فارووق مەلا مستەفا: هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کاروباری پڕۆژەکانم رایی ناکەن
رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق و كۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەڵێت، لە داهاتوودا دوو کۆلێژ لە بوارەکانی کارگێڕی و پەرستیاری لە سلێمانی دەکاتەوە، گوتیشی، ''کۆلێژەکان بەمەبەستی قازانج ناکەمەوە، هەوڵدەدەم لەگەڵ ئەوانی دیکەدا جیاواز بن.''
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ فارووق مەلا مستەفا، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق و کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کرد، کە لە 239ـیەمین ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانی پەخشکرا، تێیدا باس لە پڕۆژەکانی ئەو سەرمایەدارە کوردە بۆ هەرێمی کوردستان و سلێمانی کرا.
فارووق مەلا مستەفا سلێمانی بە جوانترین شار پێناسە دەکات و ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەم شارە جیاواز لە ژیانی کۆمەڵایەتیی هەموو وڵاتان و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
''کەرتی پەروەردە و تەندروستی ژێرخانی هەر وڵاتێکن''
وەک ئەو سەرمایەدارە دەڵێت، ناوەندی رۆشنبیری و شاری پزیشکیی فارووق لە سلێمانی کە دوو لە گەورەترین پڕۆژەکانی خۆینی، لای ئەو ''خۆشەویستترین''ـن و کەرتی تەندروستی و پەروەردە بە ژێرخانی ئابووریی شارە گەورەکان ناو دەبات، کە پڕۆژەی دیکەیان لەسەر دادەمەزرێت.
فارووق مەلا مستەفا باسی لەوە کرد، لە هەندێک لە پڕۆژەکانیدا وەکو شاری پزیشکیی فارووق، نەک تەنیا قازانجی نەکردووە، بەڵکو مانگانە زیانیشی بینیوە، ''بەڵام لەبەر ئەوەی گەورەترین خزمەتی خەڵکی تێدا دەکرێت، لە پڕۆژەکانی دیکەوە پارەی بۆ دابین دەکەم.''
شاری پزیشکیی فارووق لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق لە سلێمانی لە ساڵی 2014 کراوەتەوە، بەپێی ئامارەکانی خۆیان، 210 جێگەی نەخۆشی تێدایە، نزیکەی 190 پزیشکی بە ئەزموون و خاوەن بڕوانامەی باڵا کاری تێدادەکەن و شاری پزشکیی فارووق خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ سەرجەم دانیشتووانی عێراق و ناوچەکە دابین دەکات.
هاوکات لەگەڵ کەرتی پەروەردە و تەندروستی، ئەو سەرمایەدارە ئاماژەی بەوە کرد، دەبێ گرنگی بە کەرتی پیشەسازیی سلێمانیش بدرێت، ''بە جۆرێک کە پڕۆژەکان سوودیان بۆ زۆربەی خەڵکی دەڤەرەکە هەبێت.''
یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی فارووقی مەلا مستەفا، پڕۆژەی ئاسیاسێڵە کە لە عێراق ''زیاتر لە 170 هەزار کەس'' پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە هەیە (لێی سوودمەند دەبن) و لە سلێمانیش ''نزیکەی 20 هەزار بۆ 30 هەزار کەس'' لە پڕۆژەکانی سوودمەند دەبن، وەک باسیش دەکات، ''بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، مۆبایلم هێناوەتە عێراق و لە سلێمانییەوە دەستیپێکردووە و تائێستاش ناوەندەکەی (ئاسیاسێڵ) هەر لە سلێمانییە.''
ئەو سەرمایەدارە زیاتر گرنگیی کەرتی پەروەردە و رۆشنبیری دەخاتەڕوو و دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 100 کتێبی (بێبەرامبەر) بۆ هاووڵاتییان چاپکردووە.
فارووق مەلا مستەفا جەختی لەوە کردەوە ئەگەر سەرمایەدارێک لە پڕۆژەکانیدا جگە لە پارە هیچ بنەمایەکی دیکەی نەبێت، سەری لێ تێکدەچێت، گوتیشی، ''کەم سەرمایەدار هەن، لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا کە قورساییان هەیە، بەشدار بن.''
بەگوتەی ئەو سەرمایەدارە، سەرجەم پڕۆژەکانی لە سلێمانی دامەزراندووە (جگە لە ئاسیاسێڵ کە لە عێراقە بەڵام ناوەندەکەی لە سلێمانییە) و لە دەرەوەی وڵات هیچ وەبەرهێنانێکی نەکردووە.
ئامۆژگارییەک بۆ گەنجان
فارووق مەلا مستەفا ئامۆژگاریی ئەو گەنجانە دەکات کە دەیانەوێت پڕۆژەکانیان سەربکەوێت و ببنە سەرمایەداری دیار، دەڵێت ''دەبێ بەر لە هەموو شتێک گرنگی بە خوێندەواری بدەن، ئەزموونی کەسانی دیکە لە وڵاتان لەبەرچاوبگرن، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خەڵکانی سەرکەوتوو هەبێت.''
ئەو سەرمایەدارە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سەرکەوتن لە پڕۆژەکاندا تەنیا پارە نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ پڕۆژە لە خزمەتی وڵاتەکەیدا بێت.
''دووبارە سلێمانی بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت''
فارووق مەلا مستەفا ئاماژەی بەوەدا، ''ئومێدم هەیە سلێمانی دووبارە گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بەر لە هەر شتێک، دەبێ دەستنیشانی ئەوە بکرێت، کە هۆکارەکانی پاشەکشێی ئابووری و پیشەسازی لەم شارەدا چین.''
ئەو سەرمایەدارە کوردە پێیوایە، چارەسەری ''گەندەڵی'' لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی یەکێک لە رێکارەکانی بووژانەوەی ئابووری و پیشەسازین، دەشڵێت، بنبڕکردنی گەندەڵی بەبێ بوونی دیموکراسییەت لە هەرێمی کوردستان ناکرێت.
دروستکردنی دوو کۆلێژی جیاواز
فارووق مەلا مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، کۆلێژە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی ''دواکەوتوون'' و ئاشکرای کرد، پڕۆژەی کردنەوەی دوو کۆلێژی پەرستاری و کارگێڕی بەدەستەوەیە، کە تێیاندا لە ئاستێکی پێشکەوتوو راهێنان بە خوێندکاران دەکرێت.
ئەو سەرمایەدارە گوتی، ''لەبارەی کردنەوەی ئەم دوو کۆلێژە، قسەم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی کردووە و دیزاینەکانیان ئامادەیە، ئەگەر رێگەم لێ نەگرن، ئەم دوو کۆلێژە دەکەمەوە.''
فارووق مەلا مستەفا دەڵێ کۆلێژەکان بە مەبەستی ''قازانجکردن'' ناکاتەوە و هەوڵ دەدات لە بواری زانستی و تێچووی خوێندنەوە جیاوازی لەگەڵ کۆلێژەکانی دیکە هەبێت.
پڕۆژەی شاری گەشتیاریی دووکان
لە قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی شارێکی گەشتیاریی گەورە بە سەرمایەی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار لەلایەن فارووق مەلا مستەفاوە دروستدەکرێت. پڕۆژەکە توانای پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە 100 ھەزارەوە بۆ یەک ملیۆن گەشتیار زیاددەکات، ھەلی کاریش بۆ 26 ھەزار کەس دەڕەخسێنێت.
شاری گەشتیاریی دووکان، لە ساڵی 2013ـەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دروستکردنی داوە، بەڵام کێشەی موڵکایەتی و قەرەبوونەکردنەوەی خاوەن زەوی و موڵکەکان، کارەکانی سستکردووە، ئەو سەرمایەدارە لەوبارەوە گوتی، ''هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کاروباری پڕۆژەکانم رایی ناکەن و کاری دوو رۆژ دەکەن بە ساڵێک و دوو ساڵ.''
فارووق مەلا مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پڕۆژەی گەشتیاریی شاری دووکان داوە و سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانیشی تەواو بوونە، گوتیشی، هەر لە درێژەی پڕۆژەکەدا پێشنیازیکردووە رێگەیەکی بەرفراوان هاوشێوەی رێگەی چینییەکان لە نێوان هەولێر و دووکان دروست بکرێت کە مەودای نێوانیان بۆ 45 خولەک کەم بکاتەوە.