نادیە موراد بۆ (رووداو): رزگاركردنی كچانی ئێزدی، زۆر لە خەڵاتی نۆبڵ گەورەترە


رووداو- بەرلین

نادیە موراد، كچە كوردی ئێزدیی رزگاربوو لە دەستی چەكدارانی داعش، یەكێكە لە كاندیداكانی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ و پشتگیرییەكی بەهێزی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە. ئەو كچە وڵات بە وڵات دەگەڕێت و هاوار دەكات: "داعش بوەستێنن"، چونكە ئەو پێیوایە ئەو گرووپە چەكدارە مەترسییە لەسەر هەموو مرۆڤایەتی. نادیە موراد كە ئێستا لە ئەڵمانیا پەنابەرە، لە هەڤپەپڤینێكدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی رووداو) دەڵێت بەهۆی موحاسەبەنەكردنی ئەو فەرماندانەی لە سێی ئابی 2014دا شنگالیان چۆڵ كرد، كەلێنێكی گەورە لە نێوان ئەوان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بووەو دەشڵێت تاوەكو لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو فەرماندانە نەكرێ و ناوچەكانیان بە تەواوی لە داعش پاك نەكرێتەوە، ناگەڕێتەوە كوردستان.

رووداو: ئێوە سەر بە خێزانێكی كوردی ئێزدی گوندی كۆجۆن. بە وتارەكەت لە 17ی كانوونی دووەمی 2015 لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كۆمەڵكوژیی ئەو گوندە و كوردی ئێزدیت گەیاندە گەورەترین ناوەندی سیاسیی جیهان، ئەو رۆژەی گوتارەكەت پێشكەش كرد چ هەستێكت هەبوو؟
  شنگال لەبەر ململانێی سیاسی رزگار كرا نەك لەبەر خاتری شەرەفی ئێزدیان

نادیە موراد: ئەوەی من گەیاندمە ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی دیكە، ئەو كارەساتانە بوون كە داعش بەسەر كچ و ژنی كوردی ئێزدی هێنا و من بەچاوی خۆم بینیبوومن. هاواری من لەو شوێنانە تەنیا بۆ گەلەكەم نەبوو، بەڵكو مەبەستم بوو بە جیهان بڵێم كار بۆ هەموو ئەوانە بكەن كە بوونەتە قوربانیی دەستی داعش. من وا هەست دەكەم هەتا ئێستا بە ئامانجەكەم نەگەیشتووم، كارێكم نەكردووە بۆ ئەو پیر و گەنجانەی كەوتوونەتە دەستی داعش. ئەوەی من مەبەستم بوو بیگەیەنم ئەوە بوو كە داعش دژی مرۆڤایەتییە، دژی ژنان و منداڵانە، دژی هەموو ئاینێكە. 

ئەوەی من لەوێ‌ گوتم ئەوەبوو كە داعش مەترسییە لەسەر هەموو مرۆڤایەتی، بەر لە ئێمە چەندین كەسی دیكە بوونەتە قوربانیی دەستی داعش، لە سووریا لە فەرەنسا خەڵكی بێتاوانیان كوشت. من دەمەوێ‌ مرۆڤایەتی فریای ئێمە بكەوێت، چونكە ئەوەی ئێمە بینیمان خەیاڵمان نەدەكرد. ئەوان كاتێك هاتنە سەر ئێمە، پیاوەكانیان كوشتن و ژن و منداڵەكانیان بردین و دەستدرێژییان كردە سەریان. هەموو ئەوانەیان بەناوی ئیسلامەوە كرد و دەیانگوت شەریعەت جێبەجێ‌ دەكەین، ئێمەیان ناچار دەكرد شایەتمان بهێنین. من لە وڵاتانی عەرەبیش ئەو قسەیەم كرد و لێرەش روو لەو گەنجانە دەكەم كە كار لەگەڵ داعش دەكەن، پێیاندەڵێم ئەوەی داعش دەیكات پەیوەندی بە هیچ دینێكەوە نییە. ئێمە زوڵمێكی زۆر گەورەمان لێكرا، بەڵام كەس فریامان نەكەوت، داعش بە هەزاران كچی ئێمەی لە بارەگاكانی بێ‌ جلوبەرگ كرد و شتی پیسیان لەگەڵ كردین، ئێمەیان فرۆشت، بە كرێیان داین. منداڵەكانمان ساڵ و نیوێكە لە سەربازگەكانی ئەواندان. من كە قسە بۆ تۆ دەكەم ئەگەر نەتوانی بە كردار هیچم بۆ بكەی، دەبێ‌ قسەیەك بكەی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچیان بۆ نەكردووین.
  متمانەم بە حكومەت و سیاسەتی كوردی نەماوە

رووداو: بەڵام تۆ كارێكی گەورەت كرد، ئەو زوڵم و زۆردارییەی بە چاوی خۆت بینیت گەیاندتە جیهان.

نادیە موراد: راستە، من نەمویست هیچ شتێك بشارمەوە، چونكە ئەوەی بەسەر ئێمە هات ناحەقی بوو. گەلی ئێمە نە نزیكی هیچ حیزبێك بوو نە نزیكی هیچ حكومەتێك بوو، ئێمە پەیوەندیمان بە هیچ شتێكەوە نەبوو. كاتێك داعش هات هیچی پێنەگوتین، تەنیا گوتی ئێوە ئێزدین بۆیە هاتووین بۆ گیانی ئێوە. من هەر شتێكم بینیبێ‌ نەك لە گوندەكەی خۆم كۆچۆ، لە هەر ماڵێك كە كچێك و ژنێكی ساخی تێدابێ‌ و بردرابێ‌ باسی دەكەم، بەڵام كاتێك هیچ شتێكمان بۆ ناكەن، بەراستی ئەوە زۆر ئازارم دەدات. داعش پێیدەگوتین ئێوە كافرن، دەبێ‌ بكرێنە سەبایا. كاتێك داعش وای بەسەر من هێنا و من لە شوێنان ئەو بەسەرهاتە بگێڕمەوە و هیچم بۆ نەكرێت، من ئەوكات دووجار دەمرم.

رووداو: كە لە دەست داعش راتكرد لە مووسڵ چوویتە ماڵێكی عەرەب، مامەڵەی ئەو ماڵە هیچ شتێكی لەلای تۆ گۆڕی كە لەكاتی چەوساندنەوە و زوڵم و دەستدرێژییەكانی چەكدارانی داعش لەلای تۆ دروست ببوو؟

نادیە موراد: راستە ئەو ماڵە عەرەبە یارمەتی منیان دا، بەڵام كاتێك داعش هاتە سەرمان، زۆر لە ماڵە عەرەبەكانی دەوروبەرمان، تەنانەت موسڵمانە كوردەكانی نێو شنگالیش پەیوەندییان بە داعشەوە كرد. هەندێك لەو موسڵمانانەی كە دراوسێمان بوون، بوونە داعش. من ناڵێم هەموو موسڵمانێك داعشە. زۆربەی ئەوانەی ئێمە بینیمان خەڵكی مووسڵ بوون.

 كاتێك ئێمەیان لە گوند بردە سۆلاغ، لەوێشەوە بردیانین بۆ مووسڵ، ئەو داعشانەی لەنێو پاسەكە بوون، خەڵكی تەلەعفەر بوون و بە توركمانی قسەیان دەكرد. ئێمە متمانەمان بەوان نەما. متمانەمان بە زۆر كەس نەما، متمانەمان بەو كەسانە نەما كە دڵنیابووین لەوەی پارێزگاری لە ئێمە دەكەن.

رۆژی سێی مانگ من لە خەودا بووم، دایكم خەبەری كردمەوە و گوتی داعش لەنێو شنگالە. پیاوەكانی گوند چوونە لای هێزەكانی پێشمەرگە، ئەوان گوتیان هیچ شتێك نییە. بەرپرسانی شنگال بە شەو رۆیشتن، ئێمە متمانەمان بەوانیش نەما. كاتێك داعش هاتە گوندەكەمان كەس نەهات یارمەتیمان بدات. رۆژی سێی مانگ تاوەكو 15ی مانگ ئێمە لە گوند گەمارۆ درابووین. پیاوەكانمان بە تەلەفۆن پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو. هەتا رۆژی 15ی مانگ ئێمەیان لە قوتابخانەی گوند كۆكردەوە، كاتێك زەلامەكانیان جیاكردنەوە بۆ ئەوەی بیانكوژن، گوێمان لە دەنگی ئەو گوللانە بوو كە ئەوانیان پێ‌ دەكوشتن، بەڵام واماندەزانی ئەوە هێزەكانی پێشمەرگەن و هاتوون ئێمە رزگار بكەن. چونكە ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدەن، بەڵام ئێمە بە تەنیا ماینەوە. ئێمە قەت لەو باوەڕەدا نەبووین بە تەنیا بمێنینەوە. ئێمە بەوەش رازی بووین، بەڵام ئەوە ساڵ و نیوێكە دایكی شەهیدان، خوشكی برا كوژراو، منداڵی بێ دایك و باوك، كچی پازدە و شازدە ساڵ كە داعش دەستدرێژیی كردە سەریان، بە هیوای ئەوەن حكومەتی هەرێمی كوردستان موحاسەبەی ئەو بەرپرسانە بكات كە شنگالیان چۆڵ كرد. دوای رزگاربوونم لە دەستی داعش زۆر هەڤاڵی كوردم ناسین، ئەوان هاتنە كەمپەكان و جلی خۆیان بۆ هێناین، خواردنیان بۆ هێناین، ماڵەكان كولیچەیان دروست كرد و بۆ ئێمەیان هێنا. گەلی كورد لە زاخۆ و دهۆك و سلێمانی دڵی خۆیان بۆ ئێمە كردەوە. ماڵی خۆیان بۆ ئێمە واڵا كرد. 

رووداو: ئێستا چۆن بیر لە رۆژی كۆكردنەوەتان لە قوتابخانەی گوند و كوشتنی 6 براكەت و خەڵكی گوندەكەت دەكەیتەوە، ئەوە ژیانی تۆی چی لێكردووە؟

نادیە موراد: رۆژێكی زۆر زەحمەت بوو، هەر سەعاتێك شتێكیان لێدەكردین. رۆژێكی زۆر گەرم بوو. كاتی نیوەڕۆ بوو، چەند رۆژێك بوو گەمارۆ درابووین، نەماندەتوانی ئاویش بخۆینەوە. لەو رۆژە گەرمەدا كە پیاوەكانی گوند هەموویان تینوو و برسی بوون، لە ئێمە جیاكرانەوە. كاتێك ئێمەیان بردە قوتابخانە من لە تەنیشت برا گەورەكەم دەڕۆیشتم. پێش ئەوەی بچینە نێو قوتابخانەكە، حەفارە و شۆفڵەكانی ئەوانم بینی لە دامێنی گوند راگیرابوون. ترسێكم كەوتە دڵ، بە براكەمم گوت ئەو شۆفڵ و حەفارانە لێرە چی دەكەن؟ گوتی رەنگە بۆ كردنەوە و گرتنی رێگاكان لەوێ‌ بن، بەڵام ئەو شۆفڵانە بۆ ئەوە هێنرابوون كاتێك پیاوەكان دەكوژن بەو ئامێرانە خۆڵیان بەسەردا بكەن. كە داخڵی قوتابخانە كراین، براكانم نەدیتنەوە، زۆر منداڵم بینین دەستی باوكی خۆیان گرتبوو، چەكدارەكان منداڵەكانیان جیاكردنەوە و هێنایانن بۆ نێو قوتابخانەكە. براكانی منیش وەكو خەڵكی دیكە كوژران، من شەش برام كوژران، خێزان هەبوو نۆ منداڵیان كوژرا. ئەوەی بۆ من زۆر زەحمەت بوو ئەوە بوو كە من لە هەموو خوشك و براكانم بچووكتر بووم. زۆر زەحمەتە تۆ بە جارێ لەناكاو شەش برات بكوژرێن. ئێستاش ژیانی ئێمە بەبێ‌ ئەوان ژیانێكی زۆر زەحمەتە. لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە كە تاوەكو ئێستاش گوندەكەی ئێمە هەر لە دەستی داعشدایە، نازانین ئێسك و پروسكی ئەوان ماون یان نا. برایەكم سەرباز بوو مانگی 10 رۆژ لە دەوام بوو، زۆر شەوان بیر لەوە دەكەمەوە كە نابێت ئەوان بەبێ‌ ئەوەی هیچ گوناهیان كردبێ، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێزدین بكوژرێن. زۆرجار وا بیر دەكەمەوە براكەم لە ژیاندا ماوە و لە دەوامە. ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات تەنیا لەبەر ئەوە بوو كە ئێمە ئێزدین. داعشەكان دەیانگوت ئێمە هاتووین هیچ پیاوێكی ئێزدی نەهێڵین و ژن و منداڵەكانیان ببەین. ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی ئێزدی كوژران. ژمارەیەكی زۆریشیان ژن و كچەكانیان هێشتا لە بندەستی داعشدان و دەزانن داعش چییان لێدەكات، بە هەزاران منداڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی دایكیان دەكەن. بە هەزاران دایك چاوەڕێی بینینەوەی منداڵەكانیان دەكەن. بەداخەوە ئەوەی كە ئێمە پشتمان پێدەبەست هیچی بۆ نەكردین، هەتاوەكو ئێستا ساڵ و نیوێكە منداڵێك لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییەوە رزگار نەكراوە.
 زۆربەی موسوڵمانەكانی شنگال بوونە داعش

رووداو: لە گوتارەكەتدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتت كە گوندەكەتان خۆش بوو و بە خۆشی دەژیان، هەر بەڕاستی خێزانێكی بەختەوەر و ژیانێكی خۆشتان هەبوو پێش هاتنی داعش، دەتوانی كەمێك باسی ئەو كاتەمان بۆ بكەی؟

نادیە موراد: پێش هاتنی داعش ژیانێكی زۆر سادەمان هەبوو، ژیانی زۆربەی گوندی ئێزدیان وەكو یەك بوو. خەریكی كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بووین. وەكو هەر منداڵێكی گوند چوومەتە قوتابخانە. ژیانێكمان هەبوو زۆر لێی رازی بووین. خۆزگە بە ژیانی رابردوومان دەخوازین.

رووداو: چ شتێك كە داعش بەرامبەر تۆ كردی، هەرگیز لە بیری ناكەی؟

نادیە موراد: داعش هەر شتێكی بەرامبەر ئێمە كرد ناخۆش بوو. ئێمە شایەنی ئەوە نەبووین بكەوینە نێو ئەو تاوانبارانە و دەستدرێژیمان بكرێتە سەر. هەموو خولەكێكم لەلای داعش ناخۆش و زەحمەت بوو، بەڵام شتی زۆر زەحمەت، ئەوەی منی زۆر ترساند یەكەم رۆژ بوو كە ئێمەیان سواری پاس كرد و دەستیان لێدەداین، زۆر لەوە پیستریان كرد، بەڵام ئەو ساتانەی لەنێو پاسدا بووین و دەیانبردین بۆ مووسڵ زۆر ترساین.

رووداو: تۆ بەردەوام دەڵێیت ئەوەمان بۆ نەكراوە كە چاوەڕێمان دەكرد. كاتێك لە ئەنجوومەنی ئاسایش نوێنەری چەند دەوڵەتێك بەهۆی وتارەكەتەوە دڵتەنگ بوون و گریان، هەست دەكەی جیهان ئەركی خۆی بەجێگەیاندووە بەرامبەر كوردی ئێزدی و قوربانیانی داعش بەگشتی؟

نادیە موراد: كاتێك من شایەتیی خۆم دا، من پێویستم بە گریان نییە، یان پێویستم بە كەسێك نییە پێم بڵێت تۆ پاڵەوانی و خۆڕاگری. من داوا دەكەم شتێك بكرێ‌ ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێ‌، داعش بوەستێنرێ‌. ئەو ژن و زارۆكانەی لەبندەستی داعشدان رزگار بكرێن.

رووداو: لەو ماوەیەدا چەند سەرۆك و بەرپرسێكی گەورەی وڵاتانی جیهانت بینین، زیاتر پێداگیریت لەسەر چ خاڵێك دەكرد؟

نادیە موراد: داواكاریم لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی ئەوە بوو كۆتایی بە داعش بهێنرێ‌، چونكە مەترسییە بۆ سەر هەموو كەسێك. ئەو ژنانەی لەلای داعش ماون رزگار بكرێن. چیدی رێگە بە گەنجان نەدرێ‌ پەیوەندی بە داعشەوە بكەن. ئەوەی بەسەر ئێزدیان هاتووە وەكو جینۆساید بناسێنرێ‌. 

رووداو: قسەكان و بەڵێنی كام سەركردە و بەرپرس لە جیهاندا كە قسەی بۆ دەكردی، زیاتری هەمووان بۆ بەڕێزتان كاریگەر بوو؟

نادیە موراد: هەموویان قسەی باشیان دەكرد و دەیانگوت دژی داعشین، داعش تاوانی دژی ئێوە كردووە، بەڵام بە كردار تا ئێستا نەجوڵاون. ئەوانەی من لێم داواكردن، هیچیان جێبەجێ‌ نەكردووە. بەڵام من كۆڵ نادەم و بەردەوام دەبم لەسەر داواكارییەكانم. 

رووداو: ئێزدی بەشێكن لە كورد، بەڵام كە تەماشای دەقی وتارەكەتم كرد ناوی كوردم نەبینی، بۆچی؟ ئایا لە كورد تووڕەی؟
 زۆر منداڵم بینین دەستی باوكی خۆیان گرتبوو، بەڵام چەكدارەكان جیایانكردنەوە

نادیە موراد: من خۆم دوور لە گەلی كورد نابینم، بەڵام وەكو حكومەت و وەكو سیاسەتی كوردی متمانەم بەوان نەما، چونكە هەتا ئێستا هیچیان بۆ ئێمە نەكردووە، بە سەتان كچی شەهید و دایكی شەهید هەن، هەتا ئێستا قسەیان لەگەڵ كەسیان نەكردووە. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەر هەفتەیەك دوای داگیركردنی شنگال رایگەیاند كە موحاسەبەی ئەو كەسانە دەكەن كە شنگالیان چۆڵ كرد، بەڵام هیچیان نەكرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كەلێنێك لە نێوان ئێمە و ئەوان دروست ببێ‌. 

رووداو: دەتەوێ كوردی ئێزدی ئێستا بەتایبەتی چی بكەن؟

نادیە موراد: میللەتی ئێزدی رۆژ بە رۆژ لەناودەچن، هەندێكیان هێشتا لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندان. بە هەزارانیان لە دەستی داعشدا ماون. هەندێكیان لە بێچارەیی روویان لە ئەوروپا كرد. هەندێكیان لە كەمپەكان بەبێ‌ خاوەن ماون. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت یارمەتیدانمانە. دۆسیەی ئێمە بە جینۆساید بناسێنرێ‌. زێدی ئێمە ئازاد بكرێ و دواتر ناوچەكانی ئێمە لەلایەن گەنجانی ئێزدییەوە بپارێزرێ‌. فەرمانگەكانی شنگال لەلایەن ئێزدییەكانەوە بەڕێوەببرێن.

لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئەو ناوچانەشی كە ئازاد كراون لەبەر خاتری شەرەفی ئێزدییەكان ئازاد نەكراون، بەڵكو ئازادكردنێكی سیاسی بووە، چونكە هەر هێزە و ئاڵایەكی خۆی لەو ناوچانەدا داچەقاندووە. ئەو شەڕەی من دەیبینم لەبەر خاتری ئێمە نییە، بەڵكو لەبەر خاتری ئاڵاكانە. ئەو شتە زیاتر دڵی ئێمە بریندار دەكات. برینی ئێمە قووڵتر دەكاتەوە.

رووداو: ئێستا تۆ لە ئەڵمانیا دەژی، بەشێكی زۆری كوردی ئێزدی هاتوونەتە ئەوروپا و لەوانەیە بەشێكی دیكەش بیانەوێت بێن بۆ ئەوروپا، تۆ پێت باشە كوردی ئێزدی بمێننەوە لە كوردستان یاخود بێنە ئەوروپا؟

نادیە موراد: من بە میللەتی خۆم ناڵێم زێدی خۆتان جێمەهێڵن، من نامەوێت خێزانەكەم بگەڕێنمەوە شوێنێك كە دووبارە داگیر بكرێتەوە، چونكە من هیچ متمانەم بەو كەسانە نەماوە كە ئێمەیان دەپاراست. هەر كاتێك ئەوانەی ئێمەیان جێهێشت موحاسەبە كران، ئەوكات منیش دەگەڕێمەوە.

رووداو: چ هەستێكت هەبوو كە بینیت دەڤەری شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كرایەوە؟

نادیە موراد: شنگال هێشتا بە تەواوی ئازاد نەكراوە، ئێمە دەمانەوێت هەموو شوێنەكان ئازاد بكرێن. هەر كەسێك بە چەك یان بە قسە كار بۆ وەستاندنی داعش بكات، من پشتگیری دەكەم. ئەركی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقە كە ناوچەكانمان بە تەواوی لەبندەستی داعش رزگار بكەن. بۆ من جێی دڵخۆشییە ئەو فەرماندانە موحاسەبە بكرێن كە شنگالیان چۆڵ كرد و ئێمەیان جێهێشت.

رووداو: چۆن دەڕوانییە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەجینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردی ئێزدی، ئایا ئەو هەوڵانە بەپێی پێویستن؟

نادیە موراد: لە زۆربەی ئەو شوێنانەی من سەردانم كردوون داوای بە جینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێزدیانم كردووە. هەتا ئێستا ئەو شوێنانە نەیانگوتووە كەسێك هاتووە داوای بە جینۆسایدناساندنی دۆسیەی ئێوەی كردووە. ئەو دۆسیە هیچ پێشڤەچوونێكی بەخۆیەوە نەبینیوە. بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەم بە جیددی بەدوای ئەو دۆسیەوە بن.
  شەڕی حیزبەكان و شەڕی داچەقاندنی ئاڵا لە شنگال برینی ئێمە قووڵتر دەكاتەوە

رووداو: چۆن دەڕوانییە هەوڵەكانی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ رزگاركردنی ئافرەتانی كوردی ئێزدی لە دەست داعش؟

نادیە موراد: ئەو هەوڵەی رزگاركردنی كچ و منداڵانی ئێزدی شتێكی زۆر باش بوو، بە تایبەتی لەڕووی ماددییەوە، چونكە ئێزدییەكان ناتوانن منداڵ و كچەكانیان بكڕنەوە و هیچیان نەماوە. ئەوە شتێكی باش بوو كە ژنانی ئێزدی كڕدرانەوە. بەڵام ماوەی چەند مانگێكە ئەو پرۆسەیەش خاوبووەتەوە، ئێمە دەمانەوێت پرۆسەی ئازادكردنی ئێزدییەكان بەردەوام بێت.

رووداو: تۆ یەكێكی لە پاڵێوراوانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ ، بەلاتەوە گرنگە ئەو خەڵاتە وەربگری؟

نادیە موراد: خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێكی زۆر گەورەیە، بەڵام بۆ من رزگاركردنی كچان و ژنانی ئێزدی لە دەستی داعش، زۆر لەو خەڵاتە گەورەترە. راستە خەڵاتی نۆبڵ بەلای جیهانەوە خەڵاتێكی گەورە و پیرۆزە، بەڵام ئێمە دۆزێكی گەورەتر لەو خەڵاتەمان هەیە.