سکرتێری گشتی حدک: لە دۆسیەی تیرۆری د. قاسملوودا کەمتەرخەم بووین

 
رووداو دیجیتاڵ
داڕشتنەوە: هیدایەت جان
 
ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا تێدەپەڕێت، کە لە کاتی دانوستاندندا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆر کرا. سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دوای یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان کار لەسەر بەگەڕخستنەوەی دۆسیەکە دەکەن و دەشڵێت، "ئەو جۆرەی پێویست بوو بەدوایدا چووباین، زۆری بەدوادا نەچووین و ئەو هەوڵانەی ئەنجامیشمان داوە، زۆر شێلگیرانە نەبووە."
 
خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە بوولتەنی رۆژهەڵاتی کوردستانی تیشکی خستە سەر دۆسیەی تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ئەو هەوڵانەی بۆ بەگەڕخستنی دۆسیەی تیرۆرەکەی لە نەمسا ئەنجامیان داوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان:
 
رووداو: دۆسیەی تیرۆری د. قاسملوو و یاوەرانی داخراوە یان هێشتا کارایە؟
 
خالید عەزیزی: تاوەکو ئەو جێیەی پەیوەندیی بە دۆسیەی تیرۆری د. قاسملووەوە هەیە، ئەو دۆسیەیە نە کراوەیە و نە داخراوە، داخراو بەو مانایەی هیچ دادگایەکی بەخۆوە نەبینیوە کە لەو دادگایەدا حوکم بدرێت و کراوەش بەو مانایەی هێشتا باسێک نییە لەسەر ئەوەی ئەو پرسە بێتەوە بەرباس؛ بەڵام کاتێک ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی نەمسا قسەمان کرد، بەتایبەت سێ ساڵ پێش ئێستا، بۆ خۆم لەگەڵ یەک دوو کەس لە وەزارەتی داد و هەندێک کەسایەتی لە پەرلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکانی نەمسا قسەم کرد، ئەوان لەو باوەڕەدا بوون، ئەو پرسە لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتەوە دۆسیەیەکی یاسایی، هۆیەکەشی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا ئەو دۆسیەیە نەچووەتە دادگە و بڕیارێکی لەسەر نەدراوە. بەهۆی ساتوسەودای بازرگانیی نێوان دەوڵەتی نەمسا و ئێران، کاتی خۆی ئەو دۆسیەیە پشتگوێ خرا و بووە کەرەستەیەک بۆ مامەڵەی نێوان ڤیەننا و تاران. لە ئەنجامدا ئەو دۆسیەیە دەگەڕێتەوە سەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی حیزبی دیموکرات و دۆستانی ئەو حزبە لە دەرەوەی وڵات و هەموو شوێنێک کە بتوانن کاری لەسەر بکەن.
 
رووداو: بەنیازن چۆن لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە هەوڵی بەگەڕخستنی ئەو دۆسیەیە بدەن؟
 
خالید عەزیزی: هەردووک لایەنەکە لەخۆدەگرێت، هیوادارم لە کاتی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، ئەوکات هەردوولا کە ئەوکات بەیەکەوە دەبین، دەست ئاوەڵاییەکی زیاترمان هەبێت بۆئەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەو دۆسیەیە زیندوو بکەینەوە و لەو سۆنگەیەوە بیگەیەنینە قۆناخێک کە بکرێت لە لایەنی سیاسی و یاسایی و مرۆییشەوە بەشداریی ئەو دۆسیە بین. جەوهەری ئەو دۆسیە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاتی خۆی بڕیاری لەسەرداوە و د. قاسملووی تیرۆر کردووە و بە بڕیاری عەلی ئەکبەر ویلایەتی، وەزیری دەرەوەی ئەوکات و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو تیرۆرە کراوە و ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە بە هاوکاری دەوڵەتی نەمسا گەڕاونەتەوە ئێران. بۆیە ئەو دۆسیەیە تەنیا دۆسیەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو دۆسیەیەکی مرۆیی و سیاسیشە، ئەوەش دەبێت لە داهاتوودا کاری زۆرتری لەسەر بکرێت.
 
رووداو: لەو پەیوەندییەدا بە شێوەی راستەوخۆ توانیوتانە لەگەڵ بەرپرسانی نەمسا گفتوگۆ بکەن؟
 
خالید عەزیزی: بەهۆی ئەوەی 33 ساڵ لەو دۆسیەیە تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا لە نەمسا حکومەتی جۆراوجۆر هاتوونەتە سەر کار و رۆیشتوون و دۆسیەیەک لە ئارادا نەبووە تاوەکو ئەو دەوڵەتانە کاری لەسەر بکەن، بۆیە وەکو دۆسیەیەکی یاسایی ئێستا شتێک لەبەردەست نییە، بەڵام لەناو رای گشتیی سیاسی و دادوەری و یاسایی و میدیا و لای پارێزەرەکان ئەو دۆسیەیە دۆسیەیەکی لەبیرکراو نییە، هەموو ئەوانە گرێدراوی ئەوەن کە ئێمە لە داهاتوودا چەندە کاری لەسەر دەکەین. هەندێک بەڵگە روونن، ئەو رووداوە لە ڤیەننا روویداوە و لە رووداوەکەدا د. قاسملوو، رێبەری حیزبی دیموکرات خەریکی دانوستان بووە لەگەڵ دیپلۆمات -تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، بەرپرسانی پۆلیسی ڤیەننا و کاربەدەستانی حکومەتی ئەوکاتی نەمسا ئەوە دەزانن. واتە لەو بوارەدا بەڵگە و هۆکار بە رادەی پێویست بەردەستن کە ئەو پرسە بۆ جارێکی دیکە بەگەڕبخرێتەوە.
 
رووداو: لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئایا ئەو دۆسیەیە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتگوێ نەخراوە؟
 
خالید عەزیزی: بە راشکاوی دەڵێم، تا ئەو جێیەی پەیوەندیی بە ئێمەی دیموکراتەکانەوە هەیە، کەمکاری و کەمتەرخەمیمان کردووە، ئەو جۆرەی پێویست بوو بەدوایدا چووباین، زۆری بەدوادا نەچووین و ئەو هەوڵانەی ئەنجامیشمان داوە، زۆر شێلگیرانە نەبووە، بۆیە دەڵێم هیوادارم لە داهاتوودا یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان یارمەتیدەر بێت هەموومان یەکدەست، بەیەکەوە بتوانین لە بواری جۆراوجۆردا ئەو دۆسیەیە چالاک بکەینەوە. با، من دەبێت بە راشکاوی ئەوە قبووڵ بکەم. هەوڵمان داوە، خەممان لێ خواردووە و بەدوایدا چووین و دەکرێت بڵێم هەموو ئەندامێکی حیزبی دیموکرات زۆری پێوە ماندوو بووە، بەڵام ئەوە کێشەیەکی یاسایی و سیاسییە و کار و شوێنی خۆی پێویستە و پسپۆڕی و پشوودرێژیی خۆی دەوێت، بۆیە هیوادارم لە داهاتوودا لەو بوارانە دەستکراوەیی زیاترمان هەبێت.
 
رووداو: باسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دیموکراتت کرد، هەنگاوەکان بە کوێ گەیشتوون؟
 
خالید عەزیزی: پرسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان قۆناخگەلی جۆراوجۆری هەبووە و دانیشتن و دانوستاندنەکان تاڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەو رێککەوتنە گشتییانەی کە کردوومانن، گەیشتوونەتە ئەنجام؛ بەڵام سرووشتییە، دەیان دامەزراوە و ئۆرگان و ئەندام و کادیرانی حیزبی دیموکرات دەخەینەوە سەریەک و دەبنەوە بە یەک حیزب، ئەوە لەڕووی کاتەوە ماوەیەکی تێپەڕاندووە کە ئەو کاتە لە زۆر بوارەوە توانیویەتی یارمەتیی زۆرمان بدات و باشتر لە ویست و داخوازییەکانی یەکدی تێبگەین.
 
رووداو: کەواتە گەیشتوونەتە ئەو قۆناخەی بڵێن پرسی یەکگرتنەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دراوە و دەبێت یەکبگرنەوە؟
 
خالید عەزیزی: پێموایە کارێکی زۆری لەسەر کراوە و گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی، هۆیەکەشی ئەوەیە بە دەیان جار جەختمان لەوە کردووەتەوە، هەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو یەکگرتنەوەیان ویستووە و ئێمەش گوێمانداونەتێ و هەم ئەندام و کادیرانی حیزبی دیموکرات لە هەردوولا ئیدی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە کە دوو حیزبی دیموکرات چیدیکە پێویست نییە و دەبێت ببێتەوە بە یەک حیزبی دیموکرات. بۆیە هیوادارم لە داهاتوویەکی نە زۆر دوور، ئەو پرۆسەیە بگاتە ئەنجام و کۆتایی پێبێت.
 
رووداو: هیچ هەوڵێک هەیە بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە بە جۆرێک لەبارببرێت؟
 
خالید عەزیزی: بێگومان نەیارەکانی حیزبی دیموکرات و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت دەست و پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرگیز لە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر دڵخۆش نین، بەڵکو هەوڵ دەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر تێکی بدەن، بەڵام ئیرادە و ویستی ئێمە دەتوانێت بەسەر هەموو ئەوانەدا زاڵ ببێت، چونکە ئەوە ئێمەی دیموکراتین لەسەر داهاتووی حیزبی دیموکراتێکی یەکگرتوو بڕیار دەدەین، نەک خەڵکێکی دیکە. بۆیە من زیاتر گەشبینم و پێموایە هەوڵ و تێکۆشانی لایەنە نەیارەکانی حیزبی دیموکرات، بەتایبەتی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا ناتوانێت سەرکەوێت، هۆیەکەشی ئەوەیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی ئەو یەکگرتنەوەیان دەوێت و ئەندام و کادیرانی حیزبی دیموکرات هەموویان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ئەو دوو حیزبە یەکبگرنەوە.