لویس کۆڤۆسی: بیر لە وەرگرتنی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی کان ناکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 77ـەمین فێستتیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، رووداو گفتوگۆیەکی لەگەڵ لویس کۆڤۆسی، دەرهێنەری فەرەنسی ئەنجامداوە، کە بە فیلمی "مانگای پیرۆز" لە فێستیڤاڵەکە بەشدارە و کاری دەرهێنانی بۆ ئەو فیلمە کردووە. لە گفتوگۆکەدا کۆڤۆسی، باس لە چیرۆکی فیلمەکەی دەکات و دەڵێت، پێشبینی ئەوەی نەدەکرد فیلمەکەی لە کان وەربگیرێت. ئەو دەرهێنەرە پێشتریش بە فیلمی "مونۆ مونۆ" لە کان بەشداربووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بۆ گفتوگۆ لەسەر فیلمەکەت. دەمەوێت لە چیرۆکی فیلمەکەتەوە دەست پێبکەم. ئایا دەتوانیت باسی چیرۆکەکەمان بۆ بکەیت؟
لویس کۆڤۆسی: چیرۆکەکەی باسی پیاوێکی گەنج دەکات بە ناوی "تیتان" کە تا رادەیەک لە ژیانیدا ون بووە و باوکی لە رووداوێکی هاتووچۆدا دەمرێت. بۆیە دەبێت ئاگای لە خوشکە بچووکەکەی بێت کە حەوت ساڵانە. جا لەگەڵ نزیکترین هاوڕێیدا هەوڵ دەدەن خەڵاتی زێڕینی باشترین پەنیر لە هەرێمەکەیاندا ببەنەوە کە ناوی "کونتی"یە، پەنیرەکە هی هەرێمی "یورا"یە کە منیش خەڵکی ئەوێم. ئیدی هەردووکیان پێکەوە دەیکەن. فیلمەکە سەرگوزەشتەی ئەم هاوڕێیانە و کچە بچووکەکەیە هەوڵ دەدەن لە رێگەی ئەم خەڵاتەوە هەندێک پارە بە دەست بخەن.
رووداو: باشە چۆن ئەم چیرۆکە بە خەیاڵتدا هات؟ ئایا هیچ جۆرە پاشخانێکی راستەقینەی هەیە؟
لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی من خۆم لەو ناوچەیە گەورە بووم، بۆیە ویستم فیلمێک لەسەر ئەو کەسانە دروست بکەم کە لەگەڵیاندا گەورە بووم. جا ئەوە دەستپێکی بیرۆکەکە بوو، پاشان چیرۆکەکە بە هەموو شتەکانی نێویەوە گەشەی کرد، وەک ئەم پەنیرە و شتەکانی دیکە. جا من ویستم فیلم لەسەر خەیاڵێکی راستەقینە دروست بکەم. بۆیە سەرگوزەشتەیەکە لە ناوچەیەکی بچووکدا. من ویستم باسی ئەم خەڵکانە بکەم، بەڵام بە چیرۆکێکی خەیاڵیی راستەقینە.
رووداو: ئەو پەیامە تایبەتییە یان مەبەستە سەرەکییە چییە کە دەتەوێت بینەران لەم فیلمەوە وەریبگرن؟
لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی، دەمەوێت باسی ئەو کەسانە بکەم کە زۆر باسیان ناکەین. مەبەستم ئەوەیە فیلمی زۆر لەسەر ئەم گەنجانە نییە کە لە ناوچەکەماندان. هەندێک هەن، بەڵام زۆر نین. ئەم کەسانە لە سینەمادا زۆر نوێنەرایەتی نەکراون. ئەمە فیلمە دەیەوێت تیشک بخاتە سەر ئەم کەسانە.
رووداو: دەبینم لەم فیلمەدا پەیامی هیوا وازی لێ نەهێنراوە، ئایا راست دەکەم؟
لویس کۆڤۆسی: بەڵێ، زۆر گرنگە بەهێزیی ئەم کەسانە ببینرێت. لە ژیانیاندا زۆر شتیان لە دەست داوە و لە راستیدا لە ژیانیاندا لە شوێنێکی باشدا نەژیاون، کەچی هێشتا هێزی بەردەوامییان تێدایە و هێزیان هەیە لە ژیانیاندا شتێک بکەن. ئەوەیش جۆرێکە لە پەیامەکەی.
رووداو: ئێمە لەیەکێک لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی ئەوروپا و تەنانەت دەتوانین بڵێین جیهانیشین. بۆ نمایشی فیلمەکەت لە کان چ هەستێکت هەیە؟
لویس کۆڤۆسی: زۆر خۆشە و بۆ فیلمەکەیش ناوازەیە، چونکە وا دەکات رووناکیی زۆر بکەوێتە سەر فیلمەکە. زۆر کەس دەتوانن بیبینن. بۆیە زۆر خۆشە. هەینی پەخشی دەکەین. بەڵێ زۆر دڵم بە فیلمەکە خۆشە. راستییەکەی زۆر باش چووەتە پێش. بۆیە ئەوە بۆ من زۆر باشە. بۆ ئەکتەرەکان و فیلمەکەیش زۆر باشە. دەرفەتێکی سەرنجڕاکێشە؟
رووداو: پێشتر پێشبینیت دەکرد کە فیلمەکەت بێتە "کان"ـەوە یان نا؟
لویس کۆڤۆسی: پێشبینیم نەدەکرد بێتە کانەوە.
رووداو: دەتوانیت باسی بکەیت چۆن هاتە کان.
لویس کۆڤۆسی: تۆزێک مایەی سەرسووڕمان بوو. نەماندەزانی. ئێمە هەمیشە هیوامان دەخواست بچینە فێستیڤاڵی کان. جا ئەمەیان باشترین بژاردە بوو، چونکە فیلمەکە لەسەر ئەو بابەتەیە و هەڵبژاردنێکی هەر زۆر باشە. بەڵێ، ساتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە ئەوەمان بیست ئێمە هەڵبژێردراوین و بە ئەکتەرەکانمم گوت ئەکتەری پیشەگەر نەبوون. بۆ ئەوان یەکەم جار بوو و زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە هەموو شتێک لێرە دەربکەوێت.
رووداو: بەڵام پێشتر تۆ لە کان بوویت، وایە؟
لویس کۆڤۆسی: بەڵێ، بۆ من یەکەم جار نییە، چونکە کورتەفیلمێکم هەبوو بە ناوی "مانوا مانوو" کە خەڵاتی یەکەمی بردەوە. بۆیە بەڵێ ئەمە دووەم جارمە.
رووداو: دەتوانیت پێم بڵێیت کاتێک ئەم پرۆژەیەت هێنایە ناو ریزبەندییەکەوە تووشی چ ئاڵنگارییەک بوویت و چۆن بەسەریدا زاڵ بوویت؟
لویس کۆڤۆسی: ئاڵنگاریی زۆرمان هەبوو. بۆ نموونە لە فیلمەکەدا مانگای زۆرمان هەبوو، لەبەر ئەوەی لە کێڵگەدا بوو. بۆیە دەبوو لەگەڵ ئاژەڵەکاندا خۆمان بگونجێنین و هەندێک جار دیمەنی وامان هەبوو کە دەبوو مانگایەک عەرەبانەیەکی منداڵان بگەیەنێت. بۆیە دەبوو بوەستین بە دیاری مانگاکەوە تا بیگەیەنێت و دەبوو ئەکتەرەکانیش ئامادە بن. دیمەنەکە زۆر خێرا بوو و دەبوو لە حەوت خولەکدا وێنەی بگرین. ئاڵنگاریی زۆرمان لە بەردەمدا بوو، بە تایبەتی کە کار لەگەڵ کەسانێکدا بکەیت پیشەگەر نەبن و دەرهێنانیان لەگەڵ بکەیت تا ببنە کارەکتەرێکی دروست. بەڵێ، فیلمێک بوو دروستکردنی قورس بوو، بەڵام فیلـێکی زۆر باش دەرچوو.
رووداو: چەندە بەم پرۆژەیەوە خەریک بوون؟
لویس کۆڤۆسی: بە گشتی نزیکەی پێنج ساڵ. سێ ساڵ خەریکی نووسین و دۆزینەوەی پشتیوانی دارایی، پاشان وێنەگرتنی لە دوو مانگدا، دواتر ئیدیتکردنی بە شەش مانگ و هەموو ئەو کارانە.
رووداو: ئەی هیچ شتێکی وەک یادگارییت لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەدا هەیە بیرت نەچێتەوە؟
لویس کۆڤۆسی: زۆریش. بۆ نموونە، دەبوو لە پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێلدا وێنە بگرین. بە راستی لە پێشبڕکێیەکی راستەقینەی ئۆتۆمبێلدا بووین، دەبوو وەک شتی راستەقینەی سەرنجڕاکێش بکەن و، بە جۆرێک لە جۆرەکان مەترسیدار بوو و هەموو ئەکتەرەکان تۆزاوی بووبوون، ئەوە ساتێکی خۆش بوو و گەلێک ساتی دیکەی وامان هەبوو.
رووداو: با بچینە سەر فێستیڤاڵی کان. ئەم فێستیڤاڵە چۆن دەبینیت و چۆن دەتوانێت ببێتە پشتیوانییەکی گەورە بۆ دەرهێنەرە گەنجەکان و ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن؟ ئینجا ئامۆژگاریت چییە بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لە دەرهێنانە؟ هەموو ئەوانەی لە سینەمادا کار دەکەن خەون بەوەوە دەبینن بچنە کان، جا وەک ئافرەتێکی فەرەنسی ئامۆژگاریت چییە؟ چی بکەن بۆ ئەوەی بچنە کان؟
لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی، پێموایە شتەکە نابێت ئەوە بێت بتەوێت بچیتە کان. بەڵکو دەبێت کارەکە جیددی و راستەقینە بێت و ئەو بابەتەی هەڵیدەبژێریت دەبێت وەک راستی بمێنێتەوە و تۆیش لەگەڵ فیلمەکەدا بە راستی بمێنیتەوە. دەبێت ئەمانەت هەبێت و بە راستی لەگەڵیاندا بمێنیتەوە، چونکە فیلمەکە کاتێکی دوورودرێژ دەخایەنێت و بە راستی بزانیت بۆچی ئەم چیرۆکە دەگێڕیتەوە و دانەیەکی دیکە ناگێڕیتەوە. دەبێت تا کۆتایی بەرگریی لێبکەیت. ئا بەم جۆرە زۆر بە خەستی دەچیتە ناو بابەتەکەوە و بەم جۆرە بەر خەڵک دەکەویت.
رووداو: ئایا دەتوانیت بە کورتی بەرکوڵێکمان بدەیتێ لە بارەی ئەوەی کە پرۆژەی داهاتووت چی دەبێت؟ ئایا هیچ هەیە؟
لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی، تازە ئەمەم تەواو کردووە. هەر سێ رۆژێک بەر لەوەی بێم بۆ کان بە تەواوەتی پرۆژەکەمان تەواو کرد. جا کاتێک من فیلمێک دروست دەکەم، بە تەواوەتی و 100٪ لەنێو فیلمەکەدا دەبم. بۆیە دەبێت ئەمە تەواو بکەم، بۆ ئەوەی بیر لە دانەیەکی دیکە بکەمەوە. جا بیرۆکە و شتم هەیە، بەڵام پرۆژەی راستەقینە نییە.
رووداو: ئایا حەزت لە چیرۆک لە دەرەوەی فەرەنسا هەیە؟ بۆ نموونە، بیرت لەوە کردووەتەوە لە وڵاتی دیکە چیرۆک پەیدا بکەیت، وەک وڵاتە گەشەکردووەکان کە وەک دەزانیت چیرۆکی زۆریان هەیە؟
لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی ئەو چیرۆکەی بۆم دێت دەکرێت زیاتر لە شێوەی ئەو کورتەفیلمەدا بێت کە دروستم کرد و لە فەرەنسا نەبوو، بەڵکو فیلمێکی نێودەوڵەتی بوو، چونکە ئەو ئەکتەرانەی هەڵمبژاردن خەڵکی ئەمریکا و ئیتاڵیا و زۆر وڵاتی جیاواز بوون. فیلمێکی نێودەوڵەتی بوو کە لە فەرەنسا بەرهەم هێنرا. بۆیە دەتوانم وێنای هەموو شتێک بکەم. رەنگە ئەگەر شتێکم هەبێت بۆ گوتن لە بارەی شوێنێکی دەرەوەی فەرەنساوە، ئەوا حەز دەکەم بیکەم. ئەوە بیرۆکەیەکە کە دەکرێت کاری لەسەر بکەم.
رووداو: دواین پرسیارم تۆزێک قورس دەبێت: ئایا لەم دانیشتنەدا پێشبینیی خەڵات دەکەیت؟
لویس کۆڤۆسی: بیر لە خەڵات ناکەمەوە. بۆ من ئەوە زۆر گەورەیە کە لێرە فیلمەکەم پیشان بدەم. جا دواتر هەرچی روو بدات زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت. ئەگەر خەڵاتیش ببەمەوە ئەوا زۆر خۆش دەبێت.
رووداو: تەنانەت بەبێ بردنەوەی خەڵاتیش لە کان بوون بۆ خۆی شتێکی باشە. زۆر سوپاس خاتوو لویس کۆڤۆسی بۆ ئەم دەرفەتە.
لویس کۆڤۆسی: سوپاس