ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا بۆ رووداو: دەبێت مافی گەلی کورد پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا لە پارتی کار دەڵێت، پارتەکەی هەمیشە هاوسۆزیی لەگەڵ گەلی کورد هەبووە؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە، گرنگە مافی گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت پارێزراو بێت.
پیتەر هەین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەریتانیا رایگەیاند، "پارتی کاری ئێمە بەردەوام هاوسۆز و پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە. زیاتر لە 50 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهاندا هەن و لەنێویاندا 300 هەزار کورد لە بەریتانیا هەن وڵاتینامەی بەریتانیایان هەیە، منداڵیان هەیە و بەشدارییەکی گەورەیان لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە. هەربۆیە پارتی کار لە بواری مافەکانی مرۆڤ، مافە سیاسییەکان و دادپەروەری لە تەواوی جیهان، زۆر پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کوردی رۆژئاوای کوردستان، پیتەر هەین گوتی، "سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر هەمەچەشنە لەڕووی ئایین، کۆمەڵگە و داب و نەریت، لەنێویاندا کۆمەڵگەی کوردی هەیە کە کۆمەڵگەیەکی زۆر گرنگە لەو وڵاتە؛ دەبێت مافی ئەو کۆمەڵگەیە پارێزراو بێت، ئەوان لەلایەن جیهادییەکانی نێو سووریاوە هێرشیان دەکرێتە سەر، هەروەها لەلایەن تورکیاشەوە هێرشیان دەکرێتە سەر."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا گوتی، "دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی لە هەر کوێیەک گەلی کورد هەبێت، لە عێراق، ئێران، تورکیا یان سووریا مافی پارێزراو دەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز هەین، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بەشداریت. با لە حکومەتی ئێستاوە دەستپێبکەین، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پارتەکەی خۆتانەوە [پارتی کاری بەریتانیا] چۆن دەبینیت؟ پەیوەندی ئێستای شانشینی یەکگرتوو و کوردی بەریتانیا و تەواوی جیهان چۆنە؟ پەیوەندی نێوان حکومەتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی عێراق چۆنە؟
لۆرد پیتەر هەین: پارتی کاری ئێمە بەردەوام هاوسۆز و پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە. زیاتر لە 50 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهاندا هەن و لەنێویاندا 300 هەزار کورد لە بەریتانیا هەن، وڵاتینامەی بەریتانیایان هەیە و منداڵیان هەیە و بەشدارییەکی گەورەیان لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە. هەربۆیە پارتی کار لەبواری مافەکانی مرۆڤ، مافە سیاسییەکان و دادپەروەری لە تەواوی جیهان زۆر پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە.
رووداو: ئێستا چەندین پرس لە تەواوی جیهاندا هەن، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تۆ لە سەردەمی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وەکو وەزیر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارت کردووە. هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، بەتایبەت دەستەی تەحری شام چییە؟
لۆرد پیتەر هەین: سەبارەت بە قسەکردن وەک وەزیری پێشووتری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەردەمی تۆنی بلێر، من تەنیا دەتوانم بەناوی خۆمەوە قسە بکەم و لە حکومەتدا نیم. بەڵام پێم وایە سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر ئاڵۆزە. جەنگی سووریا هەرگیز جەنگێک نەبووە لەنێوان ئەسەد وەک هێزێکی خراپەکار و شتێکی دیکەی زۆر سادە. سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر هەمەچەشنە لەڕووی ئایین، کۆمەڵگە و داب و نەریت، لەنێویاندا کۆمەڵگەی کوردی هەیە کە کۆمەڵگەیەکی زۆر گرنگە لەو وڵاتە؛ دەبێت مافی ئەو کۆمەڵگەیە پارێزراو بێت، ئەوان لەلایەن جیهادییەکانی نێو سووریاوە هێرشیان دەکرێتە سەر، هەروەها لەلایەن تورکیاشەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. ئێمە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە لە هەر کوێیەک گەلی کورد هەبێت، لە ناوچەکە، لە عێراق، لە ئێران، لە تورکیا یان لە سووریا مافی پارێزراو دەبێت. هەروەها میراتی کولتووری، بەهای کوردانە، مافی کولتووری، رێزگرتنی دیموکراسی، مافی ژنان و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی چەوساوە ئەو مافانەی کوردن کە دەبێت دانیان پێدا بندرێت. من نیگەرانی دۆخی ئێستای سووریام و دەمەوێت ببینم مافی کوردەکان و مافی هەموو هاووڵاتییانی دیکە بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ، باکگراوند و نەریتییان پارێزراو بێت. ئەوە تاکە رێگەیە کە سووریا، کە پێشتر کۆمەڵگایەکی فرە ڕەنگ بوو پێش ئەوەی دیکتاتۆریەتی دڕندانەی ئەسەد بەسەریدا زاڵ بێت و بیچەوسێنێتەوە، ئەو فرە رەنگی و مێژووە دەوڵەمەندە گەشە بکاتەوە لەگەڵ هاووڵاتیانی کورد لە سوریا وەک بەشێکی گرنگ لێی.
رووداو: پێت وایە کە دەبێت بەریتانیا هەمان رێگەی ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لەنێو سووریا بگرێتەبەر و مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریا بپارێزێت، ئینجا ئەو مافە لەچوارچێوەی سیستمێکی فیدرالیی یان هەر سیستەمێکی دیکەی سیاسی بێت؟
لۆرد پیتەر هەین: ئێمە نازانین دۆخی سووریا چی بەسەردێت. لەکۆتاییدا ئەوە پرسێکی پەیوەست بە گەلی سووریایە، نەوەک هێزە دەرەکییەکان، ئینجا ئەو هێزە دەرەکییە بەریتانیا یان ئەڵمانیا یانیش فەرەنسا، ئێران یان ئەمریکا بێت. یان هەر هێزێکی دیکە یانیش سعودیەی عەرەبی بێت. زۆر گرنگە کە سووریاییەکان بتوانن خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بکەن. بەڵام گرنگیشە کە لەنێو ئەو داهاتووەدا بەریتانیا هاوسۆزی کوردەکانی سووریا بێت.
رووداو: با پرسیارێکی دیکە لەبارەی دۆخی ئێستای تورکیا بکەم. هەندێک گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەت و کورد یان با بڵێین لەنێوان دەوڵەت و دەم پارتی کە پارتێکی نزیک لە کوردە هەیە. ئەوان هەوڵ دەدەن چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد لە تورکیا بدۆزرێتەوە. تۆ چاودێری دۆخەکە دەکەیت یان نا؟
لۆرد پیتەر هەین: دەمەوێت ببینم سەرۆک ئەردۆغان رێز لە هەموو گەلەکەی، هەموو هاووڵاتیانی دەگرێت، لەنێویاندا هاووڵاتییە کوردەکانی و رێز لە مافەکانیان بۆ دیموکراسی سیاسی و هەروەها مافەکانی مرۆڤ دەگرێت. تاوەکو ئیستا ئەوە رووینەداوە. هەروەها پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبێت مافەکانیان بۆ راکێشانی پشتیوانی و مافە دیموکراسییەکانیان پارێزراو بێت. ئەوەش زۆر گرنگە بۆ داهاتووی تورکیا، کە لە مێژوودا لە سەردەمی ئەتاتورکەوە کۆمەڵگایەکی زۆر عەلمانی و فرە رەنگ بووە. تەنیا لەم دواییانەدا، لە دەیەکانی دواییدا زۆر نالێبووردە بووە بەرامبەر گەلی کورد و مافەکانی دیکەی هاووڵاتیانی دیکەی تورکیا. زۆر گرنگە نەریتی دیموکراسی تورکیا دووبارە دابمەزرێتەوە و رێز لە مافی هەموو کۆمەڵگەکانی بگیرێت.
رووداو: پێت وایە ئەگەر کێشەی کورد لەنێو ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکرێت، لەنێو ئەو وڵاتەی کە وڵاتەکەت رۆڵێکی سەرەکی بینی لە دیاریکردنی سنوورەکانی ئێستای، لەوانەیە ئارامییەک دروست بێت و دۆخێکی باشتر دروست بێت...
لۆرد پیتەر هەین: لەندەن و بەریتانیا نابێت ببنە هێزی ئیمپریالی کە سنووری خەڵکی دیکە و داهاتوویان دیاری بکەن. نابێت ئەوە بکەین.
رووداو: بەڵام ئەوان کردیان [بەریتانیا کردی]، ئەوان کردییان...
لۆرد پیتەر هەین: ئەوان کردیان لە مێژوودا، بەڵام ئەوە مێژوویەکی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم بوو. ئێمە چی دیکە ئەوەمان ناوێت.