سەرۆکی دامەزراوەی کۆمیونیتیی کلدانی لە میشیگن: دەبێت پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا ئیدارەی خۆیان هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی کۆمیونیتیی کلدانی لە میشیگن دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان دا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد بەتایبەت کێشەی مووچە. دەشڵێت، نیگەرانن لە بڕیاری نەهێشتنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان.
مارتن مەنا، سەرۆکی دامەزراوەی کۆمیونیتیی کلدانی لە میشیگن لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆنگرێسمان و رەوەندی عێراقی کرد. باسیان لە پرسی مووچە، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی پێکەوەژیان کردووە لە دەشتی نەینەوا.
سەرۆکی دامەزراوەی کۆمیونیتیی کلدانی دەڵێت، "خەڵکی دەشتی نەینەوا بەتایبەت ئێزدی و کریستیانەکان دەبێت ئیدارەی خۆیان هەبێت. ئەو ناوچانە کێشەیان لەسەرە و کەس نازانێت کێ چاودێرییان دەکات؛ میلیشیایەکی زۆر لەوێن. ئێمە چارەسەرێکمان بۆ ئەوان دەوێت".
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارتن مەنا، سەرۆکی دامەزراوەی کۆمیونیتیی کلدانی لە میشیگن.
رووداو: زۆر سوپاس مارتن کە لەگەڵ روودایت. باسی چیتان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و کۆنگرێسمانەکان کرد؟
مارتن مەنا: زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم، پێزانینم بۆ ئەم دەرفەتە هەیە. دەرفەتێک بوو بۆ سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی چاوی بە چەندین ئەندامی کۆنگرێس بکەوێت کە چەندین هاووڵاتیی عێراقی لە ناوچەکانیان دەژین. دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران قسەکانی خۆی کرد، هەریەک لە ئەندامانی کۆنگرێسیش باسی چەند پرسێکیان کرد. یەکێک لە بابەتەکان کە من پێم وایە بۆ بینەرەکانتان گرنگە، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدایە؛ هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوانەش مووچە.
ئەوەی گرنگە، هەروەک بەڕێز سڵۆتکین، ئەندامی کۆنگرێس لەبارەی ئاسایش و خۆشگوزەرانیی سەرتاسەری وڵاتەکە باسی کرد. زۆربەی نوێنەرەکانی دیکە، هەروەک ئێمە کۆمەڵگەیەکی گەورەمان هەیە لە میشیگن، باسیان لە چەند پرسێک کرد پەیوەست بە دەشتی نەینەوا، کلدانییەکان، کریستیانەکان، ئێزدییەکان، پێکهاتەکان و ئەو پرۆگرامانەی کە بەگەڕخراون بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی شووناسیان و دڵنیابوونەوە لەوەی بتوانن جارێکی دیکە لە خاکی باوباپیرانیان بژین. پرسیارێکی دیکە ئەوەبوو ئەندامانی کۆنگرێس گوتیان چیمان پێدەکرێت بۆ عێراق؟ ئەوان هەروەها چەند پرسارێکیشیان لەبارەی ئێرانی دراوسێ پرسی، لەوانەش روانگەی عێراق لێرە لە ئەمریکا لەبارەی ئێران و کاریگەرییەکانی سەر پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا.
رووداو: هەروەک گوتت چەند ئەندامێکی کۆنگرێس باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. بۆ تۆ وەکو بازرگانێک و هەموو کۆمەڵگە عێراقی و کوردستانییەکانی ئێرە، تاچەند هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و عێراق گرنگە؟ روانگەی سەرۆکوەزیران لەسەر ئەو پەیوەندییە چی بوو؟
مارتن مەنا: هیچ کەسێک حەز بە نادڵنیایی ناکات، ئینجا خەڵکی هەر وڵاتێک بێت، بەتایبەتی وەبەرهێنەران کە دەیانەوێت لەوە دڵنیاببنەوە کە لەگەڵ هەموو حکومەتێک ئاسایش و سەقامگیری هەیە. هەر کاتێک کێشە و گرژی هەبێت، خەڵک لە وەبەرهێنان دوور دەکەونەوە و ئیدی نیگەرانیی دۆخی خۆیان دەبن و خەڵک بەردەوام دەبن لە جێهێشتنی وڵاتەکە؛ دەبێت ئەوە بوەستێت. پێم وایە کە ئەو [سوودانی] سەرۆکوەزیرانێکی راستبین بووە و بەدوای چارەسەرەوەیە. تەنانەت پێش گەیشتنی بە ئێرە، یارمەتیی کاردیناڵ ساکۆی دا بگەڕێتەوە بەغدا. ئەو هەروەها باسی لە چەند شتێک کرد کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەبوو. کاتێک کە سەرۆکوەزیرانم بینی یەک لەو شتانەی کە لەگەڵی باسم کرد سیستمی دادوەری بوو، بێ گوێدانە ئەوەی چی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا روودادەت. بەداخەوە کە پێکهاتەکان و تەنانەت حکومەتی کوردیش یان حکومەتی هەرێم چەند شتێکیان لە دادگەی فیدراڵیی دۆڕاندووە. ئێمە چۆن بتوانین لە فیدراڵیزم و لەخۆگرتنی هەموو خەڵکی عێراق دڵنیابینەوە بۆ ئەوەی وا هەست بکەن کە ئەوانیش بەشێکن لە وڵاتەکە.
رووداو: هیچ پرسیارێکت لەسەر داهاتووی فیدراڵیزم لە عێراق هەیە؟ چۆن لە گەڕانەوەی کاردیناڵ لویس ساکۆ دەڕوانیت؟ بڕیاری دادگەی باڵای عێراقی دژی کورسیی کۆتاکان بەتایبەت کورسیی کریستیانەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟
مارتن مەنا: بەڵێ بە دیاریکراوی باسم لە کورسییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان کرد. ئەوە بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە. با سەرەتا باسی کاردیناڵ بکەین. ئەوە زۆر باش بوو کە گەڕایەوە بەغدا و لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازی لێکرا. ئەوان دەبێت بتوانن مەرسوومێکی نوێی بۆ دەربکەن؛ ئەمەش دووبارە پەیوەندیی بە دادگەکانەوە هەیە. یان ئایا دەکرێت ئەم بڕیارانە هەموو چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی پاتریاکەکە ئاسوودە بێت و بچێتەوە بەغدا. ئەوە کورسیی ئەوە و دەبێت پێشوازی لێبکرێت.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پرسەکانی دیکەی تایبەت بە فیدراڵیزمەوە هەیە، ئێمە ماوەیەکە کار لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و هەولێر دەکەین، چونکە دەمانەوێت مادەی 125 و تەنانەت مادەی 140 جێبەجێ بکەین بۆ چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان. خەڵکی دەشتی نەینەوا بەتایبەت ئێزدی و کریستیانەکان دەبێت ئیدارەی خۆیان هەبێت. ئەو ناوچانە کێشەیان لەسەرە و کەس نازانێت کێ چاودێرییان دەکات؛ میلیشیایەکی زۆر لەوێن. ئێمە چارەسەرێکمان بۆ ئەوان دەوێت. ئاسایش، سەلامەتی و سەقامگیری دەگەڕێتەوە کاتێک دەگەڕێتەوە کە کێشەی ئەو ناوچە کێشە لەسەرانە چارەسەر بکرێت بۆ هەموو عێراقییەک بۆ ئەوەی متمانەیان بەخۆبێت.
رووداو: چی دەڵێی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان؟
مارتن مەنا: باسمان کرد. ئەوان گوتیان کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن. ئێمە لەگەڵ چەندین ئەندامی کۆنگرێس باسمان لەوە کرد؛ ئەوە جێگەی قبووڵ نییە بۆ ئێمە.
رووداو: ئایا ئەندامانی کۆنگرێس باسی ئەو پرسەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران کرد؟
مارتن مەنا: ئێمە یاداشتێکمان ئاراستەکردووە؛ یاداشتەکە نەوەک تەنیا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵکو بۆ هەموو ئەندامانی کۆنگرێس نێردراوە. ئێمە لەسەر ئەو پرسە، بە نزیکی کارمان لەگەڵ نوێنەرایەتیی کورد لێرە لە واشنتن کردووە.
رووداو: دوایین پرسیارم، پلانی سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ دیترۆیت لە میشیگن چییە؟
مارتن مەنا: ئێمە دڵخۆشین بە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ دیترۆیت. سەرۆکوەزیران سەرەتا دەچێتە دیربۆرن لە پەیمانگەی ئیسلامیی ئەمریکا و پاشان دەچێتە کۆمەڵگەی گەورەی کلدانییەکان لە کۆمەڵەی کلدانی ئەمریکی لە میشیگن، خوانێکی نانخواردن بۆ نزیکەی 400 کەس رێکدەخرێت. دوای تەواوبوونی ئێوارەخوانەکە، ئێمە کۆبوونەوەیەکی بچووکی بازرگانیمان دەبێت بۆ باسکردنی وەبەرهێنان لە ناوچەکە.