گوتەبێژی دەم پارتی بۆ رووداو: لایەنگری دانوستاندنین و جەهەپە و ئاکپارتی بەرامبەر کورد یەکن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، بانگەشەیەکی چڕی هەڵبژاردن دەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنن.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە شاری ئامەد لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەی، ئامانجەکەیان دوای هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەسەڵاتدار و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی گەورە ئۆپۆزیسیۆن کرد.
گوتەبێژەکەی دەم پارتی رەتیکردەوە هیچ جۆرە دانوستاندنێکی نهێنییان لەگەڵ ئاکپارتی و جەهەپە یان هەر لایەنێکی دیکە بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنەکە هەبێت و پاڵپشتیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلو، بەربژێری جەهەپەیشی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019 لەلایەن هەدەپەی ئەوکاتەوە بە هەڵە ناونەبرد.
ئایشەگول دۆغان بە رووداوی گوت، ئەوان بۆ مافەکانی گەلی کورد و مافی "گەلانی دیکەی بندەست" تێدەکۆشن و جەختی لەوەش کردەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە دیالۆگ رێگەی گونجاوە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز ئایشەگول، دۆخی بانگەشە و هەڵبژاردن بەگشتی چۆنە، بە تایبەت بۆ ئێوە وەک دەم پارتی؟
ئایشەگول دۆغان: دۆخەکەمان لە شرنەخ زۆر باشە. ئەوانەی لە شرنەخ دەترسن، با هەندێکی دیکەش بترسن؛ بۆیە هەر لە ئێستاوە دەڵێم، ئێمە لە شرنەخ براوە دەبین؛ قلەبان (شارێکی ویلایەتی شرنەخە) وەردەگرینەوە؛ ئەلکیش (شارێکی شرنەخە) وەردەگرینەوە.
دەمەوێ ئەوە ببەستەمەوە بە دۆخی سیاسیی پارتەکەمان. نازانم لە چ روویەکەوە پرسیار دەکەی، بەڵام ئەوەی مەبەستمانە تەنیا سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداردا نییە، بەڵکو دەمانەوێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنین.
ئێمەش وەک هەر پارتێکی سیاسی بۆ ئەوە هەوڵدەدەین، بەڵام بیر لە دوای 31ی ئاداریش دەکەینەوە؛ دەمانەوێت ئەنجامێکی سیاسیشمان دەستبکەوێت؛ دەمانەوێت بە سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردنەکان دا ئەنجامێکی سیاسی بهێنینە کایەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە گۆڕەپانداین و کار و خەبات دەکەین. ئەوەی کە بە کار و چالاکییەکانمانەوە دیارە، هەروەها بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە کە دەکرێن، ئێستا هەموو کەس باسی دەم پارتی دەکات. ئەو کەسانەی بە مەبەستێکی خراپ باسی دەکەن، بەخۆیان خۆیان ئاشکرا دەکەن و من باسی ئەوانە ناکەم. بەڵام ئەو کەسانەی هیوایان لەسەر دەم پارتی هەڵچنیوە، ژمارەیان لەزیادبووندایە. ئێمە ئەوە دەبینین. ئێوارەی رۆژی 31ی ئادار دەبینین کە چی روودەدات؛ دەبینین کە لە رۆژی 1ی نیسان ئەنجامەکان بە چ شێوەیەک دەبن.
رووداو: ئێوە زۆرجار دەڵێن، دەرگەتان بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ کراوەیە. ئایا دەسەڵات هیچ وەڵامێکی بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ هەبووە؟ مەبەستم ئاکپارتییە.
ئایشەگول دۆغان: ئێمە پارتێکین بۆ مافی گەلی کورد و مافی گەلانی دیکە کە لە تورکیادا دەژین و مافەکانیان پێشێل دەکرێن، هەروەها بۆ مافی گەلانی بندەست، بۆ یەکسانی، ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی، تێدەکوشین. لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوانیش (دەسەڵات) دەڵێین، ئێمە پارتێکی لایەنگری دیالۆگ، دانوستاندن و گفتوگۆین و ئەمەش شتێکی نوێ نییە، بەڵکو 40 ساڵە هەیە؛ دەیان ساڵە هەیە.
زۆر لە پارتەکانمان داخران، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسەکانمان کوژران، تەنیا دەستبەسەرکردن و دوورخستنەوە نا، بەڵکو کوژران. لە ساڵانی نەوەتەکان دا پەرلەمانتارێکی ئەم وڵاتە کوژرا کە مەهمەت سنجار بوو لە ئێلێــه. ئەم پارتە لەپێناو ئەوەی رێگەی دیالۆگ، دانوستاندن و گفتوگۆ بکرێتەوە باجێکی گەورەی داوە، هێشتاش باجەکە دەدات و هێشتاش تێدەکوشێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاکپارتی تەنانەت هەنگاوێکیش بەرەو ئێمە نەهاتووە، ئەوە یەکەمین شت.
دووەمین شت ئەوەیە، هیچ جۆرە دانوستاندنێکی نهێنی و لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە نەبووە. لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە هیچ کۆبوونەوەیەکمان نییە، نەوەک تەنیا لەگەڵ ئاکپارتی، بەڵکو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش. ئێمە نەخشەرێگەیەکی نوێمان هەیە. چی دەکەین؟ بۆ گەلان و بە تایبەت بۆ گەلی کورد و هەموو کەسێک دەڵێین، سیاسەت بە ئاشکرا دەکەین و شتێکمان نییە بیشارینەوە. داواکارییەکانمان دیارن و لە بەرنامەی پارتەکەمان و پەیرەوکەماندا هەن.
سەڕەرای ئەوە، ئێمە لە هەموو شوێنێک باسی داواکارییەکانمان دەکەین؛ لە بانگەشەکان باسیان دەکەین، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان باسیان دەکەین و بۆ میدیاش باسیان دەکەین.
هەموو رێگەیەکی دانوستاندن و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیالۆگەوە بەهۆی ئێمەوەیە. بناخەی پارتەکەمان لەسەر ئەوە دامەزراوە. هەموو رێگەیەک لەسەر گەلی کورد داخراوە کە دەیان ساڵە بۆ پاراستنی ناسنامەکەی، کولتوور، هونەر و زمانی خۆی هەوڵدەدات. بۆیە ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە هەبووایە، خۆمان دەمانگوت.
زۆر باسی مافی سرووشتییەکانمان دەکەن؛ هەندێکیان بە خراپی باسیان دەکەن. چییە ئەو شتەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت؟ بۆ نموونە دەڵێن، بۆچی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ بەربژێری دیاری کرد؟
رووداو: ئەمە نموونەیەکی گەورەیە، چونکە دیاریکردنی بەربەژێر لەلایەن ئێوەوە لە بەرژەوەندی ئاکپارتی دایە؟ چی دەڵێن لەسەر ئەمە؟
ئایشەگول دۆغان: ئێمە بۆ بەرژەوەندی هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێک بەربژێرمان دیاری نەکردووە و دیاریش ناکەین. ئێمە بۆ بەرژەوەندی خۆمان، بەرژەوەندی گەلان و بەرژەوندی پارتەکەمان بەربژێر دیاری دەکەین و بۆیەش لە هەموو ناوچەکانی تورکیا بەربەژێرمان دیاری کرد، لە 77 شار بەربژێرمان دیاری کرد و من خۆم راگەیێندراوەکەم خوێندەوە.
لەوێ [ئیستەنبووڵ] کێ زەرەرمەند دەبێت و کێ سوودی لێ دەبینێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. هیچ کەسێک ناتوانێت تۆمەتبارمان بکات؛ هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لەبارەی مافەکانمانەوە قسەمان لەسەر بکات. پارتێک بۆچی بەربژێر بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات؟ بۆ ئەوەی سەرکەوێت. سەرکەوتن چییە؟ سەرکەوتن تەنیا بردنەوە و بەدەستهێنان شارەوانی نییە. ئێمە دەڵێین، سەرکەوتن لەوە گەورەترە، بەڵێ ئێمە شارەوانییەکانمان وەردەگرینەوە؛ ئەو شارەوانییانەی بە زۆر لێیان وەرگرتین. ئێمە ئیرادەی گەل رادەستی گەل دەکەینەوە. گەل خۆی ئیرادەکەی وەردەگرێتەوە.
بەڵام سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورە لە ئیستەنبووڵ چییە؟ هەموو کەس باسی ئەوە دەکات. وا نییە؟ دەتەوێ رێکخستنەکەت بەهێز بکەیت؟ دەتەوێ خۆت بناسێنی؟ ئەو شتانەی لە کوردستان باسیان دەکەیت، بۆچی دەبێت لە شارەکانی دیکەدا باسیان نەکەیت؟ بۆچی لە شار و شارۆچکەکان لە بەڕێوەبردن دا مافت نەبێ؟ ئەمە ئەوە ناگەیێنت کە ئێمە لەگەڵ هەندێک لایەن و پارت لەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکان رێککەوتبین. بە ئاشکرا دەڵێم، شتی وا نییە.
هەندێک کەس کە لە دەسەڵاتەوە نزیکن یان هەندێک کەس کە لە نەژادپەرستەکانەوە نزیکن، ویستیان شتێکی لەم جۆرە لەبارەی ئێمەوە دروست بکەن و بڵاوبکەنەوە، وەک ئەوەی کە لە هەندێک شوێن لەگەڵ هەندێک لایەن دانوستاندنمان هەبووە. ئەگەر شتێکی لەو جۆرەشمان ویستبێ، ئەوە شتێکی سرووشتییە، بەڵام بۆچی ئەو نموونەیە دەهێنمەوە؟ میدیای نزیک لە دەسەڵات و میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنیش، کاتێک مژار دەبێتە کورد، دەبنە یەک و دژی کورد و مافەکانی کورد دەوەستن؛ لەبەر ئەوەش دەمانەوێت دەستکەوتەکانمان لە هەموو شوێنێک زیاد بکەین، رێکخستنەکانی خۆمان بەهێز بکەین، جۆش و خرۆشی گەلەکەمان زیاتر بکەین، دەستکەوت و سەرکەوتن بۆ ئێمە ئەوەیە.
رووداو: روونە کە لە ئیستەنبووڵ بەربژێرتان هەیە. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە سیاسەتی ئێوە لە ساڵی 2019دا هەڵە بوو؟
ئایشەگول دۆغان: نەخێر ئەو واتایە ناگەیێنێت. بۆچی؟ ئەوکاتیش گوتمان، ئێمە ئەو هەڵوێستەمان بۆ دیموکراسیی تورکیا، بۆ ئازادیی گەلانی تورکیا، بۆ ئازادیی گەلی کورد پیشان دا. ئێمە داوای چی دەکەین؟ ئێمە دەڵێین، لە وڵاتێکی دیموکراسی دا پێویستە پرسی کوردیش چارەسەر بکرێت. پرسی دیموکراسی و کورد ناکرێ لە یەکدی جیابکرێنەوە. پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ئەم کۆمارە، ئەم سیستەمە ببێتە سیستمێکی دیموکراسیی ئەوتۆ کە دان بە مافەکانی مرۆڤ دابنێت، دان بە مافی گەلان دابنێت؛ مافی خاوەن بیروباوەڕی جیاواز، ئایینی جیاواز، ناسنامەی جیاواز بدرێت.
ئەگەر رەخنەیەکیش گیرا، پێویستە مرۆڤ قبووڵی بکات. بینیمان کە دوای هەڵبژاردنەکانی 14 و 28ی ئایار، پارتەکەمان لە رێگەی ئەو کۆبوونەوانەی کە لە سەرانسەری تورکیا کران، هەستی بەوە کرد کە پێویستی بە چاوخشاندنەوە و تەنانەت رەخنەگرتن لە خۆی هەیە. ئەگەر پرۆسەکە لە 2013ەوە وەربگرین، لە پڕۆسەی چارەسەرییەوە تاوەکو ئێستا، چی بوو؟ چی روویدا؟ چۆن روویدا؟ هەستی گەل چۆن بوو؟ رەخنەگرتنێک سەبارەت بەم خاڵانە هەبوو، بەڵام بە تایبەت بۆ ساڵی 2019 ناتوانین بڵێین هەڵە کرا (لە پاڵپشتیکردنی بەربژێری جەهەپە لە ئیستەنبووڵ). بە پێچەوانەوە، ئەوکات سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار کرا. 25 ساڵ بوو حیزبێک ئیستەنبووڵی بەڕێوەدەبرد، بە هێزی پارتەکەمان گۆڕانکاری بەسەر ئەوەدا هات لە بەرژەوەندی حیزبێکی دیکە. ئەوە پیشاندەری چییە؟ ئەوە هێزی پارتەکەمان پیشان دەدات.
ئێستاش ئەو حیزبە (دەم پارتی) دەیەوێت وەک ئەوکاتە بە هەمان هێزی خۆی بۆ دیموکراسی، ئازادی، ئاشتی و یەکسانی، درێژە بە خەباتی خۆی بدات. ئێستاش (دەم پارتی) دەڵێت، نە کارێکی وەها دەکەم کەسێک بدۆڕێنێ، نە کارێکی وەها دەکەم کەسێک قازانج بکات و دەڵێت، خۆم براوە دەبم، خۆم سەرکەوتوو دەبم و سەرکەوتنەکانم گەورەتر دەکەم.
رووداو: ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن بە دەم پارتی، ترسیان هەیە و دەڵێن، دەنگ دەدەین و سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێرین، بەڵام دوو رۆژ دواتر دەسەڵات قەییووم دادەنێت. ئێوە چی دەکەن بۆ پاراستنی مافی خەڵک و دەنگدەرانتان بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە وەک قەییووم دەستنیشان نەکرێت؟
ئایشەگول دۆغان: بۆ ئەوەی جارێکی دیکە قەییووم دانەنرێت، پێویستە لە تەواوی تورکیادا دەنگی زیاتر بێنین. پێویستە دەنگدەرەکانی دەم پارتی بزانن کە هەر دەنگێک گرنگە. لەوانەیە ئێوەش پرسیارتان کردبێ، کاتێک لە دەنگدەران و لایەنگرانی دەم پارتی دەپرسن، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە کێ دەدەن یان دەنگ دەدەنە کام پارتی؟ دەڵێن "دەنگ دەدەینە خۆمان و هیچ حیزبێکی دیکە نییە نوێنەرایەتی ئێمە بکات". ئێمەش مرۆڤین و ئەم پارتەش دەکرێ تووشی کەموکورتی و لاوازی بێت و حیزبەکەشمان هەر خۆی باسی ئەو شتانە دەکات. من لە کولتوورێکەوە هاتووم کە کولتووری رەخنەگرتن و رەخنەوەرگرتنە؛ هەر بەو کولتوورەش گەورە بووم؛ هەنگاو بە هەنگاو هاتووم و گەیشتووم بەم ئاستە و بەم قۆناخە.
دووەم خاڵ باسی بکەم ئەوەیە، ئەگەر بە هێزەوە نوێنەرەکانمان بنێرینە ئەو شوێنانەی کە هەن، ئەوا ناگەڕێندرێنەوە.
سێەم خاڵ، پارتەکان بەتایبەتی لە جوگرافیای کوردستان کارێک دەکەن. بۆ نموونە، جەهەپە دەڵێت، دەنگتان مەدەنە ئەوان (دەم پارتی) و تەنانەت ئەگەر دەنگیشیان بدەنێ، دواتر قەییووم لە شوێنیان دادەنرێت. ئەوە دروست نییە. ئاکپارتیش دەڵێت، ئەگەر دەنگیشیان بدەنێ (بە دەم پارتی)، ئێمە هەر قەییووم دادەنێین. بەم شێوەیە لە بەرامبەر ئیرادەی کورد هاوبەشن. ئایا ئێوە لە هەموو شوێنێک لێرە دەتوانن بێ ترس پرسیار بکەن؟ نەخێر. خەڵکیش ناتوانێت باسی بۆچوونی خۆی بکات. هیچ کەس سوود لەو ترسە نابینێت؛ ئاکپارتیش سوودی لێ نابنێت؛ جەهەپەش سوودی لێ نابینێت؛ حیزبەکانی دیکەش سوودی لێ نابینن.
زۆر پارت هاتن و چوون؛ زۆر سەرۆککۆمار هاتن و چوون؛ زۆر سەرۆکوەزیر هاتن و چوون؛ چیرۆکی کەس بۆ ئێمە لە چیرۆکی کەسێکی دیکە جیاواز نییە، ئەگەر پرسی کوردی چارەسەر نەکردبێت و سەبارەت بە پرسی کورد بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتبێت، ئینجا دەسەڵاتدار بێت یان ئۆپۆزیسیۆن. لەبەرئەوە ئەگەر لایەنێک بیر لە بەژەوەندییە گشتییەکانی تورکیا بکاتەوە، دوا بانگەوازمان بۆی ئەوەیە کە پێویستە دەست لەو شتە دژە دیموکراسیانە هەڵبگرێت؛ ئەو شتانەی لە دیموکراسی دوورن.
بە دانانی قەییووم، بە ترس و قەدەخەکردن، بە نەناسینی زمانێک، وڵاتێک نەوەک تەنیا ئاوەدانتر نابێت، بەڵکو لەڕووی ئابووریشەوە باشتر بەڕێوەناچێت.