باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق: شەڕی وڵاتەکەمان کاریگەریی لەسەر ئاسایشی خۆراک و هێڵی برسێتیی جیهان هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق دەڵێت، ئۆکراینا بە بایەخەوە دەڕوانێتە بازاڕی هەرێمی کوردستان، "کۆمپانیا ئۆکراینییەکان خواستی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق زۆرە."
لە هەڤپەیڤینێکی رووداوی ئەمڕۆ، ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق باس لە زۆر پرسی هەنووکەیی دەکات لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا و کاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر دۆخی خۆراک و برسێتی لە جیهان.
دەقی هەڤپەیڤینی ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق:
رووداو: لە سەردانتان بۆ ژووری بازرگانیی هەولێر گفتوگۆی چیتان کرد؟ پەیوەندی بازرگانیی نێوان ئۆکراینا و هەرێمی کوردستان چۆنە؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: ژووری بازرگانی بۆ برەودان بە بازرگانییەکی پارێزراو زۆر گرنگە بەر لە شەڕ، واتە بەر لە پەلاماری رووسیا بۆ ئۆکراینا لە 2022، ئێمە رێژەیەکی تەواو ئەرێنیمان لە بازرگانی هەبوو کە زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بوو. بێگومان شەڕ کاریگەریی هەبوو، سەرەتا لەسەر کەلوپەل و شتومەک. ئینجا هەمووان دەزانن کە زیادبوونی نرخ هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئەو شتانە. ئەوەیش بەر لە هەر شتێک پەیوەستە بە دەستدرێژیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. بەڵام لێرە لە ژووری بازرگانی گفتوگۆی بژارە و دیدگاکانمان کرد، چونکە لێرە کۆمپانیا ئۆکراینییەکان لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانیاندا کاردەکەن. بۆ نموونە، کۆمپانیایەکی زۆر بەناوبانگی خۆراکی ئۆکراینی لێرە لە عێراق هاوبەشێکی هەیە کە نووسینگەکەیان لە هەولێرە. هەولێر بۆ بازرگانیکردن شوێنێکی پارێزراوە و ئەوەیش کۆمپانیا ئۆکراینییەکان پێیان باشە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە عێراق کاربکەن و نووسینگەیان هەبێت. ژووری بازرگانیش گەرەنتی دەدات کە برەو بە بازرگانیی دووقۆڵی بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو قەبارە بازرگانییەی پێشوومان. رەنگە لەم بارەیەوە ئێستا نا، بەڵام بەم زووانە سەرکەوتوو ببین. هەروەها ئەوەیش گرنگە کە سەردانەکەم چارەسەری نوێی بۆ بازرگانیی دووقۆڵی بە دوای خۆیدا هێنا. سەردەمی کۆرۆنا، ئێمە لە ئۆکراینا و بە تایبەتی دوای دەستدرێژیی رووسیا، پەرەمان بە شێوەیەکی دیجیتاڵیی بازرگانی دا. جا من بابەتێکی دیجیتاڵیم پێشکەش بە ژووری بازرگانی کرد. پەیوەندیی هاوبەشمان دروست کرد کە رێگە دەدات بە پەیوەندیی راستەوخۆی بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئۆکراینا و تەنانەت لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئۆکرینییانەی کە لەو ناوچانەن ئێستا بە شێوەیەکی کاتیی لەلایەن رووسیاوە داگیرکراون، ئەوە چارەسەرێکە. هەروەها سەردانەکەم پەیوەندیشی بە ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆجیای نوێوە هەیە، ئەگەر بشێت وا بڵێم. من سەردانی پەیمانگەی داهێنانی کوردییشم کرد کە زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەوەی لەوێ دەیکەن بۆ شێوازی نوێی بازرگانی زۆر گرنگە.
رووداو: ئامەژەت بە نیو ملیار دۆلار بازرگانی کرد کە ئەمە لەگەڵ هەموو عێراقدایە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، شەڕ تاوەکو چەند کاریگەریی کردووەتە سەر ئەمە؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: یەکێک لە بەرهەمە سەرەکی و بەنرخەکان شیشی کۆنکرێتی بیناسازی بوو کە ئێستا هەناردەی وەستاوە، ئێمە ئەم بەرهەمەمان بۆ سەرپێخستنەوەی ئابوورییەکەمان دەوێت. هەروەها هەندێک بنچینەی لۆجیستیکی کاریان تێکراوە. لە راستیدا بەو جۆرەیە. ئێستا ئێمە بۆ شێوازی نوێی چالاکی دەگەڕێین و دەبێت بڵێم کە زۆر گرنگر ئەو شێوازە نوێیەی چالاکی بهێنرێتە عێراق و هەرێمی کوردستانیش. بۆ نموونە کۆمپانیای ئالتکۆمی ئۆکراینی لێرە بەناوبانگە و لە هەولێر نووسینگەیان هەیە. ئەم کۆمپانیایە تایبەتمەندی پرۆژە ژێرخانییەکانە و چەند هەفتەیەک لەمەو بەر لە بەغدا پردی قورتوبە کرایەوە کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەکەی بوو. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە کوالیتی و شیوازی ئەو پڕۆژەیە کە لەلایەن ئەو کۆمپانیا ئۆکراینییەوە دروست کراوە زۆر سەرنجڕاکێشە و دەستخۆشییەکی زۆری لە کاری کۆمپانیاکە کرد. ئینجا پڕۆژەی دواتریش بەم زووانە لە ناوچەی رۆستەمییەی بەغدا دەکرێتەوە. بەڵام ئەوەی پێویستە جەختی لێ بکرێتەوە، ئەوەیە کە ئەمە هەر بە تەنیا کاری کۆمپانیایەکی ئۆکراینی نییە، بەڵکو زۆربەی کرێکار و کارمەندەکان و ئەندازیارەکان عێراقین و کوردیشیان تێدایە. هەندێک ئەندازیاری ئۆکراینیشمان هەن کە جاروبار دێن سەرپەرشتی هەندێک پڕۆژە دەکەن، بەڵام زۆربەیان و تەنانەت بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە خەڵکی نێوخۆی عێراقە و تەکنەلۆجیای نوێ لە پرۆژەی پاشخاندا بەکاردێنن و پرۆژەی گەورە دروستدەکەن، بە تایبەتی لە بواری رێگەوباندا. ئەوە زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگە. خەڵکی نیوخۆیی نەک تەنیا دوایین بەرهەمیان پێدەگات. ئەم کارە بەر لە هەر شتێک بە خەڵکەوە بەستراوەتەوە. جا عێراقییەکان و خەڵکی کورد لێزانن و ئەزموونیان هەیە بۆ کارکردن لەسەر ئەو تەکنەلۆجیا نوێیە و بەکارهێنانی ئەو ئامێرە هاوچەرخانەی ئێمە دەیانهێنینە ئێرە.
رووداو: بە گشتی چەند کۆمپانیای ئۆکراینی لە عێراقدا کار دەکەن؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: بەگشتی ئێمە کۆمپانیای زۆرمان لە عێراق نییە؛ ئەوەی پێمخۆشە بیڵێم، ئەو کۆمپانیایانەی لێرە هەمانە هەموویان بەگوێرەی یاسای عێراقی تۆمارکراون هەر بۆیە پرسیارکردن لەبارەی کۆمپانیا ئۆکراینییەکانەوە پرسیارێکی یاساییە و بە گشتی کۆمپانیاکانمان، بۆ نموونە، کۆمپانیا بازرگانییەکان، لێرە نوێنەری رێگەپێدراویان هەیە، کە بەفەرمی کۆمپانیای خۆجێی کوردین هەندێک جار، بەڵام ئەوانە تاکە نوێنەری بەرهەمێک یان دووانن. بەرهەمی ئۆکراینی هەندێک کارگەی ئۆکراینی بەپێی داواکاریی هاوبەشە نێوخۆییەکانی ئێرە بەرهەم دروستدەکەن. ئینجا ئەگەر هەندێک جۆری بەرهەم بەکارهێنانی نەبێت، ئەوا ئەوان بە شێوەیەکی کاتیی دروستکردنی ئەو بەرهەمە رادەگرن. ئەوەیش مانای وایە کە بازاڕی کوردستان و عێراق بە لای کۆمپانیاکانمانەوە گرنگن.
رووداو: ئۆکراینایش بۆ بازاڕی عێراق گرنگە، چونکە بیرمە دوای شەڕ دەستبەجێ خەڵکی ئێرە شەڕەکە و دۆخی ئۆکراینا کاری لێکردن. بینیمان نرخی زۆر جۆری ڕۆن و هەروەها دانەوێڵە و چەند بەرهەمێک 200٪ بۆ 250٪ زیاد بوو. هەندێک بەرهەمیش گەیشتە 400٪ لە نرخدا. ئەوە تەنیا لە دوو هەفتەدا رووی دا. ئەوە واتای وایە کە ئۆکراینا چەندە گرنگە بۆ بازاڕی نیوخۆیی عێراق. لەو کاتەوە تائێستا چۆن کاردەکەن بۆ ئاسانکاری و هێنانی ئەو بەرهەمانە لە ئۆکرایناوە بۆ بازاڕی عێراق؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: ئەمە پرسیارێکی گرنگە؛ نەک تەنیا لەبارەی عێراقەوە، بەڵکو بۆ زۆر وڵاتی دیکەیش. ئۆکراینا یەکێک بوو و یەکێکە و یەکێک دەبێت لە پێنج وڵاتە یەکەمەکەی بەشدار لە ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا. ئەگەر ئێوە لە عێراق هەستتان بە زیادبوونی نرخ کردووە، ئەوا لە هەندێک شوێنی وەک ئەفریقا بەبێ خۆراک و دانەوێڵەی ئۆکراینا لە لێواری برسێتیدابوون. بە راستی ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورە بوو و، ئەگەر ئێمە سەرنج بخەینە سەر ئەم پرسیارە، ئەوا حەز دەکەم جەخت لەوە بکەمەوە کە لەژێر بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکاندا تورکیا پرۆژەی دانەوێڵەی ئۆکراینای رێکخستەوە و توانیمان لە رێگەی تورکیاوە دانەوێڵە رەوانەی بازاڕی جیهانی بکەین. لەو کاتەدا رووسیا دەریای رەشی داخست کە ئەوە هەڕەشەی برسێتی بوو لە هەندێک وڵات. خۆشبەختانە دواتر رووسیا ئەم پرۆژەیەی جێهێشت و بەردەوامە لەوەی خۆراک وەک چەکێک دژی هەندێک وڵات بەکاربهێنێت. ئۆکراینایش بڕیاری دا ئەم کێشەیە بە رێگەی سەربازی چارەسەر بکات. ئەوە بوو هێزی دەریایی و سەربازیمان کەشتیی سەربازیی رووسیایان نوقم کرد و رێگەیان کردەوە. ئێستا ئێمە دەتوانین کارەکە سەرپێ بخەینەوە، بەڵام نەک بە تەواوی، بە لایەنی کەمەوە دەتوانین رێڕەوێک سەرپێ بخەینەوە تا خۆراک و کەلوپەل لە ئۆکرایناوە هەناردە بکەین. ئەوە یارمەتیدەرە، بەڵام لە لایەکی دیکەیشەوە، ئێستا رووسیا بە مووشەک بەندەر و ناوەندی خۆراکی نێودەوڵەتی دەکاتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەی دەتوانین بەو رێڕەوەدا خۆراک رەوانە بکەین، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن تێکی بدەن و ناوەندەکە لە بەندەری ئۆکراینا بسووتێنن. ئەوەیش ئەنجامێکی خراپی بۆ دۆخی ئاسایشی خۆراک دەبێت. هەر بۆیە عێراقیش دەبێت لەوە تێبگات. وێڕای ئەگەری رەوانەکردنی هەندێک شت، بەڵام خۆراک و شتومەکی نێودەوڵەتی لەژێر مەترسیی رۆژانەدایە.
رووداو: لە سەرەتای ئایارەوە دۆخی شەڕ لە ئۆکراینا چۆنە؟ چۆنی هەڵدەسەنگێنیت؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: لە ئەنجامی دەستدرێژیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 2014وە، لەبەر ئەوەی دەبێت تێبگەین کە شەڕ دوو ساڵ لەمەو بەر دەستیپێنەکرد، بەڵکو لە 2014 دەستیپێکرد ئەو کاتەی رووسیا ناوچەیەکی لە رۆژهەڵاتی خاکی ئۆکراینا و کریمیای داگیر کرد، لەو کاتەدا نزیکەی 26٪ی خاکی ئۆکراینا داگیرکراوە. بە کریمیا و بەشەکانی دیکەی ئۆکرایناوە. بەڵام لە دوای 24ی شوباتی 2022ەوە 50٪ی ئەو خاکەی لەلایەن رووسیاوە داگیرکرابوو، لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە ئازاد کراوە. ئێمە هێشتا پێویستمان بە چەک و پشتیوانییە. ئەگەر سەیری نەخشە و قەبارە و سەرچاوەکان و شتەکانی دیکەی رووسیا و ئۆکراینا بکەین، ئەوە روونە دەتوانیت تێبگەیت کە ئەمە تەنیا شەڕە دژی گەورەترین وڵاتی جیهان. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سوپاس بۆ ئازایەتیی خەڵکی ئۆکراینا؛ رووسیا نەیانتوانی پلانی دوو ساڵ لەمەو بەریان جێبەجێ بکەن. ئێستا ئێمە گەرمترین ناوچەمان هەیە، ناوچەی شەڕ. هاوکات، درێژیی بەرەکانی شەڕ زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەترە. تەواو قورسە ئەوە بپارێزرێت. ئەوێ ناوچەیەکی گەرمە. بەڵام ئەگەر هەندێک شوێن لەبەرچاو بگرین، وەک باکوور، کە دەبێت بۆ بەرگریکردن هێزەکانمان بهێڵینەوە. ئەوەیش زۆر گەورەیە. هەندێک لە شوێنە گەرمەکانی شەڕ وەک "کوپیانسک، لیمان، کراماتۆرسک، سیڤێرسک، پۆکرۆڤسک"، ئەگەر کەسێک حەز بکات دەتوانێت لەسەر نەخشە بزانێت دەکەونە کوێ. ئۆکراینا توانیویەتی دەست بەسەر دوورگەی نەستریادا بگرێت. ئەمە دوورگەیەکە لە باشووری ئۆکراینا لە رووباری نیپرا. ئێمە لەوێ سەرکەوتنمان بەدەستهێنا. دەستمان بەسەر ئەو دوورگەیەدا گرتەوە، بەڵام رووسیا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەری. ئەوان سەرچاوەی مرۆیی پێویستیان هەیە، هەروەها هێزی سەربازییان هەیە. هەروەها گرنگە ئەوەیش لەبەرچاو بگیردرێت کە ئێستا دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، چونکە هێشتا توانای رووسیا تەواو مەترسیدارە.
رووداو: ئایا هێزەکانی سوپای ئۆکراینا دەتوانن بەر بە هێزەکانی سوپای رووسیا بگرن؟
ئۆلێکساندەر: ئەوە دووەم ساڵە شەڕ دەکەین و بەرەو سێ دەچین، ساڵانێک لەمەو بەر، ئۆکراینا سێیەم وڵات بوو لە جیهاندا کە جبەخانەی ئەتۆمیی هەبوو. ئێمە رەتمانکردەوە کە ببینە هێزێکی ئەتۆمی. جبەخانە ئەتۆمییەکەمان تێکدا یان گواستمانەوە بۆ وڵاتانی دیکە لەنێویاندا رووسیا. ئێمە لەو سەردەمەدا گەرەنتیمان بۆ پاراستنی ئاسایش و یەکێتیی خاکەکەمان لە هەندێک وڵات و لەنێویاندا لە رووسیا هەبوو. ئێمە ساڵانێک سوپامان بۆ هێرشکردنە سەر هیچ شوێنێک دروست نەکرد. ئێمە سوپامان دروست کرد و لە دروستکردنیشی بەردەوامین، ئەوەیش بۆ پاراستنی خاکەکەمانە، بەڵام لە دەیەی پێشوودا مەترسییەکی راستەقینەمان لەسەر نەبوو. ئەگەر بە روونی قسە بکەم، هەر بۆیە سوپاکەمان لە ئاستی پێویستدا نەبوو کاتێک رووسیا هێرشی کردە سەرمان لە 2014دا. زۆر کەسی خۆبەخش و سەربازی پێشوو چوونە سوپا. لەو کاتەوە ئێمە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەزموون و سوپا دەدەین. کاتێک سەرۆک زیلێنسکی هاتە سەر حوکم هەوڵی جیددیی پێکهێنانی سوپاس دەستی پێکرد. بە دڵنیاییەوە کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، هەرچەندە چەند ساڵ لەوەو پێش گەرەنتییان دابوو هەرگیز ئەوە روونادات. ئەوە نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هاوپەیمان و دراوسێکانیشمان کێشەیە. بە دڵنیاییەوە ئێمە چەکی پێویستمان نییە، چەکی پێشکەوتوومان نییە بۆ ئەوەی لە بەری رۆژهەڵاتەوە بەرگری بکەین. دەزانی، هەموو یاسا و رێسا سەربازییەکانی ئۆکراینا لەسەر شەڕی رووسیا بونیات نەنراون، بە تایبەتی لە هێزی دەریاییدا لە دەریای رەش. ئەو شەڕەی دەریای رەش ئێمەیش و هاوپەیمانەکانمانیشی تاساند. هێشتا پێویستمان بە چەکی زیاتر پێشکەوتووە. مەشقمان کردووە. بەڵێ، ئەمە شەڕە و لە شەڕیشدا لە هەر کاتێکدا چەکت کەم دەکات.
رووداو: ئایا پێتوایە رووسیا هەرگیز هێرشی بکردایە یان بیری لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا بکردایەتەوە ئەگەر ئۆکراینا جبەخانە ئەتۆمییەکەیی بهێشتایەتەوە؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: دەبێت لە شتێک تێبگەین. ئێستا لای رووسیا هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و بەهایەکی مرۆیی نییە. ئۆکراینا ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ چێرنۆبڵدا هەبوو کە ساڵی 1986 روویدا. تەقینەوەی تەنیا وێستگەیەکی ئەتۆمی بووە مایەی کێشە و لێکەوتەی زۆر بۆ هەموو جیهان. ئێمە دەزانین کە نابەرپرسیارێتی چییە. دەزانین خراپ بەڕێوەبردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی چییە. ئۆکراینا هێشتا کار لە وێستگە ئەتۆمییەکانی وزەدا دەکات. یەکێک لەم وێستگە ئەتۆمییانەی وزە وێستگەی زاپۆریژایە کە لە ئەوروپادا گەورەترینە و لەلایەن رووسیاوە داگیر کراوە. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم وێستگە ئەتۆمییەی وزە بەڕێوەببەن، بەڵام رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تیمی تایبەت دەنێرێت بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەم وێستگە ئەتۆمییەی وزە. رووسەکان ناتوانن و نازانن ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە بەڕێوە ببەن و، بە داخەوە ئۆکراینایش دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. ئەمەیش مەترسییەکی نەک تەنیا لەسەر ئۆکراینا، بەڵکو لەسەر ناوچەکە و جیهان دروست کردووە. چەند رۆژ لەمەو بەر لە رووداوێکدا چەند درۆنێک لە وێستگە ئەتۆمییەکە کەوتبوونە ناو ریاکتۆرێک. بە راستی ئەوە هەڕەشەیە و خەڵک دەبێت لەوە تێبگەن ئەگەر کارەساتی ئەتۆمی رووبدات، ئەوا مەودایەکی زۆر دوور لە ناوەندی شاری پیتێنەر دەڕوات.
رووداو: لە دیدگەی ئۆکرایناوە، ئاشتی چییە؟
ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: دیدگەی ئۆکراینا تەواو ئاسان و روونە. مانگێکی دیکە لە سویسرا لە رۆژانی 15 و 16ی حوزەیراندا یەکەمین لووتکەی سەرکردەی وڵاتانی جیهان ساز دەکرێت کە سویسرا و ئۆکراینا پێکەوە رێکی دەخەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و دادپەروەریی درێژخایەن لە ئۆکراینە و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک. عێراقیش یەکێکە لەو 147 وڵاتەی کە لە بەرژەوەندیی ئەم بڕیارنامەیە دەنگی دا. لەو کاتەدا تەنیا حەوت وڵاتی جیهان دژی بڕیارنامەکە بوون کە رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکە بوون. لەم هاوکێشەیەدا لەلایەن سەرۆک زیلێنسکییەوە ئاشتی بۆ ئۆکراینا بە روونی دیاری کراوە. چەند مانگێک لەمەو بەر لە لووتکەی "G10"دا سەرۆک زیلێنسکی گوتارێکی هەبوو، باسی لە هاوکێشەکەی بۆ ئاشتی کرد. 10 خاڵ لە خۆ دەگرێت. هەموو شتێکی روون و یاساییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە و دەنگی پێدراوە. ئەم دیدارە جیهانییە لە سویسرا دەبێت. دوای ئەمە، رەنگە رووسیا لە لووتکەی دووەمدا بانگهێشت بکرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات. ئەوە رێگەیەکی یاساییە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی. هاوکات، ئەوە تاکە هاوکێشەیە کە لەلایەن سەرۆک زیلێنسکییەوە پێشکەش کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانیشەوە بە یاسایی کراوە.