وەزیری کشتوکاڵی عێراق: هاوکار دەبین بۆ هێنانی بەروبوومی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشوور
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی لە بەشێک لە بەروبوومەکاندا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و دەشڵێت، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان هاوکار دەبن بۆ ناردنی بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کوردستان بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق.
د. عەباس جەبر ئەلعەلیاوی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لە ناردنی بەربووبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق و گوتی، هیچ رێگرییەک لەوەدا نییە. گوتیشی، "نامانەوێت بەرهەمی هیچ پارێزگایەکی عێراق لەدەستبدەین."
وەزیری کشتوکاڵی عێراق باسی لە دۆخی بەبیابانبوون لە وڵاتەکەی، هاوردەکردنی بەرووبوومی دەرەکی، وشکەساڵی، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق بۆ ئەو کەرتە کرد و رایگەیاند، کشتوکاڵ لە عێراق رووبەڕووی ئالنگاریی گەورە بووەتەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات، رووبەری چاندن کەمکراونەتەوە.
لەبارەی بەبیابانبوون لە عێراق، د. عەباس جەبر ئەلعەلیاوی باسی لەوە کرد، "لەم کابینەیەدا بەو ئاراستەیە دەڕۆین کە رووبەری بەبیابانبوون کەمبکەینەوە، ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن دار لە شەقامە سەرەکییەکان چێندراون و هەڵمەتێکی گەورەمان بە دەستەوەیە بۆ دارچاندن لە پشتێنەی شارەکان."
لە درێژەی ئەم هەڤپەیڤینەدا، لەبارەی دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، پیسبوون و کەمبوونی ئاو و سوێربوونی کە ئاڵنگاریی گەورەی بەردەم کەرتی کشتوکاڵین لە عێراق، گفتوگۆ کراوە.
دەقی هەڤپەینی رووداو لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق:
رووداو: دکتۆر ئەم کاتەت باش خۆشحاڵم کە گفتوگۆت لەگەڵ دەکەم، سەرەتا پێمخۆشە ئێمە بخەیتە ناو وێنە گشتییەکەوە، ئێستا رووبەری چێنراو لە عێراق چەندە و چەند جووتیار لە کشتوکاڵدا کار دەکەن و بە گشتی بەرهەممان چییە؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. سەرەتا سوپاسی کەناڵەکەتان دەکەین و سوپاسی گشت بینەرە بەڕێزەکانی دەکەین. کشتوکاڵ لە عێراق ڕووبەڕووی ئالنگاریی گەورە بووەتەوە، یەکێکیش لە دیارترین ئاڵنگارییەکان کاریگەربوونیەتی بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا کە کاریان لە ئاستی ئاو کردووە و بووە مایەی کەمیی ئاوی هاتوو لە رێی هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوە، ئەمەش کاری لە پانتاییە چێندراوەکان کردووە، بۆیە پانتایی چێنراومان لە پلانی وەرزی زستانەی ساڵی 2023دا بۆ نیوە کەمکردەوە لە زەوییە بەراوەکان تاوەکو گەیشتینە 1.5 ملیۆن دۆنم، بەڵام پاش 15ی 11 و دوای بارینی باران، بڕیارمان دا پێداچوونەوە بۆ پلانەکە بکرێت، ئەوە بوو پێداچوونەوەی بۆ کرا و پانتاییەکە بە هۆی زۆریی باران بۆ 2.5 ملیۆن دۆنم زیاد کرا، بەڵام رووبەرە گەورەترەکە ئەوەیە کە تێیدا پشتمان بە ئاوی بیر بەستووە و پلانەکە نزیکەی 4 ملیۆن بوو، سەرباری زەوییە باراناوی و نیمچە باراناوییەکان لە ناوچەکانی باکوور و باشووری ناوچەکانی باکوور لە موسڵ و سەڵاحەددین و کەرکووک.
سوپاس بۆ خوا سەرباری ئاڵنگاریی وشکەساڵی و ئاڵنگاریی کەمیی ئاوی هاتوو بۆ هەردوو رووباری دیجلە و فورات، وەرزەکە سەرکەوتوو بوو، هۆکارەکەیش پشتیوانیی حکومەتی عێراق بوو و وەزارەتی کشتوکاڵ بە دیاریکراوی بۆ ئەو وەرزە بە پشتگیری لە رێگەی پەین و بنەتۆ بە رێژەگەلی زۆر بەرز، حەوە بوو پشتیوانیەەکە بۆ پەین بە رێژەی 50٪ بوو و بۆ بنەتۆ بە رێژەی 70٪ بوو. هەروەها پارە بە جووتیاران درا و لە سەرەتای چاندن لە وەرزەکەدا بانگەشەمان بۆ ئەمە کرد و گوتمان وەزارەتی بازرگانی راستەوخۆ پاش رادەستکردنی بەرهەمەکانیان پارە بە جووتیاران دەدات لە ماوەیەکدا کە لە دوو هەفتە تێپەڕ نەبێت. لەبەر ئەمە وەرزەکە وەرزی خێر بوو بەڕاستی بۆ هەموو عێراقییەکان چ لە هەرێم یان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، بەهۆی ئەو پشتیوانییەی پێشکێش کرا و هەمووتان تێبینی دەکەن کە وەرزی خۆبژێوی بوو بۆ ساڵی 2023 بە بەرهەمێک کە لە 5 ملیۆن تۆن زیاتر بوو.
رووداو: زۆرباشە باسی ئەو بەرهەمە دەکەین کە تێیدا گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و ئەو بەرهەمانەی کە زیاتر پێویستمان پێیانە، بەڵام ئێستا دەمەوێ بزانم رووبەری ئەو زەوییە چەندە کە بە بەرهەمی کشتوکاڵی دەچێنرێت، وەک دانەوێڵە و سەوزە و میوە؟ چەند لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق بەکاردەهێندرێت؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: لەم پرسیارە تەنیا چەند وشەیەکم پێگەیشت، سەبارەت بە بەرهەم، کەمێک پێش ئێستا باسمکرد کە رووبەری چێندراو لە هەموو زەوییەکان چ باراناوی و چ نیمچە باراناوی و ئەوانەی بە بیر یان ئاوی رووبارەکان ئاو دەدرێن زیاتر لە 8 ملیۆن دۆنم بوون و بەرهەمەکەی نزیکەی 5 ملیۆن و 192 هەزار تۆن بوو لەو وەرزە ناوازەیە کە بووە مایەی خۆبژێویی عێراق بۆ ساڵی 2023.
رووداو: باشە ئەم پێنج ملیۆن تۆنە دانەوێڵەیە؟ من باسی سەوزە و میوەش دەکەم، جگە لە دانەوێڵە، سەوزە و میوە و بەرهەمی دیکەمان هەیە، خورماش، چەندیان لێبەرهەم دەهێنین؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: ئێمە وەک وەزارەت ئێستا رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەیە و ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییە بازاڕ رێک دەخات. ئێمە بەرهەممان هەیە، زۆربەی سەوزە عێراقییە، زۆربەی سەوزە بنەڕەتییەکان لە سەر سفرەی عێراقیدا لە هەموو پارێزگەکان بەرهەم دەهێنرێن، هەر لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو لە پارێزگای بەسڕا کۆتایی پێدێت. سوپاس بۆ خوا، پاش رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێم، بەر لە دوو هەفتە و لە سەر رۆژنامەیەکی یەکگرتوو، چونکە رۆژنامەی پێشوو تەنیا تایبەت بوو بە ناوچە فیدراڵەکان و ئەوە دەبووە هۆی لەنگی، چونکە کاتێک پێوانە دەکەیت پێویستە پێوانەی هەموو عێراق بکەیت لە باکوورەوە تا باشوور، بەڵام رۆژنامەکە تایبەت بوو بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور بەمەیش ئەم بەروبوومانەی لەخۆدەگرت. بێگومان بەروبووممان بۆ دێن لە هەرێمی کوردستانەوە یان لە ڕێی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام یەکخستنیان وایکرد ئەو بەروبوومەی دەگەن هاوکار بن بۆ ئەوەی ئێستا بازاڕ کۆنترۆڵ بکەین، ئەمەیش هاوکار دەبێت لەوەی ئەو بەرهەمە عێراقییەی کە هەیە لەم رۆژنامەیەدا، خوا یار بێت، لە زۆربەی بەروبوومە بنەڕەتییەکاندا دەبێتە مایەی خۆبژێوی و تەنیا پێویستیمان بە هاوردەکردنی بەرهەمە لاوەکییەکان دەبێت. ئەمەیش پشتبەستووە بە خستنەڕوو لە بازاڕدا لە ڕێی لیژنەیەکمانەوە لە وەزارەت، یان بەشێک لە وەزارەت کە بەشی چاودێریی نرخ و کەمی و زۆری بەردەستبوونی شتەکان و، لە کاتی کەمییان سنوورەکان دەکەینەوە ڕێگە بە هاوردەکردن دەدەین. قسەکانم کورتدەکەمەوە و بە کورتی دەڵێم سوپاس بۆ خوا ئێستا جووتیارانی خۆمان زۆربەی بەروبوومە بنەڕەتییەکانی سەوزە بەردەست دەخەن لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا جگە لە چەند ماوەیەکی کورت کە تیایاندا پێویستیمان بە کردنەوەی سنوورەکان و هاوردەکردن دەبێت.
رووداو: بەڵام دکتۆر، بەپێی ئەو ساڵنامەی کشتوکاڵییەی کە باسی دەکەیت، دەتوانی پێم بڵێیت کام بەروبووم، تکایە بڕەکەشم پێبڵێ، کە تێیدا گەیشتوینەتە ئاستی خۆبژێوی و لە کام بەرووبوومەوە خۆمان بە ناچاری هاوردە دەکەین لە وڵاتانی دیکە؟ دەتوانن چەند نموونەیەکم بۆ باس بکەی لەگەڵ بڕەکانیان؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بەڵێ، بەڵێ، ئەو خۆبژێوییەی بەدیهات لە رێی کشتوکاڵەوە لە وەرزی 2023 لە بەرهەمی گەنم بوو و وەک پێشتر باسمکرد گەیشتە 5 ملیۆن و 192 هەزار تۆن، بەروبوومەکانی دیکە بەپێی ریککەوتنەکەمان لەگەڵ برایانمان لە هەرێم، سەبارەت تەماتە زۆبەی رۆژەکانی ساڵ واتە 11 مانگ بەشمان دەکات و تەنیا بۆ یەک مانگ پێویستمان بە هاوردەکردنە. بێگومان ئەمەی ئێستا باسی دەکەم باسی رۆژنامە کشتوکاڵییە یەکگرتووەکەیە کە خوا یار بێت لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریدا پەسەند دەکرێت، چونکە هێشتا پەسەند نەکراوە، بەڵام رێککەوتن کراوە کە زۆربەی کاتەکانی ساڵ زۆربەی بەروبوومە سەرەکییەکان بەردەست دەبن کە بریتین لە تەماتە و پەتاتە و خەیار و هەندێ بەروبوومی دیکە، کە ئەمانە دیارترین ئەو بەروبوومانەن خێزانی عێراقی پێویستی پێیانە و گەنم لە سەرووی هەموویانەوە دێت کە بەرهەمێکی ستراتیژی و گرنگە بە تایبەتی لە سایەی ئەو دۆخەی بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و رووسیای فیدراڵەوە هاتەکایەوە.
رووداو: بەڵێ دکتۆر برنج بەرهەمێکی دیکەی ستراتیژییە، جگە لە برنج دەتوانی باسی بەرهەمەکانی دیکەمان بۆ بکەیت؟ ئایا وەزارەتەکەت پلانی هەیە، بەپێی پلانەکە بۆ وەرزی داهاتوو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، چ شارێک چ بەرهەمێک بەرهەمەبهێنێت بۆ ئەوەی ئاوی پێویستی بۆ دابینبکرێت؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بەڵێ بێگومان، عێراق بەناوبانگ بوو و بە تایبەتی هەندێک لە پارێزگاکانمان وەک دیوانییە و واست و نەجەف ئەمانە بە بەرهەمی چەڵتووک بەناوبانگ بوون، کە بەرهەمهێنانی برنجە و بڕی زۆریان بەرهەمدەهێنا لەم پێویستییە گرنگ و زۆرەی بازاڕی عێراق، بەڵام بەهۆی کەمیی ئەو ئاوەی دێتە هەردوو رووباری دیجلە و فوراتەوە ئەو رووبەرانە کەمکرانەوە و ساڵانە کەمدەکرێت تا لە ئەم ساڵدا گەیشتینە ژمارەیەکی پەراوێز کە لە 5000 دۆنم تێپەڕی نەکرد لە پارێزگای نەجەف و 2000 دۆنم لە پارێزگای دیوانییە بەهۆی نەبوونی بڕی پێویستی ئاو. جگە لەوەی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هاوئاهەنگیمان هەیە بۆ بەکارهێنانی پڕژێنەی تەوەری و هاندانی بەکارهێنانیان و پشتیوانیی جووتیاران بۆ بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ئاودێری وەک پڕژێنەری جێگیر و تەوەری و هێڵی.
رووداو: ئایا پلانتان هەیە بۆ ئەوەی لە چ پارێزگایەکی عێراق گەنم نەچێندریت بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: ئێستا خەریکی گفتوگۆین، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەکەین بە مەبەستی ئامادەکردنی پلانی داهاتوو بۆ وەرزی زستانەی 2024 وەزارەتی سەرچاوەکان خۆی ئەو بڕە ئاوەمان بۆ دیاری دەکات کە دەکرێت کشتوکاڵی پێ بکرێت و ئەو رووبەرانە چەندن کە دەکرێت لە پارێزگاکانی عێراقدا کشتوکاڵیان تێدا بکرێت، چاوەڕوانین لیژنەکان کاری خۆیان لەم هەفتەیەدا، خوا یار بێت، تەواو بکەن و بچینە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی پلانەکە.
رووداو: دکتۆر با بگەڕێینەوە بۆ باسکردنی بەرهەمی برنج، ئێستا عێراق چەند لە برنج بەرهەمدەهێنێت؟ لە ساڵانی رابردوودا چەند بووە و ئێستا بووە بە چەندە؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: هیچ بواری بەراورد نییە، سەدان هەزار بگرە ملیۆنان دۆنم پێشتر دەچێنران و هەموو ئەوەی ئێستا چێندراوە تەنیا 5000 دۆنمە کە دەشێت تەنیا یەک جووتیار ئەمە بکات، ئێستا جووتیارمان هەیە 5000 و 10000 دۆنم زەوییان هەیە، تەنیا یەک جووتیا 5000ی هەیە، ئەمە تەنیا بۆ پاراستنی جۆرەکانی بنەتۆی عێراقییە بە تایبەتی برنجی عەنبەر کە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور پێی بەناوبانگن لە ترسی ئەوەی ئەم بەرهەمە ستراتیژی و گرنگە کۆتایی پێ بێت، تەنیا بۆ پاراستنی بنەتۆیە، تەنیا بۆ ئەم مەبەستەیە.
رووداو: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا عێراق دەیان جۆری بنە تۆوی هەبوو، بەتایبەتی بنە تۆوی گەنم، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە ئەمە بە ئەنقەست کرابێت و جۆرەکانی بنەتۆو زۆر کەمبوونەتەوە، ئەمە تا چەند راستە؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: نا، نا، بە پێچەوانەوە، ئێمە ئێستا فەرمانگەی توێژینەوەی کشتوکاڵی و فەرمانگەی پەسەندکردنی بنەتۆومان هەیە و چەندین توێژەری دەرچووی زانکۆ رەسەنەکانی عێراق و زانکۆ رەسەنەکانی جیهانن و خەریکی هەڵهێنجانی جۆری زۆرن لەم بەرهەمە و سوپاس بۆ خوا سەرکەوتنیان روونە، یەکەم لە رێی ئەو خواستەی لە سەریان هەیە، ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنممان 450 هەزار تۆن بوو، ئەمانە بنەتۆ بوون بە سەر جووتیاراندا دابەشکران و ساڵانە زیادی دەکەین و خواستیش زیاد دەبێت. دووەم، پرۆسەی بڕی بەرهەم کە پێشتر 500 بۆ 700 کیلۆ بوو ئێستا لە 1000 کیلۆ زیاترە و دەگاتە 1500، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە جۆرەکان جۆری گونجاون بۆ ژینگەی عێراق و گونجاون بۆ گۆڕاوەکانی کەشوهەوا و دۆخی عێراق کە پلەی گەرمی تیایدا بەرزە و ئاستی بەبیابانوونی بەرزە، هەروەها ئەم جۆرانە هەڵبژاردەن و گونجاون بۆ ژینگەی عێراق و لە ژێر چاودێریی فەرمانگەکانن کە بریتین لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەسەندکردنی بنەتۆ.
رووداو: دکتۆر باست لە دیاردەی بیابانبوون کرد، دەتوانی پێمان بڵێی قەبارەی بە بیابانبوون لە عێراق چەندە و ساڵانە چەند دۆنم زەوی لە عێراق بە بیابان دەبن؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: ئێمە ئێستا هیچ رێژەیەکی زیادبوونی بەبیابانبوونمان لە بەر دەست نییە، بەڵام لە سەر بنەمای کەمیی رووبەرە کشتوکاڵکراوەکان دەیپێوین. سوپاس بۆ خوا لەم حکومەتەدا بەو ئاراستەیە دەڕۆین کە رووبەرەکان کەمبکەینەوە و پلانێکمان داڕشت و کۆنگرەی کەشوهوامان ساز کرد لە پارێزگای بەسڕا کە سەرۆکوەزیران داوای سازدانی کرد کە ئامادەیی نێودەوڵەتیی بەخۆوە بینی و دامەزراوەکانی دەوڵەت تێیدا ئامادەبوون و وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ وەزارەتی شارەوانییەکان و وەزارەتە پشتیوانەکانی دیکە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیرانیان گرتەئەستۆ و وەزارەتی کشتوکاڵ زۆرترین پشکی تێدا هەبوو لە بەشداریکردن لە چاندنی پێنج ملیۆن نەمامی دارخورما و دارە جۆراوجۆرەکان وەک زەتوون و مزرەمەنی و زۆر داری دیکە کە بەرگەی کەشوهەوا دەگرن. ئەوە بوو بە کردەوە پاش ئەو کۆنگرەیە دەستمان کرد بە وۆرکشۆپ و دەستی پێکرا و ئێستا زیاتر لە 1.5 ملیۆن تا دوو ملیۆن دار چێندراون لە شەقامە سەرەکییەکان و لە دامەزراوەکان. بەڕاستی ئێمە ئێستا هەڵمەتێکی زۆر گەورەمان بە دەستەوەیە بۆ چاندن، بە تایبەتی لە پشتێنەی شارەکان و شەقامەکان و تەوەرە سەرەکییەکان و دامەزرەوان و بە دیاریش و بە خۆڕایی نەمام بەم دامەزراوانە دەدەین بۆ ئەوەی رووبەرە چێندراوەکان زیاد بکەین لە رێی فەرمانگەکانی وەزارەتەکەمانەوە. واتە، ئێمە رووبەرە چێندراوەکان زیاد دەکەین. بەڵام ئە رووبەرانەی بە ئاوی رووبارەکان ئاو دەدرێن ئەو رووبەرانەن کە تیایاندا لە دۆخێکی هەستیرداین و ساڵانە تیایاندا بەر کایگەری دەکەون بە هۆی کەمیی ئەو ئاوەی بۆمان دێت. بۆ نموونە هەردوو رووباری دیجلە و فورات پێش ساڵێک یان دووان داهاتی ئاویان 600 یان 700 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بوو و بۆ ژمارەیەکی زۆر سەخت دابەزی کە 200 مەتری سێجایە لە چرکەیەکدا. ئەمە بەڕاستی ئالنگارییەکی گەورەیە بۆ حکومەت و ئالنگارییەکی گەورەیە بۆ هاووڵاتییان و بۆ جووتیاران و بۆ رووبەرە چیندراوەکان و بۆ رووپۆشی سەوز و رووبەرە چێندراوەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ بە زیادکردنی رووبەرە چێندراوەکان لە زەوییە دێمەکارەکان چ لە پارێزگاکانی باکوور یان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ئەم بەڕاستی ئەو رووبەرانە زیاد دەکات و پرۆسەی بەبیابابنبوون کەمدەکات کاتێک بەشە ئاو بەردەست نابێت و دەبنە بیابان و رەنگە بکەونە بەر زێدەڕۆیی و کار دەکەنە سەر کەشوهەوا و زیادبوونی کەوتنە ژێر ئەم کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوا.
رووداو: بەڵام راپۆرتەکان هەمیشە باس لەوە دەکەن کە ناوچە بیابانبووەکان لە عێراق لە زیادبووندان، ئایا هیچ داتا و زانیارییەکتان لەم بارەیەوە کۆکردووەتەوە، یان هیچ رووپێوییەکتان ئەنجامداوە کە ناوچە بیابانییەکانی ئێستای عێراق پیشان بدات؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: من کاتێک کە دەڵێم پێشتر 50 ملیۆن دۆنم زەویمان هەبوو کە بۆ کشتوکاڵ شیاو بوون و ئێستا ئەو رووبەرە گەیشتووەتە 2.5 یان 1.5 ملیۆن دۆنم، بڕی جیاوازییەکە روونە لەو زەوییانەی بە هۆی بەبیابانبوونەوە بە هۆی نەبوونی ئاوی پێویست بۆ ئەو رووبەرە زۆرانە لەدەستمان داون. ئێمە لە عێراق پانتایی زۆرمان هەیە و وڵاتەکە خاوەنی زەویی زۆری بەپیت بوو لە رابردوودا، بە تایبەتی ئەو زەوییانەی هاوسنووری هەردوو رووباری دیجلە و فوراتن، هەر لە سەرچاوەکانیانەوە لە باکووری عێراق، هەر لە سەرەتای سەرچاوەکانیانەوە تا گەیشتنیان بە خاکی عێراق و تاوەکو شەتولعەرەب، هەموو ئەو رووبەرانە بەڕاستی بە هەموو بەروبوومێک دەچێندران و لە هەموو کاتێکدا بە هاوین و زستان، بەڵام کەمیی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بێگومان کاریگەریی هەبوو و کاریگەرییەکەی زیادکرد و ساڵانە بە رێژەی 50٪ کەمیان دەکەینەوە، واتە من ساڵانە بە هۆی سەرچاوەکانی ئاوەوە 50٪ی ئەو زەوییانە کەمدەکەمەوە، ئەوان ئاماژەکەم پێ دەدەن، ئێمە لیژنەیەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و ئاستی ئاوی بەردەستی دەپێوێت و پێمان دەڵێن ئەو رووبەرەی دەکرێت بچێندرێت چەندە. واتە ئێمە ساڵانە کەمدەکەینەوە و ئەمەش بەڕاستی رووبەرە سەوزەکان و ئەو رووبەرانەی چارەسەری گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کەمدەکات. بۆیە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیران کە ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی مەبەستەکەی زیادکردنی رووبەرە چێندراوەکان بوو بە پشتبەستن بە بیرەکان، ئێستا لەو رێگا تەوەرییانەی کەمێک پێش ئێستا باسمکردن چ لە دامەزراوەکان پشت بە رووبارەکان نابەستن و پشت بە لێدانی بیر دەبەستن لەگەڵ ئاودان بە سیستمەکانی ئاودێری بە دڵۆپاندن کە بەفیڕۆدان تێیدا کەمە، چونکە لە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەویش دەترسین ئەم سامانە نیشتمانییە گەورەیەمان لە دەستبدات.
رووداو: دکتۆر، بەڵام ئەگەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی تاوەکو ئەم ئاستە دابەزی و ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بەم شێوەیە کەمبووەوە کە تۆ باسی دەکەیت، ئایا دەکرێت بڵێین لە داهاتوودا شتێک بە ناوی کشتوکاڵ لە عێراق نامێنێت؟ ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت زۆر خراپە دەبێت وانیە؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: نا. بێگومان نا، ئێمە کشتوکاڵ ناکەین ئەگەر ئاومان نەبێت و ئەگەر ئاوی ژێر زەوی وەک ئەوەی لە هەندێک پارێزگا روودەدات ئاستی دابەزێت بۆ قووڵایی زۆر تاوەکو ئەو ئاستەی نەکرێت بەهۆی گرانیی تێچووەکەی دەربهێنرێت، بێگومان کاریگەریی دەبێت. عێراق بەم دوو رووبارە نەمرەوە ناسراوە کە دیجلە و فوراتن کە بناخەی کشتوکاڵن لەم وڵاتەدا و بنەمای ناونانی ئەم خاکەن با خاکی رەش. بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق ئێستا بەجیددی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات بە تایبەتی لەگەڵ تورکیا، چونکە بڕوای وایە یەکێک لە گرنگترین مافەکانی گەلی عێراق دابینکردنی ئەم ئاوانەیە. ئێمە ئەمڕۆ تەنیا بیر لە ئاوی کشتوکاڵکردن ناکەینەوە و ئەم کەمئاوییە بەڕاستی کاریگەریی لە سەر ئاوی خواردنەوە هەیە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و کاریگەریی لە سەر ئاستی پیسبوونی ژینگە هەیە. ئێستا کاتێک ئاو دەگاتە ئەم بڕە زۆر کەمانە ئەمە بە واتەی زیدبوونی رێژەی پیسبوون و کاریگەریی ئەم زیادبوونی رێژەی پیسبوونە روونە لە سەر تەندروستی و کۆمەڵگە و ژینگە. ئێستا هەمەجۆریی زۆری ژینگەیی و زیندەیی لە ناوچەکانی زەنگاوەکاندا کە خراونەتە ناو لیستی کەلەپوورەوە و ئەرکێکی مرۆڤانە و نێودەوڵەتیی دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە بەو پێیەیە چوونەتە لیستی کەلەپووری جیهانەوە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پێویستە بپارێزێن و هەمەجۆریی زیندەیی تیایندا بپارێزرێت، بەڵام زۆر بە داخەوە کەمئاوی زۆری لەم زۆنگاوانە برد و کۆتایی هێنا بە ژمارەیەکی زۆری ئەم سامانی ئاژەڵە زۆرەی لەم ناوچانەدا هەیە، کۆتاییشیان واتە کۆتایی سەرچاوەی بژێویی بەشێکی زۆری ئەم خێزانانە و ئاوارەبوونیان و کاریگەری خستنە سەر کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی.
رووداو: دکتۆر با باسی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەین. ژمارەیەکی زۆر هاوکاری و ئۆفەر لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە پێشکەش بە جووتیارانی عێراق دەکرێت. بەڵام ئەم هاوکارییە جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. بۆچی؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: لەنێو ماددەکانی بودجەدا هاتووە کە دەبێت حکومەتی عێراق لە رێی وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵەوە گەنمی جووتیاران بکڕێت، جووتیارانی هەرێم کە چاندیان وەک جووتیارانی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق لێیان وەرگیرا بەو پێیەی کە هاووڵاتیی عێراقن و نیشتەجێی هەرێمن و لەم بابەتەدا مافیان هەیە، سەبارەت پێداویستییەکانی دیکەیش ئەوان دەچنە چوارچێوەی بەشە بودجەی هەرێم و بە دڵنیاییەوە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بە پێی بودجەی خۆی دەستەبەر دەکات، ئەرکی وەزارەتی ئێمە لە رووی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان تەنیا بۆ پارێزگا فیدراڵەکان تەرخانن.
رووداو: ئایا داواتانکردووە بودجەیەک بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ تەرخان بکرێت کە هاوکاری و پاڵپشتی جووتیارانی عێراقی لەخۆ بگرێت، لەنێو بودجەکەشدا پاڵپشتی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت، و ئەوەش نەبەسترێتەوە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەو؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: ئەمڕۆ من لە وەزارەتەکمدا، لە وەزارەتی کشتوکاڵ، کاتێک لە وەزارەتی داراییەوە داوامان لێ دەکرێت بودجە ئامادەبکەین، ئەوەی داواکراوە بودجەیەکە بۆ 15 پارێزگا، هەمان داوا لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە لە وەزارەتەکەی هەرێمیش دەکرێت بۆ ئەوەی بودجەی خۆی ئامادە بکات و، بەم شێوەیە هەر یەکێک لەم دوو وەزارەتە بودجەی خۆی هەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە و لە چوارچێوەی بودجەی گشتی و بۆ شایستەکان خەرجی دەکات چ ئەوانەی جووتیاران بن یان پشتیوانی بێت بۆ هەرێم یان حکومەتی فیدراڵ. ئیتر هەر وەزارەتە بە پێی پلانی خۆی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رەنگە بەروبوومەکانی جیابن لە بەروبوومی ئێمە و پلانی کاری جیای هەبێت. بەڵام سەبارەت هاوکاری لەگەڵ وەزارەتەکەی هەرێم ئێمە پێش نزیکەی مانگێک دیدارێکمان لە بەغدا هەبوو بۆ لیژنە هاوبەشەکان و هەروەها دیدارێکمان لەگەڵ جەنابی وەزیر هەبوو. راستییەکەی دیدارەکان بەردەوامن بۆ هاوکاری و بە تایبەت لە بواری ئەو بەروبوومانەی لە هەرێمەوە دێنە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و ئاسانکاری بۆ هاتنیان. ئەم هاوکارییە بەردەوامە، چونکە ئێمە ئەمڕۆ وڵاتێکین لە هەر پارێزگایەکیدا کەمی یان زۆری لە بەرهەمێک هەبێت، ئەوەندەشی بە بودجەوە پەیوەست بێت ئەوە هەر یەکێک لەم دوو وەزارەتە وەزارەتی فیدراڵ و وەزارەتی هەرێم بودجەی خۆی هەیە و خۆی بەرپرسە لە دابەشکردنی پارەی پشتیوانی بە سەر هاووڵاتییندا یان ئەو جووتیارانەی کە ئامانجن.
رووداو: کاتێک بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پێدەگات، حکومەتی عێراق سنوورەکانی لەگەڵ ئێران دەکاتەوە بۆ هاوردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی ئەوان و ئەمەش کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: ئێستا، دوای رێککەوتن لە سەر رۆژنامەی کشتوکاڵ کە ئەگەر خوا یار بێت هەفتەی دادێت یان لەوەی پاشتر دەنگی لە سەر دەدرێت، وەک لە سەرەتای قسەکانمدا باسمکرد، ئەوە بێگومان هاوکاریمان زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بازار بکەین، چونکە ئێمەش کاتێک بەروبوومێک بەبێ مۆڵەت یان لەوانەیە بە رێگەیەکی نایاسایی دێتە ژوورەوە، کار دەکاتە سەر پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. بۆیە ئەمڕۆ دەمانەوێت هاوکار بین لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ ئەوەی بازاڕ کۆنترۆڵ بکەین و جووتیار نەکەوێتە بەر کاریگەری، چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی دیکە بێت لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ئابووریی ئەم وڵاتە یەکن و نابێت هیچ جووتیارێک زیانی بەرکەوێت و پێویستە لەلایەن حکومەتەکانەوە چ حکومەتی فیدراڵ بێت یان حکومەتی هەرێم بپارێزرێت.
رووداو: مەبەستت ئەوەیە دوای ئەم ساڵنامە کشتوکاڵییەوە، کێشەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت و کاتێک بەروبوومەکانیان پێدەگەن، حکومەتی عێراق سنوورەکانی بەڕووی بەروبوومی ئێراندا ناکاتەوە تاوەکو بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساخدەکرێنەوە؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بە دڵنیاییەوە، بە دڵنیاییەوە، چونکە هاوئاهەنگییەکی بەرزدەبێت. کاتێک رۆژنامەکە ئامادە دەبێت هاوئاهەنگییەکی بەرز و لاتێک سنوور دادەخەین یان دەیکەینەوە لیژنەی هاوبەش لە هەردوو لا دەبن و ئەو لیژنە هاوبەشانە رایخۆیان دەدەن و بەو پێیە بڕیاری داخستن و کردنەوە دەردەچێت.
رووداو: دکتۆر مادام جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە عێراق، بۆچی هاوکاری جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناکەن، لەم رۆژانەدا بینیمان جووتیارانی کوردستان لە بەغدا گردبوونەوەیەکیان رێکخست وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر رێگریکردن لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆچی رێگرییان لێدەکرێت؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بەڕێزم، دوێنێ یەکێک لە پەرلەمانتانمان برای ئازیزم دکتۆر موسەننا لە پارێزگای سلێمانییەوە و خاتوو ڤیانیشی لەگەڵ بوو کە پەرلەمانتارێکی هەرێمە و پەرلەمانتارێکی دیکە لای ئێمە بوون و ئاگادار بوون و من پەڕاوی بازاڕی کۆفرۆشی جەمیلەم پێشاندان لەگەڵ هەموو عەلوەکانی دیکەی پارێزگای بەغدا، هەموو بەروبوومەکان لەو بازاڕانە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوون، ئێستا هیچمان نییە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست، هەموو بەروبوومەکان چ پەتاتەیە یان شتی دیکە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون، هیچ رێگرتنێک نییە بەروبوومی هێلکە و بەروبوومی مریشک بەرهەمدەهێنرێن و دێنە ناوەوە بەو بڕانەی کە هەن و بە ئاسانی، ئێمە دەمانەوێت رۆژنامەکە رێکبخەین بۆ ئەوەی شتی دەرەوە نەیەتە ناوەوە و ئەوەی لە پارێزگاکانی هەرێم هەیە و بەرهەمی خۆماڵییە دێتە هەموو پارێزگاکانمان وەک هەر بەرهەمێکی دیکە کە ئێستا لە بەسڕا هەیە و بۆ بەغدا دێت هەموو بەروبوومەکانی سلێمانی یان هەولێر یان دهۆک دێن، هیچ کێشەیەک نییە و یاسای ژمارە 138مان هەیە کە ئەم بەروبوومانە بە بەرهەمی خۆماڵی دەژمێردرێن.
رووداو: بەڵام ئایا بەڕێزتان لەم رۆژانەدا هەموو ئەو جووتیارانەی کوردستانیان نەبینیوە کە لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد دژی رێگریکردن لە گەیشتن بە بەرهەمەکانیان؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: نا، لەوە دەچێت وێنەکە لای ئێوە روون نەبێت و رەنگە بۆ ئەو سێ خوشک و برا پەرلەمانتارانەش روون نەبووبێت کە خەڵکی هەرێمن و دوێنێ هاتبوون، بابەتەکە نەگەیشتنیان نییە بۆ ناوەڕاست، ئێمە زیاتر لە دە رۆژ لەمەوبەر کورتهێنانمان لە شەش بابەتی سەرەکی هەبوو کە بریتین لە پەتاتە و تەماتە و خەیار و باینجان و هی دیکە، لە ناوچەکانی عێراق کەم بوون لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، ئێمە گوتمان هێشتا رۆژنامە یەکگرتووەکە لە ئەنجوومەنی وەزاریدا پەسەند نەکراوە، بۆیە ئێمە کە کەمدەبن و نرخیان بەرز دەبێت بۆ هاووڵاتییان ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە نرخێکی گونجاو بکەین، بۆیە دەرگای هاوردەکردنمان کردەوە و هاوردەکراو، برایانی هەرێم هاتن و هاتنەکەیان لە سەر ئەو بنەمایە بوو کە ئێمە ئێستا بەرهەممان هەیە لە هەندێ ناوچەی وەک پێنجوێن و ئاکرێ و وا بزانم لە دوو ناوچەی دیکەشدا لە پارێزگاکانی باکوور و گوتیان ئێمە بەرهەمی زۆرمان هەیە و بە وێنە پێشانی ئێمەیان دا، لەبەر ئەوە ئێمە کاری خۆمان کرد و دوێنێ سنوورەکانمان بە رووی بەرهەمی پەتاتەدا داخست و دوێنێ وەزیری کشتوکاڵی هەرێم پەیوەندی پێمانەوە کرد و گوتی لە تەماتە و خەیاریش بەرهەمی زۆرمان هەیە و ئەمە دەخەینە بەر چاوی لیژنەیەک بۆ ئەوەی بزانین ئایا بە راستی نرخ لە بازاڕی کۆفرۆشی نرخ هەرزان بووە بە شێوەیەک کە کاریگەریی لە سەر جووتیار هەبێت ئەوە بێگومان دەرگای هاوردەکردن دادەخەین، بەڵام ئەگەر کاریگەریی لە سەر هاووڵاتییانمان هەبێت، چونکە لەبەر خاتری یەک ناوچە دایناخەین، نابێت ئەگەر بەرهەمی گوندێک یان ناحیەیەکم هەبێت وا بکەم هەموو عێراق بە دەست نرخی گرانەوە بناڵێنێت و کار لە سەر هەموو هاووڵاتییان بکات. نا، بێگومان ئێمە دەمانەوێت هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی بەرهەم و پاراستنی هاووڵاتی بکەین.
رووداو: دکتۆر دواپرسیارم کە پەیوەندیداربێت بەم بابەتەوە، ئەگەر وایە بۆچی ساڵانە بەردەوام گومانتان لە بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە بڕێکی زۆر گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنین، و یەک لەسەر سێ و هەندێکجاریش چارەکێک لەو بڕە وەردەگیرێت کە بەرهەمی دەهێنین. هۆکارەکە چییە؟ ئایا پلانت هەیە ساڵی داهاتوو هەموو بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرن؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: وەک نەریت لیژنەی بازاڕاندنمان هەیە. پێش بازاڕاندن کۆدەبێتەوە پێکهاتوون لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم، نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێم و نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ، ئەوان لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون و خۆم سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەم کرد و رێککەوتنەکە لە سەر 375 هەزار تۆن بوو، ئەمە بە ئامادەبوونی ئەوان بوو و کۆنووسەکەیان واژۆکرد و گوتیان بڕەکان ئەمانەن و کۆنووسەکەمان واژۆ کرد و وێنەمان گرت و دامانخست. بەڵام لە رۆژی دووەمدا لە پڕ برایان ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان نەخێر ئەمە بەس نییە و پێویستە بۆمانی زیاد بکەن و دووبارە دانوستاندن کرایەوە و دانیشتنێک ساز درا بە ئامادەبوونی خۆمان لە لیژنەکەدا و رێککەوتین بڕەکە بۆ 500 هەزار تۆن زیاد بکرێت و ئەوە بوو کردمان بە 500 هەزار تۆن ئیتر کۆنووسەکە واژۆ کرا و وەرگیرا. بەڵام دوای وەرگرتنەکە بە ماوەیەک گوتیان نا هێشتا بڕی دیکە هەیە. ئێمە بەڕاستی دوو جار لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم دانیشتین خۆیان ئامادە بوون و واژۆیان کرد و کۆنووسی ئوسووڵی هەبوو، بابەتەکە خەمڵاندن نییە من هێشتا نازانم چەند لە هەرێم هەیە ملیۆنێکە، پێنجسەدە نازانم هیچ داتام لەبەر دەست نییە، چونکە برایان بەپێی پلانی خۆیان و کەمێک پێش ئێستا گوتمان هەر وەزارەتێک لە پلانی خۆی و بڕی رووبەرە چێندراوەکان و جۆری بەرهەمەکە و پارەی پێویست بەرپرسە. بۆیە ئێمە ئێستا و بۆ ئەوەی هەڵەی ساڵی رابردوو دووبارە نەبێتەوە هەر لە ئێستاوە فەرمانگەی پلاندانانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکەیمان راسپاردووە پەیوەندی لەگەڵ برایانی هەرێم بگرن بۆ دیاریکردنی رووبەرە راستەقینەکان بۆ ئەوەی هەڵە و لەنگی روونەدات و دوایی جووتیار لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە دەستیەوە بناڵێنێت.
رووداو: ئەمەش مانای ئەوەیە لە وەرزی داهاتوودا ئەگەر هەرێمی کوردستان بڵێت بەرهەمەکەی 800 یان 900 هەزار تۆن گەنمە، ئامادەی وەریبگرن و هیچ کێشەیان بۆ دروست نابێت؟
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بەڕێزم بابەتەکە ئەمڕۆ ئەوە نییە یەکێک ژمارەیەک بخاتەروو نا دەبێت داتاکانی ژمارەکە پێشکەش بکات، بۆ نموونە ئەگەر پارێزگایەکم هەبێت لە هەرێمی کوردستان رووبەرە چێندراوەکەی 100 هەزار دۆنم بێت و رووبەری شیاو بۆ چاندن تیایدا 100 هەزار بێت، ئێمە ئێستا لیژنەمان هەن کە دەست بە چاندن دەکەین لە پارێزگا فیدراڵەکان رووبەرێک دەچێنین بۆ نموونە دەڵێت 50 هەزار دۆنمم هەیە لیژنەی بەدواداچوون دەردەچن بۆ ئەوەی بزانن لەو رووبەرە چەندی چێندراوە لیژنەکە ئەگەر بڵێت لەم 50 هەزارە 10 هەزار دۆنم چێندراوە، ئیتر من مامەڵە لەگەڵ ئەم 10 هەزار دۆنمە دەکەم و بڕی بەرهەمی کشتوکاڵی هەر دۆنمێک دەخەمڵێنرێت و دەژمێردرێت، بەڵام پارێزگایەکی عێراق بێت و بڵێت ملیۆنێکە یەن دوو ملیۆنە لەو کاتەدا بەڕێزم ئێمە دەترسین و ئەو ترسە پاساوی خۆی کە لەوانەیە خوانەخواستە هەندێک بازرگان و هەندێک سوودمەند کاتێک دەرگاکە بۆ هەموو ژمارەیەک واڵا دەبێت لەوانەیە بەروبوومی وڵآتێکی دیکەی دراوسێ بێتە ناوەوە و خۆتان دەزانن وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی کە کاتی دروێنە و پێگەیشتنی بەرهەمیان لە هی ئێمەوە نزیکە و ئەو کات رەنگە نەفس نزمەکان بیقۆزنەوە و بڕی دیکە بهێنن و ئەمە کار لە حکومەت و لەو بەرهەمە عێراقییە دەکات کە دەمانەوێت جووتیارانمان لە هەموو عێراق لە باکوورەوە تاوەکو باشوور سوودمەند بن نەک بازرگانێک بێت گەنمی وڵاتێکی دیکە بهێنێت و کاریگەری بخاتە سەر بەرهەمە خۆماڵییەکەم کە بۆ هەموو رۆڵەکانی گەلی عێراقە.
رووداو: بەڵام جەنابی وەزیر، نابێت لیژنەکەتان لەسەر بنەمای پێشبینی هەڕەمەکی ئەم کارە بکات و پشت بەو داتا و زانیارییانە ببەستێت کە وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پێشبینی ژمارەی دۆنم زەوییە چێنراوەکان نەکات و کە ئەمە هۆکاری کەمبوونەوەی بڕی ئەو گەنمەیە کە هەتانە.
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: بەڵێ دەبێت ژمارەکان لۆژیکی بن و لەگەڵ رووبەرەکان تێکبکەنەوە، بۆ نموونە من هەموو ساڵێک کردوومە بە نەریت لەم ناوچەیە 50 هەزار دۆنم دەچێنم هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە ساڵی دادێت 500 هەزار دۆنم بچێنم، دەشێت پەنجاکە ببێت بە 75 ،ببێت بە 60 هەزار دۆنم هەندێک زیادبوون هەیە گونجاوە ئەمەیش دەکرێت بگوترێت بە هۆی بارانی زۆرەوەیە یان ئاو زۆر بووە، بەڵام کە ئاو زیاد نەبووبێت و باران زۆر نەبێت و ساڵانە رووبەرەکە 50 هەزار بووبێت، دەشێت زیادیبکەم و بڵێم بوو بە 200 یان 300 هەزار. بێگومان پێوەری دەبێت یەکەمیان سەردانی مەیدانییە و پێوەری مێژووی ئەو ناوچەیە ساڵانە چەند بووە و زیادەی چاوەڕوانکراو چەندە. ئێمە نامانەوێت بەرهەمی هیچ پارێزگایەکی عێراق تەنانەت ئەگەر یەک تۆنیش بێت لەدەستی بدەین، بە پێچەوانەوە سوودی بۆ ئێمە هەیە بۆ دابینکردنی پشکی وڵات و گرینگترین بەرهەمی ستراتیژی کە گەنمە کاتێک لە دهۆک یان سلێمانی یان هەولێر یان بەسڕا یان بەغدا یان هەر پارێزگایەک دەچێندرێت بێگومان سوودی بۆ رۆڵەکانی ولاتەکەمان دەبێت و ئێمە هیچ بڕێک کە بە راستی بەرهەم هێنرابێت لە دەستی نادەین نەوەک بڕێک کە بە رێگەیەکی نایاسایی هاتبێتە ناو وڵاتەوە کە بێگومان ئەمەیان قبووڵ ناکەین هیچ بڕێک لە دەرەوە بێت.
رووداو: د. عەباس جەبر ئەلعەلیاوی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق سوپاس بۆ ئێوە، زانیاری باشتان پێداین سوپاس.
وەزیری کشتوکاڵی عێراق: سوپاس بۆ ئێوە، زۆر سوپاس بۆ ئێوە و بۆ هەموو بینەرانتان.