د. فوئاد حوسێن بۆ رووداو: لەگەڵ ئەمریکا گەیشتینە کۆمەڵێک ئەنجامی باش
رووداو دیجیتاڵ
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لە واشنتن باسی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی عێراقی لەگەڵ وەزارەتی خەزێنە و بانکی فیدراڵی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "بۆ رێگریکردن لە چوونەدەرەوەی پارە و گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە عێراق، لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پەیڕەوکردنی سیستمی سویفت لە عێراق رێککەوتووین."
بەپێی سیستمەکە، وەکو د. فوئاد حوسێن باسی کرد، چیدی کەس ناتوانێت بە تەلەفۆنێک پارە بۆ شوێنێکی دیکە حەواڵە بکات. دەشڵێت، "ئەمریکییەکان خۆشحاڵ بوون" بە بەرەوپێشووچوونی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق:
رووداو: کۆبوونەوە فەرمییەکانتان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆتاییهات، ئەنجامی ئەم دیدارانە چی بوون؟
د. فوئاد حوسێن: ئەنجامی کۆبوونەوەکە پەیوەندی هەیە بەهۆی هاتنمان بۆ ئەمریکا، یەکەمیان لەبارەی دراو و دووەمیان لەبارەی دۆخی ئابووری بە گشتی بوو، کە باسی دۆخی ئابووری دەکەین مەبەست وزە و دواتریش لەبارەی پرسی ریفۆرم لە بانک و پلانی ئابووری بوو. جیا لەمانە باسی پرسە سیاسیییەکان لە ناوچەکە کرا و ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی پەیوەندی بە دراوەوە هەبوو، لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە پشتگیرییەکی زۆر هەبوو بۆ ئەم سیاسەتەی دانرا کە دانانی ئەو سیاسەتەش بە رێککەوتنی هەردوولا بوو. لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشەوە پشتگیرییەکی زۆر هەیە بۆ وەبەرهێنان لە دەرهێنانی گاز و کارەبا و نەوت. من زۆر دڵخۆشم لەبەر ئەوەی گەیشتینە کۆمەڵێک ئەنجامی باش.
رووداو: با لەسەر پرسی دینار و دۆلار بوەستین، خەڵکێکی زۆر لە دڵەڕاوکێدان لەبەر ئەوەی کەس نازانێت پارەکەی بکات بە دینار یان دۆلار، بازرگانان دوودڵن و نازانن بە دۆلار کاڵاکانیان بکڕن یان نا، ئێوە هیچ دڵنیاییەکتان پێیە بۆ خەڵکی عێراق؟
د. فوئاد حوسێن: من ناتوانم بە خەڵک بڵێم چی بکەن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو کێشەیەی کە هەبوو، بەشێکی تەکنیکی بوو و بەشێکیشی پەیوەندی بە خستنەڕوو و داخوازی دۆلارەوە هەبوو. کێشە تەکنیکییەکە لەبەر ئەوەیە کە سیستمێکی تازە دانراوە و ئەم سیستمە جیاوازە لە سیستمێکی بەرەڵایی کە نزیکەی چل ساڵ لە عێراق هەبوو. گۆڕینی ئەو سیستمە کێشەیەکی دروستکردووە، کێشەکە ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سیستمە بکرێت. جاران خەڵک بە تەلەفۆن بۆ نموونە 100 هەزار دۆلاری حەواڵەی چین دەکرد، یان حەواڵەی تورکیای دەکرد، ئەمە لە دەرەوەی سیستمەکە بوو، بەڵام ئێستا ئەوە نابێت، پێویستە لە رێگەی سیستمەکەوە حەواڵەی بکات. بۆیە پێویستە فێری ئەو سیستمە ببین، پێویستی بەوەیە فۆڕم پڕ بکەیتەوە و بڵێی پارەکە بۆ کوێ دەچێت و چەندت پێویستە و بۆ چ بانکێکی دەنێریت، واتا سیستمێکی بانکی دروستبووە. فێربوونی ئەمە رەنگە کاتی بوێت، بەڵام لە کۆتاییدا رێگەیەکی دیکە نییە جگە لەم سیستمە. یان خەڵک فێری دەبێت، یان ئەگەر فێری نەبوو، ناتوانێت لە دەرەوەی سیستمەکە کار بکات.
رووداو: بۆچی وەکو تەقینەوەیەک لەنێو بازاڕدا ئەمە روویدا، ئێوە چ بەرژەوەندییەکی خەڵکتان لەبەرچاو گرت، کاتێک ئەم سیستمەتان دانا، نەدەکرا هەنگاو بە هەنگاو داتاننابا؟
د. فوئاد حوسێن: ئەم سیستمە خۆ ئەمڕۆ لەدایک نەبووە، ئەمە دوو ساڵە لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق دانوستاندن لەسەر دانانی ئەم سیستمە دەکرێت، بەڵام ئێستا جێبەجێکراوە. هەر دەشبێت لە کاتێکی دیاریکراودا کار بە سیستمەکە بکرێت.
رووداو: پێشتر خەڵکتان لەم سیستمە ئاگادار کردەوە؟
د. فوئاد حوسێن: ئەمە جیاوازە کە ئایا خەڵک ئاگادارکراوەتەوە، رەنگە لەوەدا کەموکوڕی هەبووبێت، چونکە خەڵک پێویستە ئاگادار بێت. دووەمیش ئەوەی کە چۆن خەڵک مامەڵە لەگەڵ ئەم سیستمە بکات، جاران کە بە کاش و لە رێگەی تەلەفۆنەوە مامەڵە دەکرا، ئێستا بووە بە سیستمی سویفت. سویفتیش سیستمی خۆی هەیە و ئەگەر پارەیەک حەواڵە دەکەی، دەبێ بینووسی لەبەرچی حەواڵەی دەکەیت و بۆ کوێ دەچێت لە کوێوە دەڕوات و کێ وەریدەگرێت و چۆن خەرجی دەکات.
رووداو: ئێوە دڵنیاییەکتان پێیە بۆ خەڵکی عێراق کە چیدی ئەم دوودڵییەیان نەمێنێت؟
د. فوئاد حوسێن: دوودڵی پەیوەندی بە دۆلار و دینارەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە میکانیزمی کارەکەیە. پێشتر دۆلار بەشێوەیەکی دیکە دەهاتە ژوورەوە، ئەم سیستمە کۆنتڕۆڵی دۆلار دەکات لەو کاتەوە کە دەردەچێت تاوەکو دەگاتە ئەو شوێنەی وەریدەگرێت. هەموو ئەوانە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. ئەو حەواڵانەی کە جاران هەبوو ئێستا نەماوە و لە دەرەوەی سیستمەکە تۆ ناتوانی حەواڵە بکەیت. ئەگەر کردت واتای ئەوەیە پارەی کاشت هەیە و بە دزییەوە دەیگوازییەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، چیدی کەس ناتوانێت بە تەلەفۆنێک پارە بۆ شوێنێکی دیکە حەواڵە بکات.
رووداو: ئەوە ئەرکی حکومەتی عێراق نییە سەقامگیری بۆ بازاڕ بگەڕێنێتەوە و نیگەرانییەکانی خەڵک بڕەوێنێتەوە؟
د. فوئاد حوسێن: ئەرکی حکومەتی عێراق ئەوەیە ئابووری رێکبخات لە پێناو بەرژەوەندی ئابووری و دراو، کە ئەوەش کرا لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندیی خەڵکە. تۆ هەر شتێک کە تازە فێری دەبیت هەمیشە کێشەی هەیە، سیستمەکە تازەیە و وردە وردە ئەو بازرگانانەی کە لێی نازانن، پێویستە خەڵک بگرن بۆ ئەوەی فێریان بکەن.
رووداو: ئەمە چارەسەری نەخۆشیی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە دەکات و دەکرێ بڵێین بەم سیستمە ئەم نەخۆشییانە لە عێراق نامێنێت؟
د. فوئاد حوسێن: چارەسەری کۆمەڵێک نەخۆشی دەکات، بە تەواوی هەمووی چارەسەر ناکات، بەڵام رێژەیەکی زۆری چارەسەر دەکات، یەکێک لەم نەخۆشییانە ئەمە بوو کە دۆلار دەهاتە ژوورەوە، لەدوای فرۆشتنی دۆلار کەس نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت، خەڵک دەهات دەیگوت بە بڕی ئەوەندە ملیۆن دۆلارە دەچم شت دەکڕم، پارەکەی دەبرد و دوایی رێژەیەکی کەمی دەدا بە شتومەک و باقییەکەی بە نرخی دیکە دەفرۆشت، ئەمە نە بۆ سیستمی دارایی عێراق و نە بۆ پەیوەندیی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی خەزێنە و بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا باش نەبوو.
رووداو: ئەو دەستانە دەبڕن کە دۆلاریان دەبردە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی بۆ ئێران؟
د. فوئاد حوسێن: من لە ژیانم نە دەستم بڕیوە و نە دەست دەبرم، ئەم وشانە چییە؟ دەستبڕین لای من نییە، بەڵام رێکار دەگیرێتەبەر تاوەکو ئەو شێوە گەندەڵییەی کە لەنێو بابەتی دراودا هەبوو نەمێنێت یان کەم ببێتەوە.
رووداو: ئەم گرووپانە دەتوانن دزە بکەنە نێو سیستمی بانکی عێراقەوە و پارە ببەنە دەرەوە؟
د. فوئاد حوسێن: ئەستەمە، کارەکە ئەستەم دەبێت. تۆ چۆن دەرگاکەت و پەنجەرەکەت کراوەبێت و دزەکە بێتە ژوورەوە، هەتا ئەوەی کە دەرگاکە دابخەیت، بەڵام ئەگەر دزەکە بەشێوەیەک کلیلەکە بشکێنێت ئەمەیان جیاوازە.
رووداو: ئەمریکییەکان لە کۆبوونەوەکاندا بە راشکاوی چییان پێگوتن؟ لەسەر چوونی پارە بۆ ئێران و بۆ دەرەوە، هەموو ئەو رێکارانەی کە لە مانگی نۆڤەمبەری 2022 تووند کران لادەبرێن؟
د. فوئاد حوسێن: ئەو بابەتانەی کە لە میدیا باسدەکرێن کە سزایانداوین و گەلەکۆمەیەک هەیە دژی حکومەتی نوێی عێراق، هیچی وا نییە.
رووداو: واتا هیچ کۆتوبەندێک لەسەر عێراق نییە؟
د. فوئاد حوسێن: نا، ئەوە گفتوگۆیە. لە ئەنجامدا تۆ چ شتێکی تازە دەهێنیتە پێشەوە بۆ رێکخستنی کاری خۆت. ئەمە رێکخراوە و دەبووایە پێنج ساڵ لەمەوپێش کرابا، ئەم سیستمە بانکییەی لای ئێمە هەبوو لەگەڵ دنیای ئەمڕۆ ناگونجێت. بە بۆچوونی من ئەمە ریفۆرمە لە سیستمی بانکیی عێراقدا، جگە لەوەی کە ریفۆرمیشە لە کەرتی دارایی. گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەم شتانە کرا کە پەیوەندییان هەیە بە ئابووریی عێراقەوە، بۆ نموونە چۆن رووبەڕووی گەندەڵی دەبیتەوە و چۆن و لەکوێ رووبەڕووی دەبیتەوە، ئابووریی عێراق کە ئابوورییەکی کاشە، بێگومان پارە لە بازاڕ بێت و لە گیرفاندا بێت و لە بانک نەبێت، گەندەڵی ئاسانتر دەبێت تاوەکو سیستمێک هەبێت بە ژمارە بزانێت پارە لەکوێ دەردەچێت و بۆ کوێ دەڕوات.
رووداو: باس لەوە دەکرێت ئەمریکییەکان گوتوویانە ئەگەر ئەم گەندەڵییە بەردەوام بێت و پارە سپیکردنەوە بەردەوامبێت، ئەوکاتە دۆلار نانێرین؟
د. فوئاد حوسێن: ناوەڵا، من ئەمەم نەبیستووە. سەرۆکی شاندەکەم و لە زۆربەی هەرە زۆری دانوستاندنەکاندا بەشداربووم و لەوانەشدا کە بەشدار نەبووم راپۆرتم پێدراوە، ئاگادارم چی گوتراوە و ئێمە چیمان گوتووە، ئەم بابەتانە باسنەکراون. سپیکردنەوەی پارە کێشەیە، هەڕەشە نییە، بەڵام گفتوگۆی لەسەر کراوە. سپیکردنەوەی پارە خۆ بۆ ئابووریی عێراق مەترسیدارە و بۆ دراوی عێراقی خراپە، واتا ئەوە تەنیا کێشەی ئەمریکا نییە، کێشەی عێراق خۆیەتی و پێویستە رێگە لەم بابەتە بگرێت. بە بۆچوونی من یەکێک لەم میکانیزمانەی رێگە لە سپیکردنەوەی پارە دەگرێت ئەم سیستمەیە، چونکە ئەگەر ئێستا پارە بۆ دەرەوە بڕوات، دەزانی بۆ کوێ چووە.
رووداو: ئەو ئامانجانەی هەتانبوو 100٪تان بەدەستهێنا؟
د. فوئاد حوسێن: هەر شتێک کە کاری مرۆڤ بێت 100٪ نییە، بەڵام ئەم ئامانجانەی داماننابوون زۆر زۆر لێیان رازیم.
رووداو: گرنگترین ئامانجتان چیبوو؟
د. فوئاد حوسێن: پرسی دابەزینی دراو بوو کە نرخی دۆلار بەردەوام بەرزدەبوویەوە، ئێستا راوەستاوە و دواتر بەرەو دابەزین دەڕوات، دواتر کە زیاتر رێکدەخرێت جێگیردەبێت. جێگیربوونیش پەیوەندی بە خستنەڕوو و داواکاری دراوەوە دەبێت.
رووداو: ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ عێراق، نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت؟
د. فوئاد حوسێن: ئەمە پرۆسەیە، بەڵام ئەمە دەزانم کە دۆخی ئابووریی عێراق باشە، هەم پارەی پاشەکەوتی هەیە هەم نەختینەشی هەیە و نەوتیش دەفرۆشرێت و نرخیشی بەرزە کە ئەمانەت هەبێت ئیدی ترس لەسەر دراوت نامێنێت.
رووداو: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتووە، ئەمریکا تووندە لەبارەی رووسیا و ئێوە قەرزداری کۆمپانیاکانن، ئەگەر ئەمریکا رێگە نەدات ئێوە قەرزەکانتان بدەنەوە، ئەوکات چی دەکەن؟
د. فوئاد حوسێن: سیاسەتی ئەمریکا لەسەر رووسیا روونە، بەڵام من نەک لەسەر ئەوانەی بەرپرسی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکان، لەگەڵ کەسانی دیکەش لە ئەمریکا باسم کرد. ئەمڕۆ لە کۆنگرێسیش باسمکرد کە ئێمە شتومەکمان لە رووسیا کڕیوە و نزیکەی بایی 650 ملیۆن دۆلار قەرزداری رووسیاین، چی بکەین؟ چۆن دەبێت ئێمە نەتوانین بیدەینەوە. بۆ ئەمە لەگەڵ کۆمەڵێک دۆست کە کاریگەرییان هەیە باسم کرد و داوامکردووە چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ ئەم پارەیە، چونکە پارەکە هی خۆیانە و شتمان لێ کڕیون.
رووداو: بە نیازن بیاندەنەوە؟
د. فوئاد حوسێن: نازانم، بەڵام من لەگەڵیان باسمکرد. بۆ بابەتی رووسیا گفتوگۆی زیاترمان پێویستە.
رووداو: یەکێک لەم دۆسیانەی لێرە باسکرا ئێران بوو، ئێوە لەگەڵ رۆبێرت مالی لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا چیتان باسکرد؟
د. فوئاد حوسێن: ئەمە پەیوەندی نەبوو بەم بابەتانەی کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران، رۆبێرت مالی هەر وەکو دۆستێک هات بۆ لام و ویستی بیروڕای من بزانێت لەسەر ناوچەکە.
رووداو: بۆچی رۆژی شەممە لەگەڵی کۆبوونەوە و رۆژێکی فەرمی نەبوو، خۆ ئێوە لە وەزارەتی دەرەوە بوون؟
د. فوئاد حوسێن: نا، ئەو دۆستە و هات بۆ لام و سەردانێکی کەسی بوو، پێش ئەوەش هەر وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن پێوەندی پێوەکردم.
رووداو: باس لە رێککەوتنی ئەتۆمی کرا؟
د. فوئاد حوسێن: بەڵێ.
رووداو: ئەمریکییەکان بە ئێوەدا هیچ پەیامێکیان بو ئێرانییەکان نارد؟
د. فوئاد حوسێن: من کە باس دەکەم بەرپرسی دۆسیەی دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان و وەزیری دەرەوەی ئێران تەلەفۆن بۆ من دەکات، بێگومان بیر و را دەگۆڕینەوە. بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بیر و رام گۆڕییەوە و بیر وڕامانگۆڕییەوە.
رووداو: هیچ شتێکت پێیە بۆ ئێرانییەکانی ببەیتەوە؟
د. فوئاد حوسێن: ئەم گفتوگۆیە هەر بەردەوامە و نەوەستاوە.
رووداو: باسی رێککەوتنی ئەتۆمی کرا؟
د. فوئاد حوسێن: ئەوە یەکێک لە پرسەکان بوو.
رووداو: ئەمریکا هەندێک نواندنی کردووە بەرامبەر ئێران، ئەو لێخۆشبوونەی کە هەیە، ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارەکە لەلایەن وڵاتی سێیەمەوە بۆ ئێران لەلایەن عێراقەوە چۆنە؟
د. فوئاد حوسێن: نا ئەو رێککەوتنە کۆنە، هی ئەو کاتەیە کە من وەزیری دارایی بووم، رێککەوتنەکە هەیە، بۆ نموونە ئێران لە تورکمانستان شتومەک دەکڕێت و ئێمە لەبری ئێران پارە دەدەینە تورکمانستان، ئەم رێککەوتنە هەیە.
رووداو: واتا پارەی کاش نانێرن بۆ ئێران؟
د. فوئاد حوسێن: نەخێر
رووداو: تەنانەت بۆ لێخۆشبوونەکانیشتان؟
د. فوئاد حوسێن: نا، بەڵام دوو شت هەیە، یەکەم ئەو پارەیەی کە پەیوەندی بە گاز و کارەبا هەیە و لە ئێرانی دەکڕین، ئێستا بووەتە نزیکەی 11 ملیار یۆرۆ و لە بانکی عێراقدایە و هی ئێرانە.
رووداو: ناتوانن بیاندەنەوە؟
د. فوئاد حوسێن: بەمشێوەیە دەبێت کە رێککەوتنەکەشی کۆنە، واتا شتومەک لە شوێنێکی دیکە دەکڕن بەڵام ئەو شتومەکەی کە رێگەپێدراوە. هەر بۆیەش دەڵێم ئێمە پەیوەندییەکی بازرگانیی گەورەمان لەگەڵ ئێران هەیە. واتە جگە لە گاز و کارەبا نزیکەی 13 ملیار پەیوندیی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران هەیە. واتا ئەگەر پەیوەندی بازرگانی کارەبا و گازی بخەینە سەر، دەبێتە 17 یان 18 ملیار دۆلار. ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی کە لەگەڵ ئێران هەیە هەر بەردەوام دەبێت.
رووداو: دۆلار ناچێتە ئێران؟
د. فوئاد حوسێن: بە فەرمی نا
رووداو: بە نافەرمی دەڕوات؟
د. فوئاد حوسێن: بە نافەرمی من نازانم، تۆ دەڵێیت دۆلار لە رێگەی دەوڵەتەوە دەچێت من دەڵێم نا.
رووداو: ژمارەیەک بەرپرسی کۆماری و لە کۆنگرێس نامەیەکیان بۆ جۆ بایدن نارد، گوتیان لەوە نیگەران بوون کە ئێوە یادی قاسم سلێمانیتان کردووەتەوە و دەڵێن عێراق ئێستا بووەتە پاشکۆی ئێران، ئەوە هیچ رەنگدانەوەی لەسەر کۆبوونەوەکانی ئێوە هەبوو؟
د. فوئاد حوسێن: نا، هیچ رەنگدانەوەیەکی نەبوو. بە پێچەوانە لە کۆنگرێس بووین لەگەڵ سیناتۆرەکان کە دیموکرات و کۆماریشی تێدابوو، هەر ئەم مەسەلەیە باس نەکرا و لە کۆبوونەوەی فەرمیش باس نەکراوە. دەزانی چییە؛ لە پەرلەمانی عێراقیش خەڵک هەیە بەشێوەیەکی دیکە قسە دەکات، ئێمە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەدا دەکەین، بەڵام لە کۆنگرێسیشدا هەر باس نەکراوە.
رووداو: هەژموونی ئێران لەسەر عێراق هەیە؟
د. فوئاد حوسێن: ئێستا پرسیارەکەت جیاوازە لەوەی باسی ئەمریکا دەکەی. کاریگەریی دەوڵەتانی دیکە لەسەر عێراق پەیوەندی بە ئەمڕۆ نییە، گۆڕینی رژێم لە عێراق بە کاریگەرییەکانی دەرەوە بوو، راستە هێزی سیاسی هەبوو بۆ کورد، هێزی سیاسی هەبوو بۆ شیعە، هێزی چەپ هەبوو، هێزی لیبڕال هەبوو و هەموو دژی سەدام بوون ،بەڵام سەدام نەڕووخا، سەدام چونکە هێزی سەربازیی وڵاتانی دیکە هەبوو رووخا.
رووداو: کەوابوو دەڵێیت ئێران هەژموونی لەسەر عێراق هەیە؟
د. فوئاد حوسێن: نانا، ئەوە تۆ وادەڵێیت، من دەڵێم نا.
رووداو: واتا عێراق تەواو سەربەخۆیە لە بڕیاردا؟
د. فوئاد حوسێن: هیچ وڵاتێک نییە، تەنانەت ئەو دەوڵەتەی لە لوتکەیە، سەربەخۆ نییە لە بڕیاردان. هیچ دەوڵەتێک نییە لە جیهان کە لە بڕیار سەربەخۆ بێت. واتە کارلێکەرییان هەیە. عێراق لە بڕیاری ستراتیژی، پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی کارلێکەری بکات. یان بۆ نموونە لەگەڵ ئەمریکا. بڕیاردانی سەربەخۆی سەتاسەت لە هیچ وڵاتێک نییە، ئەوە چەمکێکی دروست نییە، تەنانەت سەروەریش بە مانای رەها نییە. تەنانەت لە رێککەوتنێک بەشدار بی لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە بە مانای ئەوەیە کە تۆ بەشێک لەو رێککەوتنەی و کاری خۆت لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە دەکەی کە لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکەیە. من حەز دەکەم ئەمە روون بکەمەوە، سەروەریی عێراقی نەمابوو، واتە سەردەمی سەدام لە 91وە بەتایبەتی تاوەکو 2003 هەر هیچ سەروەریی عێراق نەبوو، سەروەریی عێراق بە فەرمی نەمابوو و لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، تەنانەت ئەوانەی تیمی پشکنین بوون، دەچوون بۆ ژووری خەوتنی سەدامیش.
رووداو: ئێستا سەروەری هەیە؟
د. فوئاد حوسێن: ئێستا سەروەری زۆر زۆرترە لە دەیەی 90 و زۆر زۆرترە لە 2003 و ئەوانە.
رووداو: ئەوکات تورکیا و ئێران دەیانتوانی هێرش بکەنە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق؟
د. فوئاد حوسێن: بەڵام بەغدا لەژێر کۆنترۆڵی هێزی سەربازیی دەوڵەتاندا بوو، سەروەری چی؟ ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند و گوتی من دەوڵەتێکی داگیرکەرم. دەوڵەتێک داگیرکەر بێت، ئەو دەوڵەتەی لەژێر دەستی دایە سەروەری لەکوێ هەیە.
رووداو: لەسەر هەرێمی کوردستان باسی چی کرا لەگەڵ ئەمریکییەکان؟
د. فوئاد حوسێن: لە زۆربەی کۆبوونەوەکان باسی ئەوە کرا کە پێمانخۆشە پەیوەندی لەنێوان هەردوولا هەیە، گفتوگۆ هەیە، هەروەها باسی ئەوە کرا دۆخی دارایی چۆن چارەسەر دەبێت، لەسەر یاسای بودجە کە هەردوولا ئامادەن گفتوگۆی لەسەر بکەن، ئەو بەشەی کە پەیوەندی هەیە بە هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی تێدایە. یاسای نەوت کە چارەسەری کێشەی نەوتە و لە ماوەی شەس مانگ پێویستە پێشکێشی پەرلەمان بکرێت بەوشێوەیە چارەسەری کێشەکان باس کرا.
رووداو: هیچ گوشارێکی ئەمریکا لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبکەوێت؟
د. فوئاد حوسێن: گوشار نییە، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو باشی دەچێت.
رووداو: لەسەر یاسای نەوت و گاز شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، بەڵام بەرپرسی باڵای عێراقییان نەبینی، ئێوە پێتانوایە هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر یاسای نەوت و گاز رێکدەکەون؟
د. فوئاد حوسێن: من نازانم بۆچی، چونکە بەر لەوەی سەفەر بکەم لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران کاک مەسرور باسم کرد و گوتم شاندی خۆتان بنێرن، بەڵام کە چوون و وەزیری نەوتیان نەبینیوە بە راستی هۆکاری ئەوە نازانم, بەڵام دوو شاند هەیە و گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و گاز دەکەن، کە دەڕۆینەوە خۆ جارێ دەرفەت هەیە بۆ گفتوگۆ، بە رای من ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەوەی لەسەر یاسای نەوت بە رێککەوتنێک بگەین. هەم دۆخی حکومەتی عێراق و هەم پەرلەمان گونجاوە، هەم حکومەتی فیدراڵ ئەگەر بڕیارێک وەربگرێت دەتوانێت بە ئاسانی پشتگیری لە پەرلەمان وەربگرێت و هەم دۆخی هەرێمی کوردستانیش گونجاوە.
رووداو: واتە گەشبینن لە شەش مانگدا بە رێککەوتن بگەن؟
د. فوئاد حوسێن: ئەوە بەگوێرەی بەرنامەی حکومەت پێویستە لە شەش مانگ ئێمە یاسامان هەبێت.
رووداو: ترستان لەوە نییە دادگەی فیدراڵی بڕیارێک دەربکات و بەربەست دروست بکاتەوە؟
د. فوئاد حوسێن: نا نا
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر، زۆر بەخێربێن بۆ رووداو.
د. فوئاد حوسێن: زۆر سوپاس