هەیدی سیکوێنز: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەمسا دەستپێكێکی باش بوو


رووداو دیجیتاڵ 

 

هەیدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەننای نەمسا دەڵێت، لەکاتی خوێندکارییەوە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە نەمسا هەیە و ئەو دەڵێ، "کورد هەمیشە ئەو وێنەیەیان هەیە کە لیبراڵترین کەسن، ئەو کەسانەن کە بە راستی دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵمان هەبێت." هەروەها دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەن.
 
هەیدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەننا لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ )ی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی پەیوەندییەکانی نەمسا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، " دەستپێکێکی باش ئەوەبوو کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەردانی سەرۆکی ئێمەی کرد لە مانگی حەوت." 
 
هەیدی سیکوێنز دەڵێت، هۆکارێکی سەرەکیی سەرکەوتنی راستڕۆکان لە نەمسا و ئەورووپا زۆربوونی کۆچبەرانە، هەروەها دەڵێ تەنیا نەمسا و ئەڵمانیا پابەندی رێککەوتنەکانی یەکێتیی ئەورووپان لەبارەی کۆچبەرانەوە. 
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەننا باسی لەوەش کرد، "ئێستا لە ڤییەننا هەموو مانگێک 300 منداڵمان هەن کە لە سووریاوە دێن."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەیدی سیکوێنز، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی ڤییەننا لە نەمسا
 
رووداو: ناوەندی کۆمەڵگەی نەمسایی لە زانکۆی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. ئایا بۆ نەمساش گرنگە؟
 
هەیدی سیکوێنز: پێموایە هەمیشە دەتوانین لە یەکترەوە فێربین. ئەوە هەر لە ئێستاشەوە دەستیپێکردووە. ئاڵوگۆڕی خوێندکاران لەگەڵ زانکۆی لیۆن هەیە کە شارێکە نزیکەی دوو کاژێر و نیو لە باشووری ڤییەننایە و لە ئاستی جیهان بەوە بەنێوبانگە کە پسپۆڕ بەرهەم دێنێت، لە راستی دا باشترینەکانی جیهان لە دروستکردنی تونێلی هێڵی ئاسن و جۆرەکانی دیکەی تونێل ئامادە دەبن، سەرنجیشیان زیاتر لەسەر چارەسەرەکانە بە تەکنەلۆژیای ژینگەیی و سەوز. ئەوەشم بیستووە کە زانکۆی کوردستان سەرنجێکی زۆری لەسەر توێژینەوە ژینگەییەکانە و خوێندکاران لە سەرانسەری عێراقەوە دێن و لەم زانکۆیە دەخوێنن، بۆیە پێم وایە ئەمە هاوبەش و هاوکارێکی زۆر بەهێزە کە هەمانە.
 
رووداو: کاری ئەم سەنتەرە و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕییەکان چۆن دەکرێت، ئەمە لەنێوان کوردستان و نەمسا چۆن دەبێت؟
 
هەیدی سیکوێنز: وەک گوتم، تاوەکو ئێستا ئاڵوگۆڕی خوێندکاران هەبووە. بەگشتی 20 خوێندکاری عێراقی لە هەولێرەوە چوونەتە زانکۆی لیۆن و ساڵی داهاتووش 25 خوێندکاری دیکە دەچن. ئەمە پرۆگرامی ماستەرە دەستیپێکردووە و خوێندکاران ئێستا دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. هیوادارین ئەمە دەستپێک بێت و باڵ بکێشێت بۆ بوارەکانی دیکە، وەک ئەوەی خەڵک بێن و لێرە لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە، رەنگە بۆ ساڵێک نەبێت، بەڵکو وەکو مامۆستای میوان و ئاڵوگۆڕی کولتووری.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و نەمسا لەڕووی سیاسییەوە بەهێز و باشن، بەڵام ئەو بەهێزییە نابینین کاتێک تەماشای بوارەکانی دیکە دەکەین. مەبەستم سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانی و کولتووری. بۆچی؟
 
هەیدی سیکوێنز: لە راستی دا چەند کۆمپانیایەکی نەمسایی لێرە لە کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە. بۆ نموونە پول راخ کە گوشراوی میوە بەرهەم دێنێت؛ هەروەها کۆمپانیایەکی دیکە کە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە دروست دەکات. من لەم رۆژانەدا قسەم لەگەڵ نوێنەرێکی ژووری بازرگانی دەکرد و پێیگوتم، رۆژانە نزیکەی 10 تەلەفۆنی لە کۆمپانیا نەمساییەکانەوە بۆ دێت کە حەز دەکەن بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
 
رووداو: تۆ خۆت ئێستا لە کوردستانی و لەبارەی کوردستانیشەوە زانیاریت هەیە. کوردستان و نەمسا چۆن دەتوانن زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن؟
 
هەیدی سیکوێنز: پێموایە دەستپێکێکی باش ئەوەبوو کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەردانی سەرۆکی ئێمەی کرد لە مانگی حەوت، واتە نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا. وەزیری دەرەوەش سەردانی کرد. ئێمە لە پارەوە باڵیۆزخانەمان لە بەغدا هەیە. بۆیە پێموایە هەموو ئەمانە ئاماژەی بەرەوپێشچوونن. پێموایە گرنگترین شت ئەوەیە ئەو وێنەیە بگوازرێتەوە کە ئێرە شوێنێکی پارێزراوە، چونکە خەڵک لە ئەورووپا بیرۆکەی جۆراوجۆریان هەیە لەبارەی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدات، بەتایبەتی ئێستا. لەبەر ئەمە گرنگە کە خەڵک خۆیان بێن و بزانن کە ئێرە شارێکی خۆش و پارێزراوە و پێویست ناکات دوودڵ بێت؛ هەروەها پێویست ناکات لەبارەی وەبەرهێنانەکەتەوە دوودڵ بیت. ئەوەی کە خەڵک خۆیان بهێنیتە ئێرە، مەبەستم لە ئاڵوگۆڕ ئەمەیە.
 
رووداو: تۆ ئەندامی پارتی سەوزی و بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. نەمسا چۆن دەتوانێت هاوکاریی عێراق و کوردستان بکات لەم رووەوە؟
 
هەیدی سیکوێنز: دەزانم چۆن دەکرێت، ئاماژە بە چەند پڕۆژەیەک دەکەم کە ئەنجاممان داون. پارتی سەوز پارتێکی بچووکە. ئێمە تەنیا 14٪ی دەنگەکانمان هێنا لە دوایین هەڵبژاردن دا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاری زۆرمان کرد. ئاماژەم بەوانە کرد کە دەکرێت بیانکەین، لەڕووی گواستنەوە و پلانی شارسازییەوە. من لێرە لە هەولێر تەنانەت یەک هێڵی پاسکیلیشم نەبینی. پێموایە ئەمە شتێکە کە دەکرێت بهێندرێتە کوردستان.
 
رووداو: تۆ لە هاوینیش دا لێرە بوویت و کاریگەری گەرمات بینیوە؟
 
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ بینیومە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زەحمەت لێرە پانەڵی وزەی خۆر دەبینم لە وڵاتێکدا کە تیشکی خۆر تێیدا هەمیشە هەیە، بەڵام پێموایە تاوەکو نرخی سووتەمەنی هەرزان بێت، ئەوە پڕۆژەیەکی باش نابێت و وەبەرهێنان تێیدا هیچ واتایەکی نابێت، بەڵام شتێکە کە من راستەوخۆ دەیکەم.
 
رووداو: دۆخی ئابووری و سیاسی لەم ناوچەیەی جیهان بەوجۆرەیە کە هەیە. ئێستا کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواشی هاتووەتە سەر. خەڵک لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە کۆچ دەکەن بۆ نەمسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا. ئێستا ئەوە کێشەیە بۆ یەکێتی ئەورووپا. سیاسەتی کۆچبەری نەمسا چۆنە؟
 
هەیدی سیکوێنز: نەمسا خۆی سیاسەتێکی دیاریکراوی کۆچبەری نییە. نەمسا ئەندامی یەکێتی ئەورووپایە. ئێمە ئێستا رێککەوتنی دەبڵینمان هەیە کە کاری پێناکرێت. بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە، کەسەکە دەبێت لە یەکەم وڵات کە دەچێتە ناوی داوای مانەوە بکات، بۆ نموونە کە دێن بۆ ئەورووپا یەکەم جار دەچنە بوولگاریا یان رۆمانیا، بەڵام کۆچبەران لەوێ نامێننەوە و دەیانەوێت بچنە نەمسا و ئەڵمانیا، ئەمەش بەڕاستی کێشەیە و زۆرینەری وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا پڕۆسەی یاساییان راگرتووە بۆ کۆچبەران و ئێستا نەمسا و ئەڵمانیا تاکە وڵاتن کە پڕۆسەی یاسایی گەڕانیان بە شوێن پەناخوازاندا هەیە و هاوتای یاساکانی یەکێتی ئەورووپایە. هەموو وڵاتانی دیکە چیدیکە ئەوە ناکەن، وەک هەنگاریا. ئەوان دەڵێن بەلامانەوە باشترە سزای دارایی بدەین نەک هیچ کۆچبەرێک لە وڵاتەکەمان هەبێت؛ بۆیە کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەم هەموو کۆچبەرە بەرەو دوو وڵات دەچن، بەڵکو ئەوەی دەیبینین ئەوەیە لە هەموو ئەو وڵاتانە پارتە راستڕۆکان دەسەڵات دەگرنەدەست. راستڕۆکان بەهێزترین پارت بوون لە دوایین هەڵبژاردنی نەمسا دا؛ لە ئەڵمانیاش لە هەڵبژاردنی هەرێمەکاندا دەنگی زۆریان بەدەستهێنا، ئەمەش بەهۆی زۆری کۆچبەرانەوە، کە کێشەیەکی گەورەیە.
 
رووداو: کەواتە ئێستا خەریکە کۆچبەری نەخشەی سیاسی وڵاتانی ئەورووپا لە نێوخۆدا دەگۆڕیت؟
 
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ بێگومان، بێگومان بە ئاراستەی راستڕۆکان.
 
رووداو: ئێستا راستڕۆکان لە هەڵکشانن، بەڵام هێشتا رەنگە بتوانین بڵێین وڵاتانی ئەورووپا سۆشیال دیموکرات و پارتەکانی نێوەڕاست تێیاندا بەهێزن. ئایا ئەوان هیچ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی دۆخەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە، لانیکەم شتێک دەکەن بۆ ئەوەی لە دەسەڵات دا بمێننەوە؟
 
هەیدی سیکوێنز: پێش هەموو شتێک من بە تەواوی هاوڕانیم لەگەڵ ئەوە. بۆ نموونە ئەگەر تەماشای ئیتالیا بکەیت ئێستا پارتێکی راستڕۆ لە دەسەڵاتە؛ پارتی ئوربانی راستڕۆ لە دەسەڵاتە؛ لە پۆڵەندا ئێستا حکومەتێکی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی دەیبینم جێی متمانە نییە و ناتوانن لەسەر سیاسەتێکی هاوبەش رازی بن. ئەوەی دەیبینم ئەوەیە هەموو کەسێک دەکشێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و پێیانوایە دەتوانن تەیمانێک بە دەوری وڵاتەکەیاندا دروست بکەن و رێگری بکەن لەوەی خەڵک بچێتە وڵاتەکەوە. بێگومان ئەمە کار ناکات. بۆیە پێموایە ئێستا لە کێشەیەکی گەورەدان چونکە ناتوانن لەسەر شتێک رێکبکەون کە کار بکات. یەکەم کار من بیکەم ئەوەیە کە زانکۆ لەمەدا گرنگە، ئەوەیە کە خەڵک پەروەردە بکەیت و وا لە خەڵک بکەیت لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە و لێرە روانینیان هەبێت.
 
رووداو: باسی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کرد کە چۆن لە ئاستی کێشەکانی وەک ئۆکراینا و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیدیکە کارا نییە. کەواتە بەجۆرێک یەکێتی ئەورووپا وەکو دامەزراوە ئێستا کارا نییە. بۆیە هەر وڵاتێک دەگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی خۆی؟
 
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ، لەم رووەوە بەڵێ؛ دەڵێن با تەیمانی خۆمان دروست بکەین.
 
رووداو: زانکۆی کورستان و زانکۆکانی دیکەش ساڵانە ژمارەیەک کەسی باشی بەتوانا بەرهەم دێنن کە ئامادەن بۆ کارکردن و توانایەکی باشیان هەیە، بەڵام کێشە لە هەلی کاردا هەیە لەم بەشەی جیهان، لەوانەش کوردستان. وەکو نەمسا چۆن دەتوانن هاوکاری کوردستان بکەن لەم رووەوە بۆ رەخساندنی کار؟
 
هەیدی سیکوێنز: بۆ رەخساندنی هەلی کار، لە راستی دا لە ئەورووپا ئێستا دۆخێکی جیاوازمان هەیە. خەڵکمان نییە کار بکات. لە دوای کۆرۆناوە وا دەردەکەوێت کە خەڵک لەناکاو نەما. زۆر کرێکاری کۆچبەر کە خەڵکی هەنگاریا و پۆڵەندا بوون گەڕانەوە و ئیدی نەگەڕانەوە.
 
ئەوەم بیستووە کە کێشەیەکی گەورە لە عێراق لە دامەزراندنی خەڵک دا هەیە، چونکە رێژەی بێکاری زۆر بەرزە، بەڵام پێموایە پەیوەندی بەوەشەوە هەیە کە ژمارەی دانیشتووان چۆن گەشە دەکات. پێموایە ئەوە جۆرێکە لە تەقینەوە، بۆیە ئەمە شتێکە کە دەبێت سەرەتا رووبەڕووی ببیتەوە. هەروەها کاری واتادار بکەیت، نەوەک ئەوەی کە کەمێک پارە بدەیە خەڵک بۆ ئەوەی بمێننەوە و بە زۆر بژین. لە کاتێکدا هیچ کارێکی وانەکەن.
 
رووداو: تۆ ئاماژەت بەوەکرد ئەو کەسانەی چوونەتە هەنگاریا و پۆڵەندا چی دیکە نەگەڕانەوە لە دوای کۆرۆنا، کەواتە نەمسا ئێستا پێویستی بە کرێکارە. حکومەتەکەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە دەکات؟
 
هەیدی سیکوێنز: نەخشە پلانێک هەیە پێیدەگوترێت سوور، سپی و سوور. ئەوە رەنگەکانی ئاڵاکەیە؛ سوور، سپی، سوور.. ئەوەش کار ناکات، پێم باشە نەمسا سیاسەتێکی وەکو ئەوەی کەنەدای هەبێت کە ئەو کەسانە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت. بۆ نموونە، پێویستمان بە کەسانی ئای تی هەیە، یان پەرستار، هەڵیبژێرین کە ئەمە و ئەوەمان دەوێت.
 
رووداو: ئێستا ئەڵمانیاش ئەوە دەکات. لە راستی دا ئێستا کار لەسەر یاسایەکی نوێ دەکەن کە لە پەرلەمان تێدەپەڕێندڕیت و وادەکات چوونە ئەڵمانیا زۆر ئاسانتربێت بەراورد بە ئێستا، تاوەکو خەڵک بەشێوەیەکی یاسایی کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا، بەڵام چ جۆرە خەڵکێک، خەڵکی بەتوانا و بەهرەمەند. پێتوایە لەگەڵ هەڵکشانی دەنگی راستڕۆکان لە نەمسا، دەرفەت دەبێت یاسایەکی لەو شێوەیە لە پەرلەمان تێپەڕێت؟
 
هەیدی سیکوێنز: پێموایە دەکرێت تێپەڕێت، بەڵام پێموایە ناڕەزایی هەیە لە لایەنی جیاواز جیاوازەوە، وەکو رێکخراوە ناحکومییەکان کە دەڵێن پێویستە مافی پەنابەری بدرێتە هەموو کەسێک. کێ مافی پەنابەری هەیە؟ بێگومان هەموو کەسێک کە لە سووریا و ئەفغانستانەوە دێن مافی پەنابەرییان هەیە، بەڵام کێشەکە هەر ئەوە نییە، بۆ نموونە ئێستا لە ئەڵمانیا یەک ملیۆن سووری دەژین کە هەموویان پەنابەر نین، بەڵکو بەشێکیان خێزانەکانیان کە دواتر هاتوون. ئێستا لە ڤییەننا هەموو مانگێک 300 منداڵمان هەن کە لە سووریاوە دێن.
 
رووداو: 300 منداڵ لە سووریاوە. ئەی هیچ ژمارەیەکت لەبارەی عێراقەوە هەیە؟
 
هەیدی سیکوێنز: نەخێر، پێم وانییە خەڵکی زۆرمان هەبن کە لە عێراقەوە بێن، ئەوان لە تورکیاوە دێن.
 
رووداو: هەڵکشانی راستڕۆکان لە نەمسا بە شێوەیەکی سەرەکی چی لە نەمسا دەگۆڕێت؟
 
هەیدی سیکوێنز: هیچ، ئەوان چارەسەریان ناوێت؛ نایانەوێت ئەم کێشەیەی کۆچبەران چارەسەر بکەن، چونکە خۆیان لەسەری دەژین. دەزانیت ئەگەر ئەو کیشەیە نەمێنێت ئەوانیش نامێنن.
 
رووداو: کەواتە پێشبینی دەکەیت ئەم کێشەیە بمێنێت؟
 
هەیدی سیکوێنز: راشکاوبم، لە راستی دا من زۆر گەشبین نیم.
 
رووداو:  ئایا کۆچبەری تاکە هۆکارە کە وایکردووە خەڵک دەنگ بە راستڕۆکان بدەن یان هۆکاری دیکەی وەکو ئابووری هەیە؟
 
هەیدی سیکوێنز: من دەڵێم دوو شت هەن. یەکێکیان کۆچبەری کە با ئەوەش روون بێت ئەو خەڵکەی دەنگ بە راستڕۆکان دەدەن خەڵکی هەژار نین. پێت وانەبێ کە هەژارەکانن، بەڵکو ئەو خەڵکانەن کە گەیشتوونەتە شتێک و ترسی ئەوەیان هەیە ئەو سەروەتە لەدەستبدەن، بۆیە دەکرێت هۆکارەکە کۆچبەری بێت. هۆکاری دیکە قەیرانی ئابوورییە، بەڵام ترسی لەدەستدانی ئەوەی خەڵکی پێیگەیشووە وادەکات دەنگ بدەنە راستڕۆکان.
 
رووداو: راستڕۆکان لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە هەندێک ناوچەی ئەورووپا نەیانبردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بۆ من دەمەوێت تێڕوانینی تۆ بزانم، چی وا لە خەڵک دەکات دەنگ بە راستڕۆکان بدەن لە ئەورووپا. ئایا تەنیا کۆچبەرییە یان هۆکاری دیکە هەیە؟
 
هەیدی سیکوێنز: بەشیکی گەورەی کۆچبەرییە، بەڵام دیسان دەیڵێمەوە ترسی لەدەستدانی ئەوەیە کە هەیانە. من لەو شارە بووم لە ئەڵمانیا و یەکێکە لە جوانترین ئەو شارانەی کە بینیومە و هەموو شتێک نایاب بوو وەکو چیرۆک بوو، چێشتخانەکان پڕبوون لە خەڵک و خەڵک دەیانخواردەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا، دەگەڕان و دەمگوت باشە لە چییان کەمە؟ لە چییان کەمە؟ بۆچی دەنگ بە پارتی راستڕۆ دەدەن کە هیچیان بۆ ناکات. لە راستی دا ترسە وایان لێدەکات، ترسێکی عەقڵانیش نییە بەڵکو میزاجییە.
 
رووداو: باشە، لێرە شتێکم بیرکەوتەوە کە باسی راستڕۆکان دەکەین. قسەیەکی سلاڤۆی ژیژەکم بیرکەوتەوە، رەنگە بیناسیت، زۆر بەنێوبانگە و کەسێکی چەپە، خۆی وەکو هێگیلیانێکی مارکسی دەناسێنێت، خەڵکی سلۆڤینیایە و بە مەترسیدارترین فەیلەسووفی جیهان ناوەزاندکراوە کە لە ژیاندا بێت لەلایەن گۆڤاری تایمزەوە. ئەو جارێک شتێکی سەرنجڕاکێشی گوت، گوتی ناکرێت لۆمەی راستڕۆکان بکەین کە دەیبەنەوە. ئەوکاتە باسی سەرکەوتنی ترەمپی دەکرد لە هەڵبژاردن دا کە ئەم قسانەی دەکرد، لەگەڵ هەڵکشانی راستڕۆکان لە ئەورووپا. مەبەستی ئەوەبوو سەرکەوتنی راستڕۆکان واتای ئەوە نییە کە شتێکیان پێیە بۆ خەڵک بەڵکو ئەگەر نیشانەی شتێک بێت نیشانەی ئەوەیە کە چەپ و شۆسیال دیموکرات و لیبراڵەکان لە چەند دەیەی رابردوودا شکستیان هێناوە لەو بەڵێنانەی بە خەڵکیان داوە. تۆ چی دەڵێیت لەم بارەیەوە؟ پێتوایە سەرکەوتنی راستڕۆکان لانیکەم لە نەمسا، ئەوە نییە کە خەڵک ترسیان لەوە هەیە شتێک لەدەست بدەن بۆیە دەنگ بە راستڕۆکان دەدەن، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە کە چیتر متمانەیان بەو بەڵێن و سیاسەتەکانی لایەنەکان دیکە نییە  کە چەندین دەیە تاقیان کردنەوە و ئێستا دەزانن کار ناکات؟
 
هەیدی سیکوێنز: بۆ نموونە، ڤییەننا لانیکەم بۆ سەد ساڵ لەلایەن سۆسیال دیموکراتەکانەوە بەڕێوەبرا، جگە لە کاتەکانی جەنگ و ئەو شتانە کە خۆت دەیزانیت، تەنانەت بۆ منیش کە لە پارتی سەوزم، ڤییەننا یەکێکە لە گونجاوترین شارەکانی جیهان بۆ ژیان، هەموو ساڵێک وەکو گونجاوترین شار بۆ ژیان دەنگی بۆ دەدرێت. هەندێک جاریش دەپرسیت بۆچی خەڵک وا دەکەن و دەنگ دەدەنە راستڕۆکان، چونکە خانووبەرە هەرزانە و گواستنەوەیەکی گشتی زۆر باشیان هەیە لەگەڵ سیستەمێکی پەروەردەی باش، سیستەمێکی باشی تەندروستی، لەگەڵ ئەوەشدا لە خۆت دەپرسی چی وادەکات دەنگ بە راستڕۆکان بدەن؟ کاتێک قسە لەگەڵ خەڵکیش دەکەیت، دەڵێن ئاخر ئەو خەڵکە گەنجە ئەفغانییانە لە وێستگەکانی شەمەندەفەر دەبینین و دەترسێن.
 
رووداو: لێیان دەترسن؟
 
هەیدی سیکوێنز: میدیاش پاڵ بەمەوە دەنێت، بەشێکی زۆری میدیایە.
 
رووداو: میدیا یان سۆشیال میدیا؟
 
هەیدی سیکوێنز: سۆشیال میدیا بە دیاریکراوی، بەشێوەیەکی سەرەکیش تیکتۆک، بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم تیکتۆک.
 
رووداو: کەواتە تیکتۆک پلاتفۆرمی سەرەکییە؟
 
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ، کاتێکیش دێتە سەر راستڕۆکان تیکتۆکە، لەلایەکی دیکەشەوە ئیسلامییەکان، ئەوانیش راستڕۆن، چونکە بۆ من، ئیسلامی و راستڕۆکان دوو دیوی یەک دراون. ئەوان لە نەمسا لە رێگەی تیکتۆکەوە دەگەنە منداڵان. لە رێگەی میدیای سەرەکییەوە ناتوانی بگەیە ئەم خەڵکە، چونکە درۆ دەکەن، ئەوان هەر درۆ دەکەن. بۆیە لە رێگەی گرووپی واتسەپ و ئەم شتانەوە زانیاری بڵاودەکەنەوە.
 
رووداو: لە راستی دا ئێمەش لێرە کێشەمان لەگەڵ تیکتۆک هەیە کە کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە. کچان و کوڕان، بەڵام نەک لەڕووی سیاسییەوە بەڵکو کێشەکانی ئێمە جیاوازن لەگەڵ ئەوەدا، بەڵام ئێوەش هەمان کێشەتان هەیە، بە دیاریکراوی لەگەڵ تیکتۆک؟
 
هەیدی سیکوێنز: زیاتر ئیسلامییەکان کاریگەرن لە تیکتۆک، چونکە ئەمە ئامرازە سەرەکییەکەیە کە بەکاریدێنن و زۆر باشن تێیدا، من قسەم لەگەڵ گەنجێک کرد کە لە سووریا ببوو و بە جۆریک هەستی بەوە کرد ئەوەی کردوویەتی زۆر پووچە، ئێستا ئەو قسە بۆ منداڵان دەکات و باسیی ئەوەیان بۆ دەکات کە چی بەسەرهاتووە و چۆن کراوەتە تووندڕۆ، ئەو دەڵێت کە ئیسلامییەکان زۆر بەتوانان لەو بوارەدا، ئەوان بەتوانان لەوەی کە دەیکەن لەلایەکی دیکەوە ئامارمان هەن کە پێمان دەڵێن چیدیکە لە ریگەی میدیای ئاساییەوە ناگەینە گەنجان، تەنانەت لە رێگەی سۆشیال میدیاشەوە پێیان ناگەین، ئێستا ئەوان لەنێو گرووپەکانی واتساپی خۆیانن و هەموو کەسێک شوێنێکی تایبەتی خۆی هەیە و تەنیا گوێیان لەوە دەبێت کە خۆیان دەیانەوێت.
 
رووداو: لە سۆشیال میدیا کێشەکە ئەوەیە کە لە راستی دا تۆ بە هەموو خەڵکەوە گرێدراو نیت، بەڵکو ئاڵگۆریزمەکە بەشێوەیەک ئاراستەت دەکات کە لە کۆتاییدا لەنێو بازنەکەدای و تەنیا ئەو شتانە دەبینیت کە خۆت حەزیان لێدەکەی.
 
هەیدی سیکوێنز: بەڵێ، ئەوەی دەتەوێت بیبیستی، بەڵێ.
 
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە ڤییەننا چۆنە؟
 
هەیدی سیکوێنز: دەتوانم بڵێم زۆر نزیکە و هەمیشە هەر وابووە، نامەوێ باسی هەموو ژیانی خۆمت بۆ بکەم، بەڵام تەنانەت کاتێک خوێندکاربووم و لە بەشی نێوخۆیی بووم، خوێندکاری کوردمان لەگەڵ بوون و ئەوان بانگهێشتان دەکردم بۆ ئاهەنگەکانیان، بۆیە بەم شێوەیە لە نزیکی ئەوانەوە گەورە بووم، کورد هەمیشە ئەو وێنەیەیان هەیە کە لیبراڵترین کەسن، ئەو کەسانەن کە بە راستی دەیانەوێت پەیوەندییان لەگەڵمان هەبێت، ئێستاش من پەیوەندیم لەگەڵ هەموو کۆمەڵە کوردییەکان هەیە و هەمیشە بانگهێشت دەکرێم بۆ قسەکردن، تەنانەت چاودێری هەڵبژاردنەکان بووم لە هەرێمی کوردی لە تورکیا، بۆیە بەڵێ دەڵێم کە پەیوەندیم زۆر باشە و من بەڕێز رەمەزانیش دەناسم کە بەرپرسی نووسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ڤییەننا. لە دڵمەوە نزیکن.