باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: هانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەدەم بەرهەمەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، کۆمپانیا ژاپۆنییەکان خواستیان هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن، بەڵام "ترس"یان لە دۆخی ئەمنیی عێراق هەیە. دەشڵێت، کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بەدوای هاوبەشی متمانەپێکراودا دەگەڕێن لە هەرێمی کوردستان. لەبارەی هێزی پێشمەرگەشەوە دەڵێت: پێشمەرگە زۆر هاوشێوەی ساموورای ژاپۆنییە، هەم ئاشتی دەپارێزن و هەمیش ئامادەن بۆ شەڕ.
فوتوشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لەو هەڤپەیڤینەدا باس لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ژاپۆن لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
بەگوتەی فوتوشی ماتسوموتو، کۆمپانیا ژاپۆنییەکان خواستیان هەیە لە بوارە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن، بەڵام نایانەوێت لە کەرتی وزە کاربکەن لەبەر ئەوەی "کەرتێکی پڕ ئاڵنگاری و کێشەیە." دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەرهەمی بیانی و کاڵای هاوردەکراو زۆرە، بۆیە هانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەدەم کاڵاکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن، کارێک دەکەین هەموو کاڵایەکی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان دەستبکەون.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی لە بواری پەروەردە هاوکاری عێراق بکەن و کارێک بکەن عێراق سوود لە ئەزموونی پەروەردەی یابان وەربگرێت، لەبەر ئەوەی "ئەزموونێکی تایبەتە" نە لە رۆژئاوایی دەچێت نە لە رۆژهەڵاتی.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوتوشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەخێربێیت بۆ رووداو. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆندا لە چ ئاستێکدان؟
فوتوشی ماتسوموتو: راستییەکەی لەو کاتەوەی نووسینگەکەمان لە هەولێر دامەزراندووە، شتەکان بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆن. لەم سەردانەمدا چاوم بە بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت. هەروەها چاوم بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. ئینجا گفتوگۆیەکی خۆشمان لەگەڵ هەردووکیاندا کرد. جا ئەوە دەنرخێنین و دەبێت زیاتر پەرە بەو جۆرە پەیوەندییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن بدەین.
رووداو: ئەی لە بارەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و ژاپۆنەوە؟
فوتوشی ماتسوموتو: خۆی ئەوەیش رێک بە هەمان شێوەیە. دەزانی، کاتێک لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا هاتمە بەغدا، هەمووان – مەبەستم سیاسییە گەورەکان و خەڵکە ئاساییەکەیە – بە گەرموگوڕییەوە بەخێرهاتنیان کردم. من هەست بەوە دەکەم کە لەناو خەڵکی عێراقدا پێزانینێکی قووڵ بۆ ژاپۆن هەیە. ئاشکرایە کە ئەمەیش ئەنجامی ئەو هەوڵ و هاوکارییە نزیکانەن، کە بەتایبەتی لە 2003ـوە پەرەمان پێداون لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر پرۆژەدا، کە ژاپۆن جێبەجێی کردوون و لە داهاتوویشدا زیاتر دەکەین.
رووداو: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژاپۆن لە چ بوارێکدا هاوکاریی عێراقی کردووە؟
فوتوشی ماتسوموتو: زۆر پرۆژە لە عێراقدا هەن ژاپۆن پشتیوانیی کردوون، هەر لە دروستکردنی پرۆژەی ژێرخانی سەرەتایی وەک پاڵاوگەی بەسرە و زۆر وێستگەی کارەبا، هەروەها وێستگەی ئاو و ئاوەڕۆ. لەگەڵ ئەوەیشدا لەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگار کراون، وەک موسڵ، هەوڵی زۆر دەدەین. جا ئەو جۆرە هاوکارییانە جۆرێک لە هێما و هاوکاریی قووڵی نێوان دوو وڵاتە، کە هەرێمی کوردستانیش لەخۆدەگرێت.
رووداو: ئێستا چەند کۆمپانیای ژاپۆنی لە عێراقدا وەبەرهێنان دەکەن؟
فوتوشی ماتسوموتو: ئەمە یەکێکە لە پرسیارە باشەکان. راشکاو بم لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پێشووی بەغدا، کە پار کرایەوە و من بەشداریم کرد، 17 کۆمپانیای ژاپۆنی نوێنەرایەتییان کرد. ئەوە ئەوپەڕی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەن، کە لە عێراقدا هەن. راستییەکەی ئەوەندە بەس نییە. بۆیە پێم خۆشە هانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بدەم، کە لە عێراق زیاتر وەبەرهێنان بکەن. پێموایە بە لای منەوە ئەمە یەکێکە لە ئەرکە زۆر گرنگەکان.
رووداو: دۆخی عێراق گونجاوە بۆ ئەوەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان وەبەرهێنانی تێدا بکەن
فوتوشی ماتسوموتو: راستییەکەی دەبێت بۆ ئەم پرسیارە راشکاو بم. بەراورد بە وڵاتانی دیکە، لێرە زۆر ئاڵنگاری هەن، کە عێراقییەکان رووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵام هاوکات کەرتی تایبەتی ژاپۆن زۆر ئارەزوو دەکات بێتە ناو بازاڕی عێراقەوە. حکومەتی ژاپۆن و دامەزراوە داراییە گشتییەکانی وەک "جایکا" و "جەی بی"یش بە دابینکردنی ئاسانکاری پشتیوانی لەوە دەکەن کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بێنە عێراق و لە کاروباریان لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هاوکارییان دەکەن.
رووداو: ئەو ئاڵنگارییانە چین کە رووبەڕووی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەکان دەبنەوە لە عێراق؟
فوتوشی ماتسوموتو: خۆی ژمارەیەک گرفت هەن. یەکەمیان گرفتی سەقامگیرییە کە لە عێراق، بەم هەرێمەیشەوە، هەمیشە دەستەبەر نەکراوە. بۆیە زۆر لەو کۆمپانیا ژاپۆنییانەی لەسەر ناوچەی زۆر سەقامگیر راهاتوون، لە راستیدا نایانەوێت بێن. ئەمە ژمارە یەکە.
دووەمیان، ئەوە ئاشکرایە کە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بە رێککاری و پابەندبوون راهاتوون. بۆیە بۆ نموونە ئەگەر پارەدان دوا بکەوێت، ئەوا وای نابینن کە گونجاو بێت بێنە عێراق. بۆیە دەبێت رێز لە پابەندێتییەکانی پارەدان وەربگیردرێت لە کاتێکدا کە گرێبەست هەبێت، با وای دابنێین لەنێوان کۆمپانیا ژاپۆنییەکان و حکومەتی عێراقدایە. جا ئەوانە گرفتەکانن کە ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی هەوڵی پشتیوانیی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەدەین تا بێنە عێراق.
سێیەمیان ئەوەیە، پرسێک هەیە: لە بەشێکی کەرتی تایبەتی عێراقدا، بەراورد بە ژاپۆن و وڵاتانی دیکەی پیشەسازی، لێرە گەشەی کەرتی تایبەت زۆر لاوازە. جا کۆمپانیا ژاپۆنییەکان دەیانەوێت هاوبەشایەتی لەگەڵ کۆمپانیای پشتپێبەستراو و متمانەپێکراوی عێراقی و کوردیدا بکەن. بەڵام ئەوە بۆ ئەوان قورسە کە بیاندۆزنەوە. ئەوەیش بەهۆی لاوازیی کەرتی تایبەتەوەیە لەم وڵاتەدا. بۆیە ئێمە دەمانەوێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان یارمەتیی کەرتی تایبەت بدەین، بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکات. لەبەر ئەوە کۆمپانیا عێراقی و کوردییەکان دەتوانن لەگەڵ ژاپۆن هاوبەشایەتی بکەن.
رووداو: لە بواری کولتوور و پەروەردە ژاپۆن وڵاتێکی پێشکەوتووە، ژاپۆن چ هاوکارییەکی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ ئەوەی کەرتی پەروەردە لە عێراق پێشبکەوێت؟
فوتوشی ماتسوموتو: بەڵێ، ئەم پرسیارە بۆ عێراق زۆر گرنگە. دوو خاڵ هەن، کە دەبێت باسیان بکەم: من لە بەغدا قسەم لەگەڵ وەزیری پەروەردەدا کردووە. یەکەم داوا کە ئەو لای من ئاماژەی پێدا ئەوە بوو کە "پێویستمان بە دروستکردنی قوتابخانەی زیاترە. لەبەر ئەوەی ساڵانە منداڵانی عێراق زیاد دەکەن، قوتابخانەمان کەمە." جا بە دڵنیاییەوە ئێمە دەتوانین لە داهاتوودا قوتابخانە دروست بکەین. هەروەها رەنگە بتوانین ئەوە دابین بکەین کە شتێکی وەک سیستمی پەروەردەی ژاپۆنی جێبەجێ بکەین، چونکە سیستمی پەروەردەی ئێمە لە شێوازی پەروەردەی رۆژئاوایی و عێراقی جودایە، چونکە ئێمە بەشێوەیەکی ئاسایی لە قوتابخانەکاندا بنەما بۆ منداڵان دابین دەکەین.
بۆ نموونە لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ژاپۆندا قوتابییە گەورەترەکان خۆیان نانی نیوەڕۆ ئامادە دەکەن. هەروەها خۆیشیان پۆلەکان پاک دەکەنەوە، بۆ پاککردنەوەی پۆلەکان کەسی دیکە دانامەزرێنن. هەروەها بۆ نموونە وانەیەکی تایبەت بە رەوشتمان هەیە، ئەوەی بە عەرەبی پێی دەڵێن "ئەخلاق". فێری بەها و ئەخلاقەکانی کۆمەڵگەیان دەکەن. ئیتر دەزانن چی دروست و چی نادروستە. جا ئەوانە لە تایبەتمەندییەکانی پەروەردەی ژاپۆنین.
رووداو: چ هاوکارییەکتان کردووە بۆ پێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟
فوتوشی ماتسوموتو: بە داخەوە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان نییە، چونکە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لەم قۆناخەدا سەرنجیان لەسەر باشووری عێراقە. جا رەنگە ئەم پرسیارە زیاتر پشت بە جۆرێک لە چارەسەر ببەستێت، کە پێویست بێت لە داهاتوودا لە رێگەی دانوستاندنەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەگەری ئەوە هەبێت کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە داهاتوودا حەز بکەن وەبەرهێنان بکەن.
رووداو: عێراق رێگری دەکات کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بێن و لە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟
فوتوشی ماتسوموتو: خۆی من وا ناڵێم. دەزانی لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆرێک لە کەرتی وزە هەیە، کە زۆر سەختە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بۆ وەبەرهێنان تێیدا رابکێشرێن، چونکە گۆڕەپانەکە هەمووی ئاڵنگارییە. بۆیە سەرنجەکەیان زۆر سنووردارە، تەنانەت لە باشووری عێراقیش.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، ژاپۆن نەوتی زۆر لە عێراقەوە هاوردە ناکات، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی کە رەنگە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لە گرێبەستکردندا تووشی ژمارەیەک گرفت ببن. جا ئەمە راستییەکەیە. هەروەها حەز دەکەین پشتیوانیی کۆمپانیای زیاتری ژاپۆنی بکەین، کە حەز بکەن وەبەرهێنان بکەن، تەنانەت لە باشووری عێراقیش بێت، بەڵام لەم ساتەدا لەلایەن کۆمپانیا ژاپۆنییەکانەوە ئەو حەزە نییە بۆ ئەوەی لەم قۆناخەدا لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
رووداو: خوازیاری کۆمپانیا ژاپۆنییەکانتان گەیاندووەتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن؟
فوتوشی ماتسوموتو: رەنگە لێرەدا نموونەی سەرکەوتنی کۆمپانیای ژاپۆنی لێرە لە هەرێمی کوردستان باس بکەم، کە تۆیۆتا-عێراقە. بارەگایەکی سەرەکییان لە هەولێر هەیە و بازرگانییەکە گەشە دەکات. ئینجا لێرە نزیکەی 250 کەسیان خستووەتە سەر کار.
جا لێرە لە کەسانی تۆیۆتاوە دەبیستم کە بازرگانییەکەیان باش دەڕوات و لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە یاریدەدەر و هاوکارییان هەیە. بۆیە پێموایە ئێمە پێمان خۆشە ببینین تۆیۆتایەکی دیکە لە داهاتوودا بێتە هەرێمی کوردستان. ئەوە هیوای منە.
رووداو: لە چ بوارێکدا هەرێمی کوردستان و ژاپۆن دەتوانن لە داهاتوودا هاوئاهەنگییەکی زیاتر بکەن؟
فوتوشی ماتسوموتو: ئەگەر لێرە سەردانی مۆڵێکی گەورە بکەیت، هیچ بەرهەمێکی ناوخۆیی نابینیت. باشە؟ هەموو ئەو بەرهەمانەی دەیانبینیت رەنگە هی چین، هی تورکیا و چەند وڵاتێکی سنووردار بن. لە ناوخەڵکدا خواستێکی زۆر بۆ بەرهەمی دەرەکی هەیە، لەنێویشیاندا بەرهەمی ژاپۆنی. بۆیە رەنگە بتوانم هانی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بدەم کە کاڵای بەکارهێنانی زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی دەستیان بە بەرهەمی ژاپۆنی بگات، هەر لە کەلوپەلی کارەباییەوە تا ئۆتۆمبێل ... هەر شتێک ئێوە پێویستتان بێت.
رووداو: لە سووریا و تورکیا بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز روویدا، خەڵکی زۆر بوونە قوربانی، ژاپۆن چۆن توانیویەتی سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگرێت بۆ ئەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە کەمبکاتەوە؟
فوتوشی ماتسوموتو: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. وەک خۆم بە قووڵی هەست بە خەم و پەژارە دەکەم بۆ خەڵکی تورکیا و سووریا، ئاخر من لە دیمەشق کارم کردووە و گەلێک جاریش سەردانی تورکیام کردووە. لەم لایەنەوە، لەم کاتەدا حکومەتەکەمان ئەوەندەی بگونجێت کار لەسەر ئەمە دەکات. 150 شارەزای رزگارکەر لەگەڵ تیمە تورکی و جیهانییەکاندا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر رزگار بکەن. سەرەڕای ئەوەیش، فڕۆکەکانمان گەیشتنە تورکیا. ئێستا کەلوپەلە فریاگوزارییەکان، چادر و بەتانی و هەموو پێویستییەکانی دیکە بەسەر ئەوانەدا کە پێویستیانن دابەش دەکرێن.
پێموایە حکومەتەکەمان لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەریان هەبووە، لێبڕاوە کە بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی ماوەدرێژ هاوکاری زیاتر دابین بکات، چونکە دەزانی گوتم ئێمە بوومەلەرزەی زۆرمان هەبووە و لەوانەیە لە داهاتوویشدا ببێت، بۆیە شارەزاییەکی کەڵەکەبوو لەناو خەڵکی ژاپۆندا هەیە کە چۆن خۆیان بۆ بوومەلەرزە ئامادە بکەن و هەروەها چۆن لە کاولکاریی بوومەلەرزەوە دووبارە بونیات بنێنەوە.
لە راستیدا 12 ساڵ لەمەوپێش لە 2011دا ئەم بوومەلەرزە بەهێزە روویدا.
رووداو: یانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە لە ژاپۆن؟
فوتوشی ماتسوموتو: هەموو کەسێک باسی تەکنەلۆژیای ژاپۆن دەکات. رەنگە ئەوە پێویست نەکات پێی بڵێین تەکنەلۆژیا، بەڵکو لە ژاپۆن زیاتر وەک زانیارییەک و داناییەکی کەڵەکەبووە بۆ ئاماژەدان بەم گرفتە.
بۆ نموونە ئەوەی زۆر گرنگە کە دەبێت بۆ بوومەلەرزەی گەورە ئامادە بکرێت، ئەوەیە چۆن دژی ئاستی بوومەلەرزە، ستاندارد بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان دادەنێیت. بۆیە لە زووەوە ستانداردەکانی شارمان بۆ بونیاتنان گەشە پێداون بۆ ئەوەی باڵەخانەکان بتوانن بەرگەی بوومەلەرزە بەهێزەکان بگرن. ئەمە داناییە، لەوانەیە لە تەکنەلۆژیا زیاتر بێت. هەروەها دوای بوومەلەرزە چۆن ئەم گرفتانە چارەسەر دەکەیت. گەورەترین گرفت بڕی داڕمانە. دەبێت لایببەیت، ئەگەر نا ناتوانیت دامودەزگاکانت دروست بکەیت و دووبارە شارە بنچینەییەکە بونیات بنێیتەوە.
بۆیە ئەوەی ئێمە دوای زیانی بوومەلەرزە دەیکەین ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەخەینە کار و لەگەڵ کۆمپانیاکاندا گرێبەست دەکەین، بۆ ئەوەی کاولکارییەکە لاببەن. بۆ نموونە ئەوە یەکەمین هەنگاوە. جا ئەمە جۆرێک لە داناییە. ئێمە لەم لایەنەوە لە دوای ئەم بوومەلەرزە گەورەیەوە بۆ دوورمەودا زۆرمان هەیە پێشکێشی خەڵکی تورکیا و سووریای بکەین. بۆیە پێویستمان بەوەیە دوای ئەم کارەساتە گەورەیە دانایی جۆراوجۆر دابین بکەین، کە هەموو کۆمەڵگە جیهانییەکان هەیانە. ئێمە لە بارەیەوە جیددین.
رووداو: شێوازی ئەندازیاریی دروستکردنی باڵەخانەکان لە ژاپۆن چۆنە بۆ ئەوەی بەرگەی بوومەلەرزە بگرێت؟
فوتوشی ماتسوموتو: دەزانی، بۆ نموونە حکومەتی ژاپۆن لە سەرەتای ساڵانی 1980وە ستانداردی زۆر تووندی بۆ دروستکردنی باڵەخانە نوێیەکان داناوە. بۆیە بینا کۆنەکان لە باڵەخانە و ماڵەکان دەبێت ئەو چاکسازییانە جێبەجێ بکەن. جا هەر کە ئەو بینا کۆنانە ئەو چاکسازییانە جێبەجێ بکەن، ئەوا ئەو بینایانە بۆ بەرگەگرتنی بوومەلەرزەی ئاستبەرز ئامادە دەبن. ئەو سیاسەتە لە رێگەی دابینکردنی هاوکاریی دارایی لە لایەن شارەوانییەکانەوە دانراوە، بۆ نموونە تەنانەت هەموو حکومەت، بۆ ئەوەی باڵەخانە لاوازەکان بەهێز بکرێن کە بەر لە دانانی ئەو رێنماییانە دروست کراون. بۆیە خەڵک هەوڵ دەدەن بینای وا بکڕن کە بە گشتی ستانداردی بەرگریی بوومەلەرزەیان هەیە.
رووداو: لە تویتەر ڤیدیۆ بڵاودەکەیتەوە بە عەرەبییەکی باش قسە دەکەیت، ئەو عەرەبییە باشە لەکوێ فێربوویت؟
فوتوشی ماتسوموتو: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت. یەکەمین مامۆستای عەرەبیم عێراقی بوو خەڵکی حیللە. ئەو حیللاوی بوو. هەموو شتێکی لەبارەی عێراقەوە فێرکردم. هەموو کولتووری عێراق، تەنانەت شیعری عێراقی و کۆنی عەرەب. بۆیە هەر لەو کاتەوەی خەریکی فێربوونی عەرەبی بووم کولتووری عێراق کاری تێکردم. بۆیە عەرەبییەکەم ریشەی لە کولتووری عێراقدایە. بۆیە هەوڵ دەدەم خۆم زیاتر بکەم بە عێراقی. ئێستا دەبێت بڵێم دەبێت لە هەولێر زیاتر خۆم بکەم بە کورد.
رووداو: هەوڵنادەیت زمانی کوردیش فێرببیت، مامۆستاکەت چی فێرکردیت لەبارەی کەلتووری کوردی؟
فوتوشی ماتسوموتو: کاتێک دەست بە فێربوونی زمانەکان دەکەم، من لە بارەی مێژووەوە زۆر پرسیار دەکەم. خەڵکی کورد لەم ناوچەیەدا مێژوویەکی درێژیان لە ململانێ هەیە، بەهۆی ئەو هەموو سەختی و ئاڵنگارییانەوەی خەڵکەکەتان لە مێژوودا تووشیان بوون. بۆیە بە لای منەوە پێشمەرگە وەک ساموورای ژاپۆن وایە. ساموورای و پێشمەرگە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هەمان رۆحیەتدا بەشدارن. بۆ پاراستنی جێگیرێتیی ئاشتی پێویستە ئامادە بیت و دواجار شەڕ بکەیت. بەڵام نابێت شمشێرەکەت لە کێلانەکەت دەربهێنیت. هەر بۆ ئەوەی ئاشتی بپارێزیت، بەڵام بۆ شەڕیش ئامادەیت ئەگەر رووبەڕووی دوژمن ببیتەوە. پێموایە ئەمە لێکچوونێکە لەنێوان پێشمەرگە و ساموورایدا. بۆیە ئەم جۆرە شتانە بە لای منەوە سەرنجراکێشن. حەز دەکەن زۆر لەسەر کولتوور و نەریتتان بزانم (بخوێنمەوە). بۆ ئەوەی رۆژێک بتوانم لەگەڵ خەڵکی کورددا، پێکەوە لەگەڵ ئێوەدا، بگەڕێم.
رووداو: ژاپۆن رۆڵی هەیە لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق؟
فوتوشی ماتسوموتو: خۆی، راستییەکەی، رۆڵی ئێمە راستەوخۆ لە شەڕکردن دژی تیرۆردا نییە. رۆڵی ژاپۆن زیاتر وەک بونیاتنانەوەی کاولکارییەکانە کە دوای هێرشەکانی تیرۆریستان روویان داوە. بۆیە ئێمە سەرنج دەخەینە سەر هاوکاریی جۆراوجۆر بۆ خەڵکی عێراق. پێموایە ئەمە رۆڵی ژاپۆنە لەم هەرێمەدا.
رووداو: یابانییەکان بە تەمەندرێژیی بەناوبانگن نهێنی تەمەندرێژی ژاپۆنییەکان چییە؟
فوتوشی ماتسوموتو: باشە، من 57 ساڵم. ئایا لە 57 ساڵان دەچم؟
رووداو: لە 57 ساڵ ناچیت، من لە تۆ پیرتر دیارم.
فوتوشی ماتسوموتو: نا، نا، تۆ زۆر گەنج و قۆزیت. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە چی دەخۆیت. دەبێت زۆر وریای ئەوە بین کە دەیخۆین. بۆیە هەوڵ دەدەین زۆر خواردنی چەور نەخۆین و زۆر شەکر نەخۆین. بۆ نموونە کاتێک چای دەخۆمەوە هیچ شەکری تێ ناکەم. ئەگەر چەوری بە هەر بەشێکی گۆشتەوە ببینم، نایخۆم. خەڵکی ژاپۆنی زیاتر حەزیان لە خواردنی ماسییە لەگەڵ سەوزەی جۆراوجۆر. جا ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی تەمەندرێژتر ببیت.
راستییەکەی، تێکڕای تەمەندرێژیی پیاوی ژاپۆنی نزیکەی 82 ساڵە، هی ژنانیش 88 ساڵە. جا ئەوەی راستی بێت، داپیرەم لە 103 ساڵیدا مرد.
رووداو: لە ژاپۆن دەتوانیت خۆت بپارێزیت لە خواردنی زۆر، بەڵام لە عێراق خەڵک خۆیان بەدوور ناگرن لە خواردنی خۆش، تۆش لە عێراق وەک عێراقییەکان خواردن دەخۆی؟
فوتوشی ماتسوموتو: ئەمە خەمی ژاپۆنییەکانە لەم لایەنەوە. ئێمە دەبێت بە لە 80٪ی گەدەمان رازیبین. لە 80٪. تێروپڕ ناخۆین.