیە تاوەکو کۆتایی ساڵ چاوەڕێی شتی باش دەکەم و چاوەڕێی شتی خراپ ناکەم. بۆیە دەبێت ئێمەش بەرنامەی خۆمان هەبێت. چەند شتێک هەیە لەنێوانماندا هێشتا جێبەجێ نەبووە. چاوەڕێ دەکەین بەزووترین کات جێبەجێ ببێت. تاوەکو بتوانین باشتر ئیشەکانی خۆمان بکەین. بۆیە هیچ هەڕەشە نییە بۆ هیچ کەسێك و دەبێت حیزبەکانی دیکەش بەرنامەی خۆیان هەبێت. بۆیە هەمووان دەمانەوێت کە کوردستان بەرەو پێشەوە بڕوات. بۆیە ئێمەش بۆ ئەوە کار دەکەین بەڕاستی.
رووداو: چەند جارێکە هەوڵی کۆبوونەوەی فراوانی پارتی و یەکێتی دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە و سەری نەگرتووە؟
بافڵ تاڵەبانی: وەڵڵا ئەوە هۆکارەکەی منم، چەند لیژنەیەکمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دروستکردووە . ئەمجارە لە خزمەتی جەنابی کاک نێچیرڤان بووین. ئێمە پێمان باشتربوو ئەو لیژنەیە کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەگەر کارەکانیشیان جێبەجێ بوون و زیاتر چوونە پێشەوە ئێمەش پێمان باشە لە چ ئاستێک کۆببینەوە لەگەڵ برایانی پارتی.
پرسیار: بارودۆخی ژیانی خەڵک زۆر خراپە، ئێوە لەبارەی نیگەرانییەکانی خەڵک چ وەڵامێکتان هەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: بێگومان نامەوێت لەبری حکومەت قسە بکەم، ئێمە تیمێکمان هەیە لە حکومەت و حکومەت دەتوانی وەڵامی پرسیارەکانی خۆی بداتەوە، من وەکو یەکێتی دەبێت حیزبەکان کاربکەن بۆ خەڵک، مەعاش نادرێت بەڕاستی ئەمە کێشەیە، ئێمە دەبێت بۆ خەڵک کار بکەین خەڵک بەلای ئێمەوە گرنگە، ئێمە باوەڕمان بە بەرنامەیەکی چاکسازییە و لەوەی قوڵتر بێت لەوەی کە حکومەت هەیەتی. بۆیە بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە واز لە ململانێ بێنین و پشتیوانی یەکدی بین. بۆیە ئێمە وەکو یەکێتی دەزانین کە بارودۆخەکە بەرەو خراپی دەڕوات تەنیا لە کوردستان وا نییە و لە هەموو عێراق وایە. ئێمە وەکو یەکێتی کەی پێویستی کرد لەگەڵ تیمەکەی خۆمان هاوکارییان بین.
پرسیار: لەپێش کۆنگرە گوتت کە دیدارتان لەگەڵ میدیاکاران بەردەوام دەبێت، بەڵام بەداخەوە وانییە. بۆچی؟
بافڵ تاڵەبانی: راستە من بەڵێمدا کە زوو زوو دانیشتن بکەین و دیدارمان هەبێت، بەڵام ئێمە پێشتر کێشەمان زۆربوو، ئێستا خۆشبەختانە ئەو کێشانە نەماون و بەرنامەیەکی زۆرمان هەیە وەکو یەکێتی.
پرسیار: لەنێو حکومەت بەشدارن، زۆرجار لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی گلەیی و گازندەکان تیمەکەی خۆتان لە حکومەت دەگرێتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر تیمی ئێمە لە حکومەت بەشێکە لە حکومەت و گلەیی ئێمەش لە هەموو حکومەتە، مام جەلال خوا عەفووی بکات، خۆی دەیگوت لە منەوە دەستپێبکەن و رەخنەم لێبگرن.
پرسیار: هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی سەخت بووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی 50 ساڵەی هەیە لەگەڵ تورکیا، ئاگاداری ئەو گرێبەستەن؟
بافڵ تاڵەبانی: وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسانە، ئێمە ئاگامان لەو رێککەوتنە نییە وەکو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
پرسیار: چارەسەری ئەم قەیرانە چییە لە هەرێمی کوردستان؟
بافڵ تاڵەبانی: چارەسەری قەیرانی دارایی لە بەغدایە، حکومەت ئەو پارەیەی نییە کە بتوانێت مووچە دابینبکات، بۆیە پێویستە حکومەت ئیشەکانی خۆی بکات و زیاتر بڕواتە پێشەوە و نابێت ئێمە زۆر چاوەڕێی بەغدا بکەین و هەموو رۆژێک لە دەرگای بەغدا بدەین. بۆیە دەبێت ئێمە خۆشمان زیاتر فشار بکەین و ناشتوانین ئاوا بەردەوام بین. بۆیە باشیرین شت ئەوەیە کە هەموو حیزبەکان بەیەکەوە دانیشین و چارەسەری کێشەکە بکەین. پێویستە بەیەکەوە لەگەڵ حیزبەکان پشت و پەنای یەکدی بین.
پرسیار: هەندێک لە وڵاتان لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بۆ لایەنی تورکمانی بەدیاریکراوی، ئاگاتان لەوە هەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: قسە زۆر هەیە لەسەر ئەو بابەتە و ئەوەش ئاسان نییە، من بەشتێکی جیدی نایبینم و سەری خۆت بەوە مەئێشێنە و ئەوە زۆر قورسە.
پرسیار: سەبارەت بە سلێمانی، بەڵگە هەیە کە قاچاخچییەتی زۆر بووە و یەکێتی تۆمەتبار دەکرێت، هەندێک زانیاریی هەیە کە لیژنەیەکتان پێکهێناوە. هەروەها جۆرەها قاچاخچییەتی دیکە کە پەنجە زیاتر بۆ بەرپرسانی یەکێتی درێژ دەکرێت. بۆچوونیشت چییە لەسەر ئەوەی لە سلێمانی زەوی داگیر دەکرێت و خەڵک فەلاقە دەکرێت و یەکێتی و بەرپرسەکانی تۆمەتبار دەکرێن؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەمەیان خەدرە و وانییە، مافیا لە سلێمانی و هەولێر و زۆر شوێن دروستبووە، ئێمە لیژنەمان دروستکردووە لەگەڵ بەرپرسان و تیمەکانی دیکە کۆبوونەوەم کردووە و لیستێکی گەورەمان حازرکردووە هەر کەسێ ئەو کارانە بکات دەچینە سەریان و دەستگیریان دەکەین، ئینجا زۆر بەتووندیش سەر بە هەر لایەنێک بن دەیانگرین و حیساب بۆ ئەوانە ناکەین. بەڵێ لیژنەمان پێکهێناوە و ئاگاداری کارەکان دەکەین. سەبارەت بە قاچاخچییەتی دڵنیاین کە هەیە و لە هەموو مەرزێک ئەوەشتانە روودەدات، لەوەیە دەیان و زیاتر بیری نەوت هەبێت داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەخس. دڵنیایین لەملا و لەملا هەندێک مەرز هەبێت کە حکومەتی هەر لێنییە، وەک یەکێتی حەزدەکەین بەزووترین کات حکومەت دابنیشێت و دۆخەکە باشتر بکات و چارەسەری بکات. بۆیە ئێمە ئیجرائاتی زۆرمان کردووە.
پرسیار: خودی بافڵ تاڵەبانی ئاگاداری گرێبەستی 50 ساڵە نییە لەگەڵ تورکیا، بەڵام هاوسەرۆکی یەکێتی ئاگاداری ئەو گرێبەستە نین یان ئاگاداری مەلەفی نەوت نین؟ ئایا یەکێتی ئاگاداری مەلەفی نەوتە یان نا؟
بافڵ تاڵەبانی: من ناتوانم بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامت بدەمەوە، وەڵامەکە قوڵترە لەوە، بۆچوونی من وایە کە تا رادەیەک یەکێتی ئاگاداری مەلەفی نەوتە، بەڵام زۆر گرێبەست هەیە وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان نەمانبینیوە. بەگشتی ئاگامان لە هەندێک شت هەیە، بەڵام هەمووشتێک نا. لەسەر ئەوەش لەگەڵ برادەرانی پارتی دادەنیشین.
پرسیار: داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بەشێکی داهات دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای نۆکان، ئەگەر وانییە بۆچی لیژنەیەک پێکناهێنن و سەرپەرشتی ئەو داهاتانە بکات، ئەوە لە سنووری یەکێتی دەکرێت رەنگە لە سنووری پارتیشی هەبێت؟
بافڵ تاڵەبانی: چەندین لیژنە لە پەرلەمان و حکومەت و لە بەغداش رۆیشتووە و رای خۆیان بە بەفەرمی داوە و ئەوەش لە هەموویان راستترە.
پرسیار: بەشێک لە کەناڵەکانی یەکێتی بەشێکیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەردەکەون و دژی حکومەتن، هەندێکجار لە میدیای ئۆپۆزیسیۆن تووندترن. هۆکاری ئەمە چییە؟
بافڵ تاڵەبانی: دوو شتت گوت، یەکەم میدیا کە گلەیی لە حکومەت دەکات، باوەڕم بە میدیای ئازادە و کوڕی مام جەلالم، حەزدەکەم میدیا پرسیاری قورس لە بەرپرس بکەن. لەنێو یەکێتیش حەزمان لە میدیای ئازادە. راستە چەند کێشەیەکمان لەگەڵ پارتی و حیزبەکانی دیکە هەیە. بەڵام دەبێت چارەسەر بکرێن. میدیای فەرمی بە جۆرێک کاردەکات و میدیای دیکەش هەیە بەشێوەیەکی نافەرمی قسە دەکات، من وەکخۆم میدیای سێبەرم نییە. بەڵام ئەگەر تەقە لە شوێنێک بکرێت شوێنێکی دیکە هەیە وەڵامی بداتەوە. حکومەتیش دەبێت خۆی بۆ ئەو گلەییانە ئامادە بکات. لەبەرئەوە ئاساییە ئەگەر خۆت بدەیە بەر کامێرا و دوو بەردیشت تێبگرن.
پرسیار: هێشتا یەکهەڵوێستی نییە بەرامبەر بە پارتی وەکو یەکێتی بۆچی؟ بۆنموونە کاک لاهوور هەندێکجار لێدوانی جیاواز دەدات.
بافڵ تاڵەبانی: بەرنامەی پارتی و یەکێتی لە حکومەت یەك بەرنامەیە، جگەلەوە هیچ شتێکی دیکە نییە و ئێمە نایبینین و دیدی جیاواز لەنێو یەکێتی نییە. کاتێک من یان هەر هەڤاڵێکی دیکە لە یەکێتی دەچێتە لای حیزبێکی دیکە بەیەکەوە بەرنامە دادەنێین و باشترین نموونەش دوایین کۆبوونەوەمان بوو لەگەڵ برایانی پارتی و هەمووشتێکیشمان باسکردووە.
پرسیار: ئەوەی کە جەنابت دەفەرمووی لەسەر حیزب و حکومەت، ئێوە گوتتان شاندەکانی خۆتان ئێوە ئاگادار نین چی دەکەن و چی ناکەن. ئایا ئەمە وایە؟
بافڵ تاڵەبانی: هەڤاڵانی یەکێتی لەنێو حکومەت پێویست ناکات پرس بکەن، ئەگەر ئێمە لیژنەیەک دەنێرین بۆ شوێنێک بڕیاریان بەدەستە و دەبێت خۆیان پرس بە ئێمە بکەن و بە رێواز خان کاک قوباد ناڵێین ئەوە بکەن و ئەوە بکەن، خۆیان بڕیار لەسەر کارەکانیان دەدەن.
چاکسازیی زۆر باس دەکرێت، ئەوەی لە حکومەت باسکراوە خراپ نییە، بەڵام لەبارەی مووچە من لەگەڵیان ناکۆکم نابێت وابێت. بۆیە دەبێت کارێکی زۆر لەسەر گەندەڵی شەخس و حیزبیش بکرێت. لەبەرئەوە دەبێت حکومەت قورستر بێت لە بڕیارەکان و کۆمەڵێک شت هەیە دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بکات.
پرسیار: بە لامەرکەزی ئیداری دەگەن؟ ئەگەر پێیگەیشتن چی دەکەن؟ سەبارەت بە دوو ئیدارەیی چی دەڵێن؟
بافڵ تاڵەبانی: گاڵتەم بە دوو ئیدارەیی دێت، ئەو هەموو شەهید و خوێنەمان رشت بۆ ئەوە نەبوو کوردستان بکەینە دوو ئیداریی، من باوەڕم بە دوو ئیدارەیی نییە. لەبەرئەوە ئێمە لەبەرنامەماندا نییە و بەرنامەیەکی دروست نییە.
پرسیار: چەند مانگی داهاتوو عێراق دەچێتە هەڵبژاردنی پێشوەختەوە؟ عێراق دۆخەکەی زۆر ناسەقامگیرە، یەکێتی چۆن خۆی ئامادەکردووە؟
بافڵ تاڵەبانی: سەبارەت بە بەرنامەی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، تیممان ئامادەکردووە و سەیری وەزعەکانمان کردووە و هەموو بازنەکانیش رازین لە یەکێتی.
رووداو: چۆ دەڕواننە بارودۆخی کەرکووک؟
بافڵ تاڵەبانی: حوکمێکی سەربازیی هەیە لە کەرکووک
رووداو: فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە؟ بەغدا خۆیشی بە قەرز مووچە دابین دەکات، چۆن چارەسەری ئەم دۆخە دەکەن؟
بافڵ تاڵەبانی: دەبێت چاکسازییەکی راستەقینە بکەین، دەبێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیەکی راستەقینە بکەین و راگەیاندنیش هاوکارمان بێت. هەروەها وڵاتانی دەوروبەریش دەبێت هاوکار بن. کورد دەبێت بە یەک دەنگ ئەو شەڕە بکات و چارەسەری ئەو دۆخە بکات.
پرسیار: دەگوترێت داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی مووچە ناکات؟ ئەوە دروستە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەو داتایەی کە من بینیومە پێموایە کە دروست نییە.
پرسیار: بەشێک لە پەرلەمانتاران دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەران بگوازنەوە بۆ عێراق. لەگەڵ ئەوەی؟
بافڵ تاڵەبانی: من دژی ئەوەم و نابێت هیچ بدەین بەغدا و دژی ئەوەم.
پرسیار: مەکتەبی سیاسیی کۆبووەتەوە، لەسەر ریواز فایەق و قوباد تاڵەبانی شتێک گوتراوە، ئێوە دەڵێن چی لەوبارەوە؟. لەسەر سڕکردنی کاک مەلا بەختیار چی دەڵێی؟
بافڵ تاڵەبانی: بەشتێکی زۆر باشی دەزانم و کاک قوباد بۆ یەکڕیزی تیمەکەی خۆی ئەو قسەیەی کردووە و بەرنامەی خۆی بووە، بۆیە کاک قوباد زۆر بەوەفا و پیاوە و نەیتوانی خۆی لە تیمەکەی جیابکاتەوە.
بابەتی کاک بەختیار باسکرا و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو بڕیارەی داوە. بۆیە کاک بەختیار چ وەڵامێکی دەبێت ئەوە کاری خۆیەتی و هەردوو شتەکەش حیزبی بوون.
پرسیار: دەگوترێت لەگەڵ کاک مەسعود رێککەوتن لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟ سەبارەت بە جموجوڵی سەربازیی لەسەر سنوورەکان و شەڕکرد لەگەڵ پەکەکە چی دەڵێن؟
بافڵ تاڵەبانی: شەڕ لەگەڵ پەکەکە بە شتێکی دوور دەزانم و دەبێت وا بکەین قەت شتێکی وا روونەدات.
بۆ ئەوەی دیکەش، بەرنامەیەک هەیە بۆ چاکسازی لەنێو هێزی پێشمەرگە، بەڵام زۆر شت هەیە دەبێت چارەسەر بکرێت.
پرسیار: یەکێتی وەکو دەگوترێت دەسەڵاتی لەگەڵ پارتی بەشکردووە، هەروەها دەگوترێت قاچێکتان لە دەسەڵاتە و قاچێکتان لە ئۆپۆزیسیۆنە؟ ئێوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کۆدەبنەوە، بەڵام بۆچی کاک لاهوور بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکات؟
بافڵ تاڵەبانی: سیاسەتی یەکێتی یەک سیاسەتە، ئەوەی من دەچم لەگەڵ پارتی دادەنیشم ئەوە من دەمەوێت و کاری منە، زۆربەی کۆبوونەوەکانی گۆڕانیش کاک لاهوور دەیکات. ئێمە وەک یەکێتی بۆمان هەیە گلەیی لە هەموو کەسێک بکەین، مام جەلال وای فێرکردین. ئەگەر تیمێکی ئێمەش دەچێت بۆ لای تیمێکی دیکە و حیزبێکی دیکە قسەی لەسەر دەکەین. بۆیە من لیژنەیەکم هەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ برادەرانی پارتی، نابێت کەس پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئێمە کێ دەنێرین بۆ لای پارتی.
پرسیار: کاک مەلا بەختیار پێشتر گوتبووی کە ژێرزەمینەکان پڕن لە پارە، ئەوە راستە؟ ئێوە چی دەڵێن؟
بافڵ تاڵەبانی: حەزدەکەم سوپاسی کاک بەختیار بکەم و داوا دەکەم کاک بەختیار ئەو ژێر زەمینە پارانەمان پیشانبدات ، چونکە ئێستا پێویستمان بەو پارە هەیە.
پرسیار: بەشێکی زۆر لە بەرپرسان پارەیان هەیە لە دەرەوەی وڵات، ئەم پارانە بۆ ناهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان؟
بافڵ تاڵەبانی: دڵنیام بەرپرس هەیە پارەی بردووەتە دەرەوە، بەڵام نازانم چ جۆرە پارەیەک دەڵێی، ئەوە زۆر ئاسان نییە قسەی لەسەر بکەین بۆیە بانکە داخراوەکانی سویسراش وەکخۆی نەماون. بۆیە ئەگەر بەڵگەیەک هەیە پێمان بدەن و کاری لەسەر دەکەین.
پرسیار: کاتی ئەوە نەهاتووە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان بکرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: فکرەیەکی باشە و باسیشکراوە، دڵنیام دەکرێت.
پرسیار: دوای کۆنگرە و دەرچوونی ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیاردرا ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسیی دروست بکرێت، دەگوترێت کە ئەو هەڤاڵانە پەراوێزخراون. ئەوە وایە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەو بۆچوونە زۆر هەڵەیە، ئەوانە برای گەورەی ئێمەن و لەگەڵیان دانیشتووین رێککەوتین لەسەر هەمووشتێک. بۆیە ئەو قسەمان زۆر پێناخۆشە کە دەیکەن. ئێمە رێزیان لێدەگرین و ئەو بۆچوونانە زۆر هەڵەن و ئەوانەش مامۆستای ئێمەن.
پرسیار: ئێران و تورکیا کاریگەرییان هەیە لەسەر گوشارەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان؟
بافڵ تاڵەبانی: حەزناکەم ئەو ئەو پرسیارە جواب بدەمەوە، چونکە کێشەکە قوڵتر دەکاتەوە و یارمەتی دۆخەکە نادات.
رووداو: کاتێک سوپای عێراق گەڕایەوە نێو کەرکووک، بە رێککەوتن کرا و خۆشت ئاماژەت پێدا، چی دەڵێی لەبارەی ئەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر رێککەوتن نەبوو، ئێمە دانیشتین پێش ئەوەی هێرشەکە بکرێتە سەر کەرکووک، لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا و عەبادی قسەمان کرد. ئێمە دەمانهەویست مەعەسکەر کەیوان پڕ بکەین لە هاوپەیمانان و کورد و عیراقییەکان بچنەوە نێو سەربازەگەکە واژۆی سەرکردایەتییەکان لەسەر ئەوەبوو و باش دەزانی ئەوەبوو بابەتەکە، چووم بۆ کۆبوونەوەکەی دووکانیش بەڵام قەناعەتیان نەکرد لەسەر ئەوەی من دەمەویست. من دووبارەم کردەوە کە هێرش دەکرێت. بەداخەوە ئەو هێزە دەیەویست هێز لە کەرکووک دەربکات. بۆیە پێشمەرگەی من دەبابە پانی کردەوە. لەوێ شەڕێک کرا و ئێمە پێماننەکرا. لەبەرئەوە ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا نەکردووە و ئەوەی دەڵێ رێککەوتن کراوە وانییە.
پرسیار: هەڵوێستتان لەسەر عەسکەرتارییەتییەی کەرکووک چییە؟
بافڵ تاڵەبانی: زانیمان دۆخەکە لە کەرکووک وایلێدێت، بەڵام چەند حیزبێک هاوکارمان نەبوون. بۆیە چەند کەسێک هاوکارمان نەبوون کە نەجمەدین کەریم لە پارێزگار بمێنێت، بەڵام بەداخەوە هەڤاڵان نەهاتنە پێشەوە.