یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری USAID: هانی حکومەتی عێراق دەدەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال


رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ملیۆنان دۆلاریان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان "گەڕاندووەتەوە لە رێگەی ئاشکراکردنی بندیوارەکان و مووچەی دووبارە." 
 
ئاندرو پلیت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاژانسەکەدا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن لەگەڵی ئەنجامیداوە باس لە پرسی گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی، هاوکارییەکانیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی شنگال و هاوکاری و پڕۆژەکانیان بۆ کارسازان و گەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە.
 
ئاندرو پلیت باسی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و گوتی، "ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن دەترسن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان." گوتیشی، "دەبێت حکومەتی عێراق ئەرکی زیاتری ئاوارەکان لە ئەستۆ بگرێت." 
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی دەڵێت، "هانی حکومەتی عێراق دەدەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاندرو پلیت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی USAID
 
رووداو: زۆر خۆشحاڵم بە میوانداریکردنی ئەندرو پلیت، یاریدەدەری بەڕێوەبەڕوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە نووسینگەی رووداو لە واشنتن، خۆشحاڵم بە بینینت ئاندرو، سوپاس بۆ هاتنت.
 
ئەندرو پلیت: سوپاس دیار، خۆشحاڵم کە لێرەم.
 
رووداو: با لەوەوە دەستپێبکەین، ئێوە ئامادەییەکی بەهێزتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا هەیە، ئامانج و سەرنجی سەرەکی ئێوە لەو دوو شوێنە زیاتر چییە؟
 
ئاندرو پلیت: لە عێراق و لە کوردستانیش، بەدڵنیاییەوە هاوکاردەبین و هەوڵدەدەین بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەت بۆ بەرەوپێشبردنی بەڕێوەبردن بەگشتی لە وڵاتەکەدا، بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەی ئابووری، هەروەها بۆ چاککردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کاریگەری و کێشە و وێرانیانەی داعش لە دوای خۆیدا لە وڵاتەکە دا بەجێی هێشتووە.
 
رووداو: لە پڕۆژە بودجەی 2023ی سەرۆکدا، داوای 156 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆگرامەکانتان و یارمەتیدانی عێراق داواکراوە، ئێوە هێشتا تەنیا ئەو بڕە پارەیەتان بۆ عێراق هەیە، یاخود هاوکاری دارایی دیکەشتان هەیە بۆ عێراق و کوردستانیش؟
 
ئاندرو پلیت: ئەو 156 ملیۆن دۆلارەی کە داوامانکردووە، دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی لە پڕۆسەکانی کۆنگرێسدا چەندی لێ پەسند دەکرێت، بەڵام متمانەمان هەیە کە شتێک دەبێت لەو دەوروبەرە. هیواخوازیشین بەردەوامبین لەو وەبەرهێنانە زۆرەی کە ئێستا لەوێ دەیکەین، ئەم بڕە پارەیەش، هاوکارییە مرۆییەکان ناگرێتەوە. بۆیە لەهەمانکاتدا بە درێژایی ساڵەکە سەیری ئەو  پێداویستیانەش دەکەین کە دێنە پێشەوە، سەیردەکەین لەکوێ پێویستە هاوکاربین. بەدڵنیایشەوە چاویشمان لەوەیە، حکومەتی عێراق ئەرکی زیاتری ئاوارەکان لە وڵاتەکەدا لەئەستۆ بگرێت.
 
رووداو: ئێوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر چاوتان لەسەر چییە، ئایا هیچ بودجەیەکی تەرخانکراوتان تایبەت بە کوردستان هەیە؟ خۆت دەزانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتێکی جیایە و ئەرکی ملیۆنان ئاوارە و پەنابەریان لە ئەستۆیە، پەنابەران لە سووریا هاتوون، هەروەها ئاوارەی شارە جیاوازەکانی عێراقیش کە بەهۆی داعشەوە ئاوارەبوونە هەن، ئایا هیچ بودجەیەکی تایبەتان بۆ ئەو ناوچانە هەیە؟
 
ئاندرو پلیت: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، ئێمە بەردەوامدەبین لە کارکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هێشتا لەوێ هەن، بەڵام ئێمە بەگشتی هاوکارییە داراییەکانمان بەپێی هەرێمەکان دیاری ناکەین، بەڵکو بەپێی شوێنی پڕۆگرامەکانمانە. هەروەها سەیردەکەین لە کوێ زۆرترین هاوکاری پێویستە، بۆیەش بە دڵنیاییەوە، وەکو خۆشت تێبینیت کردووە، هێشتا پێویستی و کاری بەردەوام لە کوردستاندا هەن و چاوەڕێی ئەوەشمان لێ دەکرێت لەکارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبین بۆ دابینکردنی ئەو پێویستییانە.
 
رووداو: ئەوەم بیستووە کە بەرنامەیەکتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبردنی دارایی گشتی؛ هەروەها کارتانکردووە لەسەر ئاشکراکردنی مووچەی بندیوار لە هەرێمی کوردستان، تائێستا لەم پڕۆگرامەدا چ دەستکەوتێکتان هەبووە، ئایا تائێستا لەو رووەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن؟
 
ئاندرو پلیت: بەڵێ، ئێمە بەردەوامدەبین لە بەشێک لەو کارانەی کە ئێوە باستانکرد، وەک بەڕێوەبردنی دارایی گشتی، لە نێویاندا کارکردن لەگەڵ یەکەی کۆنترۆڵی دارایی و ژمێریاری لە نێو حکومەت بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانیان و نووسینی راپۆرتی بودجە و خەرجییەکانیان. 
 
هەروەها بەردەوامدەبین لەو سەرکەوتنانەی کە هەمانبووە، وەک ئەوەی خۆشت باستکرد، ئێمە هاوکاربووین لە دامەزراندنی سیستمی بایۆمەتری پێدانی مووچە، بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی ناسنامەی فەرمانبەران و سیستمی پێدانی مووچە، ئێمە دەسکەوتی بایەخدارمان بەدەستهێناوە، بڕواشمان بەوەیە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووین لە گەڕاندنەوەی پارەیەکی زۆر لە رێگەی ئاشکراکردنی بندیوارەکان و مووچەی دووبارە، کە پێشتر ئەمانە هەبوون، ئەمەش بەر لەوەی ئەم سیستمە پەرەی پێبدرێت و بە ئەلیکترۆنی بکرێت تاوەکو لاوازییەکان بنبڕبکرێن.
 
رووداو: ئێوە هێشتا کار لەسەر ئەم پڕۆگرام و سیستمە دەکەن بۆ ئاشکراکردنی فەرمانبەری بندیوار، پێتانوایە هێشتا بندیوار لە هەرێمەکە دا ماوە و پێویستە ئاشکرای بکەن و لە سیستمەکەدا بیانکەنە دەرەوە؟
 
ئاندرو پلیت: ئێمە ئەم رەهەندەی پڕۆگرامەکەمان هەڵگرتووەتەوە، بەڵام دڵنیاین لەوەی کە ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنبووە و توانیوویەتی لە رێگەی چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کێشانە بە ملیۆنان دۆلار بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، ئێستا پڕۆگرامەکە لە دەستیخۆیاندایە، ئەوان بڕیاردەدەن پێویستیان بە چیدیکەیە بیکەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە ماوە، پێشموایە هەوڵێکی زۆردراوە و خۆشتان باستانکرد.
 
رووداو: خۆت دەزانی لە عێراق، یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان گەندەڵییە، ئێوەش لە USAID پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیتان هەیە، هاوکاری ئەو حکومەتانەش دەکەن کە رووبەرووی گەندەڵی بوونەتەوە و دەیانەوێت گەندەڵی بنبڕبکەن، ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا دەکەن؟
 
ئاندرو پلیت: خۆشحاڵم کە ئاماژەت بەوەدا، خۆت دەزانی، گەندەڵی کێشەیەکی جیهانییە؛ ئەم ئیدارەیەش هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی زیاتر کردووە و خستوویەتییە کاری لە پێشینەی پەرەپێدان. 
 
مانگی رابردوو، بەڕێوەبەر سامانتا پاوەر، سیاسەتی نوێی USAIDی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی شەفافییەت راگەیاند، کە کۆنفرانسەکە، لە واشنتن دی سی بەڕێوەچوو، بۆیە هیواخوازین ئەم سیاسەتە هاوکارمانبێت هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەمیشە لەسەر ئاستی ئەو کارانەی لە عێراق دەیانکەین، لە رێگەی دروستکردنی هاوپەیمانییەتی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و هەروەها نەهێشتنی دەرفەتەکانی گەندەڵیکردن. 
 
پێموایە سەبارەت بەو کارانەی کە بەتایبەت لە عێراق دەیکەین، وەک بەشێک لەو ئەنجامانەی باسمانکردن، نیشانی ئەم هەنگاوانە دەدەن، سەرنجێکی زۆر زیاتر لەسەر ئەو پڕۆسانەن کە وڵاتەکە بەرەو شەفافییەتی زیاتر ببەن، بەجۆرێک خەڵک بزانن کە حکومەتەکەیان چی دەکات ئەمەش لە رێگەی هاوکاریکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە هەمانکاتدا بەهێزکردنی ئەو پڕۆسانەی حکومەت کە دەبنە هۆکاری نەهێشتنی دەرفەتەکان بۆ گەندەڵیکردن. 
 
هەروەها هەندێک چیرۆکی سەرکەوتنیش هەن، پێموایە وەک دروستکردنی پۆرتاڵێک کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردمان، پێموایە بەکوردی پێی دەڵێن، "خزمەت" کە وایکردووە 422 خزمەتگوزاری حکومەتی تێدا پێشکێش بکرێت و لە رێگەی ئۆنلاینەوە خەڵک دەستی پێبگات، هەر لە وەرگرتنی مۆڵەت تاوەکو دەگاتە دانی باج، بۆیەش بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەو خزمەتگوزارییە، دەرفەتەکانی گەندەڵیکردن کەمدەکەنەوە، دەرفەتی ئەوەش بۆ خەڵکی کوردستان دەڕەخسێنێت کە راستەوخۆ و بەخێراتر دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بگات، بەپێچەوانەوە دەبوایە بچوونایەتە فەرمانگەکان تاوەکو قسە لەگەڵ فەرمانبەران بکەن بۆ پێدانی باج و دەرکردنی بڕوانامە و رێگەپێدانەکانی دیکە.
 
رووداو: ئێمە دەزانین، گەندەڵی لە عێراق شتێکە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات، ئێوەش ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار لە عێراق لە رێگەی پڕۆگرامی جیاوازەوە خەرج دەکەن، هیچ نیگەرانییەکتان هەیە لەبارەی ئەو پارەیەتان لەبەکارهێنانی دا گەندەڵی تێدابکرێت، کاتێک دەیدەن بە رێکخراوێکی خۆجێی یان کاتێک لەگەڵ حکومەتدا کاردەکەن؟
 
ئاندرو پلیت: پێموایە لە سیاسەتەکانی ئێمەدا ئاماژەیان پێدراوە، ئێمە زۆر بە ئاگاین کاتێک دێتەسەر ئەو دۆلارانەی وەک هاوکاری لە کوێ پێشکێشیان دەکەین، هەروەها لەگەڵ ئەو رێکخراوانەش کە کاریان لەگەڵدا دەکەین، بە وردی سەیری ئەوە دەکرێت کە رێکخراوەکان توانای جێبەجێکردنیان هەیە و متمانەپێکراون، بەشێوەیەکی باش ئیدارە دەدرێن، واتە کاتێک پارە بەو رێکخراوانە دەدەین کە دەتوانن ئامانجەکان بەدەستبهێنن بەو شێوەیەی کە ئێمە لەگەڵیاندا رێککەوتوون. 
 
ئێمە هەمیشە نیگەرانین کاتێک هاوکارییە داراییەکانمان لە وڵاتانی دەرەوە پێشکێش دەکەین، بەڵام لە رێگەی کارکردن لەگەڵ هاوبەشە متمانەپێکراوەکانمان، لە رێگەی بەئاگابوون و ئەو چاودێرییەی کە دەیانکەین، متمانەمان بۆ دروستبووە لەو رووەوەی کە دەتوانین کاربکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەتوانین متمانە بەو جۆرە کەسانە بکەین، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان و هەروەها پارێزگاریکردن لە هاوکارییەکانیشمان.
 
رووداو: ئایا ویستەکە چۆن دەبینین کاتێک دێتە سەر گەندەڵی، ئایا بەرپرسەکان ئامادەن کارتان لەگەڵدا بکەن تاوەکو زیاتر شەفافبن و بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە؟
 
ئاندرو پلیت: پێموایە، هاوبەشکانمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، خۆشت دەزانی، کاریان لەگەڵ ئێمە نەدەکرد ئەگەر ئەوانیش بەدوای بەدەستهێنانی هەمان ئامانج نەبن، ئێمەش لە راستیدا لەوێین تاوەکو بتوانن کارەکانیان ئەنجامی باشتری هەبێت و خزمەتگوزاری باشتر پێشکێش بکەن، بەشێکیش لەو کارە نەهێشتنی کێشەکانە، وەک گەندەڵی و دەرفەتی گەندەڵی کردن کە ئێمە کارمان لەسەر کردووە، ئەویش لە رێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمەکان، دەرفەتی دەستەوەردان و بەهەڵەدابردنی شتەکان کەمتربوونەتەوە، هاوکات بە چاودێیکردنی وردی ئەوەی کە کێ پارەکە وەردەگرێت و هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی حکومەت بە کارامەیی زیاتر کاردەکات.
 
رووداو: ئێوە هەندێک پڕۆگرامتان هەیە بۆ گەنجانی کارساز، بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان و لە موسڵیش، ئەگەر بتوانن لەسەر ئەوە هەندێک زانیاری زیاترمان پێبدەن، هیچ هاوکارییەکی دارایی دیاریکراوتان هەیە بۆ ئەو گەنجە کارسازانەی کە لە نێو داروپەردووی موسڵ و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکەوە دروستبوون، وەک لە کەرکووک، دەشزانن کە گەنجێکی زۆر هەن کە دەیانەوێت بازرگانی خۆیان بکەن، بەڵام دەیانەوێت کەسێک دەستیانبگرن و یارمەتییان بدات، ئێوە چ پڕۆگرام و هاوکارییەکتان هەیە بۆ کارسازە گەنجەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانیش؟
 
ئاندرو پلیت: لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە دەوروبەری دهۆک، دەزانم کە کاری زۆرمان کردووە لەگەڵ کارسازەکان لە کەرتی کشتوکاڵ و لەم پیشەسازییەدا، چونکە ناوچەیەکی فراوان لەوێ هەیە و ئێمەش هاوبەشیمان لەگەڵ زانکۆکاندا هەیە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و میتۆدەکانی، هیواخوازین لە رێگەی ئەم راهێنانپێکردنە بە کارسازەکان،
پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ بەرەوپێشەوە ببەین، توانای زیاتریان پێببەخشین تاوەکو بتوانن داهاتی زیاتریان دەستبکەوێت کە لە بازرگانییەکەیاندا چاوەڕێی دەکەن و دەستیانپێکردووە، بەتایبەتیش لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانیکردندا، کارسازەکان زۆر باشن و بەرهەمی باشتریان دەبێت و دەسکەوتی باشتریان لە بازرگانییەکەیاندا دەستدەکەوێت. 
 
رووداو: ئاگادارم کە بەشێکی زۆری کارەکانی ئێوە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەکەن، پێشکێشکردنی هاوکاری مرۆییە، پێتانوایە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی داهاتوودا کێشەی ئاوارە و پەنابەرانیان نامێنێت، یان هێشتاش نیگەرانی هەن لەبارەی ئەوەی خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بگەڕێنەوە ماڵەکانیان USAID چیدەکات تاوەکو هاوکاری گەڕانەوەی خەڵک بێت بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەتیش لە موسڵ؟
 
ئاندرو پلیت: بەدڵنیاییەوە، دۆخی ئاوارەکان لە باکووری عێراق ماوەیەکی زۆرە هەیە، هەروەها ئاڵنگارییەکیشە، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن کە ترسیان لە گەڕانەوە هەیە بۆ ناوچەکانیان، چ بۆ نەینەوا یان شنگال، هۆکارێکی سەرەکیش دۆخی ئەمنییە، هۆکارێکی دیکەش هێواشی پڕۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە، بەدڵنیاییەوە ئێمە لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکانماندا کاردەکەین بۆ هاندانی حکومەتی عێراق تاوەکو کاری زیاتربکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و باشترکردنی دۆخی ئەمنیش، کە ئەمەش رەنگە وابکات ئاوارەیەکی زیاتر کە لە کوردستانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام دەشبێت ئەم گەڕانەوەیە بە سەلامەتی و خۆبەخشانە و شکۆمەندانە بێت، بەپێچەوانەوە، خۆشت دەزانی و بە تەواویش تێدەگەین کە ئەوان لەو شوێنە دەمێننەوە کە ئێستا لێی نیشتەجێن، تاوەکو لەگەڵ خانەوادەکانیان سەلامەت بمێننەوە.
 
رووداو: دەزانم کاتت زۆر کەمە، بەڵام ئەم پرسیارە بۆ ئەمە زیاد دەکەم، هیواتان بەوە هەیە کە رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت، چونکە خەڵکێکی زۆر و هەتا هەندێک لایەنی سیاسیش لە عێراق و کوردستانیش بڕوایان پێی نییە، هەندێک خەڵکیش هەن لە شنگال دەڵێن، چونکە هەموو پێکهاتەکان و هەموو لایەنەکانی شنگال بەشێک نەبوون لەم رێککەوتنە، بۆیەش هیچ هیوایەکیان بە جێبەجێکردنەکەشی نییە، ئێوە وەک USAID چۆن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، تاوەکو ئەو ئێزدیانە لە کامپەکانن و ژیانێکی ناخۆشیان هەیە، بەتایبەتیش کە ئێستا زستانە بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان؟
 
ئاندرو پلیت: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە رێگەیەکی سەخت هەبووە بۆ هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، ئێمە وەک USAID لە باکگراوەندی ئەمەوە کاردەکەین، لە راستیدا تیمی دیپلۆماسی ئێمە لە باڵیۆزخانە هەوڵدەدەن کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، هانیان دەدەن بەرەوپێشچوونێک هەبێت لە هەموو ئەو بەشانەی کە جێبەجێکردنیان قورسە و چەقبەستوویی هەیە، روونیشە کە ئەمە کاریگەری لەسەر پێشکێشکردنی هاوکاری بۆ ئەو خەڵکانە هەبوو کە پێویستیانە، چ ئەوانەی کە لەو ناوچەکەن و چ ئەوانەش کە گەڕاونەتەوە، چاویان لە باشتکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکانە، یانیش ئەو ئاوارانەی کە چاویان لەوەیە بگەڕێنەوە، بەڵام هەست بە سەلامەتی ناکەن. 
 
رێککەوتنی شنگال، ئەو ئامانجە سیاسییە کە بەدیهێنانی تاڕادەیەک قورسە و دیپلۆماتکارەکان کاری لەسەر دەکەن و هانی بەرەوپێشچوون لەو رووەوە دەدەن، ئێمەش لە USAID لەبەرژەوەندی رێککەوتنەکە قسە دەکەین، بەڵام بە راستی زیاتر چاومان لەسەر ئەو کەسانەیە کە هاوکارییان پێویستە و کاریگەری ئەو دۆخەیان لەسەرە، ئەمەش بەهۆکاری ئەو فاکتانەی کە هەندێک شت لە شوێنی خۆیان چەقیانبەستووە، هەوڵدەدەین پێویستی ئەو کەسانە دابینبکەین کە چاویان لە خزمەتگوزاری باشترە، ئەمەش چ بۆ ئەو کەسانەی لە ناوچەکەن، یانیش ئەو ئاوارانەی لە کامپەکانی کوردستان و نەینەوان. 
 
رووداو: ئێستا دەستپێکی ساڵی نوێییە، ئێوە چاوتان لەسەر چییە و دەتانەوێت بۆ کۆتایی ساڵی 2023 چی لە عێراق بەدەستبهێنن؟
 
ئاندرو پلیت: بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت، هەوڵەکانمان بەردەوام و بەردەوامبن، هاوکات لە بواری بەڕێوەبردنیشدا، بەتایبەتیش لە رووی بەرەوپێشبردن و پێشخستنی لامەرکەزییەت و توانای بڕیاردان لەسەر ئاستی هەرێمەکاندا، هەروەها لە رووی گەشەی ئابووریشەوە، چونکە بۆ ئەوەی ئابووری بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت گەشەی ئابووری هەبێت، دەرفەتی کاری زیاتر دروستبکرێت و دەرفەتی زیاتر بۆ خەڵک لە عێراق دروستبکرێت، هەروەها سەرنجی وەبەرهێنەران رابکێشرێت، ئەمە بەشێکی سەرەکی سەرنجی ئێمەیە کە دەمانەوێت بیکەین. هاوکات هیواخوازین رەنگە بتوانن کاری زیاتر لەگەڵ حکومەت بکەین لە بەرەنگاربوونەوەی  گۆڕانی کەشوهەوادا، بەو پێیەی ئەمە کاریگەری لەسەر وەبەرهێنان و ستانداردی ژیانی خەڵکیش دەبێت، چونکە ناوچەکە رووبەرووی کێشەی کەمی ئاو بووەتەوە لە هەموو شوێنێکەوە، هەروەها بۆ وڵاتێکیش کە پێویستی بە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری گشتییە بۆ خەڵک، گۆڕانی کەشوهەوا هەموومان نیگەران دەکات. 
 
رووداو: پلانت هەیە لە ساڵی 2023دا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەیت، هەروەها هیچ هەواڵێکت پێیە بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەوانەش کە سەیری ئەم هەڤپەیڤینە دەکەن؟
 
ئاندرو پلیت: بەدڵنیاییەوە هیواخوازم و نیەتم هەیە سەردانی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکەم، رەنگە لە دەرفەتێکدا لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا سەردانەکە بکەم، ئێستا هیچ هەواڵێکم پێ نییە کە بیڵێم، بەڵام تاوەکو کاتێک دەچمە ئەوێ زانیاری زیاترمان (لەبارەی بودجەکەمان) لە کۆنگرێسەوە دەبێت، بۆیە هیواخوازم کە چووم، بتوانم قسە لەبارەی بەشێک لەو شتە نوێیانە بکەم کە رەنگە بتوانین بیانکەین کاتێک بەرچاو روونی زیاترمان هەبوو لەبارەی دۆخی بودجەکەمان. 
 
رووداو: زۆر سوپاس ئاندرو بۆ قبوڵکردنی میواندارییەکەمان و هاتنت بۆ رووداو. 
 
ئاندرو پلیت: زۆر سوپاس دیار، خۆشحاڵ بووم.