دانیمارک بە پرۆگرامێک کۆچبەران هان دەدات بگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دانیمارک و دەزگای روانگە بە هاوبەشی پڕۆژەیەک جێبەجێدەکەن بۆ هاوکاریکردنی ئەو گەنجانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە، تاوەکو بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت یان ببنە خاوەن کاری خۆیان.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە پارەدار دەکرێت و لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن دەزگای روانگەوە جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.
ئامانج لە پڕۆژەکە هاوکاریی ئەو کەسانەیە کە لە ئەوروپا پەناخوازن و داواکانیان رەتدەکرێتەوە، دەتوانن لە رێگەی روانگەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییانەی کە لە رێگەی ئەو پڕۆژەیە پێشکەش دەکرێت.
پیتەر سۆرێنسن، نوێنەری دانیمارک لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان لە گفتوگۆیەکەدا لەگەڵ بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، وردەکاریی پڕۆژەکە دەخاتەڕوو و زانیاریی دەدات لەبارەی مەرجەکان و ئەو کەسانەی کە دەتوانن سوود لە پڕۆژەکە ببینن.
نوێنەری دانیمارک لە پڕۆژەکە، باس لە دۆخی پەناخوازان لە دانیمارکیش دەکات، بە تایبەتی پەناخوازانی کورد و دەڵێت، ئەو کەسانەی کە داواکاری پەناخوازییان لە دانیمارک رەتدەکرێتەوە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەگەر ئارەزوومەندانە بە بڕیارەکەی دادگە رازی بن و خۆیان بگەڕێنەوە ئەوا هاوکاری دارایی وەردەگرن، ئەگەرنا بە زۆر لەلایەن پۆلیسەوە دەگەڕێندرێنەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پیتەر سۆرێنسن، نوێنەری دانیمارک لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان
پیتەر سۆرێنسن، نوێنەری دانیمارک لە پرۆژەی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان
رووداو: خۆشحاڵم کە لێرەی و بەخێربێیت بۆ کوردستان
پیتەر سۆرێنسن: زۆر سوپاس، خۆشحاڵم کە لێرەم
رووداو: سوپاس، بە کورتی، دەکرێت باسی ئەم پرۆگرامەم بۆ بکەیت؟
پیتەر سۆرێنسن: ئەم پرۆگرامە زیاتر لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەیە کە لە ئەوروپا دەگەڕێنەوە بە دیاریکراوی. هەروەها ئەو پەناخوازانەی کە لە ئەوروپا داواکانیان رەتکراونەتەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بێگومان پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە بۆ ئەوەی تێکەڵی ئەو کۆمەڵگەیە ببنەوە کە بۆی دەگەڕێنەوە، پرۆگرامەکە تەنیا پاڵپشتی نییە بۆ ئەوانەی کە داوای پەناخوازییان رەتدەکرێتەوە، بەڵکو پاڵپشتییە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین، بۆیە ئێمە باسی هاوکاریی دارایی ناکەین، چونکە بۆ ئەم ساتە ئەوە لە رێگەی بەرنامەکەی یەکێتیی ئەوروپاوە دەکرێت و پارەدار دەکرێت، کە پێی دەگوترێت پاڵپشتی تێکەڵکردنەوەی هاوبەش، ئەم بەرنامەیەی ئێمە پاڵپشتییە بۆ ئەو بەرنامەیەی یەکێتیی ئەوروپا، بەرنامەکەی ئێمە بە دیاریکراوی هەریەک لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، نەینەوا، بەغدا و ئەنبار دەگرێتەوە و لەلایەن دەزگای روانگەوە جێبەجێ دەکرێت و لەبارەی ئەوەیە کە چۆن دەکرێت ئاسانکاری بکەین بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە، دەتوانین بڵێین ئەو کەسانەی کە هەوڵیاندا بگەنە ئەوروپا، کاتێک گەیشتنە ئەوروپا، ئێستا کە دەگەڕێنەوە لە ئاستێکی باشتردان بەراورد بەو کاتەی کە هاتن، بۆیە دەتوانین بڵێین لە رووی کولتوورییەوە وەکو شۆکێک وایە بۆیان کە رابێن لەگەڵ بارودۆخەکە، ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی ئەم کارانەوە دڵنیابینەوە کاتێک ئەم کەسانە دەگەڕێنەوە توانای ئەوەیان هەیە کە تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان ببنەوە و لە جیاتی ئەوەی ببنە ئەرک لەسەر عێراق، ببنە بەهایەک بۆ عێراق.
رووداو: ئەندامێکی کارای کۆمەڵگە، باشە، کاتێک ئەم پرۆگرامەتان دەستپێکردووە، مەبەستم دانیمارکە، بێگومان هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆتان هەیە لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
پیتەر سۆرێنسن: بێگومان ئاڵنگاری زۆر هەن لێرە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتی زۆر لێرە هەن و هێچ گومانێکی تێدا نییە کە عێراق پێویستە بە دەرفەتی کارە، پێویستی بە خەڵکە گەنجەکەیەتی کە بگەڕێنەوە و بەشداربن و رۆڵیان هەبێت. دەتوانین بڵێین زۆری ئەو خەڵکانەی لە ئەوروپان و داوای پەنابەریی دەکەن و داواکانیان رەتکراونەتەوە لە پڕۆسەکەدا، لەوێ بەهرە و توانای باشیان بەدەستخستووە لەو کاتەی کە لەوێ بوون، ئەوان شتیان لە کولتووری جیاجیاوە وەرگرتووە و زمانی جیاواز فێربوون و چارەسەری جیاواز بۆ کێشەکان فێربوون، ئیتر بەو شێوەیە. ئێستاش کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا رەتکراونەتەوە و دەگەڕێنەوە، توانایەکی زۆر هەیە کە دەکرێت زیاتر بونیاد بنرێت و بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لە عێراق خێراتر بکرێت.
رووداو: کەواتە ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە دانیمارک دەیەوێت ئەو پەناخوازانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق؟
پیتەر سۆرێنسن: نەخێر ئەوە هۆکارەکە نییە، دەزانیت ئەوان بە پڕۆسەیەکی زۆر گشتگیردا تێپەڕیون و چەندین مەرج هەن کە دەبێت لە کەسەکەدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە، ئەم کەسانەش هەموو ئەو مەرجانەیان تێدا نەبووە، هەموو ئەو مەرجانە هۆکارن کە حکومەت پێی گوتوون بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، چونکە پێیوستییان پێیان نییە لە ئەوروپا بمێننەوە.
رووداو: خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هیچ چانسێکیان هەیە کە مافی پەنابەریی وەربگرن لە دانیمارک؟
پیتەر سۆرێنسن: ئەگەر مەرجەکانیان تێدا بێت ئەوا بێگومان بەڵێ، بەڵام دەتوانین بڵێین دۆخی عێراق رۆژانە دەگۆڕێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا دۆخێکی زۆر جیاواز هەبوو، ئەوە دۆخێکی تایبەت بوو، بەڵام ئێستا عێراق وڵاتێکی زۆر کارایە لە زۆر رووەوە، دۆخەکەش گۆڕاوە، بۆیە زۆربەی پەناخوازەکان پێویست ناکات لە ئەوروپا بن تاوەکو بە سەلامەتی بژین، بۆیە ئەمە بەشێکە لە هۆکارەکە کە پێیان دەگوترێت بچينەوە وڵاتی خۆتان.
رووداو: ئایە ئەم پڕۆگرامە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە داوای پەناخوازییان رەتکراوەتەوە یان ئەوانەشی کە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە؟
پیتەر سۆرێنسن: پێویست ناکات داوا پەنابەریت رەتکرابێتەوە تاوەکو بتوانێت سوود لە هەندێک لە بەشەکانی ئەم پرۆگرامە وەربگریت، لێرەدا دەکرێت تۆ هاووڵاتییەک بیت لەو ناوچانەی ئاماژەمان پێدان، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، نەینەوا و بەغدا و ئەنبار، ئەگەر بتوانیت سوود لە هەر کام لەو خزمەتگوزارییانە ببینیت کە دەزگای روانگە پێشکەشیان دەکات ئەوا بێگومان دەتوانن داوا پێشکەش بکەیت و ئەگەر هەیە سوود لەو خزمەتگوزارییانە ببینیت، بۆیە هانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەدەم کە ئاماژەمان پێکرد، پەیوەندی بە روانگەوە بکەین و پرسیاریان لێبکەن کە ئایە بە دیاریکراوی هیچ شتێک هەیە لەم پرۆگرامەدا ئەوان بتوانن سوودی لێ ببینن.
رووداو: کەواتە دەکرێت هاووڵاتیی ئاسایی بن و هێشتا سوود لەم پرۆگرامە ببینن و بگەڕێنەوە ئەو شارانەی کە ئاماژەت پێدان لە عێراق و هەرێمی کورستان؟
پیتەر سۆرێنسن: گومانی تێدا نییە، چونکە ئەگەر تەماشای ئەو خزمەتگوزارییانە بکەیت کە دابینیان دەکەین، چەندین خزمەتگوزارین، ئەگەر خەڵکێک هەبن لەو ناوچانە و پێویستیان بە راهێنان بێت لەبارەی ئەوەی چۆن بزنسێکی بچووک بکەنەوە یان چۆن سوپەرمارکێتێک بکەنەوە یان شوێنکارێک یان شتێکی لەو شێوەیە و نازانن چۆن بیکەن، نازانن رێکارە یاساییە پێویستەکان چین و لەم کاتەدا ئەو توانایەیان نییە کە پلانی بزنسێکی بچووکی لەو شێوەیە دەستپێبکەن، ئەوە یەکێک دەبێت لەو بەشانەی کە روانگە دەتوانێت پاڵپشت بێت تێیدا.
رووداو: ئایا ناوتۆمارکردن بۆ ئەم پرۆگرامە دەستیپێکردووە یان نا؟
پیتەر سۆرێنسن: ناو تۆمارکردنی تێدا نییە، بەو واتایەی هیچ پرۆسەیەکی فەرمیی ناوتۆمارکردن نییە، بەڵام من هانیان دەدەم پەیوەندی بە دەزگای روانگەوە بکەن و پرسیاریان لێبکەن و پێیان بڵێن کە کێن و لەکوێ دەژین و بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ کەسەکان لە ئۆفیسەکە، ئەو کاتە دەتوانن بزانن دەتوانن بەشداربن یان نا.
رووداو: کەواتە لایەنی سەرەکی پەیوەندی روانگەیە، ئەم هاوئاهەنگییە لەنێوان دانیمارک و روانگە چۆنە؟ رۆڵی دانیمارک چییە و رۆڵی دەزگای روانگە چییە؟
پیتەر سۆرێنسن: بەشێوەیەکی سەرەکی، پرۆپۆزەڵێکی دیاریکراو هەیە کە لەلایەن دانیمارکەوە قبووڵکراوە، ئەوەش واتای ئەوەی دانیمارک روانگە پارەدار دەکات بۆ ئەوەی هەموو کارانە بکات کە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی واژۆکراوە، ئاماژەی پێدراوە.
رووداو: ئایە دیارە ئەم پرۆگرامە چەند کەس دەگرێتەوە و دەکرێت سوودی لێ ببینین، هیچ ژمارەیەک هەیە؟
پیتەر سۆرێنسن: بە ئەگەرەوە باسی چەند سەد کەسێک دەکەین، سەدانن، بەڵێ، دەکەوێتە سەر ئەوەی خەڵک بە دوای چ جۆرە خزمەتگوزارییەکدا دەگەڕێن.
رووداو: ئەوانەی کە داوای پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و بەشدار نابن لەم پرۆگرامە و پەیوەندی بە روانگەوە ناکەن، ناشیانەوێ بگەڕێنەوە، دۆخیان لە دانیمارک چۆن دەبێت، ئەگەر بەزۆر دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان؟
پیتەر سۆرێنسن: ئەگەر تەماشای سیاسەتە فەرمییەکە بکەیت، هەر کەسێک پڕۆسەی داوای پەنابەریی تەواو بکات و هەر کاتێک کە بڕیارێکی کۆتایی هەبێت لەبارەی کەیسەکەیەوە لەلایەن دادگەی دانیمارکەوە، تەنیا دوو جۆر بڕیار هەن، یان ئەوەیە کە وەکو پەنابەر قبووڵ دەکرێیت ئەوەش واتای ئەوەی بە یاسایی دەتوانیت لە دانیمارک بمێنیتەوە، ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا دەنێردرێیت بۆ یەکێک لە شارەوانییەکان لە دانیمارک و بەرنامەیکی سێ ساڵەی تێکەڵبوون دەستپێدەکەن لەگەڵت، بەڵام ئەگەر کەسێکی بێ بەخت بیت و رەتبکرێیتەوە، ئەو کاتە راستەوخۆ لە دوای دوایین رەتکردنەوە، لەلایەن ئاژانسی گەڕاندنەوەی دانیمارکییەوە کە بەشێکی لە وەزارەتی کۆچ و تێکەڵبوونی دانیمارک پەیوەندیت پێوە دەکرێت و رێنمایی دەکرێیت و هەوڵ دەدەن قایلت بکەن کە باشتر بڕیارەکەی دادگە قبووڵ بکەیت و بگەڕێیتەوە، ئەگەر ئەوە بکەیت دەتوانیت هاوکاری دارایی لە رێگەی سیستمی یەکێتیی ئەوروپاوە وەربگریت، هەروەها ئەو پرۆگرامە پاڵپشتییانەی کە هەن وەکو خزمەتگوزاری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام ئەگەر بڵێیت نەخێر و نامەوێت بڕیارەکە قبووڵ بکەن و دەمەوێت بمێنمەوە بەهەر شێوەیەک، ئەوکاتە مافی دەسەڵاتی دانیمارکییە دیپۆرتت بکاتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بنەماکە هەمیشە ئەوە دەبێت ئەگەر داوای پەناخوازی رەتبکرێتەوە، پێویستە دیپۆرت بکرێیتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووی.
رووداو: هیچ پەناخوازێک هەیە کە داواکەی لە دانیمارک رەتکراوەتەوە و دیپۆرتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرابێتەوە؟ ئایە ئەو پرۆسەیە ئێستا جێبەجێ دەکرێت؟
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەوەت بیربێت ژمارەی ئەو کەسانەی لە دانیمارکەوە دەگەڕێنەوە زۆر کەمن ئەگەر تەماشای بکەی، چونکە ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە دانیمارکن زۆر کەمن ئەگەر بەراوردی بکەی بکە وڵاتانی دیکەی گەورەی ئەوروپا.
رووداو: بەگشتی لە دانیمارک چەند پەناخواز هەن؟
پیتەر سۆرێنسن: هەموو ژمارەکانم لەیاد نییە، بەڵام ئەگەر لێم بپرسی چەند پەناخواز هەن لە عێراقەوە کە لە سیستمی دانیمارکدا رەتکراونەتەوە، ئەوە باسی کەمتر لە 100 کەس دەکەین.
رووداو: کەمتر لە 100؟
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ.
رووداو: ئەی ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە عێراقەوە دێن زۆرن؟
پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، مانگانە نزیکەی 5 بۆ 6 کەس هەن، شتێکی لەو شێوەیە.
رووداو: زۆرترین پەناخواز لە چ وڵاتێکەوەن کە دێن بۆ دانیمارک؟
پیتەر سۆرێنسن: ئەفغانستانە، ئینجا سووریا. ئێران، دەتوانیت بچیت تەماشای ماڵپەڕە فەرمییەکە بکەیت لەوێ دەتوانیت هەموو ئامارەکانی حکومەت وەربگری لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەت، بەڵام بۆ ئێستا ئەوانە ئەو وڵاتانەن کە لە سەری لیستەکەدان.
رووداو: پەناخوازەکانی عێراق، زۆربەیان لە کوێوەن، ئایە لە ناوچەکانی عێراقەوەن یان هەرێمی کوردستان؟
پیتەر سۆرێنسن: ئەو ئامارە دیاریکراوەمان نییە، چونکە سیستمی پاراستنی داتای گشتیی دانیمارک زۆر کۆسپی هەیە لەبەردەم ئەو جۆرە داتایانەی بۆمان هەیە وەریبگرین، بۆیە ناتوانم بە دیاریکراوی بڵێم چەندە، بەڵام لەو بڕوایەدام کە نزیکەی نیوە بە نیوەیە، شتێکی لەو شێوەیە.
رووداو: ئەم پرۆگرامە، بۆ نموونە ئەوانەی پەناخوازبوونە لە دانیمارک و ئێستا گەڕاونەتەوە و لێرەن، دەتوانن سوود لەم پرۆگرامە ببینن یان تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە پەناخوازن و ئێستا لە دانیمارکن؟
پیتەر سۆرێنسن: گرنگ نییە کەی گەڕاویتەتەوە بۆ عێراق و پێویستە ناکات لە دانیمارکەوە گەڕابیتەوە بە دیاریکراوی، دەکرێت لە بەلجکیا یان نەمسا گەڕابیتەوە یان هەر وڵاتێکی دیکە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەگشتی، بۆیە دەیڵێمەوە، ئەگەر هەر پرسیارێک لەبارەی پرۆگرامەکەوە هەیە، تکایە پەیوەندی بە ئۆفیسی روانگەوە بکەن و پرسیاریان لێبکەن کە بە دیاریکراوی کە دەتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییانە ببینن کە دابینی دەکەن.
رووداو: کەواتە کەسێک کە داوای پەناخوازی لە دانیمارک رەتکرابێتەوە و ئێستا گەڕابێتەوە، هێشتا دەتوانێت سوود لەم پرۆگرامە ببینێت؟
پیتەر سۆرێنسن: هەمیشە چانس هەیە، هەمیشە هەیە، گرنگیش نییە پێشتر چەند هاوکاریت وەرگرتووە، چونکە ئەمە پرۆگرامە پاڵپشتییە بۆ پرۆگرامەکانی پێشوو، وەکو پێشتر گوتم. پێویست ناکا کەسێک بیت کە داوای پەنابەریت رەتکراوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت ئەم پاڵپشتییە وەربگریت، بەشێکی گەورەی ئەم هاوکارییە بۆ ئەو ناوچانە دەچن کە پرۆگرامەکە دەیانگرێتەوە.
رووداو: حکومەتی دانیمارک بە بڕی چەند ئەم پرۆگرامە پارەدار دەکات؟
پیتەر سۆرێنسن: بۆ ئەم پرۆگرامەی ئێستا 10 ملیۆن کرۆنی دانیمارکی خەرج دەکەین.
رووداو: بە دۆلار چەند دەکات ئەگەر بیگۆڕین؟
پیتەر سۆرێنسن: دەکاتە نزیکەی 1.7 ملیۆن دۆلار یان بڕێکی نزیک لەوە.
رووداو: ئەم پاڵپشتییە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت سوود لەم پرۆگرامە ببینن لە رێگەی روانگەوە، ئایە پاڵپشتییەکە دارایی دەبێت یان بەشێوەی دیکە؟
پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، بە دیاریکراوی هاوکاریی دارایی پێشکەش ناکەین.
رووداو: کەواتە پارە بە کاش نادەن؟
پیتەر سۆرێنسن: نەخێر! پارە بە کاش نادەین، ئێمە تەنیا راهێنانی پێویست دابین دەکەین و بە کارەکانەوە گرێت دەدەین، لە هەندێ کەیسی دیاریکراویشدا روانگە دەتوانێت بڕە پارەیەکی کەمت پێبدات بۆ ئەوەی شوێنکارێکی بچووک دەستپێبکەیت یان شتێکی لەو شێوەیە، بۆیە کەیس بە کەیسە، بەڵام بەگشتی پارە نادەین، هەموو راهێنانە پێویستەکان دابین دەکەین، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە تەماشای ئەو هاوکارییانە بکەیت کە خەڵک وەریانگرتووە، پێشتر بڕە پارەیەکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.
رووداو: کەواتە پاڵپشتییەکە بۆ راهێنان و پێشخستنی تواناکانیانە بۆ پڕۆژەکانیان، نەک پارەی راستەوخۆ؟
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، وایە. پارە نییە.
رووداو: ئایا هیچ ژمارەیەکی ئەو عێراقییانە هەیە کە داوای پەنابەرێتییان کردووە و بۆ نموونە لە 2023دا گەڕاونەتەوە بۆ عێراق یان گەڕێندراونەتەوە؟
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، بەڵام ئێستا ئەو ئامارانەم لەلا نییە. دەیڵێمەوە، رێنوێنیتان دەکەم بۆ ئاماری دەزگا فەرمییەکان کە لە ئینتەرنێتدا بەردەستە. بچن بۆ دەزگای گەڕاندنەوەی دانیمارکی ئەگەر دەتانەوێت هەموو ئەو ئامارانە لە دانیمارک ببینن، نەک تەنیا بۆ خەڵکی عێراق بەڵکو بۆ خەڵکی هەموو وڵاتێکە و مەبەستم لە زیاتر لە 15 وڵاتە.
رووداو: ئەم پشتیوانییە بۆ گەڕاوەکانە؟ سنوورەکەی چییە؟ بۆ نموونە ئەگەر ئێوە حەز بکەن ئەوان سوود لەم پڕۆژەیە وەربگرن، ئایا هیچ سنوورێکی هەیە؟
پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، لە بنەمادا، ئەوان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر وەربگرن. ئەوان هەر خۆیان لە بەرنامەکەدا بەردەستن. بەڵام دەیڵێمەوە، ئەوەی هەوڵ دەدەین بیکەین ئەوەیە کە ئێمە بە شێوەیەکی سادە دەڵێین کە هەموو مرۆڤایەتی پێویستییان هەیە، بەڵام پێویستیی هەموویشیان جودایە. بۆیە ئەوە مانای وایە کە تۆ پێویستیی جددیت هەیە و کەسێکی دیکەیش پێویستیی دیکەی هەیە. منیش زۆر پێویستیم هەیە و هەموومان دەمانەوێت لەسەر پێی خۆمان بووەستین. بۆیە هەموومان دەمانەوێت رێگەیەک بدۆزینەوە لەپێناو ئەوەی پێی بگەین. بۆیە ئەگەر یەکێک لە هۆیەکان ئەوە بێت کە خەڵک دەڵێن، "پێویست ناکات بگەڕێنەوە، ئەوەیە کە بۆ نموونە ئەوان کاریان نییە تا بۆی بگەڕێنەوە." روانگە پەیجێکی هەیە کە لە بەردەم خەڵکدایە و دەست بە پرۆسەکە دەکات و دەتوانێت بچیتە ناویەوە و دەتوانێت ئەو وێنەیەت دەست بکەوێت کە بە راستی لە عێراق چ کارێک بەردەستە.
رووداو: کەواتە کە دەگەڕێنەوە، دەرفەتێکیان هەیە؟
پیتەر سۆرێنسن: لە راستیدا دەتوانیت پێشتر داوای کارەکانمان بکەیت. دەیشتوانیت یاریدەدەرت دەست بکەوێت بۆ ئەوەی سی ڤی ـیەکەت رێک بخات و دەتوانیت یارمەتیدەری جیاواز دەست بخەیت بۆ ئەوەی داواکاری و ئەو شتانە پێشکەش بکەیت. بۆیە رووانگە پێکهاتەیەکی داناوە کە تێیدا ئەگەر زۆر بەختیار بن، دەتوانن بەر لەوەی دەست بکەن بە کارەکانی گەڕانەوە، داواکاری بۆ کار و پێگەیەک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی کە کەسەکە گەڕایەوە کاری لەبەردەستدا بێت. جا دەیڵێمەوە، ئەمە هەر زۆر گونجاوە و دەرفەتێکت بۆ گەڕانەوە هەیە تا خۆت بونیات بنێیتەوە و لە عێراق ژیان دەست پێ بکەیتەوە.
رووداو: کەواتە ئەوانەی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە و داواکاری پێشکەش دەکەن، ئەوانیش بە پرۆسەکەدا دەچن و سوودی لێ وەردەگرن. ئەی ئەوانە چی کە خۆیان نایانەوێت خۆویستانە پڕی ناکەنەوە و نایانەوێت بگەڕێنەوە و دەگەڕێنرێنەوە؟ ئایا هێشتا دەتوانن سوودی لێ ببینن یان نا؟
پیتەر سۆرێنسن: کاتێک سەیری بەرنامەکە دەکەین، لێرە لەلایەن رووانگەوە جێبەجێ دەکرێت. لە راستیدا چ خۆویستانە بێت یان بە زۆر گەڕێنرابنەوە، جیاکاری ناکرێت. جیاوازییە گەورەکە ئەو کاتەیە کە بە پرۆسەی یەکێتیی ئەوروپادا دەچیت. ئەو کاتە دەکرێت جیاوازیی هەبێت. ئەو کاتە بڕێکی ماددی بە خەڵک دەدرێت کە خۆیان بڕیارەکە قبووڵ دەکەن و قبووڵی دەکەن خۆیان کاروباری گەڕانەوەیان رێک بخەن.
رووداو: کەواتە بە لای کەمەوە ئەوانەی خۆویستانە دەگەڕێنەوە دەتوانن سوودی زیاتری لێ وەربگرن و لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پشتیوانیی دارایی دەکرێن.
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، وایە. جا دانیمارک بە گەرموگوڕییەوە هانی پشتیوانیی گەڕانەوەی خۆویستانە دەدات، چونکە ئەگەر کەسەکە خۆی بیەوێت، ئەوا ئێمە زۆر بەهێزتر دەتوانین پشتیوانیی بکەین.
رووداو: دوای پشتیوانیی ئەوانەی دەگەڕێنەوە، ئایا هیچ بەرنامەیەک هەیە کە بەدواداچوونیان بۆ بکات و ئاگاداریان بێت بزانێت کە ئاخۆ سوودیان لە پشتیوانییەکانی پڕۆژەکە وەرگرتووە و کەڵکی هەبووە یان نا؟ ئایا شتی وا هەیە؟
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین. هاوکات ئەگەر ببینین شتێک هەیە، پێویستمان بەوە دەبێت کە بەرنامەکە رێک بخەین و پاشان ئەوە بکەین بۆ ئەوەی ئەوپەڕی سوودی لێ وەربگرین. بۆیە پرۆسەیەکی چاودێریکردنی ورد هەیە.
رووداو: ئایا دانیمارک پەناخوازە سووری و ئێرانییەکان بۆ سووریا و ئێران دەگەڕێنێتەوە؟
پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، لەم ساتەدا هیچ گەڕاندنەوەیەکمان بۆ ئەو وڵاتانە نییە.
رووداو: نییە؟
پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ.
رووداو: باشە. دەمەوێت پرسیار لەبارەی ئەوەوە بکەم کە هۆکاری سەرەکیی داواکردنی پەنابەرێتی لەلایەن ئەو پەناخوازانەوە چییە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دێن؟ بیانووەکەیان چییە؟ هۆکاری داراییە؟ سیاسییە؟ یان ئەمنییە؟
پیتەر سۆرێنسن: ئەگەر لەو رووانگەیەوە سەیری بکەیت کە کێن ئەوانەی داوای پەنابەرێتی دەکەن؟ ئەوا بە گشتی پیاوانی گەنجن. جا دەیڵێمەوە، ئەوانە هۆکاری کەسیی خۆیانیان هەیە کە نایانەوێت لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە. ئیتر بەهۆی ئەوەوە لە ناکاو بڕیاریان داوە کە دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی ئەوروپا. بۆیە هەموویان هۆکاری خۆیانیان هەیە. ئەمەیش ئەو شتەیە کە دادگە بەدوایدا دەگەڕێت کاتێک ئەوان بەو پرۆسەیەدا دەچن تا بزانێت ئایا هیچ هۆیەکی تایبەت هەیە کە کەسێک پەنابەرێتیی بدرێتێ یان نا، بەڵام دەیڵێمەوە، پێم وا نییە بتوانرێت بگوترێت چ هۆکارێکی تایبەت هەیە. هەمیشە توخمێک لە هۆکاری دارایی هەیە. هەروەها هۆکاری کەسی و کێشەی ئەمنییش هەن، بەڵام ئەوە نییە کە هەموو کەسێک هەمان هۆکاری هەبێت. لە کەیس بۆ کەیس دەگۆڕێت.
رووداو: بەڵێ. بەڵام ئەگەر کەسێک هۆکارەکەی دارایی بێت، دادگە و حکومەتی دانیمارک کە زانیاری و هەڵسەنگاندنی خۆیانیان لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئابوورییەکەیانەوە هەیە، ئایا ئەوە دەتوانێت بەپێی پێویست بۆ دادگە قایلکەر بێت بۆ بەدەستهێنانی پەنابەرێتی؟
پیتەر سۆرێنسن: لە دۆخی ئاساییدا نەخێر. دەبێت هەندێک هۆکار و پاساوی دیکە هەبن بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتیان بدرێتێ.
رووداو: هیچ کەسێک وەردەگرن کە داوای مافی پەنابەرێتیی سیاسی بکەن؟
پیتەر سۆرێنسن: من ناتوانم بە تایبەتی ئەوە بڵێم، چونکە من لەو پرۆسەیەدا نیم. بۆیە نازانم.
رووداو: بەڵێ، دەمەوێت بپرسم: ئایا ئەمە پڕۆژەیەکی ئەزموونییە کە لە داهاتوودا لە ئێران و سووریایش بیبینین؟
پیتەر سۆرێنسن: لە دیدگایەکەوە دەتوانین بڵێین کە ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین بزانین کە ئاخۆ لە وڵاتێکدا لەگەڵ ئەم بەرنامە جیاوازانەدا سەرکەوتوو دەبین. جا لە ناکاو لە وڵاتێکی دیکەدا شتانێک دەکەین. بۆیە ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین لەو ئەزموونانەمانەوە سوود وەربگرین. بۆیە لەو دیدگایەوە دەتوانیت ئەو وشەی "پڕۆژەی ئەزموونی" بە کار بهێنیت یان دەکرێت وا بێت، بەڵام هاوکات زۆر سەخت دەبێت کە بەرنامەکان دانە بە دانە کۆپی بکەیتەوە. هەمیشە پێویستت بەوەیە کە بەرنامەکە بەپێی بەستێنی ناوخۆیی ئەو وڵاتە رێک بخەیت کە تێیدا جێبەجێی دەکەیت، لەبەر ئەوەی هەموو وڵاتەکان جودان.
رووداو: ئایا دانیمارک سیاسەتێکی دژەپەناخوازی جێبەجێ دەکات؟
پیتەر سۆرێنسن: دژە؟
رووداو: سیاسەتێکی دژەپەناخوازی.
پیتەر سۆرێنسن: کاتێک سەیری پرۆسەکە دەکەم، دەڵێم نەخێر، بەڵام دەیڵێمەوە، کاتێک سەیری راگەیاندنەکان دەکەیت، ئەو کاتە لەسەر ئەوە بەندە کە تۆ چۆن شتەکان دەخوێنیتەوە. وایە؟ بەڵام گوێ بگرە، من سیاسەتی حکومەتی فەرمیی دانیمارک جێبەجێ دەکەم. ئەوە کاری منە. بۆیە هەوڵ دەدەم دڵنیایی بدەم کە بڕیارە ئەو خەڵکانە سوود لەو پرۆسەی پشتیوانییە وەربگرن کە دامانناوە و لە راستیدا هەموو ئەو کەسانە سوودی لێ وەردەگرن.