پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: بۆ پرسی کورد کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ پێشنیاز کراون

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، بۆ پرسی کورد کۆمەڵێک پرۆژەی نوێ پێشنیازکراون. هەروەها پشێبینی دەکات ئەمجارە ئاکپارتی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بباتەوە.
 
عەزمی ئاکنجی، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان لە بازنەی ئیستەنبووڵ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە سەنگەر عەبدولرەحمان لە ستۆدیۆی رووداو لە ئیستەنبووڵ لەگەڵی کرد، باسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و رکابەریی نێوان ئاکەپە و جەهەپە لەسەر شارەوانیی ئیستەنبووڵ و پرۆسەی ئاشتی کرد.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەزمی ئاکنجی:

رووداو: بەڕێز عەزمی ئاکنجی تاوەکو پار، تیۆرییەک هەبوو دەیگوت 'براوەی ئیستەنبووڵ براوەی تورکیایە' بەڵام ئاکپارتی بە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023 ئەو تیۆرەی هەڵوەشاندەوە. ئەی ئێستا ئەو ویستە زۆرەی ئاکپارتی سەرچاوەکەی لە کوێوە گرتووە، بۆ بردنەوەی سەرۆکاییەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ؟
 
عەزم ئاکنجی: بەر لە هەر شتێک سڵاوی خۆم دەگەینمە بینەرانی رووداو. دواتریش بەهۆی مانگی رەمەزانەوە دەمەوێ پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم موسڵمانانی جیهان بکەم. بەڵێ پرسیارەکەت راستە، تاوەکو پارساڵ بۆچوونێکی وەها هەبوو. بەڵام سەرباری ئەوەی ساڵی رابردوو ئیستەنبووڵ لە دەستی جەهەپەدا بوو، ئێمە براوەی تورکیا بووین. بۆیە ئەم تیۆرییە لایەنە هەڵەکانیشی بەدیارکەوتن. بۆیە دەبێت بە شێوازێکی دیکە لە دۆخەکە بڕوانین. ئیدی لەم هەڵبژاردنەوە دەتوانین بڵێین لە تەواوی تورکیادا فەرهەنگ و کولتووری سیاسیی کۆمەڵگە شوێنی خۆیان گرتووە. لە دامەزراندنی ئاکپارتییەوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە، نزیکەی 17 هەڵبژاردنمان کردووە. پەنا بە خوا ئەم هەڵبژاردنەش بەبێ هیچ کێشە و ئاریشەیەک دەکەین. گەلەکەشمان بۆچوونی دیموکراسیی خۆی رادەگەیەنێت. دەبێت هەموو لایەکیش رێز لە بۆچوون و بڕیاری گەل بگرێت.
 
ئەگەر لە پەنجەرەی ئیستەنبووڵیشەوە سەیری دۆخەکە بکەین، من پێموایە ئێمە دەبینە براوەی ئیستەنبووڵ و سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆخۆمان دەبێت. هەموو لایەک دەزانن و ئاگادارن، پێنج ساڵ تێپەڕی، بەڵام بۆ ئیستەنبووڵ بە پێنج ساڵی ونبوو و لەدەستچوو دادەنرێت. ئەوکاتەی ئاکپارتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵی لەلا بوو، ئیستەنبووڵ وەک پایتەختێکی لێهاتبوو. من، کەسێکم زۆر لەمێژە لەو شارەدا دەژیم و شارەزای رابردووی ئەم شارەم. ساڵی 1987 کاتێک لە زانکۆ وەرگیرام، هاتمە ئەو شارە. ئەوسا لە سەمسوورەوە هاتمە ئیستەنبووڵ، یەکەم شتێک کە رووبەڕووی بوومەوە، بۆنی ناخۆشی دەریاچەی هەلیچ بوو. حەوت ساڵ بە ناچاری ئەو بۆنەمان لە ئیستەنبووڵ هەڵمژی. ساڵی 1994 کاتێک بەڕێز سەرۆککۆمارمان بووە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، سەردەمێکی تازە دەستیپێکرد، ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵ هەیە، ئەو بناخە بەهێزەیە کە ئاکپارتی ژێرخانەکەی دانا. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردووشدا سەرجەم ئەو پڕۆژە و کارانەی بۆ ئەو شارە کرا، هەمووی راوەستاون و تووشی کێشە بوون. بەشێکیشیان بەداخەوە هەر داخران و رووناکییان نەبینی. گەلەکەشمان ئەوە دەبینن، بۆیە بۆ داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان و ئیستەنبووڵ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی جیاوازی سیاسی، ئیستەنبووڵ دەگەیەننەوە بە موڕادەکەیان، واتا موڕاد کورووم دەکەن بە سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە.
 
رووداو: ئەو راپرسیانەی بڵاودەکرێنەوە، بە بۆچوونی ئێوە چۆنن؟
 
عەزمی ئاکنجی: ئەنجامی راپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە جیاوازییەکی زۆر کەم لەنێوان جەهەپە و ئاکەپە هەیە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی ئیستەنبووڵ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین، لە ماوەی چەند هەڵبژاردنی رابردوودا ئەوەشمان بینی، راپرسییەکان هەمان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نادەن بە دەستەوە. دۆخی کۆمەڵایەتی گۆڕانیی بەسەردا هاتووە. هاووڵاتی ئەو وەڵامە ناداتەوە کە خۆی دەیەوێت. واتە وەڵامی راستیی راپرسییەکان نادرێتەوە. بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردن و راپرسییەکان لە یەکدی جیاواز دەردەکەون. لە هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکاییەتیی کۆماری تورکیا و پەرلەمان لە ساڵی رابردوو. لەوێش کۆمپانیاکانی راپرسی نەیانتوانی راستییەکان پێشبینی بکەن. راستە ئێستا لە ئیستەنبووڵ بەربژێری ئاکەپە و جەهەپە زۆر لە یەک نزیکن، بەڵام وەکوو برایەکتان کە لەنێو سیاسەتم، بە ئاشکرا هەست بەوە دەکەم موڕاد کوڕوم لەناو خەڵک لایەنگر و دەنگدەری زیاترە. بۆیە لەو باوەڕەم؛ ئەو سەردەکەوێت. 
 
رووداو: چاوەڕوان دەکەن لەو هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی چەند سەرۆکشارەوانی شارەکان بباتەوە؟
 
عەزمی ئاکنجی: رەنگبێت نەتوانم ژمارەیەک بڵێم، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 زیاتر دەبەینەوە، وەک چۆن لەنێو ئیستەنبووڵیش کە ئێمە 24 سەرۆکشارەوانیی ناوچەکانمان لەلایە، مەهەپەش وەک هاوپەیمانمان یەک دانەی هەیە، واتا 25، بەڵام لەو هەڵبژاردنە لەو باوەڕەم بتوانین 28 سەرۆکشارەوانی ناوچەکان ببەینەوە. 
 
رووداو: ئەگەر ئاکپارتی سەرۆکی شارەوانی بباتەوە، ئایا هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری هەیە بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی لە ئیستەنبووڵ؟ بۆ نموونە دابینکردنی وەرگێڕ بۆ ئەو بەتەمەنانەی تەنیا کوردی دەزانن؟
 
عەزمی ئاکنجی: لە ئیستەنبووڵ دەنگدەری کورد زۆر زۆرە، بۆیە کاتێک دەڵێن گەورەترین شاری کوردی تورکیا کامەیە، هەموو لایەک دەڵێت ئیستەنبووڵە. نزیکەی 5 ملیۆن کورد لە ئیستەنبووڵ هەن. وەک خۆشتان باستان لە ژمارەیەکی زۆری کورد کرد لەو شارە، لە سەردەمی ئاکپارتی، هیچ دەنگدەرێکی کورد، رووبەڕووی جیاکاریی و پەراوێزخستن نەبووەتەوە، بەپێچەوانەوە، سەرجەم شارەوانییە کوردییەکانیان وەکو شارەوانیی خۆیان زانیووە. منیش وەکو کوردێک، کە سیاسەت دەکەم، گەواهیدەری ئەو راستییەم. هەر بۆیەشە لەنێو ئاکپارتی کاری سیاسی دەکەم. بۆیە تاوەکو ئێستا لەلایەن هیچ شارەوانییەکی ئاکپارتییەوە، هیچ جیاکارییەک نەکراوە. سەبارەت بە پرسی وەرگێڕان و خزمەتگوزارییەکانیش، ئەم هەنگاوە لە تورکیا، لە سەردەمی ئاکپارتی بۆ یەکەمجار یاسای دابینکردنی وەرگێڕ دەرکرا. ئێستا لە دادگاکان و چەندان شوێنی خزمەتگوزاری وەکو نەخۆشخانەکان خزمەتگوزاری وەرگێڕ پێشکەش دەکرێت. لە هەر شوێنێکیش پێویست بێت، وەرگێر دابین دەکرێت. بۆیە ئەمە بۆ ئاکپارتی کێشە نییە، چونکە ئەمە هەم لە رووی مرۆڤایەتی هەم لە رووی ئیسلامییەوە لەگەڵ بەهاکانی ئێمە دێتەوە. 22 ساڵیشە ئێمە ئاوا کارمان کردووە و هەر ئاواش کار دەکەین و بەردەوام دەبین.
 
رووداو: باس لەوە دەکرێت ئەگەر ئاکپارتی، ئیستەنبووڵ بباتەوە، حکومەت لەگەڵ لایەنی کوردی و دەم پارتی پێڤاژوویەکی نوێ دەستپێدەکات؟
 
عەزمی ئاکنجی: ئەو هەڵبژاردنانە هەڵبژاردنی خۆجێین، لەو هەڵبژاردنانەشدا ئەو جۆرە پرسانە کەمتر باس دەکرێن. شوێنی تاوتوێکردنی ئەو پرسەش ئەگەر هەبێت پەرلەمانی تورکیایە. ناوە ناوە ئەو مژارە دەبنە رۆژەڤ و لەلایەن چەند کەسێکی نێو ئاکپارتی و دەم پارتی یان هەدەپەی پێشوو، باس لە هاوێشتنی هەنگاوێکی وەها دەکرێت. بەڵام دەبێت وەکو کوردێک ئەوە بڵێم، لەمڕۆ بە دواوە شتێک نایەتە بوون وەکو پرس و دۆخی سەردەمی پێڤاژووی ئاشتی، ئاکپارتی تاقیکردنەوەیەکی کرد و جارێکی دیکە نایەوێت پەنجە بە کونێکدا بکاتەوە، کە پێشتر مار پێی وەداوە. دووبارەکردنەوەشی راست نییە. بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد، کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ پێشنیازکراون. بۆیە دیسان ئەوەی ئەو کێشە چارەسەر بکات، هەر ئاکپارتییە، بەتایبەتیش بوونی بەڕێز سەرۆککۆمارمان لەو بارەیەوە زۆر گرنگە. بۆیە بەشێک لەو کەسانەی لەنێو دەم و هەدەپە سیاسەتیان کردووە، ئەو بڕوایەی ئەوان بە بەرێز سەرۆککۆمارمان هەیانە و ناوە ناوە دووبارەی دەکەنەوە، پێشوەچوونی جوانن و دەرخەری نیەتی باشین، بەڵام دوای ئەو لێدوانانەی باسمان کردن، هەندێک کەسانی دیکە لەنێو دەم پارتی و شوێنی دیکە، رەخنە لەو کەسانە دەگرن کە بڕوایان بە سەرۆککۆمارمان هەیە. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە، دەم پارتی لەلای دیکەوە بۆچوونی دیکە و جیاوازی بۆ دێت. وەک چۆن دەرخەری ئەوەیە لەنێو خۆشیان کێشە و رووبەڕووبوونەوەیان هەیە. بۆیە پرسی کوردیش وەک ئامانجێکی سیاسی بەکاردێنن. منیش وەکو کوردێک گەواهی لەسەر ئەوە دەدەم.
 
رووداو: پێتوایە لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئامەد، وەڵامی دەستپێشخەریی سیاسەتمەدارە ناودارەکانی کورد بدرێتەوە، سەبارەت بە دەستپێکی قۆناخێکی تازە لە پرسی کورد؟
 
عەزمی ئاکنجی: بەڕێز سەرۆککۆمارمان، هەر کاتێک بچێتە ئامەد، سەبارەت بە گەلی کورد و دۆخی ئاکپارتی بۆچوونی خۆی دەربڕیوە. بەر لەم هەڵبژاردنەش چەندان جار چووەتە ئامەد. وەک چۆن باسی لەوەش کردووە ساڵی 2005 چیم گۆتبێت لە ئامەد، ئێستاش لەسەر هەمان بۆچوونم. بۆیە ئێوەش بڕۆن لە برادەرانی دەم پارتی بپرسن، کێ پێڤاژووی ئاشتی تێکدا؟ ئێمە دەزانین، بەڵام با ئەوان خۆیان بیڵێن. ئێمە دەزانین کێ ویستی تێکدانی دۆخەکە و پێڤاژووەکەی هەبوو. نەک هەر ئەوەندە، ناو بە ناو دەزانین کێ رۆڵی هەبوو لە تێکچوونی پێڤاژووی ئاشتی. 
 
ئەوەی پێڤاژووی ئاشتی تێکدا و بووە هۆی ئەوەی پرسی کورد لە تورکیا بخرێتە نێو رەفەکانەوە، بەشێک لەوانە بوون کە بە دۆخەکە نیگەران بوون. دەتوانم ئەوانە بە هێزی دەرەکی ناو بنێم، وەک چۆن بە درێژکراوەی هێزە دەرەکیەکانیش دەتوانین ناویان بنێین. بەڵام لە سەرووی هەموویانەوە، ئەوەی ئەو دۆخەی تێکدا خودی قەندیل بوو. ئەوان ئەو نامەی بەڕێز ئۆجەلانیشیان، کە لە نەورۆزی ساڵی 2013ـی ئامەد خوێندرایەوە، بە تەواوی جێبەجێ نەکرد. هەروەها بوونە هۆکاری ئەوەی قسەکانی ئۆجەلان نەگەنە شوێنی خۆیان. ئەوەشیان بەوە پشتڕاست دەکردەوە، کە نابێت بە قسەی کەسێکی زیندانیکراو جووڵە بکەین. لەکاتێکدا ئامانجی قەندیل چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئامانجی کۆمەڵێک وڵاتی زلهێزی جیهانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.