ژووری بازرگانیی ئەمریکا: کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیاتر دێنە نێو بازاڕی عێراق

رووداو دیجیتاڵ  

دوای واژۆکردنی 19 گرێبەستی بازرگانی، ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی دێنە هەرێمی کوردستان و عێراق. سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکاش دەڵێت: ئەوان بە یەکسانی لە عێراق و کوردستان کاردەکەن و گەشبینیشن بە چاکسازیی بانکی لە عێراق، کە دەرگە بۆ وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیای زیاتر دەکاتەوە بۆ عێراق.
 
لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 13ـی نیسان، 19 گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە واژۆکرد، گرێبەستەکان لە بواری وزە، پیشەسازی، کشتوکاڵ و کەرتی تەندروستی بوون.
 
ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز لە گەڵیدا ئەنجامیدا رایگەیاند "گرێبەستەکان دڵخۆشکەرن و رێگە بۆ  هاتنی ژمارەیەکی زیاتری کۆمپانیای ئەمریکی دەکەنەوە بێنە عێراق."
 
ئەو، باسی چاکسازی لە کەرتی بانکیی عێراق دەکات بەوەی لە سەردانەکەی سوودانی ئەوەیان بینیوە، کە چاکسازی لە سیستەمی کەرتی بانکیی عێراق دەستیپێکردووە و حکومەتی ئەمریکاش گرێبەستی لەگەڵ بانکی نیشتمانی بەغدا واژۆکردووە.

دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا: 

رووداو: دەمەوێت پرسیار لەو 19 گرێبەستە بکەم کە شاندی حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەمریکییەکان واژۆیان کرد، زیاتر لە چ بوارێک بوون؟
 
ستیڤ لووتس: پێش هەموو شتێک، زۆر سوپاستان دەکەم، هەمیشە پێمخۆشە قسە بۆ هاوڕێیانی رووداو دەکەم. سوپاس بۆ ئەم دەرفەت و بانگهێشتەکە. زۆر دڵمان خۆشە کە دوێنێ 19 گرێبەستمان لەنێوان کۆمپانیا عێراقییەکان، کۆمپانیا ئەمریکییەکان و حکومەتی عێراق واژۆ کرد. گرێبەستەکان لە چەندین کەرتی جیاوازبوون. هەندێکیان یاداشتی لێکتێگەیشتن بوون لە کەرتی وزە، هەندێکیان لەبارەی دەرهێنانی گاز، کەمکردنەوەی گازی میسان و بەرهەمهێنانی کارەبا بوون. هەروەها هەندێک گرێبەستی دیکەمان لە کەرتی تەندروستی بینی و گرێبەستێکی دیکەش لە کەرتی پیشەسازی. گرێبەستەکان هەمەجۆر بوون و لە کەرتی جیاواز بوون، پێموایە، گرێبەستێکیش بۆ مەشقپێدان بوو.
 
رووداو: بۆچی حکومەتی عێراق هەوڵدەدات گرێبەست لە بواری جیاجیادا لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ بکات؟ کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیاتر لە چ روویەک دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن و هاوکاریی عێراق بکەن لە راهێنان و گەشەپێدان؟
 
ستیڤ لووتس: پرسیارێکی زۆر گرنگە، وەک بەشێک لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، پەیامێکی روون هەبوو؛ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا پێویستە فراوان بن و سەرنج بخەنە سەر بوارەکانی وەک بازرگانی و وەبەرهێنان. پێموایە کە خواستێک لەلایەن سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق هەیە. بڕوام وایە حکومەتی ئەمریکا بە تەواوی پەیامەکەی وەرگرت و پێیگەیشت. دەبێت ئێمە سەرنجێکی تایبەت و پێشخستنێکی زۆر بخەینە سەر گەڕان بەدوای ئەو دەرفەتانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بتوانن کار لەگەڵ کۆمپانیا عێراقییەکان یان حکومەتی عێراق بکەن. هەروەها هێنانی شارەزایان، داهێنان و تەکنەلۆژیای ئەمریکا و باشترین خزمەتگوزارییەکان بۆ فەراهەمکردنی هەندێک لەو پێداویستییە ئابوورییانەی عێراق، کە ئێمە لێمان دیارە. دەکرێت ئەمە لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاو بێت. دەکرێت لە کەرتی وزە بێت، لە نەوت و گازەوە بۆ وزەی نوێبووەوە و بەرهەمهێنانی کارەبا. هەروەها، لە دەرهێنانی گاز و کەمکردنەوەی گازی میسان هەروەک باسمکرد. ئێمە پێمان خۆشە ببینین کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە عێراق و لەوێ کاربکەن؛ لە کەرتەکانی پەروەردە، مەشقپێدان، گەشەپێدانی هێزی کار، هەروەها لە کەرتی تەندروستی. هەروەک ئێمە دەزانین کە لە دوایین یاداشتی لێکتێگەیشتن بە دیاریکراوی سەرنج لەسەر شۆردنی گورچیلە هەیە. لە تەکنەلۆژیای تەندروستی و کەرتی دەرمانسازیشدا، چەند بەڵێنێکمان لێ دیارە. لە کۆتاییشدا دەمەوێت باسی تەکنەلۆژیا بکەم بە گشتی. لەم سەردەمەی ئێستا، بە نزیکەیی هەموو کۆمپانیایەک کۆمپانیای تەکنەلۆژییە، بۆیە پێمان خۆشە کۆمپانیای تەکنەلۆژیی زیاتر لە بازاڕی عێراقدا ببینین، لەوێ کاربکەن و گرێبەستی هاوبەشیان هەبێت.
 
رووداو: هیچ مەودایەکی دیاریکراو هەیە کە ئەو گرێبەستانە لە چ کاتێکی دیاریکراو بچنە واری جێبەجێکردن؟
 
ستیڤ لووتس: هەر گرێبەستێک لەگەڵ لایەنی جیاوازدایە. لەلای ئەمریکا، هەموو کۆمپانیاکان سەر بە کەرتی تایبەتن. ئەو کۆمپانیایانە بە پشتبەستن بە کات و بەرواری نێو گرێبەستەکان بڕیاردەدەن، کە لەگەڵ کۆمپانیا عێراقییەکان رێککەوتوون لەسەری، یانیش لە چەند گرێبەستێکی کەم لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا رێککەوتوون. گرێبەستێکیش هەیە کە دەمەوێت باسی بکەم، لەنێوان کۆمەڵەی گەشەپێدانی دارایی ئەمریکا، کە بەشێکە لە حکومەتی ئەمریکا، لەگەڵ بانکی نیشتمانیی بەغدا. ئەم گرێبەستە، لە نێوان حکومەتی ئەمریکا و بانکی نیشتمانیی بەغدایە. هەر گرێبەستێک کات و رێککەوتی جێبەجێکردنی تایبەت بەخۆی هەیە و لە نێوان لایەنەکان دانوستاندنی لەسەر کراوە. پەیامی ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا ئەوەیە، دەمانەوێت ببینینە گرێبەستەکان بە خێراترین شێوە دەچنە پێشەوە و دەمانەوێت گرێبەستی دیکە ببینین. زۆر دڵمان خۆشە کە دوێنێ 19 گرێبەستمان واژۆکرد، بەڵام پێشمان خۆشە گرێبەستی زیاتر ببینین بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە عێراق کاربکەن، بێگومان ئەوە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. هیوادارین هەنگاوی داهاتووی هەموو گرێبەستەکان ببینین و گرێبەستی دیکەش لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکان دروستبن.
 
رووداو: چۆن کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەرێگەی ئەو 19 گرێبەستە دەتوانن زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی بکەن؟ چ گرێبەستێک هەبوو سەرنجی لەسەر هەرێمی کوردستان بێت؟
 
ستیڤ لووتس: تەنیا یەکێکیان بە دیاریکراوی دەزانم کە لەگەڵ کار گرووپ بوو. بەرای من، کاتێک ئەو ژمارە زۆرە گرێبەستەت هەیە، پەیامی گرنگ تێیدا ئەوەیە؛ کۆمپانیا ئەمریکییەکان قووڵتر و فراوانتر دێنە نێو عێراق. کۆمپانیاکان دێنە نێو عێراق بۆ کارکردن، کە ئەوە بێگومان بەشێوەیەکی یەکسان هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، بینینی کۆمپانیای ئەمریکی زیاتر و زیاترە لەنێو عێراق. دەکرێت لە بەسرە بن، لە سلێمانی، هەولێر و سەرانسەری هەموو وڵاتەکە. بێگومان کۆمپانیاکان رۆڵێکی گرنگیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەبێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاندانی کۆمپانیای زیاتری ئەمریکی بۆ ئەوەی بێنە عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن. پێمان وایە کە ئەوە زۆر گرنگە.
 
رووداو: بەشێک لەو گرێبەستانە پەیوەندییان بە سیستمی دارایی بانک هەیە. ئێستا پرسیارێکی زۆر لە عێراق هەیە لەبارەی سپیکردنەوە و بە قاچاخبردنی پارە، بردنە دەرەوەی دۆلار بەتایبەتی. عێراقییەکان دەڵێن 'ئێمە پابەندی رێنماییەکانین تاوەکو کۆنترۆڵی ناردنە دەرەوەی دۆلار بکەین.' دوای ئەو گرێبەستانە چ گۆڕانکارییەک بەسەر سیستمی بانکیی عێراقدا دێت؟ 
 
ستیڤ لووتس: من ناتوانم باسی هەموو وردەکارییەکانی نێو ئەو گرێبەستە دیاریکراوە بکەم. پێموایە کە سەرنجە گشتییەکە ئەوەبوو یارمەتیی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی عێراق دەدرێت بۆ ئەوەی دەستیان بە سەرمایەی زیاتر بگات. ئەوەی من لێی تێگەیشتبم ئەوەیە، ئەو گرێبەستە بۆ ئەوەیە یارمەتیی بەهێزکردنی کۆمپانیای بچووک و مامناوەند بدرێت لە سەرانسەری عێراق و دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش بێت. هەروەها، بڕوامان وایە چەندین چاکسازی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستپێکراوە، وەک هەوڵێک بۆ هێنانی ئاستی کەرتی بانکی بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتی. ئەمە زۆر گرنگە چونکە پشتیوانیی لە کەرتەکانی دیکەش دەکات. دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە و خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان گرنگە، ئینجا لە کەرتی کشتوکاڵ، تەندروستی یان وزە بێت. خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان بۆ هەموو ئەمانە گرنگن. هەبوونی سیستمێکی دارایی زۆر گرنگە کە لەگەڵ ستاندارد و چوارچێوە نێودەوڵەتییەکان هاوتەریب بێت. ئومێدەوارین هەنگاوی زیاتر ببینین لە سیستمی بانکیی عێراقدا کە هاوتەریب بن لەگەڵ ئەو چوارچێوە نێودەوڵەتییانە. 
 
رووداو: هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەستی ئێوەن کە چەند کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و لە عێراق بە گشتی کاردەکەن؟ کۆی قەبارەی بازرگانییان چەندە؟
 
ستیڤ لووتس: من لە ژووری بازرگانیی ئەمریکام لە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا. پێشنیاز دەکەم هەموو جۆرە ژمارە، داتا و ئامارە فەرمییەکان لەوان وەرگرن. ئێمەش زانیارییەکانی ئەوان بەکاردەهێنین. من، پێشنیاز دەکەم بگەڕێنەوە بۆ هاوڕێیانمان لە حکومەتی ئەمریکا، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا یان باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە کار لەگەڵ کۆنسوڵخانەکەمان دەکات لە هەولێر، بۆ دەستکەوتنی داتا و ژمارەکان. من، نامەوێ لەخۆمەوە پێشبینی هیچ ژمارەیەک بکەم، بۆ ئەم ژمارە دیاریکراوانە پێشنیازی ئەوانتان بۆ دەکەم. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم، سەبارەت بە پابەندیی ئێمە لە ژووری بازرگانی، بەڵێ ژمارەکان ژمارەن، ئێمە نامانەوێت بزانین ئەو ژمارانە چین. ئێمە تەنیا دەمانەوێت کۆمپانیا زیاتری ئەمریکی ببینین لە عێراق کار، بازرگانی و وەبەرهێنان بکەن، کە ئەمەش بێگومان هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەوە. ئەوە سەرنجی ئێمەیە، ژمارەکان هەر وەک خۆیان دەمێننەوە، ئامانجی ئێمە بینینی زیاتر و زیاترە. 
 
رووداو: بەشێکی گرێبەستەکان لەبواری چاندن و تەکنەلۆژیا بوون. عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زەرەرمەندی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە چ رێگەیەک دەتوانن یارمەتی عێراق بدەن لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایانە بۆ پێشخستن و زیادکردنی بەرهەم تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دروستکردنی داهات لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی؟
 
ستیڤ لووتس: پرسیارگەلێکی گرنگت لێکردم و ئەمەش یەکێکە لەوان. من لە کێڵگەیەک لە ئەمریکا گەورە بووم، بۆیە زۆر بە باشی دەتوانم لە رۆڵ و گرنگیی جووتیاران و کشتوکاڵ لە نێو وڵاتدا تێبگەم و پێی دەزانم. لێمان دیارە کە چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە کەرتی کشتوکاڵ دێنە عێراق و ئەو تەکنەلۆژیایانە لەگەڵ خۆیان دەهێنن بۆ بەمۆدێرنکردنی کشتوکاڵی عێراق و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمێنانی دانەوێڵە و ئەو جۆرە تۆوە دەگمەنانەی بەرگەی خراپیی کەشوهەوا دەگرن. تۆ کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لە عێراق کە پلەی گەرمی تێیدا زۆر بەرزە و کێشەی کەمیی ئاو هەیە، ئەو جۆرە تۆوانە گرنگن کە دەتوانن لەو کەشوهەوایە باشترین بەرهەمیان هەبێت. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێیان دەکرێت. شتێکی دیکە؛ دوێنێ لەگەڵ سەرۆکوەزیران گفتوگۆیەکی زۆرمان لەسەری کرد، بریتییە لە کەرتی ئاودێری. کۆمپانیا ئەمریکییەکان جۆرە سیستم و تەکنەلۆژیایەکی ئاودێرییان هەیە کە دەتوانێت ئاوی کەمتر بەکاربهێنێت و باشتر تۆو و دەغڵەکان ئاو بدات. کەواتە، ئێوە ئاوی کەمتر بەکاردەهێنن و بەرهەمی زیاترتان دەبێت؛ ئەوانە تەنیا چەند نموونەیەک بوون. بەڕای من ئەوەی زۆر گرنگە، بەشێکی زۆری ئەو تەکنەلۆژیا و داهێنانە لە کەرتی تایبەتی ئەمریکا لەگەڵ زانکۆکان و حکومەت هاوبەشیی دەکەن. هیوادارین، زیاتر و زیاتر لەو داهێنان و تەکنەلۆژیایانە ببینین بێنە نێو عێراق و سیستمی کشتوکاڵی عێراق. هیوادارین هاوبەشیی زیاتر لەلایەن کۆمپانیا و زانکۆ ئەمریکییەکان ببینین کە پسپۆڕن لە سیستمەکانی کشتوکاڵ و خۆراک. ئەمە بوارێکە کە من دڵگەرمم بۆی و پێموایە زۆر گرنگە، دەمانەوێت زیاتر و زیاتی لێ ببینین. 
 
رووداو: دەتوانن ژمارەیەکم پێبدەن ئەو 19 گرێبەستە بە چەند واژۆی لەسەر کراوە؟ یان هێشتا دیار نییە؟ 
 
ستیڤ لووتس: ئەمە پرسیارێکە بۆ هەموو بازرگانییەک. هیچ بڕە دۆلارێکی دیاریکراوم بۆ هەریەک لەوانە نییە و هەندێکیان لە ژێر دەستی ئەو کۆمپانیانەن کە گرێبەستەکانیان واژۆ کردووە، ئەم زانیارییەم لەبەردەستدا نییە. ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، ئێمە 19 گرێبەستمان هەیە، ئەمە جێگەی دڵخۆشییە، ئێستا دەبێت بچینە هەنگاوەکانی دیکە و گرێبەستەکان جێبەجێ بکەین. هیوادارم گرێبەستی زیاتر و زیاتر ببینین؛ بەڵام کە دێتە ژمارەی دیاریکراو لەو گرێبەستانە، هیچ زانیارییەکم نییە.
 
رووداو: بەڕێز ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی بازرگانیی ئەمریکی لە واشنتنەوە لەگەڵمان بووی زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆ پڕ زانیارییە.
 
ستیڤ لووتس: زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم.