وەزیری کاروباری شەهیدان: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتووانی دەسەڵاتی بەعس دروستدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، لەبری 20 هەزار زەوی کە تایبەتە بە زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستدەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''پلانمان هەیە سەردانی بەغدا بکەین و یەکێک لەو خاڵانەش باس دەکرێت، قەرەبووکردنەوەی ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی خەڵکی کوردستانە.''
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە دۆخی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و پلانی وەزارەتەکەی بۆ ئەو توێژە کرد.
رۆژی 14-4-2023، 35 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بەعس لە عێراق بۆ قڕکردنی گەلی کورد. ئەو هەڵمەتە کە بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک ئەنجامدرا؛ لە 22ـی شوباتی 1988ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو. قۆناخی سێی ئەنفال رۆژی 14-4ـی 1988بوو و بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو، ئەو رۆژە بە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەڵێت، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە دەرخستەی کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری گەرمیان مۆنیۆمێنتێک بۆ ئەنفالکراوان دروستبکرێت، ''بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانەوە نەمانتوانیوە ئەو پلانە جێبەجێ بکەین؛ بەڵام پلانەکە زیندووە و بەردەوامە.''
نزیکەی 127 رووفاتی ئەنفالکراوان لە بەغدان و تاوەکو ئێستا نەهێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەوبارەوە گوتی، گرفتی سەرەکی ئەم بابەتە لە نێوان کەسوکاری شەهیدانی جینۆسایدکراوی گەرمیان و چەمچەماڵە، ''بەپێی بەڵگەکان، رووفاتەکان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ خۆیان دەبیننەوە، بەڵام خواستێکی دیکە هەیە کە داوا و پێداگری دەکەن ئەوانە خەڵکی گەرمیانن.''
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان و چەمچەماڵ دەکات کە هاوکار بن بۆ ئەوەی بە هەمان میکانیزمی پێشوو رووفاتەکان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ''ئەگەر ئەوان کێشەمان بۆ دروست نەکەن، بۆ هێنانەوەیان ئێمە هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر و لە مۆنیومێنتی چەمچەماڵ شوێنمان بۆ ئامادەکردوون.''
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان پێیوایە کابینەی سوودانی سەردەمێکی نوێیە بۆ پڕۆسەی سیاسی، هاوئاهەنگی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەشڵێت، ''پلانمان هەیە سەردانی عێراق بکەین و یەکێک لەو خاڵانەش کە باس دەکرێت، قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی خەڵکی کوردستانە.''
بەگوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، لەبری 20 هەزار زەوی کە رەزامەندییان هەیە و تایبەتە بە زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان وئەنفالکراوان، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستدەکرێت و بە شێوەی شووقە دەبێت. دەشڵێت، بەپێی یاسای چاکسازی، ئەو هەنگاوە سەرجەم کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، ئەنفالکراوان دەگرێتەوە و دەڵێت، ''ئێستا راپۆرتەکەمان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانە و هیوادارم لە ماوەیەکی کورتدا وەڵام بدرێتەوە بۆ ئەوەی رێکارەکان بگیرێنەبەر و بە زووترین کات ئەم پڕۆسەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود
رووداو: بڕیارە ئەمساڵ هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ساڵیاد و رێوڕەسمی تایبەت بە ئەنفال بە تایبەتی لە گەرمیان و لە ناحیەی رزگاری بەڕێوەببات؛ داواکاری و گلەیی کەسوکاری ئەنفالکراوان تاوەکو ئێستا هەیە؛ تاوەکو ئێستاش مۆنیومێنتێکی شایستە بە خەڵک و بەو کارەساتە گەورەیە لە گەرمیان دروست نەکراوە؛ بڕیاربوو بە تایبەتی لە ناحیەی رزگاری و گەرمیان مۆنیومێنتێکی شایستە دروست بکرێت، بۆچی دروست نەکرا؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان، سەرەتا بەخێرهاتنتان دەکەین. لەم رۆژەدا سەری رێز و وەفا بۆ شەهیدان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین کە ئەمڕۆ لە مێژووی گەلی کوردستان رۆژێکی ناخۆشە و هەزاران کەسی سڤیلی هەرێمی کوردستان یان کوردستان بەگشتی جینۆساید کران. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای راپەڕین و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە کابینەی یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە دەستی هاتیبێت درێخی نەکردووە بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بەڵام ئەوەی جەنابت باسی دەکەی بێگومان هەرچی بکرێت بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی قوربانیانی جینۆساید ناگاتە ئەوەی کە زامی قووڵی کەسوکاری شەهیدان بەگشتی و بەتایبەتی جینۆسایدکراوانی گەلی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی ساڕێژ بکات. ئێمە لە پلانماندا هەبوو و لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە دەرخستە و دیزاینمان ئامادە کرد کە لە سنووری گەرمیان مۆنیومێنتێک دروست بکەین و تاوەکو ئێستاش لە پلاندا هەیە و ساڵانەش نوێی دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان نەمانتوانیوە ئەو پلانە جێبەجێ بکەین، بەڵام پلانەکە زیندووە و بەردەوامە و فەترەیەکی کەم لەمەوپێش دیسان گفتوگۆمان لەسەر ئەو پلانە کردەوە و هیوادارم بتوانین لەم کابینەیەدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: بودجەیەکی هێندە گەورەی پێویستە کە ناتوانن جێبەجێی بکەن؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: مۆنیومێنتەکان تەنیا یەک شوێن نییە، بە خۆشحاڵییەوە لە هەندێک شوێن مۆنیومێنت دروستکراوە، بەڵام وەکو پێویست نییە. ئەو مۆنۆمێنتانە لە قۆناخێکی دیاریکراودا کراون کە دیزاین و بنیاتنانی مۆنیومێنتەکان لە کاتی خۆی گونجاو بوو بۆ ئەو سەردەمە، بەڵام ئێستا پێویستی بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی مۆنیومێنتی نوێ هەیە. بۆ نموونە، مۆنیومێنتی هەڵەبجەی شەهید. ئێمە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لیژنەمان دروستکرد و بە خۆشحاڵییەوە دوای ئەوەی کە سەرۆکایەتیی لیژنەکە لە دیوانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بوو، دوای چەند مانگێک بەدواداچوون، دەرخستە، دیزاین و ئامادەسازی، بە راپۆرتێک پێشکێشی ئێمەیان کرد و ئێمەش ناردوومانەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران. مەبەستم ئەوەیە مۆنیومێنت تەنیا یەک جێگە نییە.
رووداو: لە هەولێریش هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری لەسەر نەکراوە.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: لە هەولێریش کارمان لەسەر کردووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگاری هەولێر کە ئەویش لە کۆتایی و تەواوبووندایە. خواستێکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی مۆنیومێنت یان نۆژەنکردنەوەیان یان گۆڕینیان، تەنانەت خواست و داواکاری بۆ دووکان، دهۆک و بارزانیش هەیە.
رووداو: یانی چەند مۆنیومێنتێک دروستدەکەن لە شارە جیاجیاکان؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵی، بۆ چەند مۆنیومێنتێک دیزاین، پلان و بەرنامەمان هەیە، بەڵام ئەوەی کە جەنابت باسی دەکەی ئەوەی گەرمیان کاری لەپێشینەیە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت و کاریشمان لەسەر کردووە.
رووداو: 127 رووفاتی ئەنفالکراوان ماوەی دوو ساڵە لە بەغدان و تاوەکو ئێستا نەهێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. کێشەکە لە پشکنینی دی ئێن ئەیدایە کە تاوەکو ئێستا بۆیان نەکراوە؟ بۆچی تاوەکو ئێستا پشکنینیان بۆ نەکراوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئەم پرسیارە پرسیارێکی بەجێیە و خۆتان دەزانن مەسەلەی دادگە و یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانی جینۆساید، بە خۆشحاڵییەوە لە دادگەی باڵای تاوانەکان لە عێراق کاتی خۆی یەکلاییکراونەتەوە، لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریان بۆ دەرچووە، ئێستا پێویستە دەوڵەتی عێراق داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات و حکومەتی عێراقیش قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکاتەوە؛ ئەم پڕۆسەیە پێشتر بەو شێوازە کراوە، ئێمەش وەکو وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەمانەوێت هەمان میکانیزمی پێشوو جێبەجێ بکەین؛ ناکرێ لە نیوەی پڕۆسەکەدا بە ئاستێکی دیکە بیگۆڕین، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەم کێشەیەی جەنابت باسی دەکەی لە نێوان کەسوکاری شەهیدانی جینۆسایدکراوی گەرمیان و چەمچەماڵە. بەپێی بەڵگەکان کە هەیە و لە رێگەی مۆنیومێنتی چەمچەماڵ و ئەوانەی کە بە دەستی ئێمە گەیشتوون، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ خۆیان دەبیننەوە، بەڵام خواستێکی دیکە هەیە و داوا و پێداگری دەکەن و دەڵێن نەخێر، ئەمانە خەڵکی گەرمیانن.
رووداو: دی ئێن ئەی ئەم پرسە یەکلا دەکاتەوە. بۆچی تاوەکو ئێستا پشکنینیان بۆ نەکراوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: پشکنینی ناسینەوەی ئێسک کراوە و لەسەر رووفاتەکان هەمووی کۆدی خۆیان هەیە. تۆ دەتوانی بڵێی سامپڵی خوێن لە کەسوکاریان، ئەوەش پڕۆسەیەکە بە ماوەیەکی کەم یەکلایی نابێتەوە، کەسوکارەکان هەندێکیان نایانەوێت، خۆ بەزۆر ناتوانی کەسوکاری جینۆسایدکراوان بهێنی و داوای سامپڵی خوێنیان لێ بکەی. چەند جارێکیش بەداخەوە لە دەرەوەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوایان کرد کە لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە سامپڵی خوێن وەربگیرێت، بەڵام دواجار کەس ئامادە نەبوو و نەچوون. لەبەر ئەوە بۆ ئەم پرسە ئێمە پێمان وایە بەپێی بەڵگەکان بە هەمان رێکاری پێشووی کابینەکانی پێشوو، هەمان رێچکە بگرینەبەر و دواجار ئەمانە کۆدی ناسینەوەی ئێسکیان لەسەرە و لە کاتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید، دەکرێت بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو کۆدانە و هەر کەس کەسوکاری خۆی ناسییەوە، دواجار دەتوانێت هەر بڕیارێک بدات لەسەر مانەوەی لەو مۆنیومێنتە یان گواستنەوەی بۆ جێگەیەکی دیکە.
ئێمە دەمانەوێت بە هەمان رێکار و میکانیزمی پێشوو بێت، بەڵام ئەو گرفتە بە داخەوە لە نێوان کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوانی چەمچەماڵ و گەرمیان چووەتە ئاستێکەوە و دەمانەوێت چارەسەری بکەین، بەڵام بە راستی بەرپرسیارێتییەکیشە لەسەر ئێمە وەکو وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر خودی کەسوکاری شەهیدانیش؛ رووفات هەڵدڕاوەتەوە؛ بەپێی هەموو رێکاڕێکی یاسایی، ئینسانی و بنەما ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان، ناکرێ ئەو رووفاتانە کاتێکی زۆر لە جێگەیەک بمێننەوە؛ بۆیە لێرەوە داوا دەکەم لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی گەرمیان و چەمچەماڵ بگەنە ئەو ئاستەی کە هاوکار و هاریکاری ئێمە بن بۆ ئەوەی بە هەمان میکانیزمی پێشوو رووفاتەکان بهێنینەوە. ئەگەر ئەوان کێشەمان بۆ دروست نەکەن، بۆ هێنانەوەیان ئێمە هەموو رێکارێکمان گرتووەتەبەر. شوێنمان بۆ ئامادەکردووە لە مۆنیومێنتی چەمچەماڵ، دەرخستەمان بۆ کردوون، دیزاینی بۆ کراوە، لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و لە مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ هەموو رێکارێک گیراوەتەبەر، تەنیا ئەوەیە کەسوکاری شەهیدانی جینۆسایدکراوی سنووری گەرمیان و چەمچەماڵ هاوکارمان بن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر هێنانەوەی ئەو رووفاتانە دوا نەکەوێت.
رووداو: کەسوکاری ئەنفالکراوان بەرەبەرە تەمەنیان زۆر بووە و خەریکە کۆچی دوایی دەکەن. پشکنینی دی ئێن ئەی لەوانە وەرنەگیراوە. ئەگەر ئەوانە وەفات بکەن و رووفاتی نوێ بدۆزرێتەوە یان بهێندرێتەوە، رەنگە روون نەبێتەوە کەسوکاری کێن. ناکرێ پشکنینی دی ئێن ئەی و سامپڵی خوێنیان لێ وەربگیرێت و لە شوێنێک هەڵبگیرێت بۆ ئەو کاتەی رووفاتێک دۆزرایەوە بەروارد بکرێن بە یەکدی؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: پلانمان هەیە ئەم کارە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە ناتوانین بە زۆر سامپڵی خوێن لە کەسوکاری جینۆسایدکراوان وەربگرین و دەبێ خۆیان ئارەزوومەندانە لەگەڵ ئەم پڕۆسەیە بن. ئەم پڕۆسەیە تازە سەری هەڵداوە و لە رابردوودا بەپێی ئەو رێکارانەی کە کراوە، ناسینەوەی ئێسک کراوە و کۆدی لەسەر داندراوە و بەپێی ئەو بەڵگانەی هەبووە، بەپێی رێککەوتی ئەنفال کە کراوە، بەپێی مانگەکان، کات و شوێنەکان کە هی چ ناوچەیەکن، بڕیاری لەسەر دراوە و هاتووەتەوە. بەپێی ئەو بەڵگانەش ئەمانە خەڵکی سنووری قەزای چەمچەماڵن؛ لەبەر ئەوە پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت و ئەوانیش خۆیان دەبێ هاوکار بن. ئایا کەسوکاری جینۆسایدکراوان چەندە ئامادەییان تێدا هەیە کە سامپڵی خوێنیان لێوەربگیرێت یان نموونەی خوێنیان لێوەربگیرێت، بێگومان پڕۆسەکە زۆر قورس نییە، بەڵام کارمان لەسەر کردووە و ئینشاڵڵا ئەنجامی باشیشی دەبێت.
رووداو: بەپێی مادەی 132ی دەستووری عێراق و بەپێی یاسایەک کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێ عێراق قەرەبووی زیانلێکەتووان، قوربانیانی ئەنفال، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بکاتەوە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە نەکراوە، کێشەکە چییە؟ حکومەتی عێراق ئامادە نییە ئەمە بکات؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: باسم کرد، لە دادگەی باڵای عێراق کەیسەکان یەکلایی بوونەتەوە، لە پەرلەمانی عێراقیش بڕیار دەرچووە؛ ماوەتەوە دەوڵەت، کە دەڵێم دەوڵەت یانی سەرۆککۆمار. دەوڵەت بۆ ئەو کردەوە و کارە جینۆسایدیانەی کە کراون، داوای لێبوردن لە تەواوی گەلانی عێراق بە تایبەتی لە خەڵکی کوردستان بکات. بە خۆشحاڵییەوە جەنابی سەرۆککۆماریش کوردە و دوابەدوای داوای لێبووردن لەلایەن سەرۆککۆمارەوە وەکو دەوڵەتی عێراق، حکومەتی عێراقیش پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکاتەوە.
رووداو: ئەمە بۆچی تاوەکو ئێستا نەکراوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: هەوڵمان زۆر داوە و منیش خۆم پرسیار دەکەم و دەڵێم خۆ لۆبییەکی کوردستانی زۆر هەیە لە بەغدا. سەرۆککۆمار کوردە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کوردە، زۆربەی وەزارەتەکان کوردن.
رووداو: بیرکردنەوەی بەغدا چییە بەرامبەر ئەم کردەوانەی کە کراون؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: پێم وایە ئەم کابینەی محەممەد شیاع سوودانی سەردەمێکی نوێیە بۆ پڕۆسەی سیاسی و بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری هەرێمی کوردستان و عێراق، پێشتر بەداخەوە نەچوونەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان، ئەوە روونە؛ لەم کابینەیەدا ئێمە پلانمان هەیە سەردانی عێراق بکەین و یەکێک لەو خاڵانەش باسی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی گەلی کوردستان دەکەین کە یەکێکە لە خاڵ و داواکارییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
رووداو: جگە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئامارێکی ورد هەیە کە چەند گوند، شار و شارۆچکە وێران بوون بەهۆی تاوانەکانی بەعس؟ هیچ داواکارییەکتان پێشکێش کردووە بە عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، لە کابینەی پێشوودا خەمڵاندنێک کراوە و لیستێک پێشکێشکراوە لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دۆسیەیەکی گەورەیە و نزیکەی 300 لاپەڕە دەبێت و خەمڵاندن کراوە بۆ قەرەبووی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ناوچە وێرانکراوەکان، گوند، شار و شارۆچکەکان. لە پڕۆسەی ئەنفال جگە لە گوندەکان چەندین شار و شارۆچکە وێران کران، وەکو پێنجوێن، هەڵەبجە، سەیدسادق و حاجی ئۆمەران.
رووداو: خەمڵاندنەکە بە پارە کراوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، خەمڵاندن بە پارە کراوە، رێژەیەک داندراوە بەڵام ئەو رێژەیە بەپێی پێوەر و ستانداردێک خەمڵاندن کراوە، واتا ئینسان، گوند، شار و شارۆچکە، مەڕوماڵات، خانوو و کەرەستە و پێداویستییەکانی ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان کە لەو کاتەدا وێران کراون، هەمووی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بۆکراوە و بە دۆسیە هەموومان لایە.
رووداو: من جارێک ئەم دۆسیەم بینی. 380 ملیار دۆلار بوو، زۆر نییە ئەم پارەیە؟ حکومەتی عێراق دەچێتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان بەو بڕە پارەیە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: ئەم پڕۆسەیە لەسەر بڕەکە نییە، لەسەر چوونە ژێرباری بڕیاری قەرەبووکردنەوەکەیە. ئەگەر حکومەتی عێراق بڕیاری دا ئەو کاتە قسەیەکیان هەبوو لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەکرێت لە کاتی خۆیدا قسەی لەسەر بکرێت.
رووداو: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار دراوە کە خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەبێت. بۆ نموونە، بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە بری دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا، ئەم بڕیارە چۆنە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: کۆمەڵێک قوربانیی زۆرمان لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ شەهیدی بەرگری رزگاریی نیشتمانی، شەهیدی کیمیاباران، شەهیدی ئەنفال و جینۆساید بە گشتی. گەلی کورد گەلێکی جینۆسایدکراوە و دەتوانین بڵێین وڵاتێکی شەهیدپەروەرە. ئێمە بڕیارێکی زۆرمان هەیە بۆ پێدانی زەوی بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان. ئەم پڕۆسەیە بەداخەوە لە رابردوودا وەک پێویست خوێندنەوەی بۆ نەکراوە و سەرکەوتوو نەبوون؛ زەوییەک دراوە بە میراتگری شەهیدێک، زەوییەکە بە رێژەیەکی کەم پێیدراوە. لەو سنوورە ئەگەر بیفرۆشتبایە بە هەرشێوەیەک، شەهیدەکە ئیمکاناتیشی نییە، ئەو مینحەیەی وەریدەگرێت، زۆر کەمە، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر خاوەنی منداڵ بێت ناتوانێت خانووی لەسەر دروستبکات، ناچار بوون پەنایان بردە بەر فرۆشتنی و بە پارەیەکی کەمیش فرۆشتیان.
میراتگری شەهیدەکە پێیوایە حکومەت هیچی بۆ نەکردووە، بەڵام بەپێی یاساش سوودمەند بووە، ئەگەر بەپێی یاسا ئێمە مامەڵەی لەگەڵ بکەین ئەو شەهیدانە سوودمەند بوون، لە لایەکی دیکەوە ئەو زەوییانەی کە تاوەکو ئێستا فەرمانیان هەیە و جێبەجێ نەکراوە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، نزیکەی 20 هەزار رەزامەندییە، ئەم 20 هەزار رەزامەندییە لە رووی رووبەرەوە رێژەیەکی زۆر داگیر دەکات. ئێمە پێشنیازێکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد و بە خۆشحاڵییەوە گفتوگۆی لەسەر کرا و سەرۆکی حکومەت، جەنابی کاک مەسرور خۆیشی زۆر داکۆک بوو لەسەر کاری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بەو ئەنجامە گەیشتین وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، وەکو شارەوانی، وەزارەتی داد، کشتوکاڵ، ئەو وەزارەتانەی کە پەیوەندیدارن لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستەی وەبەرهێنان، خوێندنەوەیەک بکەن و لەبری پێدانی زەوی بە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکرێت بۆ ئەوانەی رەزامەندییان هەیە و تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دوای گفتوگۆیەکی زۆر، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی کرد و هەندێک تێڕوانین و تێبینیشی هەبوو و ئەو وەزارەتانەی راسپارد، ئێمەش راپۆرتەکەمان تەواوکرد و ناردوومانەتەوە.
رووداو: یانی ئەو 20 هەزار کەسەی کە رەزامەندیی زەوییان هەیە بۆیان دەبێت بە یەکەی نیشتەجێبوون؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: دەبێت بە یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام مەرجێک هەیە کە لە یاسای چاکسازی ئەوانە پشتڕاستبکرێنەوە. بەپێی یاسای چاکسازی، هەموویان دەگرێتەوە؛کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، بەپێی یاساکان ئەوانەی یاسا دەیانگرێتەوە مافی خۆیانە و مافی خۆشیان وەردەگرن. ئێستا راپۆرتەکەمان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانە و هیوادارم لە ماوەیەکی کەمدا وەڵام بدرێتەوە بۆ ئەوەی رێکار بگیرێتەبەر بە زووترین کات ئەم پڕۆسەیە بچێتە بواری جێبەجێکردن.
رووداو: هەر لەسەر پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی، لە گەرمیان کەسوکاری ئەنفالکراوان زەوییان پێدراوە، بەڵام ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە ئەم زەوییانە کشتوکاڵین و کێشەیان لەسەرە و تاوەکو ئێستا بە ناویان نەکراوە و تاپۆ نین، چارەسەر دەکرێت؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بیرۆکەیەکە لەوەوە هاتووە کە 20 هەزار زەوی رووبەرێکی زۆری زەوی دەگرێت، ئەگەر بیکەی بە یەکەی نیشتەجێبوون زۆر کەم دەبێتەوە.
رووداو: یانی شوقە دەبێت، خانوو نابێت؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: شوقە دەبێت، دووەم سوودێکی دیکەشی هەیە بۆ کەسوکاری شەهیدان، سوودمەند دەبن، چونکە تۆ لە کوێ زەوییەک وەربگری کە پارەیەکی کەم بکات لە بازاڕدا و ئیمکاناتیشت نەبێت بیکەیتەوە، لە کوێ حکومەت یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات و دواجاریش لە مامەڵە و ئاڵوگۆڕدا پارەیەکی زۆر دەکات، بەڵام کەسوکاری شەهیدان مافی خۆیانە و من بە راستی پشتگیرییان دەکەم.
رووداو: کەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: لای ئێمە تەواو بووە و تەنیا ئەوەیە لە نووسینگەی بەرێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانێکی بۆ دەربکرێت. ئێمە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان رێکار دەگرینەبەر و دەتوانین بڵێین لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: بڕیاڕدراوە مینحەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مینحەی زیندانیانی سیاسیی عێراق یەکسان بکرێت. کەی ئەمە دەستپێدەکەن؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: خۆتان دەزانن هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و خاوەنی یاسای خۆمانین، پەرلەمانێکیشمان هەیە، هەموو ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی کوردستان دەردەچن، کارپێکراون و هیچ بەریەککەوتنیشیان لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی عێراق نییە. ئێمە بەپێی دەستوور و یاساکانی خۆمان مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان، یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و دواجار وردکردنەوەیان بە پەیڕەو، رێنمایی و رێکار دەکەین. بێگومان ئێمە هەوڵ دەدەین لەم سەردانەمان بۆ عێراق، یەکێک لەو خاڵانە ئەوە بێت کە داکۆکی بکەین حکومەتی عێراق بودجەیەکی سیادی دابین بکات. خۆتان دەزانن ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ عێراق نەماوە، مەسەلەی یەکخستنی داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق...
رووداو: یانی دەبێ عێراق ئەوە بکات؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: عێراق دەبێت بودجەیەک مەزەندە بکات کە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراقدا بێت. ئەو بودجەیە رادەستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکات و ئێمەش بەپیی یاساکانی خۆمان بە زووترین کات بتوانین مەسەلەی زیندانیانی سیاسی یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر پەرلەمانی کوردستان خواستی لەسەر ئەوە بوو ئەم یاسایە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، دواجار چەند رێگەیەک هەیە بۆ ئەوەی یاساکان هەموار بکرێنەوە.
رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق نەیکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی توانای ئەوەی هەیە هاوتای پێبەخشینی زیاندانیانی سیاسیی عێراق، پێبەخشینی زیندانیانی سیاسی زیاد بکات؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بەڵێ، ئەگەر حکومەتی عێراقی بودجەکەمان بۆ بخەمڵێنێت و رادەستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بکرێت، بەڵێ بێگومان؛ هیچ بیانوویەکیش نەماوە، داهات رێکخراوە و رێککەوتنکراوە و داهاتی هەمووی عێراق بووەتەوە بە یەک بە کوردستانیشەوە، لەبەر ئەوە پێویستە ئەم شتانەش یەکبخرێن، ئینجا ئەم پڕۆسانە دوورودرێژن، هەر زیندانی سیاسی نییە، رەنگە فەرمانبەرانیش هەمان تێڕوانینیان لەسەر بێت، دامودەزگاکانیش هەمان تێڕوانینیان لەسەر بێت، لەبەر ئەوەی شتەکە گشتگیرە، بەڵام دواجار دەبێت بەدواداچوون بکەین و دەبێ خەمسارد نەبین. ئەو رێککەوتنەی کراوە قۆناخێکی باشە و سەرەتایەکی نوێیە بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاریی ئێمە و حکومەتی عێراق. پەیوەندییەکان بەرەو پێش چوون. ئەو سەردانانەی ئەم دواییانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت قۆناخی باشی بڕیوە و وەزارەتەکانیش دیاریکراون. هەر وەزارەتەی بەپێی پسپۆڕیی خۆی لەگەڵ بەرامبەرەکەی لە حکومەتی عێراقی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی بکات؛ هەرچەندە سەردانی ئێمە زیاتر رووبەڕووی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەبێتەوە و لەسەر ئەم پرسانە لەگەڵ ئەو گفتوگۆ دەکەین.
رووداو: لیژنەیەکیش لە ئەنجوومەنی وەزیران دروستکراوە بۆ تەواوکردنی دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە تاوەکو ئێستا دۆسیەکەیان تەواو نەبووە، کاری ئەم لیژنەیە گەیشتووەتە کوێ؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: بڕیار بوو ئەمڕۆ کۆبوونەوە بکەین، بەپێی یاسای چاکسازی لیژنەیەک دیاریکرا بۆ ئەو زیندانیانەی کە ماف و ئیمتیازیان دیاریکراوە، بەپێی یاسای چاکسازی، ئەوانە نزیکەی 5 هەزار و 250 کەسێک بوون و کۆتایی پێهات؛ ئێستا لیژنەیەکی نوێ دروستکراوە بۆ ئەوانەی کە ماف و ئیمتیازیان دیارینەکراوە بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدات. ئەم لیژنەیە نوێنەرایەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە بە تایبەتی وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
رووداو: لە تەواوکردنی مەلەفی ئەم زیندانیی سیاسییانە بە کوێ گەیشتوون؟
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: هەر ماوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین و رێکارێک بگرینەبەر و کاری لەسەر بکەین.