کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر: گرژییە سیاسییەکان چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی راگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر دەڵێت، ئەو گرژییە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستان هەن چاکسازییەکانی ناو هێزی پێشمەرگەی راگرتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، کاتێک گرژیی سیاسی لەنێوان دوو حیزبی سیاسیی سەرەکیدا هەبێت، ئەستەمە هێزی پێشمەرگە رێکبخرێت. باسی لەوەش کرد، لە مانگی ئایاری ساڵی داهاتووەوە راوێژکارەکانیان لە عێراق دەکێشنەوە و هەوڵدەدەن گرێبەستێکی نوێ بۆ هاوکاریی هێزی پێشمەرگە بکەن.
 
ڤاکۆ بێرێندز، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لە بڕگەی سەرتێشی بەرنامەی نووڕۆژی رووداو، کە هەوراز گوڵپی و سورەیا هەساری پێشکێشی دەکەن، باسی لە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد.
 
کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی بۆردوومانەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان گوتی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆئەوەی ناڕەزایەتی دژی بۆردوومانەکان دەربڕن. داواش دەکات لایەنە کوردییەکان یەکڕیزبن بۆئەوەی هەم لە بەغدا و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزبن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ڤاکۆ بێرێندز، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: ئێوە وڵاتی گوڵن بەڵام هیچ گوڵێکی جوان لە ئۆفیسەکەتان نییە، ژینگەی کوردستان گونجاو نییە بۆ گوڵی هۆڵەندی؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ گوڵ زۆر گونجاوە، بەتایبەتی ئێستا کە لە زستانداین ئەوە کێشە نییە. پێموایە زیاتر پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئێمە ئێستا تەواو سەرقاڵین و زیاتر لە دەرەوەی نووسینگەکەمان کات بەسەردەبەین تاوەکو ئەوەی لێرە بین. جا، بەڵێ تۆ راست دەکەیت، رووەکمان هەیە، بەڵام گوڵمان نییە.
 
رووداو: کە هاتمە ژوورەوە دوو کارتۆن هەناری کوردستانم بینی، تامی هەناری کوردستانت کردووە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: ئەو هەنارانەی باسیان دەکەیت دیاریی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانن. ئەوەی راستی بێت، ئەوە دووەمین جارە کە هەنارمان بە دیاری بۆ دێت. تامەکەی زۆر خۆشە، پێموایە سەرۆکوەزیران هەوڵێکی باشی دا کە بەرهەمی کوردیی هەناردەی شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە بکرێت. ئێمە زۆر سەروکاریمان لەگەڵ هەناردا نییە، بەڵام لە بواری دیکەی کشتوکاڵیدا کار دەکەین. ئێمە زۆرتر لە بواری پەتاتەدا کار دەکەین. پەتاتە وەکو خۆراکێکی کشتوکاڵی.
 
رووداو: هەوڵدەدەن لە داهاتوودا هەناری کوردستان بنێرنەوە بۆ هۆڵەندا؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین بیکەین ئەوە نییە زۆر وەبەرهێنان لە بازرگانیدا بکەین، بۆ نموونە هەنار و بوارەکانی دیکەیش. بە دڵنیاییەوە ئێوە بازرگانیتان هەیە کە لە رێگەیەوە بەرهەم بۆ ناوچەکە و وڵاتانی دیکە هەناردە دەکەن. ئەوەی ئێمە زیاتر هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵدا بکەین، کە پێمان وایە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت بەرهەم بۆ ناوچەکە و خودی وڵاتەکەیش دابین بکرێت. راستییەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان زۆر سەوزە و میوەی لە وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ دێن... لە تورکیا و ئێرانەوە دێن. لە کاتێکدا خودی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی بڵاوناکرێنەوە. ئینجا ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە کە لەو بوارانەدا وەبەرهێنان بکەین و لەوە دڵنیا ببینەوە کە هەرێمی کوردستان وەکو بازاڕێکی ناوخۆیی لەو لایەنەوە بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ئەوەندە زۆر نییە کە هەناردەی بکات.
 
رووداو: ئێستا چ بەرهەمێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان هەناردەی هۆڵەندا دەکرێت؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: هەندێک بەرهەم هەناردەی هۆڵەندا دەکرێن، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە کە ئەوەی ئێمە زیاتر هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆجیا و زۆر رێگەی هاوچەرخی بەرهەمهێنانی خۆراکدا بکەین. ئەگەر رێگەم بدەیت، با نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە: ئەوەی هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە کە وابکەین بۆ نموونە تەکنیکی بەخێوکردنی تەماتە لەم وڵاتەدا زۆر زیاتر بەرهەمدارتر بێت. جا رەنگە تۆیش بزانیت کە ئاو گەورەترین کێشەیە، بەتایبەتی لە پەیوەندیدا لەگەڵ گۆڕانی ئاو و هەوادا، ئاو زیاتر دەبێتە کێشە. بۆیە ئەوەی دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە کە تەکنیکی نوێ، بۆ نموونە بەرهەمی تایبەت بهێنین کە لە خاکدا گەشە نەکەن، بەڵکو لە چینە دەستکردەکاندا گەشە بکەن کە تێیدا ئاو ریسایکڵ دەکەینەوە. ئەوە مانای وایە کە ئەگەر تۆ بەو رێگەیە خۆراک بەرهەم بهێنیت، ئەوا لەجیاتی ئەوەی بۆ کیلۆیەک تەماتە 60 لیتر ئاو بەکاربهێنیت، بەو رێگەیە چوار لیتر ئاو بەکاردەهێنیت. جا ئەوە ئەوەیە کە هەوڵ بدەین لە بەرهەمهێنانی خۆراکی کشتوکاڵیدا لە تەکنیکی نوێ و رێگەی هاوچەرخدا یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەین.
 
رووداو: لە چەند پڕۆژەدا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: لە بواری خۆراکی کشتوکاڵیدا بە شێوەیەکی سەرەکی سێ پایەی جیاوازمان هەیە. پایەی یەکەم ئەوەیە لە سیاسەتی کشتوکاڵیدا پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین. بۆیە هەوڵدەدەین وەزارەتی کشتوکاڵ گەشە بە سیاسەتی کارکردنی بدات کە گەشە بە تەواوی کەرتەکە بدات. دووەم پایە ئەوەیە کە ژمارەیەک کێڵگەی ئەزموونیمان هەن و هەوڵدەدەین جووتیار و خوێندکارمان هەبێت تاوەکو بزانن تەکنیکە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی خواردن چین. پایەی سێیەمیش ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا پێکەوە وەبەرهێنان دەکەین و ئەم تەکنیکانە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک بەکاردەهێنین، بۆ نموونە بۆ پیشەسازیی پەتاتە لە گەشەکردنی پەتاتەدا گەلێک زنجیرەی بەهاییمان هەیە. گەلێک لایەنمان هەن کە ئێمە لە هۆڵەنداوە هاوردەمان کردوون. ئەوەیش مانای وایە هەر لە تۆو ناشتنەوە تاوەکو هەڵگرتن و بەرهەمهێنانی پەتاتەی چپس کارمان لەسەر کردووە.
 
رووداو: پرۆژەی پرتەقاڵتان هەیە لە هەرێمی کوردستان، وردەکاریی ئەو پرۆژەیە چییە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: پرۆژەی پرتەقاڵ پرۆژەیەکە کە ئێمە تێیدا سەرنجمان لەسەر کارسازە لاوەکانە. ئەوەی هەوڵدەدەین لە رێگەی گۆشەی پرتەقاڵەوە بیکەین ئەوەیە کە پاکێجێک پێشکێشی ئەو کارسازە لاوانە، کارسازە کوردانە، بکەین کە بۆ سەرپێخستنی کارێک بیرۆکەیەکیان هەیە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان زانیاریی تەواوەتی و دروست و شارەزاییان نییە کە بیکەن و سەرکەوتوو بن. بۆیە ئەوەی هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە کە سەرەتا لەناو ئەو پرۆپۆزەڵانەدا کە باشترینن، هەڵیاندەبژێرین؛ ئینجا رێنوێنییان دەکەین و پاشان هەوڵدەدەین راهێنانیان پێبکەین. دواتر یارمەتییان دەدەین گەشە بە کارەکەیان بدەن. جا هەندێک لەم کارانە زۆر سەرکەوتوو بوون، ئەوەندە نابێت کە یەکێک لە کارسازەکان کارەکەی بە پارەیەکی باش بە دۆلاری فرۆشت. ئەوانی دیکەیش بەردەوامن. ئیدی ئێمە بە شێوەیەکی بنچینەیی هەوڵدەدەین یارمەتیی ئەم هەرێمە و حکومەتەکەی بدەین بۆئەوەی ژینگەیەکی گەشەکردوو دروست ببێت کە تێیدا کارسازی کەرتی تایبەت بونیات بنێت. جا ئەوە شتێکە کە پێموایە لێرە لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە.
 
رووداو: وەکو کۆنسوڵی نوێ چیت کردووەتە؟ کاری پێشینەت؟ چۆن هەوڵدەدەیت پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا پێشبکەوێت؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: بەڵێ، پێموایە ئەگەر تۆ لە شوێنیکی تازە ببیتە دیپلۆماتکار، ئەوا هەمیشە لە کارەکەتدا مێژوویەک لەو کارانە هەن کە کراون و هەروەها شتگەلێکیش هەن کە پێویستە بکرێن. هەروەها شتانێکیش هەن کە خودی خۆت حەزت لێیانە و دەتەوێت بۆ کارەکەتیان زیادبکەیت. لەبارەی بەشی یەکەمیانەوە، بەشێکی گەورەی کارەکەمان لێرە راوێژکارییە، چونکە لێرە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کورد - هۆڵەندیمان هەیە. بۆیە لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی راوێژکاریدا رێککەوتووین کە ئەمەیش بەشێکە لە کۆی گشتیی کارەکەمان. لەپاڵ ئەوەدا کارێکی دیکەمان ئەوەیە کە پێشتر باسی کشتوکاڵ و گەشەدان بە کەرتی کشتوکاڵمان کرد. ئێمە ئەوەندەی بکرێت هەوڵدەدەین سەرنجمان بخەینە سەر بوارێکی دیاریکراو و تووند دەستی پێوە بگرین، چونکە پێمان وایە کە ئەوە زۆر ژیرانەیە و هێزێکی زۆری تێدایە کە سەرنج بخەینە سەر بوارێکی دیاریکراو نەک ئەوەی لە یەک کاتدا هەموو شتێک بکەین. ئیدی ئەوە ئەو تواناییەیە کە هەمانە. سێیەمیش ئەوەیە کە ئێمە لێرە لە هەرێمی کوردستان زۆر کار لەسەر کەرتی ئاسایش دەکەین. جا یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانمان ئەوەیە کە کار لەسەر چاکسازیی ناو پێشمەرگە دەکەین کە تەواو دڵنیام تۆ لە هەڤپەیڤینەکەدا لەمە دەگەیت. هەروەها ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لای ئێمە زۆر گرنگە و هەروەها لای هەرێمی کوردستان خۆیشی زۆر گرنگە. بۆیە ئەوە یەکێکە لەو بابەتە گەورانەی کاری لەسەر دەکەین. جا من زۆر بەو بابەتانە خۆشحاڵم و هیواخوازم لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێرەدا تێکەڵ ببین، چونکە بەلای منەوە وەکو کەسێک کە تازە هاتووم، ئەوە مایەی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ خەڵكی کورددا تێکەڵ ببم. خەڵکێکی باش و کراوەن، ئەوەیش بەلای منەوە خۆشە.
 
رووداو: رازین لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: بەڵێ و نەخێر. شتانێک هەن دەکرێت باشتر بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت کە ژمارەیەکی زۆر کارمان تەواو کردوون. لە دوایین دیدارمدا لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا پێموایە کاری تەواو باشی کردووە و ئەو گوتی کە ئەمە پرۆسەیەکە و بەردەوام دەبێت، بەڵام خاوە، لەگەڵ ئەوەیشدا جێگیرە. جا لە پرۆسەیەکی درێژی خاو و جێگیردا تۆ بەرز و نزم دەکەیت، چونکە کات هەیە شتەکان زۆر سەخت دەبن و کاتیش هەیە شتەکان زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچن. جا ئێستا پێموایە لە قۆناخێکداین کە شتەکان زۆر سەختن. بە راستی زۆر سەختن، چونکە گرژیی سیاسی هەیە. جا گرژیی سیاسی لەنێوان دوو حیزبی سیاسیی سەرەکیدا لە رێوە وادەکات کە چاکسازیی ناو هەردوو هێزی 70 و 80 کە ئامانجی سەرەکیی چاکسازییەکەی ناو وەزارەتی پێشمەرگەیە بۆئەوەی بخرێنە ژێر چەترێکەوە، لەم ساتەدا زۆر سەختتر بێت. ئێستا وەستانێک لە سیستمەکەدا هەیە، بەڵام ئێمە زۆر لەسەر ئەوە سوورین کە دەستپێبکەینەوە و دڵنیا ببینەوە لەوێوە دەستپێبکەینەوە کە جێمان هێشتووە.
 
رووداو: ئێستا وەزیری پێشمەرگە دەوام ناکات، پێتوایە یەکێتی و پارتی رژدن لەسەر یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: بەڵێ، من دڵنیام ئەوان وان. پێموایە هەردوو لایەن تێدەگەن کە ئەمە زۆر پێویستە و شتێکی گرنگە. شتێکی گرنگ ئەوەیە کە ئێمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوامان لێکراوە کە ئەمە بکەین. بۆیە لە هاوپەیمانێتییەکەدا لەگەڵ ئەمریکی و بەریتانی و ئەڵمانییەکان و ئێمەدا لەلایەن ئەم حکومەتەوە داوامان لێکرا کە لە چاکسازیی پێشمەرگەدا کاریان لەگەڵدا بکەین. جا ئەمەیش کارێکی گرنگە، چونکە چاکسازی لێرەوە دەکرێت. با ئێستا بێمەوە بۆ وەڵامی پرسیارەکەت. من هێشتا پابەندی ئەو راستییەم کە هەردوو حیزبەکەیش بۆیان دەردەکەوێت لە کۆتاییدا ئەمە لە قازانجیانە، چونکە ئەگەر سەیری وێنە گەورەکە بکەیت، بۆ نموونە دەبینیت ئەو کێشانەی لێرە لە عێراقی فیدراڵدا هەن و، ئینجا سەیری هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێرە بکەیت بەراورد بە بەغدا، ئەوە زۆر گرنگە بە یەکدەنگی قسە بکەیت. ئەوە زۆر گرنگ دەبێت کە یەکگرتوو بیت. پێموایە هەردوو حیزبەکە لەمە تێدەگەن. من تەنیا باسی ئەو کاریگەرییانە ناکەم کە بۆ سەقامگیری زۆر پێویستن. ئینجا خەڵکی کورد یەکگرتوون، بۆیە پێموایە هەردوو حیزبەکە ئەمە دەبینن و بەگوێرەی ئەوە دەجووڵێنەوە.
 
رووداو: ئەگەر ئێستا لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆببنەوە چیان پێدەڵێن لەبارەی ناکۆکییەکانیانەوە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: پێموایە ئەوە نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، بەڵکو زۆر زیاتر لە بەرژەوەندیی کوردیشدایە کە یەکگرتوو بن و جیاوازییەکانیان نەهێڵن. هەروەها ئێمە بەمنزیکانە کاتێک وەزیری بەرگریمان سەردانی ئێرەی کرد، بۆمان دەرکەوت کە ئێمە پێداگرین لەسەر ئەم چاکسازییەی پێشمەرگە و رۆڵی راوێژکاریمان کە لەم پرۆگرامەدا هەمانە. هەروەها ئەوەیشمان بە تەواوەتی روونکردەوە کە ئێمە پێویستمان بە یەکێتیی نێوان هەردوو حیزبەکەیە بۆئەوەی بتوانین ئەو ئەرکە بە ئەنجام بگەیەنین، چونکە ئەگەر ئەو ژینگەیە نەبێت، ئەوا ئێمە وەکو راوێژکار ئەرکێکی زۆر سەختمان دەبێت. پێموایە کە کرۆکی دیپلۆماسیەت، کاتێک سەیردەکەیت دیپلۆماتێک چی دەکات، ئەوەیە بەدوای لایەنی هاوبەشدا بگەڕێیت. بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین ئەوە دەستنیشان بکەین کە تاوەکو ئێستا گرنگترین شت بۆ کورد و هەرێمی کوردستان ئەوەیە یەکگرتوو بن. هەروەها ئەوە لە قازانجی ئێمەشدایە، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان سەقامگیر نەبێت کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ عێراقی فیدراڵدا سەقامگیر بووە، لە قازانجی ئێمەیشدایە لەبەردەم پەنابەراندا، ئەوا ئێمەیش لە مەترسیدا دەبین. بۆیە ئێمە لێرە قازانجی هاوبەشمان هەیە.
 
رووداو: هەڵسەنگاندنتان بۆ هێزی داعش لە عێراق چییە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: لەو باوەڕەدام کە داعش لەناونەچووە. هەروەها ئێمە ئێستا لەچاو سێ - چوار ساڵ لەمەوپێش لە دۆخێکی جیاوازداین. من شارەزایەکی سەربازی نیم، بەڵکو دیپلۆماتم، بەڵام پێموایە ئەوە دادگەرانەیە کە بڵێم جەنگەکە برایەوە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووین. هێشتا زۆر شوێن هەن کە داعش تێیاندا سەرهەڵدەدات. ئینجا هەروەها ئێمە هێشتا کارمان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر جەنگاوەری پێشوو و ئەو خەڵکانەدا هەیە کە لەژێر دەستی داعشدا بوون. ئێمە پێویستمان بەوەیە دڵنیا ببینەوە کە بەرنامەی دروستمان هەیە بۆ ئەوە. بۆ نموونە، دەیانگەڕێنینەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت زۆر وریا بین لەبارەی ئەو تووندوتیژیانەوەی لە زۆر ناوچەدا سەریانهەڵداوە. لەو لایەنەوە ئێمە زۆر پێداگر دەبین لەسەر ئەوەی چی پێویستە بکرێت. ئێمە هێشتا بەشێکیشین لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش.
 
رووداو: قەبارەی هاوکارییەکانتان بۆ پێشمەرگە چەندە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: لێرە قەبارەی هاوکارییەکان بۆ راوێژکاران سنووردارە. ئێمە راوێژکاری ستراتیجی و سەربازیمان هەیە و، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوە ئەو توانا سەربازییەیە کە دەیبەخشین. لەگەڵ ئەوەیشدا ساڵانێک لەمەوپێش دەوروبەری 130 بۆ 140 سەربازی هۆڵەندیشمان لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەبوو، بەڵام ئەوان سەرنجیان لەسەر چاکسازیی پێشمەرگە نەبوو، ئەوانە بەشێک بوون لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش. ئێمە لە ئایاری ساڵی داهاتوو بەدواوە کار لەسەر ئەوانە دەکەین. لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 سەربازمان لێرە بوون و لە ئایاری داهاتووەوە بەرەبەرە دەیانبەینەوە و رەنگە هاوپەیمانێتییەکی تازە ئەوە بگرێتە دەست.
 
رووداو: چەندین جار هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کراوە، ئەو ناوچانەش بۆردوومان کراون کە خەڵکی سڤیلیان تێدا دەژین، هەڵوێستی هۆڵەندا لەبارەی بۆردوومانەکەوە چییە؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: خۆی ئێمە تازەکی قسەمان لەسەر سەقامگیریی ئەم هەرێمە کرد، بەڵام قسەمان لەسەر کردە نێوخۆییەکان کرد. ئێستا تۆ باسی ئەو ئاسایشە دەکەیت کە لە دەرەوەی هەرێمەکەوە دێت لە وڵاتانی دیکەوە، بۆ نموونە ئێران. ئێمە زۆر هەوڵدەدەین پشتیوانیی ئەم حکومەتە بکەین لە دەنگهەڵبڕینیدا دژی ئەم هێرشانە. هۆڵەندا بەڕاستی بڕوای بە یاسا نێودەوڵەتییەکان هەیە و بڕوامان بەو راستییە هەیە کە وڵاتانی خاوەن سەروەری مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن. جا لەبەر ئەوەی ئێمە پشتیوانیی ئەم بنەمایانە دەکەین، هەروەها پشتیوانیی حکومەتێکی خاوەن سەروەرییش دەکەین کە دژی ئەم هێرشانەی لە دەرەوە دەکرێن دەنگ هەڵدەبڕێت. ئێمە هەر بەو باوەڕەوە ئەوەندەیشی بتوانین هەوڵدەدەین پشتیوانیی حکومەتەکەتان بکەین.
 
رووداو: دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: خۆی بەر لە هەموو شتێک پێموایە کە مافەکانی مرۆڤ بابەتێکی تەواو گرنگە. هەروەها ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا قسەمان لەسەر کردووە. بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا کە ساڵ بە ساڵ دۆخی سەختی جەنگ هەبووە و خەڵک ئازار و ئەشکەنجە دراون، ئەوا مافی مرۆڤ بەشێکی سەرەکییە، کە پێویستی بەوەیە سەرنجی لەسەر بێت، چونکە مافی مرۆڤ شتێکی زۆر بەبایەخە کە دەبێت بپارێزرێت. ئەو خەڵکەی ناتوانن خۆیان بپارێزن، ئەوا پێویستیان بەوەیە بە تایبەتی لە رێگەی مافەکانی مرۆڤەوە بپارێزرێن. ئێمە زۆر بڕوامان بەم بنەمایانە هەیە. هەروەها زۆریش بڕوامان بەوەیە کە زۆر گرنگە ئەگەر بتەوێت گەندەڵی نەهێڵیت، دەبێت لەم بنەمایانەی مافی مرۆڤەوە دەست پێبکەیت، چونکە هەر کەسێک بە دەست گەندەڵییەوە بناڵێنێت و بیەوێت لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات، پێویستیان بە هێزێکی زۆر و بە بەرگرییەک دەبێت. هەر وابووە کە ئەوانە لاواز بوون و پێویستیان بە مافی مرۆڤە بیانپارێزێت مادەم دەیانەوێت شەڕی گەندەڵی بکەن. ئەگەر وانەبێت بە ئاسانی لاواز ناکرێن و دادگایی ناکرێن. ئازادیی رادەربڕینیش بە هەمان شێوە، زۆر گرنگە. ئێمە باوەڕمان بە راگەیاندنی ئازاد هەیە. پێموایە ئەوە گرنگە راگەیاندن بە شێوازێکی تەواو ئازادانە گوزارشت لە خۆی بکات؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سنوور هەیە. بۆ نموونە سنووری ئازادیی رادەربڕین لەو شوێنەدایە کە کەسێک خەڵک بانگ بکات بۆئەوەی تووندوتیژی بکەن یان هەڕەشەی راستەوخۆ بن. پێموایە کە ئەمە لایەنی سێیەمە و پێویستی بەوەیە بڕیاری بۆ دەربکرێت کە سنوورەکان لە کوێدان و سنووری ئازادیی رادەربڕین تاوەکو کوێیە کە ئەمەیش کاری دادگەیە دیاریی بکات چی رێگەپێدراوە و چی رێگەپێنەدراوە. پێموایە ئەمانە لە دیموکراتیەتێکی ئازادانەدا توخمی سەرەکین بۆ گەشانەوە و بۆ ئەوەی وا بکەن دیموکراتیەت هەبێت.
 
رووداو: هەندێک جار نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان رەخنەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە لەبارەی سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین، رەخنەکانتان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، حکومەت هیچ کارێکی کردووە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانتان؟
 
ڤاکۆ بێرێندز: بەڵێ، پێموایە وای کردووە، چونکە گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێوە لەبارەی ئەم کێشانەوە پێکەوە قسە بکەن. ئەوەی تاوەکو ئێستا من بزانم، حکومەتی هەرێمی کوردستان قبووڵکەرە و دەتوانێت و دەیەوێت لەبارەی ئەم کێشانەوە قسە بکات. کاتێک هاوڕێکەت... کە پێموایە هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان زۆر هاوڕێن، ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانە و هاوبەشایەتیمان هەیە، ئێمە هاوڕێی باشین لەو شتانەیدا هەوڵدەدەین بە ئەنجامیان بگەیێنین. دەکرێت هاوڕێ رەخنە لەیەکدی بگرن. هەندێک کات دەکرێت هاوڕێ لە هەموو وردەکارییەکاندا هاوڕا نەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانن گەنگەشەی بکەن؟ ئایا دەتوانن لەبارەی ئەم کێشانەوە قسە بکەن؟ ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەتوانین. بۆیە رێگەیەک بۆ کارلێککردن هەیە. ئێمە دەزانین کە هەمیشە هاوڕا نابین، هەرچەندە لە زۆر کێشەی دیکەدا هاوڕاین، بەڵام ئەگەر هاوڕا نەبووین، هاوڕێیەک دەدۆزینەوە کە بتوانین قسەی لەگەڵدا بکەین و نیگەرانییەکانمانی پێ بگەیێنین.
 
رووداو: پێدانی ڤیزای هۆڵەندا بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان زۆر سەختە، بۆچی بەو شێوەیە؟
 
یاکۆ بێرێندز: ئەوە راستە. لەبەر ئەوەی لەم ساتەدا تەنیا ڤیزای بازرگانیمان هەیە. بۆیە لەم کاتەدا هەلمان بۆ تاکە کەس نییە کە وەکو گەشتیارێک گەشت بکات. ئەوە لەم کاتەدا بڕیارێکی ئاسایشییە و لەلایەن حکومەتەوە دراوە. ئینجا لە ئەوروپادا وڵاتی دیکە هەن کە ڤیزای گەشتیاری دەدەن، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە کە لەم کاتەدا نەیدەین. رەنگە لە داهاتوودا بگۆڕێت، بەڵام من هیچ لەبارەیەوە نازانم و ناتوانم دڵنیاییتان بدەمێ. بەڵام ئەوە بەشێکە لەو گفتوگۆیەی لەگەڵ حکومەتی ئێرە و حکومەتی عێراقدا کردمان. زۆر کێشەی دیکە هەن کە پەیوەندییان بەم پرسیاری ڤیزایەوە هەیە کە بە گشتی پەیوەندییان بە گفتوگۆیەکی فراوانەوە هەیە لەبارەی کۆچبەرانەوە.
 
داڕشتنەوە: جووتیار قارەمان و دانا عومەر