گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: لەگەڵ هەولێر هاوئاهەنگین بۆ رێگەگرتن لە هێرشی سەر بنکەکانی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند هاوئاهەنگیی باڵایان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کارکردن بۆ رێگەگرتن لە بەئامانجکردنی ئەو بنکە سەربازییانەی راوێژکارەکانی تێدان.
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-12-2023) لە نیوڕۆژی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق کرد لەدوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا لیوا یەحیا رەسوول رایگەیاند "پێمان وایە زۆربەی بابەتەکان دەکرێ بە سیاسەت و دیپلۆماسییەت چارەسەر بکرێن، نەوەک پێچەوانەکەی کە هاوەنباران یان مووشەکبارانی شوێنێک بکرێت یان درۆن بۆ هێرشەکان بەکاربهێندرێت." 
 
سەنگەر عەبدولرەحمان بە لیوا یەحیا رەسولی گوت "دەگوترێت، ئەم گرووپە چەکدارانە کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنیی عێراقیان کردووە و هەرچییان بووێت دەیکەن و حکومەت ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات." لیوا یەحیا رەسوول لە وەڵامدا رایگەیاند "ئێمە دەوڵەتی دامەزراوەین؛ دەوڵەتێکین خاوەن دەستوورین، خاوەن یاساین و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانمان هەیە. هەروەها خاوەنی هێزی ئەمنی و هەواڵگریین. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش خۆی رایگەیاند کە حکومەت بەرپرسیاریێتی پاراستنی گیانی راوێژکاران و نێردە دیپلۆماسییەکان لە ئەستۆ دەگرێت."  
 
رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی بەیانیی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات. ئێوارەی هەمان رۆژ، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، زنجیرەیەک هێرش کرانە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەیی دژی لە نزیکی جێگیرکراون. ئەو هێرشانەش جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیان نەبوو. 
 
رۆژی هەینی، پێنتاگۆن رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە "ئەرکی حکومەتی عێراق" کردووە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە هەمان رۆژدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات و ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدۆزێتەوە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق 
 
رووداو: ئێستا هەموو لایەک بەرپرسیارێتییەکە دەخەنە ئەستۆی حکومەتی عێراق. ئەمریکاش بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە پارێزگاری لە نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان بکات. حکومەتی عێراق هەنگاوی جیدی و پێویست دەنێت؟ دەتوانێ چی بکات؟
 
یەحیا رەسوول: لە راستیدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. سەرباری پابەندبوون، سووربوونێک هەیە لەم بابەتەدا و ناکرێت رێگە بە کردەوەی تیرۆریستی لەلایەن گرووپێکی لەیاسادەرچوو بدرێت. چەند رێکارێکمان گرتەبەر، بەتایبەتی سزادانی فەرماندە و ئەفسەرەکانی ئەو هێزە سەربازییانەی لە سنوورەکانی ئەوانەوە مووشەک و درۆنەکان هەڵدرابوون. هەروەها هێزەکان گۆڕدران و فەرمان بە هەواڵگرییەکان دراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بەمەبەستی دادگەییکردنیان.  
 
رووداو: ئەمە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەوێت؟ لەکاتێکدا ئەنجامدەرانی هێرشەکان دیارن و خۆیان راگەیێندراویان بڵاوکردووەتەوە و بەرپرسیاریێتییەکانیان لەئەستۆگرتووە کە هەندێک گرووپی چەکداری لەژێر ناو و ناونیشانی جیاوازدا بە ئاشکرا ئەم هێرشانە دەکەن. نازانن کێن؟ دیار نییە کێن و ناناسرێن؟ 
 
یەحیا رەسوول: لەسەر داوای بەڕێز فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرا. چوارچێوەی هاوئاهەنگیش راگەیێندراوێکی روونی بڵاوکردەوە و رێنمایی بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دا بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکانیان کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی راپێچی دادگەیان بکەن. ئەرکی ئێمەیە وەک هێزە چەکدارەکان و حکومەتی عێراقی، نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان و راوێژکارانی هاوپەیمانان لە خاکی عێراق بپارێزین. حکومەتی عێراقیش بە وردی کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات. پێموایە فەرمان و رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان روونن و هەموو هێزەکان بە یەکە جیاوازەکانیانەوە کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.   
 
رووداو: دەگوترێت، ئەم گرووپە چەکدارانە کۆنترۆڵی دۆخی ئەمنیی عێراقیان کردووە و هەرچییان بووێت دەیکەن و حکومەت ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. حکومەت توانای لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە هەیە؟ دەتوانێ لە چەک دایانماڵێت؟ دەتوانێ دادگەییان بکات؟ 
 
یەحیا رەسوول: ئێمە دەوڵەتی دامەزراوەین؛ دەوڵەتێکین خاوەن دەستوورین، خاوەن یاساین و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانمان هەیە. هەروەها خاوەنی هێزی ئەمنی و هەواڵگریین. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش خۆی رایگەیاند کە حکومەت بەرپرسیاریێتی پاراستنی گیانی راوێژکاران و نێردە دیپلۆماسییەکان لە ئەستۆ دەگرێت. هێزەکانمان لەسەر زەوی کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئاسایش و ئارامی و هێزی یاسا لە سەرانسەری عێراق. هەروەها یەکە سەربازییەکانیش هەمان کار دەکەن.  
 
رووداو: بۆ ئەم بابەتە هاوئاهەنگیتان لەگەڵ هەولێر هەیە؟ وەک ئاگادارن هەولێریش بێبەش نییە لەم هێرشانە و تەنانەت رۆژی هەینی درۆنێک بە باڵەخانەیەکی سڤیل کەوت. 
 
یەحیا رەسوول: بەدڵنیاییەوە، هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر هەیە. هاوئاهەنگییەکانمان تەنیا لە بواری ئەمنیدا نین، بەڵکو لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کارکردندان بۆ رێگەگرتن لە بەئامانجکردنی ئەو بنکە سەربازییانەی راوێژکارەکانی تێدان. سەرباری ئەوەش، لە رووداوی خۆکێشانی یەکێک لە درۆنەکان بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سڤیل، بە هەمان شێوە لە بەغداش روویدا و تەنانەت مووشەکێک بە باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کەوت. بۆیە پێمان وایە زۆربەی بابەتەکان دەکرێ بە سیاسەت و دیپلۆماسییەت چارەسەر بکرێن، نەوەک پێچەوانەکەی کە هاوەنباران یان مووشەکبارانی شوێنێک بکرێت یان درۆن بۆ هێرشەکان بەکاربهێندرێت. هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و کاردەکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی عێراق.   
 
رووداو: ئەگەر گەیشتنە ئەنجام، بۆ رای گشتی رایدەگەیێنن کێ ئەم کارانە دەکات؟ 
 
یەحیا رەسوول: گەیشتووینەتە سەرەداوێک. دەزگا هەواڵگرییەکانیش بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ئەو کەس و لایەنانەی نێردە دیپلۆماسییەکانیان بە ئامانج کردووە. بەدڵنیاییەوە هەر کاتێک ئەنجامدەرانی هێرشەکان دەستگیرکران، بۆ رای گشتیی ئاشکرای دەکەین. وەک باسم کرد، هێز و دەزگا هەواڵگرییەکانمان بە جیدی کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی هەموو ئەوانەی هێرشەکان لە بەغدا و هەولێر و هەموو عێراق دەکەن.