زیباکەلام: ئەگەر دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت کوردەکان دەگەنە زۆربەی مافەکانیان
رووداو دیجیتاڵ
دوای 53 ساڵ دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی لە سووریا هێنا.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی لە ئێران کردووە.
سادق زیباکەلام لەو هەڤپەیڤینەدا رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و ئەو دۆخە نوێیەی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە، وەکو "شکستێکی زۆر گەورە" بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ناودەبات و دەڵێت، "هەم سیاسەتی بەرەی مقاومە و هەمیش قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی، بە کەوتنی بەشار ئەسەد رووبەڕووی شکستێکی تەواو بوونەوە."
زیباکەلام پێیوایە، تاوەکو ئێستا سەرکەوتووی یەکەمی دۆخی سووریا، تورکیا بووە و دەڵێت، تورکیا ئێستا کەوتووەتە پێش ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە پەیوەندی بە سیاسەتی داهاتووی تەحریری شامە.
بە بۆچوونی زیباکەلام، ئەگەر لە سووریای نوێدا دیمۆکراسی پەیرەو بکرێت و بنەماکانی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێن، کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەگەنە مافەکانیان: "ئەگەر بێت و دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت، ئێمە چ بمانەوێت چ نەمانەوێت، کوردەکان دەگەنە زۆربەی مافەکانیان و دەستەبەری دەکەن."
جەخت لەوەش دەکاتەوە، تورکیا هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی حکومەتی نوێ لە دیمەشق هیچ ئۆتۆنۆمییەک و هیچ ئیمتیازێک نەداتە کورد.
ئەو شرۆڤەکارە ئێرانییە سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ رووداوەکانی سووریا و پشتیوانیکردنی لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان پێداگری لە سەر دانبەخۆداگرتنی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "پێویستە دان بەخۆیدا بگرێت و پێویستە بە ئۆقرەییەوە هەڵسوکەوت بکات و لانیکەم دەستوەردانی راستەوخۆ و ئاشکرا لە دۆخی نێوخۆی سووریا و دۆخی نێوخۆیی کوردەکانی سووریا نەکات. ئەگەر دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت، کوردەکانیش لە ژێر سێبەری ئەم دیموکراسییەدا دەگەنە زۆربەی مافەکانی خۆیان."
تەواوی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئێران چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ سووریای دوای بەشار ئەسەد دەکات؟
سادق زیباکەلام: پێموایە، ئەمە شکستێکی زۆر گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە ماوەی دوو دەیەی رابردوو واتە لەوکاتەی بەشار ئەسەد لە جێگەی باوکی لە دیمەشق دەسەڵاتی گرتە دەست، ئێران سیاسەتی بەرەی مقاومەی پەیڕەو کرد و ستراتیژێکی هەبوو کە بە قووڵایی ستراتیژی دەناسرا. واتای قووڵایی ستراتیژیش ئەوە بوو، ئێمە لە جیاتی ئەوەی دەرفەت بدەین بە ئیسرائیل کە بێت و لە سنوورەکانی ئێران شەڕی لەگەڵ بکەین و پێکدادانمان هەبێ، ئێمە بڕۆین بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل و لەوێ لەگەڵی بە شەر بێین، واتە دەبێ بچین بۆ سووریا. ئەم هەردوو سیاسەتە، هەم بەرەی مقاومە و هەمیش قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی، بە کەوتنی بەشار ئەسەد رووبەڕووی شکستێکی تەواو بوونەوە.
رووداو: بەرپرسانی ئێران دەڵێن، پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی داهاتووی سووریا دەبێت. ئایا ئێران دەتوانێت لەگەڵ حکومەتی داهاتووی سووریا بە سەرۆکایەتیی تەحریری شام پەیوەندییەکی ئاسایی هەبێت؟
سادق زیباکەلام: لە ئینگلیزیدا ئیدیۆمێک هەیە کە دەڵێن، سەمای تانگۆ دوو کەسییە، ئەمە تەنیا تاران نییە کە دەیەوێت چ سیاسەتێک لە بەرامبەر حکومەتی نوێی سووریا پەیڕەو بکات، بەڵکو ئەمە حکومەتی سووریاشە بە تایبەتی دەبێ بزانین سەبارەت بە ئێران چ سیاسەت و روانینێکی هەیە بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێران دەیەوێت لەگەڵ سووریا پەیوەندی هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئێران دەیەوێت لە سووریای نوێدا ئامادەیی هەبێت و دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەبێت.
رووداو: ئایا پێتانوایە تەحریری شام لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە عەرەبی و سوورییەکان بکەوێتە شەڕەوە؟
سادق زیباکەلام: ئەوەی تاوەکو ئێستا لە 24 کاژێری رابردوو لە تەحریری شام بینیومانە، هەر سێ رەوتە سەرەکییە ئیسلامخوازەکە کە بەشار ئەسەدیان رووخاند، هەڵسوکەوتێکی زۆر میانڕەوانەیان هەبووە، هەڵسوکەوتێکی زۆر ماقووڵ و ژیرانەیان هەبووە. ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی توندڕەوانەمان لە وانە نەدیوە. من پێموایە تەنیا کۆماری ئیسلامی نییە کە بە تووندی چاودێرییان دەکات، بۆ ئەوەی بزانێ دەیانەوێت چۆن هەڵسوکەوت بکەن، بەڵکو ئەمریکییەکانیش بە تووندی چاودێرییان دەکەن، ئیسرائیلیش بە تووندی چاودێرییان دەکات، ئەورووپاش بە تووندی چاودێرییان دەکات.
پێموایە داهاتووی تەحریری شام و ئەو هێزانەی لەگەڵ تەحریری شام دەگەنە دەسەڵات زۆر هەستیارە، بەوەی ئایا ئەوانە لە بواری مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، ئەگەر بنەماکانی مافی مرۆڤ پەیرەو نەکەن، ئەگەر پابەندی دیموکراسی نەبن و بیانەوێت وەکو بەشار ئەسەد حکومەت بکەن، وەکو زۆر وڵاتی دیکەی عەرەبی و بە دیکتاتۆری حکومەت بکەن، چ بە ناوی ئیسلامەوە بێت یان بە ناوی ئیسلامەوە نەبێت، پێموایە ئەوانە تووشی کێشە دەبن.
رووداو: ئێران هەژموونییەکی زۆری هەبوو لە سووریا، ئایا تورکیا دەتوانێت جێگەی هەژموونی ئێران لە سووریا بگرێتەوە؟
سادق زیباکەلام: پێدەچێت تاوەکو ئێستا سەرکەوتووی یەکەمی دۆخی سووریا تورکیا بووە. تورکیا هەم کەوتووەتە پێش ئەمریکا، هەم کەوتووەتە پێش ئیسرائیل و هەمیش پێش ئێران کەوتووە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە تەحریری شام تاوەکو چەند سیاسەتەکانی هاوسەنگ و ماقووڵ بێت.
داهاتووی کورد لە سووریای نوێدا
رووداو: پێتواتە کورد بتوانێ لە سووریای ئازاد، سووریای نوێدا ئۆتۆنۆمی بەدەست ببهێنێت؟
سادق زیباکەلام: پێموایە ئەوەی پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە هەیە، ئەردۆغان ئەوپەری هەوڵەکانی دەدات، ئەوپەری گوشارەکانی دەخاتە سەر حکومەتی نوێ لە دیمەشق بۆ ئەوەی هیچ ئۆتۆنۆمییەک و هیچ ئیمتیازێک نەداتە کوردەکان. بەڵام سەیر بکەن ئەمە چوارچێوەیەکی گشتییە، نە ئەردۆغان و نە تورکیا ناتوان پێشی پێ بگرن و نە هیچ وڵاتێکی دیکەش، ئەگەر بێت و دیموکراسی لە وڵاتێکدا دەستەبەر بکرێت، ئێمە چ بمانەوێت و چ نەمانەوێت، کوردەکان دەگەنە زۆربەی مافەکانیان کە دەیانەوێت و دەستەبەری دەکەن. بەڵام ئەگەر دیموکراسی نەبێت و سەرکووت بکرێن، ئەو کاتە چەند ملیۆن کەس لە خەڵکی سووریا لە ژێر سەرکووتدا دەمێننەوە، هەر وەک لە سەردەمی بەشار ئەسەدیش لە ژێر سەرکووتدا بوون. کوردەکانیش دیسان لە ژێر چەپۆکە دەبن. بەڵام من هیوادارم بە دەستەبەرکردنی دیموکراسی لە سووریای نوێدا کوردەکانیش بتوانن بگەنە زۆربەی مافەکانیان.
داهاتووی عەلەوییەکان لە سووریا
رووداو: داهاتووی عەلەوییەکان لە سووریا چۆن دەبینی؟
سادق زیباکەلام: ئەمەش پەیوەندی بە دیموکراسییەوە هەیە. هەڵبەت عەلەوییەکان، ئەو 10 تاوەکو ٪12ـەی عەلەوییەکان لە سووریا هەن، بەداخەوە ئەوانە ئامرازی بەشار ئەسەد بوون، هەروەها ئامرازی حیزبوڵڵاش بوون لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، هەم لە سەردەمی حافز ئەسەد هەمیش لە سەردەمی بەشار ئەسەد. بەڵام بە بۆچوونی من، دەبێت ئاشتییەکی نیشتیمانی لە سووریا پێکبێت، واتە هەر ئەو کارەی نێلسۆن ماندێلا کردی و گوتی، لەبیر ناکەین بەڵام لێی خۆش دەبین. خەڵکی سووریاش لەبیری ناکەن کە عەلەوییەکان دارەدەستی بەشار ئەسەد بوون بەڵام دەبێ لێیان ببوورن بۆ بەختەوەریی سووریا، پێویستە لەسەر بنەمای تۆڵەکردنەوە بڕیار نەدەن، بەڵکو لەسەر بنەمای لێبووردەیی، فیداکاری و پێکەوەژیان بێت.
رووداو: هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت یارمەتی رۆژئاوای کوردستان و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بدات بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئۆتۆنۆمی خۆیان؟
سادق زیباکەلام: پێموایە هەرێمی کوردستان پێویستە دان بەخۆیدا بگرێت و پێویستە بە ئۆقرەییەوە هەڵسوکەوت بکات و لانیکەم دەستوەردانی راستەوخۆ و ئاشکرا لە دۆخی نێوخۆی سووریا و دۆخی نێوخۆیی کوردەکانی سووریا نەکات. ئەگەر دیموکراسی لە سووریا دەستەبەر بکرێت، کوردەکانیش لە ژێر سێبەری ئەم دیموکراسییەدا دەگەنە زۆربەی مافەکانی خۆیان. واتە دەبێت هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراق و وڵاتانی دیکەش یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی سووریا باشتر و زیاتر بتوانێت بەرەو دیموکراسی بڕوات.