سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ (رووداو): دەبێت رووسیا بترسێنین

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی هەینی پەنجاوهەشتەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداری 35 سەرۆک و سەرکردەی جیهانی و 100 وەزیر بەڕێوەدەچێت، ڤۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفراسەکە لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باس لە ئامانجی کۆنفرانسەکە دەکات و دەڵێت لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا گرنگترین کۆنفرانس دەبێت، بەهۆی زۆری قەیران و ئاڵۆزییەکان لە جیهاندا.
 
رووداو: بەرێزتان ماوەی 14 ساڵە سەرۆکایەتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکەن و ئەمساڵ دوایین ساڵتانە کە سەرۆکایەتی ئەو کۆنفرانسە دەکەن، بە بۆچوونی ئێوە جیاوازی کۆنفراسی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو چی دەبێت؟
 
ئیشینگەر: سەرەتا دەمەوێت بڵێم، کە من بەرپرسیاریێتی سەرۆکایەتی کۆنفرانسی میونشنم گرتەئەستۆ ساڵی 2008 بوو، واتا پێش 14 ساڵ لەمەوبەر، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەدا چەندین قەیرانی جۆراوجۆر روویاندا. ئەگەر ساڵی 2014 بێنمەوە خەیاڵم، بیرم دێت راوێژکاری ئەڵمانیا خاتو مێرکل لە مینسکەوە شەو گەشتە میونشن. باسی دانوستاندنەکانی کرد، بەڵام لەو باوەڕەدام دۆخی ئێستا هەموو ئەو ساڵانە دەخاتە ژێر سێبەری خۆی، چونکە باوەڕناکەم هەرگیز هاوشێوەی ئێستا هێندە کێشە و قەیران کەڵەکە بووبن. هەر تەنیا قەیرانی ئۆکراینامان نییە، بەڵکو پرسی ئێران هەیە، پرسی مامەڵەکردنی دروست یان نادروست لەگەڵ چین، هەروەها پرسی ئاسایشی ناتۆ لە داهاتوودا و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەورەترین هاوپەیمانمان، کە ئەمەریکایە. چەندین شتی دیکەش هەیە. من و تیمی کۆنفرانسی میونشن بڕیارماندا ئەمساڵ رێگە سەختەکە هەڵبژێرین، نەک هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە رێگەی ئۆنلانەوە کاتێک بایدن و ماکرۆن بەشدار بوون. سەرباری کۆرۆنا بڕیارماندا بەشداریکردنەکە بەشێوەی فیزیکی بێت، واتا بەشداربووان لە میونشن ئامادەبن، گەشبینم بەوەی کۆنفرانسەکە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە پابەندین بە هەموو رێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا و هەروەها داواکاری زۆر بوو لەسەر ئەوەی کە بەشداربووان لە کۆنفرانس ئامادەبن، کەواتە خواست لەسەر کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و لەسەر کۆبوونەوەی شاندەکان زۆر زۆر زیادی کردووە، نەک تەنیا لەبەر بوونی قەیرانەکان، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە نزیکەی دوو ساڵە کۆبوونەوەکان زۆر کەم بوون. کەواتە دیپلۆماسی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان پێویستی بە کۆبوونەوەی رووبەڕوو هەیە و بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوونەکان و هەروەها ئەو رێگەیە متمانەی زیاتر پێدەکرێت وەک لە رێگەی ئۆنلاینەوە، کە کەس نازانێت کێ گوێ دەگرێت.
 
ساڵانە زیاد لە هەزار میدیاکار ناوی خۆیان تۆمار دەکرد و بەشدار بوون. شوێنی کارمان بۆ ئامادە دەکردن. ئەمساڵ زۆر جیاواز دەبێت بەهۆی کۆرۆناوە ناتوانین رێگە بە میدیاکار بدەین. شوێنی میدیا ئامادەکەین واتا بە تەواوی ژمارەی میدیاکارمان سنووردارکردووە. بە داوای لێبووردنەوە. بەراستی ئەمساڵ دوو لەسەر سێمان کەمکردوونەتەوە. بەکورتی بۆمان نییە ژمارەی بەشداربووان لە 500 کەس زیاتر بێت. واتا ژمارەی سیاسەتڤانە بەشداربووەکانمان کەم کردوونەتەوە. تەنانەت لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە بری 40 ئەندام پەرلەمان، تەنیا سێمان بانگێشت کردوون. واتا ئێمە ژمارەی رۆژنامەڤان و بەشداربوونمان زۆر کەمکردوونەتەوە. بەکورتی کۆنفرانسی ئاسایشی موینخ ساڵی 2022 تەنیا کۆبوونەوەی کارە، ساڵانی رابردوو پێکەوە نانخواردنمان هەبوو، کە بەرپرسانی باڵای باڤاریا کەسایەتییەکانیان بانگێشتدەکرد، ئەمساڵ ئەوە نییە. تاکە شتێک کە دەتوانین بیکەین ئەویش ئیڤێنتی بچووکە بۆ پرسی تایبەت. ئێمە دەبێت پابەندی رێکارەکانی کۆرۆنا بین. سەرباری ئەم رێکارە تووندوتۆڵە و هەروەها سنووردارکردنی ژمارەی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەشدا دەبینم، کە بەهۆی زۆری قەیرانەکان زۆر زۆر گرنگە کە ئەم کۆنفرانسە بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی دیاریکراو بەشدار دەبن. دووبارەی دەکەمەوە لە ماوەی ئەم چواردە ساڵەدا هیچ کۆنفرانسێکی ئاسایشی میونشن هێندەی ئەوەی ئەمساڵ گرنگ نەبووە، لەژێر پەتای کۆرۆنادا و زۆری قەیرانەکان، کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت. داواکاری لەسەر ئەم کۆنفرانسە زۆر زۆر بوو.
 
رووداو: ژمارەی بەشداربووان چەندە و کێ بەشداری دەکات؟
 
ئیشینگەر: ئێمە چاوەڕێی 35 سەرۆک و سەرکردە دەکەین، نزیکەی 100 وەزیر بەشدار دەبن، زۆربەیان وەزیرانی دەرەوە و بەرگرین. هەروەها چەند وەزیرێکی ژینگە و ئابووری و وزەش بەشدار دەبن. هاوشێوەی هەموو ساڵێک نیوەڕۆی رۆژی هەینی کۆنفرانسەکە دەکەینەوە و پاش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە کۆتایی پێدەهێنین. سەبارەت بەوەی کێ بەشداری دەکات، لە حکومەتی ئەڵمانیاوە دەستپێدەکەم، بێگومان راوێژکاری ئەڵمانیا دێت. هەروەها وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بەشدار دەبن. سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەشداری دەکات. هەروەها بانگهێشتی سەرۆکی هەموو رێکخراوە گرنگەکانی جیهان دەکەین. ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتاری دەبێت. یانس ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئامادە دەبێت و گوتاری دەبێت. هەروەها سەرۆکی هەردوو دەزگای گرنگی یەکێتیی ئەوروپا ئامادەبن و گوتاریشیان دەبێت. سەرۆکی کۆمیسۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڤۆن دێرلاین و سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا میشەل چارلس ئامادە دەبن. چاوەڕێی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری و کەسایەتی گرنگی هەموو وڵاتانی ئەوروپا دەکەین ئامادە دەبن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا و فەرەنسا ئامادە دەبن. پێشبینی هاتنی تیمێکی گەورەی بەرپرسانی ئەمەریکا دەکەین و شاندێکی گەورەی کۆنگرێسیش بەشدار دەبن. ئەوە بێگومان جێگەی رێزە کە لەکاتی کۆرۆنادا ئەو رێگە دوورە دەبڕن. نزیکەی 10 تاوەکو 15 سیناتۆر ئامادەدەبن. ئەمە زۆر گرنگە، چونکە لەم کاتەدا کە کێشەی نۆردستریم دوو هەیە و هەروەها وەک خۆتان باش دەزانن قەیرانی ئۆکرانیا هەیە، گرنگە کە نزیکەی 30 ئەندامی کۆنگرێس لێرە بەشدارن. هەروەها جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس لێرە ئامادە دەبێت. وەزیری دەرەوەی چین لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشدار دەبێت. ئەو بەهۆی ئۆلۆمپیا ناتوانێت بێت.
 
رووداو : بەڕێز ئینشگەر، ئێمە وەک تیمی تۆڕی میدیایی رووداو چووینە ئۆکرانیا لە کیێڤ و هەروەها لە دۆنباس لە نزیکەوە رووداوەکانمان رووماڵکرد. بەڕێزتان لە میدکاندا زۆر باسی ئەو قەیرانەتان کرد، ئێوە ئێستا چۆن دەڕواننە رۆڵی ئەوروپا لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە؟
 
ئیشنگەر: ئێستا منت بردە ناو بابەتی گرنگی کۆنفرانسی میونشن، بەڵام دەخوازم هەندێک شت دەربارەی ئەو بابەتە بڵێم. بەراستی ئێستا پێشوازی لەو هەوڵە دیپلۆماسیانە دەکەم، کە بەچڕی بەڕێوەدەچن، یەکێتەی ئەوروپا بەشدارە، چونکە زۆر نیگەرانبوون کە یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ رووسیا هاوینی رابردوو کۆتایی پێهێنابوو. ئەو کاتە یەکێتیی ئەوروپا تەنیا چاودێری دۆخەکەی دەکرد، لە کاتێکدا ئەکتەرەکانی دیکە قسەی خۆیان دەکرد. پێشوازی لەوە دەکەم کە سەرۆک ماکرۆن ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، چەندین کاژێر لەگەڵ پووتین کۆبووەوە، هەروەها پێشوازی لەوە دەکەم، کە حکومەتی ئەڵمانیاش چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریکا و کیێڤ و مۆسکۆدا کرد. ئەمە گرنگ و پێویست بوو. ئەمەوێت شتێک بڵێم بێگومان ئەرکی سەرەکی دیپلۆماتکار ، کە خۆم 40 ساڵ لەو بوارەدا کارم کردووە، ئەرکی سەرەکی هەوڵی دیپلۆماسی ئەوەیە رێگربن لە دروستبوونی شەڕ. ئەمە مانای ئەوەیە لە رێگەی هەڕەشەی سزا و ئابلۆقەی ئابوورییەوە هەوڵبدەین پلانی رووسیا هەڵوەشێنینەوە. ئەگەر باجەکەشی زۆر گەورە بێت گرنگە تاوەکو بتوانرێت هێرشی سەربازی لەلایەن رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا شکست پێبهێنین. ئێمە دەمانەوێت و دەبێت ئەوە بە رای گشتی بڵێم، کە وەها تەماشای قەیران بکەین لە لایەک دەبێت هەموو هەوڵە دپلۆماسییەکان بخەینەکار، لە لایەکی دیکەشەوە دەبێت لە رووی سەربازییەوە رووسیا بترسێنین، دەڵێم بیترسێنین واتا من چاوەڕێم دەکرد و هەروەها لە میدیاکاندا ئەوەم گوت، کە حکومەتی ئەڵمانیا کەمێک شتی زیاتری بۆ ئۆکرانیا بناردایە، نەک تەنها 5000 کلاوی سەرپارێزی سەربازی. 
 
پێم باش دەبوو ئەڵمانیا لەنێو کاروانی سەربازی (کۆنڤۆیزەکان)وە مامەڵەی بکردایە، نەک لە دوای دواوە. دەمەوێت شتێک بڵێم ئەو وانەیەی لە مێژووی ئەڵمانیا فێربووین بەرامبەر بە ئۆکراینا بۆ من بە پێچەوانەوە بوو، وەک لە هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیا بینیمان. بەبڕوای من ئەو وانەیەی لە مێژووی ئەڵمانیا لێی فێربووین ناچارمان دەکات بەرپرسیاریێتی بگرینە ئەستۆ. یەک لەسەر سێی خەڵکی ئۆکرانیا لە جەنگی دووەمی جیهانی بوونە قوربانی. ئێستا زیاتر بەرپرسیارین لەوەی ئەو وڵاتە نەبێتە قوربانی شەڕێکی دیکە، گرنگە ئەوە بڵێم ئێوەش وەک رۆژنامەنووس ئەو بەرپرسیاریێتیەتان هەیە، کە کار لەسەر ئەوە بکەن کە ترساندن رێگرە لە دروستبوونی شەڕ، ترساندن مانای شەڕ نییە، بە پێچەوانەوە دوورەپەرێزی و نەبوونی هەڵوێست دەبێتە هۆی رێخۆشکردن بۆ شەڕ. بۆیە لام زۆر باشە و گرنگە کە ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا خۆی نمایشبکات لە رووی سەربازییەوە. ئێستا لە وڵاتانی بالتیک هەیە، هەروەها لەسەر ستەیجی دیپلۆماسی ئامادەبوونی هەیە. هەروەها وەک راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی هەموو یەک دەنگ و یەک بیروبۆچوونیان هەیە. ئەوە پەیامێکی روون بوو، کە ئاراستەی رووسیا کرا. ئێستا کیێڤ داوای چەکی دیکە دەکات، حکومەتی ئەڵمانیاش بیر لە ناردنی شتومەکی سەربازی دەکاتەوە.
 
رووداو: ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە چییە؟
 
ئیشنگەر: گرنگی ئەم کۆنفرانسە کۆکردنەوەی هەموو سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهانە. ئەمساڵ ئەمریکا و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە دەبێت. سەرۆک پووتینم بانگهێشت کردبوو، بەڵام ئامادەنابێت.  چین لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئامادەدەبێت. چەندین بەرپرسی جیهانی لێرە ئامادەدەبن و دەتوانن لەم دۆخە هەستیارەدا کۆبوونەوەی دوو قۆڵی بکەن. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئێرە تەنیا بۆ قسەکردن نەبێت، بەڵکو بتوانن باس لە قەیرانەکان بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە. بەهیوام دوایین کۆنفرانسم کە 58 هەمین کۆنفرانسی میونشنە ببێتە هۆی هێورکردنەوەی قەیرانی ئۆکرانیا. ئەوە گەورەترین هیوامە.