خانمێک لە رێگەی شانۆوە خەڵک فێری زمان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

خانمێکی شانۆکار دەڵێت، لە رێگەی توێژینەوەیەکەوە بۆی دەرکەوتووە کە مەرج نییە ئەگەر بۆماوەیەک لە وڵاتێک ژیای و زمانی ئەوێ فێربووی، ئیدی ئامادەبیت بۆ ژیان لەوێ. دەشڵێت، شانۆ باشترین هۆکارە بۆ فێربوونی زمان.
 
د. ئامالیا سدرۆلیا، خانمە ئەکتەر و نووسەر کە بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرا کرد، باسی لەو کتێبەی کرد کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە فێری زمان ببیت و رایگەیاند، "کتێبەکەم لەسەر بنەمای نموونەهێنانەوەی پراکتیکیی چەسپاو نووسراوە و سێ ئاستە زمانەوانی و فێرکاریی سیاسی و فرەکولتووری لەخۆدەگرێت، هۆکارێکی باشە بۆ کۆچبەران بۆ ئەوەی بە خێرایی فێری زمان بن."
 
ئەو خانمە زیاتر باسی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "بەو کتێبە هەوڵمداوە مێتۆدێک بدۆزمەوە کە ئەو خەڵکانەی پاشبنەمای کۆچبەری یانیش پەنابەرییان هەیە یارمەتییان بدرێت ئاسانتر فێری زمانی ئەڵمانی ببن." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خانمی شانۆکار د. ئامالیا سدرۆلیا:
 
رووداو: د. ئەمالیا سدرۆلیا لە ئەسیناوە لەگەڵمە. د. سدرۆلیان نوێترین کتێبت سەبارەت بە کاریگەریی شانۆیە لەسەر پەروەردەی زمانەوانی و سیاسی و فرەکولتوورییە. دەتوانیت زۆرتر باسی کتێبەکەتمان بۆ بکەی؟
 
ئەمالیا سدرۆلیا: بەڵێ، کتێبەکە لەسەر بنەمای نموونەهێنانەوەی پراکتیکیی چەسپاو نووسراوە. بۆ قوتابخانە و زانکۆ و پەروەردەی گەورەکان. بەو کتێبە هەوڵمداوە مێتۆدێک بدۆزمەوە کە ئەو خەڵکانەی پاشبنەمای کۆچبەری یانیش پەنابەرییان هەیە یارمەتییان بدرێت ئاسانتر فێری زمانی ئەڵمانی ببن. هەروەها لەو کتێبەدا هەوڵمداوە سێ ئاست پیشانبدەم. یەکەمیان ئاستی زمانەوانی، ئینجا ئاستەکانی فێرکاریی سیاسی و فرەکولتووری. ئەو کۆچبەرانە یان پەنابەرانە بە هاوکاریی من و هاوکارم زەردەشت ئیبراهیم، هەوڵیاندا لە ماوەی ساڵێکدا فێری ئەڵمانی ببن، چونکە زۆریان بەباشی ئەڵمانییان نەدەزانی. هەروەها زانیاریی سیاسیشیان دەستکەوێ سەبارەت بە قەیرانی ئابووری و قەیرانی کۆرۆنا. بێگومان ئەوەش شتێکی باش بوو کە هەموویان پێکەوە هاتنەسەر سەکۆی شانۆ و مامەڵەیەکی فرەکولتوورییان پێکەوە کرد. ئەمە چوارچێوەی کتێبەکەیە. 
 
رووداو: زۆر باشە، وەک باستکرد کارەکانی زەردەشتی ئەکتەر و نووسەری کوردت هەڵبژارد. دەتوانیت پێمبڵێیت بۆچی کارە شانۆییەکانی زەردەشتت هەڵبژارد؟
 
ئەمالیا سدرۆلیا: زەردەشتم لە پڕۆژەیەکی دیکەوە ناسیوە بە ناوی (شانۆ و سیاسەت وەک رێگەیەک بۆ خۆگونجاندن). زەردەشت مرۆڤێکی زۆر بەهرەدارە. من بینیم کە چەند جوان لەسەر شانۆ دەلەیزێت، بەڵام دەشتوانێ زۆر باشیش بنووسێ. هەروەها دەشتوانێ بە باشی شانۆگەرییەک جێبەجێ بکات، بۆیە متمانەی خۆمم پیشاندا و پرسیارم لێکرد کە حەزی لێیە پڕۆژەی داهاتوو لەگەڵ من بکات. زەردەشت مرۆڤێکی زۆر زۆر هەستیاریشە. کار بۆ ئەو گرنگە، بەڵام زۆریش هەستەکانی پێشاندەدات. ئەمەش گرنگە بۆ کاری ئێمە، چونکە ئێمە لەگەڵ مرۆڤ کاردەکەین کە دەیانەوێ هەستەکانیان دەرببڕن. کەسێکی زۆر عاقڵە و لەو پێنج ساڵەدا زۆر سەرکەوتوو بووە لە ئەڵمانیا. کەسێکی زۆر کراوەیە و زۆر باشیشە. هەمیشە یارمەتیی داوم. لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا ئامادەگیی هەبووە. زۆر ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن. لەبەرئەوەی مرۆڤێکی تایبەتە، دەمەوێ لە ئاییندەشدا لەگەڵ زەردەشت کاربکەم. کوڕی چاکە!
 
رووداو: د. سدرۆلیا، وەک دەزانین خۆگونجاندن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئاڵنگارییەکی گەورەیە. تۆ زۆر توێژینەوەی ئەکادیمیت لەبارەی خۆگونجاندن و ئاڵنگارییەکانی کردووە. دەتوانیت پێمانبڵێیت گەورەترین ئاڵنگارییەکانی خۆگونجاندن لە وڵاتانی ئەوروپا چین؟
 
ئەمالیا سدرۆلیا: وەک گوتت خۆگونجاندن خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتنی هەموو وڵاتانی ئەوروپا. هەموو ساڵێک خەڵکێکی زۆر دێنە ئەڵمانیا و ئەوروپا و بۆنموونە یۆنان، بەڵام بەتایبەتی دێنە ئەڵمانیا، چونکە ئەڵمانیا سیستمێکی دەستەبەری کۆمەڵایەتی یان سۆسیالیی بەهێزی هەیە، بۆیە لە زۆر وڵات پێشوازی لە هاتنی کۆچبەران دەکرێ. لە ئەڵمانیاش هەروا، چونکە لە زۆر بواردا کۆمەڵگە پێویستی بە هێزی کارە. پێموایە بۆ ئەمە فێربوونی زمان زۆر باڵکێش و گرنگە. هەڵبەت فێربوونی بە مانای خۆگونجاندنی تەواوەتی نییە. هەموومان ئەمە دەزانین، بەڵام یاریدەدەرە بۆ دۆزینەوەی کار. ئەوە دەزانین کە ئەڵمانی زۆر پێیانخۆشە یارمەتیی ئەوانە بدەن کە زمانی ئەڵمانی دەزانن و کاریان بدەنێ یان وابکەن بخوێنن. خۆگونجاندن پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی درێژخایەنی کۆمەڵایەتییە. مرۆڤ پێویستە و دەبێ مەسەلەی خۆگونجاندن وەک شتێکی ئەرێنی ببینێ نەک نەرێنی، چونکە واتاکەی ئەوەیە کە مرۆڤەکان پێکەوە بژین. واتە بەو واتایە نییە کە تۆ خۆت بگونجێنی و شتێکی نوێ فێرببی و ئەوانەی ئەڵمانین و لێرەن هیچ نەکەن و یارمەتیی ئەوانە نەدەن و کاریان لەگەڵ نەکەن، چونکە ئەمە پێکەوەژیان دروستدەبێ. واتە لە خۆگونجاندن هەر کۆچبەران فێرنابن، بەڵکو خەڵکی ئەڵمانیاش فێردەبن. پێویستە بەمشێوەیە کۆمەڵگە پەرەی پێبدرێت. 
 
رووداو: دەبیستین و دەیبینین کە کوردی رۆژئاوا زووتر خۆیان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا دەگونجێنن و چیرۆکی سەرکەوتنیان زۆرن. ئەوان زمانەکە زووتر فێردەبن و بەشداربوویەکی کاران لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا. ئێوە هەم گرووپ و کۆمەڵگەی کۆچبەریی جیاواز جیاواز لە ئەڵمانیا دەناسن و هەمیش کارتان لەگەڵیان کردووە، بە توێژینەوە و فێرکردن. چۆن دەبێ لەو فێربوونە خێرایەی کوردی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا تێبگەین؟
 
ئەمالیا سدرۆلیا: زمان کلیلی پەیوەندیکردنە. هەندێکجار زمان تەنیا پێویستی بە ئەلفوبێ و رێزمان نییە، بەڵکو پێکهێنەرەکانی دیکەشی پێویستە. من زانستکارێکی بواری زمانەوانیم و ئەوە دەڵێم. مرۆڤ پێویستی بە کۆنتێکست و هەستەوەری هەیە. زۆر شتی دیکەش هەن، وەک جووڵەی دەموچاو و بەرزی و نزمیی دەنگ و زۆر شتی دیکەش. پێموایە بۆئەوەی زمانێک فێرببیت هەر ئەوە نییە کە من و هاوکارانی دیکەم تەنیا زمانەکە فێری خەڵک بکەین، بۆیە بینیومە و ئەوەم بەو هۆیەوە کە خۆشم سالانی زۆر کۆچبەر بوومە لە ئەڵمانیا بینیوە کە مرۆڤ پێویستی بە کەرەستە و شوێنی دیکە هەیە بۆئەوەی زمانێک بە باشی فێرببێ. ئەویش شانۆیە، چونکە خۆی لە خۆیدا شانۆ سەروکاری لەگەڵ زمانە. شانۆ زمانە. جا ئەمە بە قسە بێت یان بە جووڵە. لە پڕۆژەکانمدا کوردم هەبوون و خەڵکی دیکەش لە بولگاریا و یۆنان و ئێران و عێراق و ئەفغانستان هەبووە کە نەیاندەتوانی بە باشی بە ئەڵمانی قسە بکەن. هەرواش پێم گرنگ بوو کە دەهاتنە لامان و دەیانەویست بە کەمێک ئینگلیزی یان جووڵەی دەموچاو و دەربڕینی هەستەکانیان رۆڵێک بلەیزن، بۆئەوەی هەستێکی باشیان بۆ دروست ببێ. وەک گوتم زمان تەنیا بە هەستەوە دەتوانیت فێری ببیت. شانۆش باشترین شوێنە بۆ ئەمە. بۆیەش من فێرکردنی زمان بە شانۆ و میوزیک و فیلم دەکەم، چونکە هەموو هەستەکان بەکاردێن. 
 
رووداو: د. سدرۆلیا با تۆزێکیش باسی ئەزموونی خۆت بکەین لەگەڵ کۆچبەری. تۆ 25 ساڵ لە ئەڵمانیا ژیایت. بۆچی کۆچبەر بوویت و بۆ تۆ چەند ئاسان بوو کە لە جڤاکی ئەڵمانیدا خۆت بگونجێنیت؟
 
ئەمالیا سدرۆلیا: وایە من 25 ساڵ لە ئەڵمانیا ژیام. تەمەنم 23 ساڵ بوو کە چوومە هانۆڤەر. لەوێ کورسیی خوێندنم وەرگرت بۆ جێرمانیستیک و بواری سیاسەت. هەردوو خوێندنەکەم پێکەوە دەکرد. دکتۆراکەشمان لەبارەی زمانی ئەڵمانییەوە بوو. نامەی دکتۆرام لەسەر زمان و میدیا و جێندەر بوو. واتە رەگەزی پیاو و ژن. بۆ من خۆگونجاندن رۆڵێکی دیکەی هەبوو، چونکە قوتابیی زانستی زمانەوانی بووم، چونکە ناچاربووم و دەبووایە و لەژێر گوشاردا بم بۆئەوەی زمانی ئەڵمانی بە پێرفێکتی فێرببم. وا نەبووایە نەمدەتوانی بڕوانامەکەم وەربگرم. بۆیەش بەشێوەیەکی جیاواز مەسەلەی خۆگونجاندنم ئەزموون کرد و بینی. من لە زماندا کارمدەکرد. ئەمەش پاڵنەرێکی گەورە بوو بۆ من. من تەنیا بە زمانی ئەڵمانی دەمخوێند و هەر بە زمانی ئەڵمانیش لەگەڵ هاوکارانی ئەڵمانی کارمدەکرد. هەستدەکەم ئەوە وایکرد لە کۆچبەرانی دیکە جیاوازتر بم، چونکە وەک گوتم زۆر بە زمانەوە خەریک بووم، بەڵام لەدوای کار، بەتایبەتیش لە قۆناخی دەستپێکدا، دەمەویست تەنیا لەگەڵ یۆنانییەکان بم. دەمەویست تەنیا لەگەڵ ئەوان قسە بکەم و سەما بکەم و نان بخۆم. ئەمەش بەو مانەیەیە کە لە دوو جیهاندا ژیانێکی چالاکم هەبوو. لەلایەکەوە لە جیهانی خوێندنەکەم و کارەکەمدا بووم و لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوام لەگەڵ یۆنانییەکان سەفەرمدەکرد و شتمان رێکدەخست، چونکە بۆم قورس بوو 24 کاژێر لە رۆژێکدا هەر بە ئەڵمانی قسە بکەم. واتە خۆگونجاندن هەر لەخۆیەوە دروستنابێ. ئەوەش ئاساییە کە هەموو کۆچبەرێک و پەنابەرێک پێویستی بە شتەکانی وڵاتی خۆشیەتی، وەک زمان و دابونەریت و خۆراکی خۆی. ئەمانە شتی زۆر گرنگن و مرۆڤ نابێ لەبیریان بکات، چونکە رۆح پێویستی بەوەیە. ئەوەش وادەکات مرۆڤ بتوانێ لە وڵاتی غەریبی خۆی بەرەوپێش ببات. 
 
رووداو: زۆر سوپاس د. ئەمالیا سدرۆلیا لە یۆنان و ئەسیناوە کە میوانی ئەم بەرنامەیە بووی، سوپاس.