ئەنتۆنیۆ گوتێرێز بۆ رووداو: داوام ئەوەیە یەکگرتووییەکەی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە هەولێر و سلێمانی بپارێزرێت
رووداو دیجیتاڵ
داوای لێبووردنی کرد کە 10 خولەک دواکەوت. پێیگوتم لە بەیانی زووەوە سەرقاڵە. ئەو لەسەر تەلەفۆن بوو لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ بۆ رێککەوتنێک، ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو نوێنەکرێتەوە، ئەوا نرخی خۆراک لە سەرتاسەری جیهان زیاد دەبێت و دوای ئەوەش کۆبوونەوەی هەبوو بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری هەڕەشەی ئەتۆمی لە جیهان.
ئەمە رۆژێکی ئاساییە بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز. ئەم پیاوە یەکێکە لە سەرقاڵترین کەسایەتییەکانی جیهان. سەرقاڵە سەرەڕای ئەوەی 35 هەزار و 726 کەس لە نووسینگەی خۆی لێرە کاری بۆ دەکەن. زۆربەیان خەریکی پلان دانانن بۆ هەموو خولەکێکی رۆژی کار، هەموو وشەیەک کە دەیڵێت یان بەناوی ئەوەوە دەگوترێت و دەنووسرێت، پلان دادەنرێت بۆ هەموو جوڵەیەکی و وێنەگرتنێکی و ئاماژەیەکی دیپلۆماسی ئەو.
لەلایەک ئاستبەرزترین دیپلۆماتی جیهانە و رۆڵی "نێوەندگیری جیهان"ی هەیە و لەلایەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاڵۆزترین رێکخراوی جیهانی لە دەستە. هەروەها ئەو ئەرکێکی دیکەشی هەیە کە بریتییە لەوەی کە وابکات زلهێز و بێ هێزەکانیش زیاتر رێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بگرن و بەهەمان شێوەی دادوەرێک حوکمی یاسایی و ئەخلاقی دەدات کە چ پێشێلکارییە و چ بابەتێک پێویستە لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش و ئۆرگانەکانی دیکە دابنرێت، بەڵام گەورەترین ئامانجی خۆی و رێکخراوەکەوەی رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی جەنگی جیهانی و شەڕە لەنێو زلهێزەکان و پاراستنی ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە هەیە. هێشتنەوەی سنوورەکان بەشێکی سەرەکی ئەو سیستمەیە. لەبەرئەوەشە، لێرە کوردبوون بەبێ عێراقی، تورکی، ئێرانی و سووریبوون قەدەخەیە. ئەوەش یەکەمین پرسیارم بوو لێی.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: خۆشحاڵم. رێگەم پێبدە کە ئێمە نزیکی نەورۆز دەبینەوە، هیوای نەورۆزێکی خۆش بخوازم بۆ تۆ و بۆ هەموو ئەوانەی کە بینەرمانن.
رووداو: زۆر سوپاس. من لەم هەڤپەیڤینەدا دەمەوێت لەسەر عێراق و سووریا. بەتایبەتی کە لەسەرەتای ئەم مانگە بەسەردانێک بۆ ماوەی دوو رۆژ لە عێراق بوویت، بەڵام پێش ئەوەی ئەو پرسیارانە بکەم، دەمەوێت ئاماژە بە راستییەکی سەرنجڕاکێش بکەم سەبارەت ئەم هەڤپەیڤینە. لە مێژووی 77 ساڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان دا، ئەمە یەکەمین جارە، کە سکرتێرێکی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ کوردێک - لەگەڵ کەسێک کە خەڵکی کوردستان بێت دابنیشێت بۆ ئەنجامدانی هەڤپەیڤین.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: لەوانەیە یەکەمین جاربێت، بەڵام ئەمە دواجار نابێت.
رووداو: هیوادارم وانەبێت. زۆر سوپاس. ئەمەش رەنگدانەوەی راستی نەبوونی دەنگی کوردە لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە دڵنیام ئاگات لە مێژووی ئێمە هەیە. نەتەوەیەک کە نزیکەی 60 ملیۆن کەسە کە خاکەکەیان لەڕووی مێژووییەوە بەر لە نزیکەی سەتەیەک لەلایەن داگیرکەری ئەوروپایەوە خاکەکەیان دابەشکرا و تاوەکو ئێستاش ئەو سنوورانە لەلایەن سیستمی نێودەوڵەتی ئێستاوە دەسەپێندرێت. لەوباوەڕەدایت نەبوونی دەنگی کورد، وادەکات نەتەوەیەکگرتووەکان کەمتر فرەچەشن، کەمتر لێبووردە و کەمتر دادپەروەر بێت؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: ئێمە زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدەین، بەتایبەت کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراقی و سووری و ئێرانی و تورک هەن. ئێمە زۆر گرنگە لەلامان کە لە چوارچێوەی نوێنەرایەتی نیشتمانی ئەو وڵاتانەدا هەموو گرووپە گرنگە ئیتنییەکان نوێنەرایەتیان بکرێت. لەم روانگەیەوە، من هاوڕێی کوردی زۆرم هەن. ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین لە نوێنەرایەتی هەر کام لەو وڵاتانەدا، پێکهاتەی کوردیان تێدابێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەوەی بە من بکرێت، بێگومان میکانیزم و شێوازی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام هەرچی بە من بکرێت دەیکەم بۆ ئەوەی ئەو سەرنجەت لەبەرچاو بگیرێت.
رووداو: سەبارەت سەردانەکەت بۆ عێراق. دوو رۆژ لە عێراق بوویت، چاوت بە خەڵکێکی زۆر کەوت لەوانە کۆمەڵگەی سیڤیل و ستافی نەتەوەیەکگرتووەکان. من بە پرسیارکردن سەبارەت خودی نەتەوەیەکگرتووەکان دەست پێدەکەم. نەتەوەیەکگرتووەکان پرۆگرامێکی زۆر گەورەی هەیە لە عێراق و زۆر گرانبەهایە و بودجەکەی زۆرە. لەهەمان کاتدا، ماندەیتەکەی پشتگیریەک و کۆدەنگییەکی کەم وێنەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە. دەسەڵاتەکانی ئەم پرۆگرامە زۆر روونە. دیارە کە عێراق کێشەی زۆرە. ئایا رازیت لە کارەکانی یۆنامی و بەرنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق؟ پێت وانییە کە نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت لە عێراق دەستکەوتی زیاتری هەبێت؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: من لەو باوەڕەدام کە یۆنامی کارەکانی بەباشی بەڕێوە دەبات. کەس بێ کێشە نییە. من ناڵێم نەتەوەیەکگرتووەکان بێ کێشەیە لەو کارانەی کە لەهەر جێگەیەکی جیهان ئەنجامی دەدەین، بەڵام من لەو باوەڕەدام کە یۆنامی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەیە بۆ ئەو ئامانجەی کە بۆ ئێمە گرنگە، کە عێراق بتوانێت رزگاری ببێت لەو هەموو کێشانەی کە عێراق لە مێژووی نزیکدا تووشیان بووە، بتوانێت هەستێتەوە و ببێتە ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی زۆر گرنگ. لەهەمان کاتدا ئەو توانایە بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی دەزگاکان لە خزمەتی خەڵکی عێراق بن.
عێراق سامانی سرووشتی هەیە. عێراق وڵاتێکی هەژار نییە، بەڵام زۆر گرنگە کە شێوازێکی حوکمڕانی باش و یەکگرتووییەکی فرەچەشنی هەبێت. یەکگرتوویی فرەچەشن گرنگە کە هەبێت بۆ ئەوەی ئەو سامانانە لە سوودی دانیشتووانی بەکاربهێندرێن. لەو باوەڕەدام ڕۆڵی یۆنامی ئەوە بووە کە یارمەتیدەربێت کە عێراق بەو ئاراستەیەدا بڕوات. لەم سەردانەم بۆ عێراق بۆم دەرکەوت کە پێشڤەچوونی باش روویداوە لەڕووی پێگەی وڵاتەکەوە. لەو باوەڕەدام ئەمە کاتێکی هیوابەخشە لە عێراق. ئەمە ساتەوەختی هیوابەخشە کە عێراق دەتوانێت پرۆسەیەکی بەهێزکردنی بەردەوامی دەزگاکانی هەبێت، لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە و دەستپێکردنی پرۆسەیەک کە عێراق بتوانێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێشکێشی هاووڵاتیانی بکات کە شاییستەی خۆیانە و دڵنیابن لەوەی کە وڵاتەکەش سەرچاوەی پێویستی هەیە کە ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکێش بکات.
رووداو: وەکو باست کرد عێراق کێشەی زۆری هەیە، بەڵام ئەوەی کێشە نوێیەکەیە کاریگەری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوایە بۆ سەر عێراق. لەم مانگەدا لە ئەجێندای نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆنفرانسێک هەیە سەبارەت سامانی ئاو. عێراق دیارترین نموونەیە بۆ کاریگەری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و لە ئێستاوە کێشەی وشکەساڵی و کەم ئاوی هەیە. ئایا نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ پلانێکیان هەیە کە تایبەتبێ بە یارمەتیدانی عێراق لەکاتێکدا ئەوان لە زۆربەی وڵاتانی دیکە زیاتر هەست بە کاریگەری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: لەو باوەڕەدام ئەم بابەتە پێویستە لە چەقی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ عێراق، بەداخەوە بۆ چەندین ساڵ عێراق پێویستی پێی دەبێت. چاوەڕوان ناکرێت کە ئەم کێشەیە بەئاسانی چارەسەربێت. دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر بە خێرایی پەرەدەسێنێت. زۆر بەخێرایی. با راستگۆبین جیهان هێشتا نەیتوانیوە یەکگرتووانە بێتە پێشەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستوبردی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. لەبەرئەوە پلەکانی گەرما هەر بەرەو زیادبوون دەڕوات. ئێمە لە مەترسی ئەوەداین کە پلەی گەرمای زەوی سنووری 1.5 تێپەڕێنێت و جیهان بەرگەی پلەی گەرمای لەوە زیاتر ناگرێت. لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەو پلەیە، دەرئەنجامی تراژیدی زیاتر روودەدەن. ئێمە لە مەترسی ئەوەداین کە زیادبوونی پلەی گەرما ئەو سنوورە تێپەڕێنێت کە سبەینێ بەهیچ شێوەیەک ناتوانین کاریگەرییەکانی پێچەوانە بکەینەوە. ئەمەش ئەگەر بەزووترین کات هەنگاوی گەورەی بۆ نەنرێت بۆ رێگەگرتن لە زیاتر پیسبوونی ژینگە بە گازە گەرم و کاربۆنییەکان. لەبەرئەوە، تاکە رێگە ئەوەیە کە بە زووترین کات دەرپەڕاندنی گازە کاربۆنییەکانی بوەستێنرێت.
بابەتی دووەم کە پەیوەستە بە عێراقەوە، ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی زیاتر ئەنجامبدات لە رێوشوێنەکان بۆ کەمکردنەوەی دەرئەنجامە خراپەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەو رێوشوێنانەش بریتین لە بنیاتنانی میکانیزم لەلایەن وڵاتانەوە بۆ بەهێزکردنی تواناکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرئەنجامەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. لەبەرئەوە لە کۆنفرانسی جیهانیی داهاتوودا سەبارەت گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی دەوڵەتەکان [COP28]، ئێمە پێداگیری دەکەین لەوەی کە بودجە و پارە بۆ وڵاتە تازەپێگەشتووەکان دوو ئەوەندەی جاران زیادبکات بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنن. بەڵام سەرباری ئەوەش، عێراق کێشەیەکی رژدی ئاوی هەیە. کێشەی ئاو لە عێراق تەنیا بەهۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە نییە، بەڵکو بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاوە کە لە وڵاتانی دراوسێتانەوە دێن. من دەمەوێت بڵێم عێراق وڵاتی میزۆپۆتامیایە، لە [مێژوودا] دەکەوتە چەقی [ئەوەی بە] هیلالی خاکی بەپیت [ناسراوە]. هەر لەوێ شارستانی لەدایکبوو. یەکەمین شارستانی لەوێ لەدایکبوو، چونکە کشتوکاڵ هەبوو، کشتوکاڵیش هەبوو، چونکە ئەو دوو ڕووبارە هەبوون؛ میزۆپۆتامیا واتە خاکی دوو رووبار. ئێمە نابێت بهێڵین خاکی دوو رووبار ببێتە خاکی بێ رووبار. پێویستە دۆخێک بۆ ئەو ئامانجە دروست بکرێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هاریکاری نێودەوڵەتی زۆر گرنگە. من ئەزموونم لەو بوارەدا هەیە، کاتێک سەرۆکوەزیرانی پۆرتوگال بووم، ئەوکات ئێمە رێککەوتننامەیەکی زۆر گرنگمان ئەنجامدا سەبارەت ئاو لەگەڵ ئیسپانیا. ئەو رێککەوتنامەیە بۆ بەڕێوبردنی ئەو رووبارانە بوو کە لەنێوان هەردوو وڵات دا هاوبەشن. لەبەرئەوە پێموایە گرنگە کە عێراق لەم بارەیەوە دیالۆگی جدی ئەنجام بدات. هەروەها گرنگە کە عێراق ئەو پشتگیریەی هەبێت بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتانە جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی توانای کشتوکاڵی دۆڵی دیجلە و فورات.
رووداو: کێشەیەکی گەورەی دیکەی عێراق پرسی گەندەڵییە. هیچ وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەندەی عێراق گەندەڵ نییە، بەپێی ژمارەکان، بە ملیار پارە تاڵان دەکرێت. بەگوێرەی راپۆرتی نێودەوڵەتیی بێلایەن، چینی فەرمانڕەوای عێراق لە هەموو ئاستێکدا بەشداری دەکەن لەم [تاڵانکردنە]دا. ئەمەش وای لێکردوون کە پرۆسەی دیموکراسیش هیچ کاریگەریەکی لەسەر پێگە و دەسەڵاتیان نەبێت. بەڕێز سکرتیری گشتی، ئێستا ئەو حکومەتەی کە لە عێراق هەیە لەلایەن ئەو لایەنەوە پێکهێنراوە کە لە هەڵبژاردنەکان دۆڕاندوویەتی. ئەمە راستیی عێراقە. چینی دەسەڵاتدار لە عێراق پارێزبەندییەکی تەواویان هەیە. ئەویش بەهۆی ئەو گەندەڵییەی کە هەیە و بەدامەزراوەیی کراوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕووی کردارییەوە دەتوانن لەم بارەیەوە چی بکەن؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: یەکەم شت پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت گەندەڵی. لەم نزیکانەدا وڵاتانی بەشدار لە پەیماننامەکە کۆنفرانسێک ئەنجام دەدەن. ئێمە دوێنێ کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ گرووپی جیهانی ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کەرتی تایبەت هەبوو کە لەسەر ئاستی جیهان پشتگیری لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن. ئامانجی سەرەکیمان شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێت. ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ پشتگیریکردن لە شەڕێکی راستەقینە لە دژی گەندەڵی لە هەموو جیهان، بەڵام بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک عێراق.
من دەبێت ئەوە بڵێم کە لە گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرۆکوەزیران، من سەرسامبووم بەوەی کە ئەو چەندە ئاگای لە کێشەکە هەیە و ئەو وادەبینێت کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کارێکی بنەڕەتییە بۆ عێراق، بۆ ئەوەی بتوانێت سوود لەو سامانانە وەربگرێت کە لەبەردەستیدایە. گەندەڵی، چوونی نایاسایی پارە و شووشتنەوەی پارە و میکانیزمەکانی دیکەی گەندەڵی هەمووی رێگرن لە پێشڤەچوونی بەردەوامی ئابووری هەر وڵاتێک. لەبەرئەوە من هیوادارم کە عێراقییەکان یەکبگرن و شەڕ لە دژی گەندەڵی بکەن؛ پێشانی بدەن کە خەڵکی گەندەڵ لە بەڕێوبردنی وڵاتەکەیان جێگەیان نابێتەوە.
رووداو: ئەوەش ئەو شتەیە کە عێراقییەکان هیوای بۆ دەخوازن و دەیانەوێت بیبیستن. بەشێکی سەردانەکەی ئێوە بۆ هەولێر بوو و هەروەها بۆ کامپێکی ئاوارەکان. پێش ئەوەی باسی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە پێش نزیکەی 6 ساڵ کە سەردانی هەرێمی کوردستانت کرد، کۆبوونەوەت لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدا. سەرەڕای نەبوونی ناونیشانی حکومەتی، مەسعود بارزانی ناسراوە کە بەدەسەڵاترین و کاریگەرترین سەرکردەی کوردە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ملیۆنان کورد لە ناوچەکە شوێنکەوتەی ئەون. وەک رۆژنامەڤانێک جێگەی پرسیار بوو کە ئەم جارە لەم سەردانەت کۆبوونەوە لەنێوانتان ئەنجام نەدرا. ئەمە هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی لە پشتەوە بوو یان هەر رێکەوت بوو؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: سەردانەکەم زۆر کورت بوو. من ئەو کەسانەم بینی کە پۆست و بەرپرسیارێتیان لە حکومەتی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستاندا هەیە، بەڵام دەمەوێت شتێک بڵێم کە بەڕاستی لە ناخی دڵمەوەیە. تەنانەت لە پێش کەوتنی سەدام حوسێنیش، من بەشداربووم لە ژمارەیەک بزووتنەوەی سیاسی کە پشتگیرییەکی بەهێزی خەڵکی کوردمان دەکرد. من عەلی کیمیاییم لەبیرە، بەکارهێنانی قێزەونی چەکی کیمیایی لە دژی دانیشتووانی کوردی عێراق.
رووداو: سبەی ساڵیادی ئەو هێرشەیە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: بەڵێ، ئەمە شتێکە پێویستە لە یادی خۆمانی بهێڵینەوە، چونکە ئەوەی روویدا هیچ جێگەی قبووڵکردن نەبوو. من دەرفەتی ئەوەم هەبوو جەلال تاڵەبانی لەکاتی رابردوودا بناسم، تەنانەت لەبەر ئەو پەیوەندییانەی بەهۆی چالاکییەکانی کاتی رابردوو هەمبوو؛ من پەیوەندی زۆرم هەبوو لەگەڵ مەسعود بارزانی کاتێک کۆمسیاری باڵای رێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی بووم.
من ئەم دوو پیاوە بە دوو سیمبوولی زۆر گرنگ دەبینم لەوەی کە چەند یەکگرتووبوون و چۆن پێکەوە کاریان دەکرد. دوو سیمبوولی گرنگی یەکگرتوویی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان و خەڵکی کوردن. داواکاری من ئەوەیە کە ئەو یەکگرتووییەی کە ئەوان نوێنەرایەتیان دەکرد لە هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەش لە هەرێمدا بپارێزرێت. من پێموایە ئەو یەکگرتووییە زۆر گرنگە. لەهەمان کاتدا، من لە گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران لە هەولێر و گفتوگۆکانم لە بەغدا من گەشبین بووم کە بینیم ویستێکی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا، سەبارەت نەوت و بودجە و دابەشکردنی سامانە سرووشتییەکان، ئێمە هەر شتێکمان پێبکرێت دەیکەین بۆ پشتگیریکردن لەم هەوڵانە. پێویستە ئێمە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەقامگیر بکەین. هەروەها ئێمە پێویستە هەموو شتێک بکەین عێراقییەکان بەگشتی و خەڵکی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان بەتایبەتی پێکەوە یەکبگرن و ناکۆکییەکان تێپەڕێنن لە رێگەی دایەلۆگی هەمەلایەنە. هەروەها سوود لەم دەرفەتە وەرگرن کە ئێستا هەیە بۆ ئەوەی عێراق گۆڕانکاری لە ئاراستەکەیدا بکات بەرەو گەڕانەوەی پێگەی خۆی وەک وڵات لەپێناو خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی. هەروەها دەکرێت عێراق ببێتە ئەکتەرێکی گرنگی ناوچەکە. عێراق دەکرێت ببێتە پردێک لەنێوان هەردوو بەرە لە کەنداودا.
ئێمە لەم دواییەدا رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێرانمان بینی. من پێموایە دەرفەتی نوێ هەیە بۆ هاوکاری لە ناوچەی کەنداودا. من پێموایە عێراق دەرفەتێکی زۆر باشی هەیە کە ببێتە بزوێنەری بنەڕەتی ئەم پرۆسەی هاوئاهەنگییە نوێیە لە ناوچەکەدا. کەواتە ئەمە تەنیا پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراقەوە نییە، ئەمە بە تەنیا دەربارەی ئاشتی و سەقامگیری و دیموکراسیی کارا و خۆشگوزەرانی لە عێراق نییە، بەڵکو ئەمە پەیوەستە بە رۆڵی عێراقە وەک سەرچاوەی هاوکاریکردن لە ناوچەکەدا کە یەکێکە لە هەستیارترین و گرنگترین ناوچەکانی هەموو جیهان.
رووداو: دوا پرسیارم سەبارەت عێراق، ئینجا دێینە سەر بابەتی سووریا. دەزانم کاتمان سنووردارە و بەڕێزتان یەکێک لە سەرقاڵترین کەسایەتییەکانی سەر گۆی زەوین، بەهۆی ئەو هەموو کێشە جیهانییانەوە کە هەن. پرسیارەکەم سەبارەت بابەتێکە کە بەهۆی رووداوەکانی ئۆکراینا بەتایبەتی لەماوەی ساڵی رابردوودا زۆر قسەت لەسەری کردووە کە ئەویش بنەمای سەروەری و رێزگرتنە لە سنووری وڵاتانی دیکە. بەڵام لە عێراقیش بەتایبەتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، بەپێی نوێنەرایەتی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا و ئێران پێشێلکاری سنوورەکانی عێراق دەکەن، بۆمباران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن و هەژموونی سیاسی لەناو عێراق دروست دەکەن؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: هەڵوێستی ئێمە زۆر روونە. پێویستە رێز لە یەکێتیی خاکی عێراق بگیرێت. ئەمە هەڵوێستمانە. من لە سەردانەکەم بۆ بەغدا ئەمەم زۆر بە روونی دووپاتکردەوە.
رووداو: نیگەرانی ئەوەت نییە کە ئەمە بووەتە نۆرمێک نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە هەموو جێگەیەک؟ هەر وڵاتێک شتێکی لە وڵاتە دراوسێیەکەی بە دڵ نەبێت دەست بکات بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەنێو خاکی وڵاتە دراوسێیەکەی؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: بەداخەوە ئێمە زیادبوونی ئەم رووداوانە دەبینین کە جێگەی نیگەرانین، نموونەش وەکو باست کرد داگیرکردنی ئۆکراینیایە لەلایەن رووسیاوە. بەڵام وەک گوتم بنەمای بنەڕەتی کارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان [پاراستنی] یەکێتیی خاکی دەوڵەتەکانە.
رووداو: بە خێرایی دەچمە سەر بابەتی سووریا. دوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕ. ئێستا دۆخەکە تووشی سڕکردنێکی گەورە بووە. هیچ هیوایەکت هەیە بۆ چارەسەرێکی سیاسی بەم نزیکانە؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: ئێمە نابێ قەت بێ هیوا بین، بەڵام ئێمە ئێستا دوورین لە دۆخێک کە رێگە بدات بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ هەموو پرسەکان لە سووریا. سووریا ئەمڕۆ دابەشبووە. سوپا و هێزی وڵاتی جیاواز لە سووریادا هەن. بەرژەوەندی جیاواز لە سووریا هەن.
داواکاریم لە سوورییەکان ئەوەیە کە یەکبگرنەوە. ئەگەر سوورییەکان یەکنەگرنەوە، ئەوە لە مەترسی ئەوەدا دەبن هەر ببنە مەیدانێکی یاریکردن بۆ چالاکی لایەنەکانی دیکە. سوورییەکان پێویستە بەسەر ناکۆکییەکانیاندا سەربکەون. سووریا سەرچاوەیەکی نایابی شارستانییە. ئەگەر بچیتە حەلەب، کە بەداخەوە ئێستا بەشێوەیەکی دراماتیکی بوومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەیە، بەڵام کاتێک سەردانی قەڵای حەلەبم کرد بینیم چەندین چین شوێنەواری جیاواز لە خاکەکەدا هەبوو. چەندین چین لە شوێنەواری شارستانیی مێژوویی جیاواز لە هەمان خاک کە لە سووریان درەوشابوونەوە. سووریا وڵاتێکی بەخشندەیە. من لە بیرمە کە کاتێک وەک کۆمسیاری کۆچبەران سەردانم کرد، بینیم کە ئاوارەی عێراقی لە سووریا بەشێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا کە لە هیچ جێگەیەک بەوشێوەیە بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ نەدەکرا. لە کامپی ئاوارە نەبوون، لەلایەن خەڵکەوە میوانداری دەکران. خەڵکی سووریا شایستەی ئاشتین و داواکاریم بۆ سوورییەکان ئەوەیە کە یەکبگرنەوە. نەهێڵن لایەنەکانی دیکە چارەنووستان دیاری بکەن.
رووداو: بەرێز سکرتێری گشتی سەبارەت بوومەلەزەکە رەخنە لە بەدەمەوەچوونی نەتەوەیەکگرتووەکان هەبوو، دەمەوێت بەخێرایی باسی ئەو رەخنەیە بکرێت کە لەبارەی چییەوە بوو. وەک دەزانیت لە هەر کارەساتێکی مرۆیی 72 کاژێری یەکەم زۆر گرنگە بۆ رزگارکردنی خەڵک، نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین هەفتەی پێچوو تاوەکو هاوکاری پەیوەست بە بوومەلەرزە بگەیێنێت. لەکاتێکدا لایەنی دیکەی وەک سعودییە، قەتەر و هەرێمی کوردستانیش توانیان هاوکاری بگەیێنن، توانیان خاڵە سنوورییەکان بەکاربێنن بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە. مارتن گرفس، بەرپرسی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان خۆی لە تویتەر دەڵێت کە نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکاری پێویستی لەکاتی خۆیدا نەگەیاند، بۆچی نەتەوەیەکگرتووەکان بەپێی پێویست بەهانای خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە نەچوو؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: بە بۆچوونی من گرنگە تەماشای راستییەکە بکرێت، ئەو هاوکارییەی کە خەڵک لە 72 کاژێری یەکەمی کارەساتەکە پێویستیانە بریتییە لە پرۆسەی رزگارکردن، رزگارکردنیش لەلایەن تیمی تایبەتەوە دەکرێت کە سەگ و ئامێری قورسیان پێیە. نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە هاوبەشەکانی ئەو جۆرە ئامرازەیان نییە. بینیت کە ئەو هەموو خەڵکە لە وڵاتانی جیاوە بۆ هاوکاری هاتنە تورکیا. بەڵام بەداخەوە نەچوونە سووریا. ئەوان چوونە هانای تورکیا. ئەمە کێشەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەبوو. ئەوە راستی مەیدانی بوو. ئاسانتر بوو بۆیان بگەنە تورکیا، بەڵام من لە خەمی سوورییەکان باش تێدەگەم کە لەکاتی پێویست و بەو خێراییەی کە دەبوو ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنیان پێنەگەیشت، بەڵام ئێمە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو توانایەمان نییە. ئێمە دەتوانین هاوکاری مرۆیی پێشکێش بکەین، شێوازی هاوکاری مرۆیی بەشێوەی نەریتی پێشکێش دەکەین وەک جێگەی مانەوە، خۆراک، تەندروستی، ئەو لایەنانە.
رووداو: بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان تیمی تایبەتی هەیە بۆ یارمەتیدان لەکاتی کارەساتدا.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: ئێمە تیمی رزگارکردنمان نییە. ئێمە توانای رزگاکردن لە دۆخی کارەساتمان نییە. ئێمە ئەو ئامێرانەمان نییە کە پێویستن بۆ هەڵگرتنی خۆڵ و باڵەخانەی رووخاو. ئەمە شتێک نییە کە ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بتوانن ئەنجامی بدەن. من لە خەم و بێزاری خەڵکی تێدەگەم کە ئەو جۆرە هاوکاریەیان نەدەبینی و دەیانبینی کە ئەو جۆرە هاوکارییە لە وڵاتانی دیکەوە دەڕۆیشتە تورکیا، بەڵام دووبارە دەڵێم ئەمە کێشەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەبوو. ئێستا کە ئێمە قسە دەکەین 500 لۆری هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەیە. کێشەکە ئەوەیە سیستمی پشتیوانی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا لە تورکیایە و رێک لەو ناوچەیەیە کە بومەرزەکە لێیدا. ئەمەش کێشەی بۆ ئێمە دروستکردووە. ژمارەیەک لە کارمەند و هاوکاری خۆمان بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەوە گیانیان لە دەستدا. کێشە هەبوو لە جوڵەپێکردنی هاوکارییەکان، بەڵام ئێمە بەپێی توانا زوو بەخێرایی جوڵاینەوە و هەر کە رێگەکان کرانەوە ئێمە دەستمان بە جوڵە کرد. توانیمان رەزامەندی حکومەتی سووریاشمان دەستبکەوێت کە ژمارەیەک زیاتر لە خاڵە سنوورییەکان بکرێنەوە، زیاتر لەوەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش لە چەند رۆژی داهاتوودا داوای دەکات.
لەبەرئەوە، روونە کە شکست هەبوو و کێشە هەبوون. باوەڕناکەم ئەمە تەنیا شکستی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت، ئەمە سەبارەت سنوورداری توانای هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە یارمەتی وڵاتێکی وەک سووریا کە ئەو هەموو ناکۆکی و جیاوازییە سیاسییەی هەیە، بەڵام ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سووریا لە هەموو شوێنێک. داواکاری ئێمە لەسەرەتاوە ئەوە بووە کە هەموو خاڵەکانی ناردنی کۆمەک بە کراوەیی بهێڵنەوە، چونکە ئەمە پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری خەڵکی سووریا بکەین لەم دۆخە دراماتیکیەدا. من گەرەنتی ئەوە دەکەم کە ئێمە ئەوەی لە توانامان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی کاریگەربین لە هاوکاریمان بۆ خەڵکی سووریا کە من رێزێکی زۆرم بۆیان هەیە. ئەگەر ئێمە لەسەرەتاوە ئەوەی پێویست بوو نەمانکرد، هەڵبەت تێدەگەم لە رەخنەکان، ئێمە ئەوەی لە توانامانە دەیکەین بۆ قەرەبووکردنەوە لە رێگەی زیادکردنی تواناکانمان لەوێ، ئەویش لەرێی پابەندی تەواومان بۆ خەڵکی سووریا.
رووداو: دوا پرسیارم سەبارەت کەمینەکان و کوردە لە سووریا. هەیە دەڵێت بەهۆی بێ هێزی دەوڵەت لە سووریا و ئەو هەموو پشێوییەی کە هەیە، پێویستە هەرێم و سیستەمی فیدراڵی دابمەزرێت لە سووریا، لەو باوەڕەدایت فیدراڵی پێویستە لە ئەجێندای داهاتووی سیاسی سووریادا هەبێت؟
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: بۆ من نییە کە بڵێم دەستوو لە سووریا چۆن بێت. لیژنەی دەستووری هەیە بۆ سوورییەکان کە وەک پێویست و بەوشێوەیەی ئێمە دەمانەوێت کارەکانی خۆیان ناکەن، بەڵام لە دەسەڵاتی ئەوانە کە دەستووری سووریا چۆن دەبێت. من بە سوورییەکان ناڵێم چی بکەن. ئەوەی من دەتوانم پێت بڵێم ئەوەیە کە کاتێک من کۆمسیاری رێکخراوی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بووم یەکێک لەو بابەتانە کە شەڕم بۆی کرد و هەوڵم بۆی دا، من گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆکی سووریا لەسەر ئەنجامدا ئەوەبوو کە پێویستە وڵاتینامە بدرێتە دانیشتووانی کورد لە سووریا. وەک دەزانیت ئەوان وڵاتینامەیان نەبوو. ئەوە یەکێک لەو شەڕانە بوو کە من خۆم کارم بۆی کرد، چونکە ئەو کات وەکو کۆمسیاری کۆچبەران من دەسەڵاتم لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێدرابوو کە مامەڵە لەگەڵ کێشەی ئەوانە بکەم کە وڵاتینامەیان نییە. توانای کوردە سوورییەکان، جا هەر شتێک کە دەستوور دەستنیشانیکردووە، رۆڵی تەواویان لە ژیانی سووریا بابەتێکە کە من زیاتر لە 10 ساڵ لەمەو پێش هەوڵمداوە بۆی.
رووداو: بەڕێز سکرتێری گشتی زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر سوپاس بۆ پیرۆزبایی نەورۆزت کە وەکو لە کوردی دەڵێن "جەژنی نەورۆزت پیرۆز."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: هیوای سەرکەوتن. زۆر سوپاس.