کۆنگرێسمانێکی ئەمریکی بۆ رووداو: گرنگە رێگە بە کورد بدرێت بەرهەمەکانی هەناردە بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئاندی ئۆگڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی دەڵێت، رووسیا و سعودیە بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمکردووەتەوە و ئەوەش نرخی سووتەمەنی بەرزکردوەتەوە. بۆیە "گرنگە رێگە بە گەلی کورد بدرێت بەرهەمی خۆی هەناردە بکات، ئینجا هەرچییەک بێت، بە تایبەتی نەوت لەم کاتە قەیراناوییەدا".
رۆژی هەینی، 9ـی ئەیلوولی 2023، ئاندی ئۆگڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە هەڤپەیڤینێکدا لە ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنیسی رایگەیاند، "هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد بۆ ئەمریکا گرنگە و گرنگیشە دیموکراسی لە هەر کوێیەک هەبێت، گەشە بکات."
هەڤپەیڤینەکە دوای کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسمانەکە لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بوو و لەو بارەیشەوە گوتی، باسیان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق کردووە و گوتی، "لە داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە لەو پرسە دەڕوانین".
لەبارەی خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی شاری کەرکووک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 هاونیشتمانی، ئاندی ئۆگڵز گوتی، "بە دڵ و نزا لەگەڵ خێزانی ئەو کەسانەدام کە لەو رووداوەدا بەئامانجکران" و دەشڵێت، "بەدواداچوونێکی فەرمی دەکەم بۆ رووداوەکان بۆ ئەوەی بزانم چی و بۆچی روویداوە و دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی دوژمنکاری لەو شارە بکەین".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاندی ئۆگڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکا:
رووداو: پرسیاری یەکەمم ئەوەیە کە کۆبوونەوەی ئێوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر چۆن بوو؟ ئەمە دووەم جارە ئێوە لەگەڵی کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە چۆن بوو؟"
ئاندی ئۆگڵز: شەرەفمەند و دڵخۆش بووم کە بۆ دووەم جار کۆبووینەوە. کاتێک کە ئێمە بۆ یەکەمجار کۆبووینەوە، من سەرۆکشارەوانی بووم و نزیک بووم لەوەی ببمە ئەندامی کۆنگرێس. ئێستا ئەندام کۆنگرێسم. هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد گرنگە بۆ ئەمریکا. گرنگە دیموکراسی لە هەر کوێیەک هەبێت، گەشە بکات. هەر وڵات و نەتەوەیەک هەوڵ بدات هێرشبکاتە سەر دیموکراسی، هێرشکردنە بۆ سەر هەموومان. بۆیە زۆر گرنگ بوو کە دووبارە کۆبووینەوە و گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی کە چۆن ئێمە، ئەمریکا و گەلی کورد دەتوانین پێکەوە کاربکەین.
رووداو: لەبەر ئەوەی تۆ ئەندامی کۆنگرێسی، دەمەوێت باس لە هەندێ پرس بکەم سەبارەت بە ناوچەکە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئێوە دەزانن کە بەغدا ئامادە نییە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێرێت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەندێ جار دەڵێن، بەغدا بودجە وەک چەکێک بەکاردێنێت بۆ گەورەکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەندێ دەستکەوتی ستراتیجی بەدەستبێنێت. ئێوە چۆن لەم کێشانە دەڕوانن و چی بە حکومەتی وڵاتەکەتان دەڵێن بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی بکات بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێک لە نێوان ئەو دوو حکومەتە؟
ئاندی ئۆگڵز: لە کۆبوونەوەکەماندا باسمان لەم پرسە کرد و لە داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە لێی دەڕوانین. بە راشکاوی، من نیگەرانیم هەیە لە بارەی رۆڵ و رادەی هەژموونی ئێران کە رەنگە لەسەر ئەم گفتوگۆیەی پرسی بودجەش هەیبێت. خۆشگوزەرانیی ئابووری و ئازادی رێگەی خۆشگوزەرانیی هەموو دیموکراسییەکە. ئەوەی کە لە سەرانسەری جیهان بینیومانە دەریدەخات کە ئێران لە هەرشوێنێک بتوانێت زیان بە دیموکراسی بگەیێنێت، ئەوا دەیکات؛ بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئەمریکییەکان، هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیلییەکان، هێرش دەکەنە سەر خەڵکی کورد، بۆیە گرنگە دژی حکومەتی ئێران یەکبگرین لە هەر شوێنێک هەوڵ بدەن هەژموونیان هەبێت.
رووداو: پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییی کەرکووک. رەنگە ئێوە ئاگادار بن و گفتوگۆشتان لەبارەوە کردبێت. خۆپێشاندانێک هەبوو، هەندێ لە عەرەبەکان رێگەیەکیان داخست و رێگریان لە گەڕانەوەی پارتێکی سیاسیی کوردستانی کرد بۆ کەرکووک بۆ شوێنەکانیان. لە کاردانەوەی ئەوەدا خۆپێشاندانی کورد دروستبوو کە داوایان کرد ئەو رێگەیە بکرێتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەرانی کورد و چوار خۆپێشاندەریان کوشت و دەیانی دیکەیان دەستگیرکرد و هەندێکیشی بریندارکرد. ئێوە چۆن لەو پرسە دەڕوانن و دەتوانن چی پێشنیازی حکومەتەکەتان بکەن بۆ ئەوەی هەندێ رۆڵی هەبێت بۆ ئەوەی جۆرێک لە رێککەوتن لە نێوان کورد و عەرەب، هەولێر و بەغدادا دروستبێت بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکیە لە مێژەییانە چارەسەر بکەن؟
ئاندی ئۆگڵز: بەڵێ ئەو شوێنە لەم کاتەدا ناکۆکی لەسەرە. من بەدواداچوونێکی فەرمی دەکەم بۆ رووداوەکان بۆ ئەوەی بزانم چی و بۆچی روویداوە و دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی دوژمنکاری لەو شێوەیە بکەین. بێگومان بە دڵ و نزا لەگەڵ خێزانی ئەو کەسانەدام کە لەو رووداوەدا بەئامانجکراون یان زیانیان بەرکەوتووە. هەرکاتێک خەڵک پێکەوە گردببنەوە، بە ئاشتیانە خۆپێشاندان بکەن، مافی خۆیانە خۆپێشاندان بکەن. ئەوەی گرنگە خۆپێشاندانی ئاشتیانەیە. بەڵام ئەگەر حکومەتێک هەبێت تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئاشتیانە بکات، وەک کە بۆ من باسکراوە، کێشەم لەگەڵ ئەوەدا دەبێت.
رووداو: ئێوە ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکەن؟
ئاندی ئۆگڵز: ئێمە بە شێوەیەکی فەرمیتر بەداواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی هەموو وردەکارییەکانمان دەستبکەوێت، بەڵام نەخێر. هەر کاتێک، هێرش بکرێتە سەر خەڵکی بێتاوان، گرنگ نییە لە هەر کوێیەکی جیهان بن، قبووڵ ناکرێت.
رووداو: بەڵێ، حکومەتی ئەمریکاش سەرکۆنەی کرد. ماوەی چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە و ئەوە کێشەیەکی گەورەیە چونکە هەندێ کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و رووبەڕووی بەربەستی گەورەبوونەتەوە بەو هۆیەوە. هەروەها داوایان لە کۆنگرێس و حکومەتی ئەمریکا کردووە کە رۆڵیان هەبێت. کۆنگرێسی ئەمریکا دەتوانێت چ رۆڵێکی هەبێت بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتووییەکی نزیکدا دەستپبکاتەوە؟
ئاندی ئۆگڵز: ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کە پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاری لەسەر بکەین، واتە لەسەر هەناردە و هەروەها بە راشکاوی، هاوردەی کەلوپەلیش. ئێمە دەبینین، لە سەر ئاستی جیهان، رووسیا و سعودیە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە، سەرەنجام نرخی سووتەمەنی لە بەرزبوونەوەدایە کە ئەوە کاریگەری نەرێنی لە سەر هەموو جیهان هەبووە. بۆیە گرنگە رێگە بە گەلی کورد بدرێت بەرهەمەکانی خۆی هەناردە بکات، جا هەر چییەک بێت، بە تایبەتیش نەوت لەم کاتە قەیراناوییەدا.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، ئایا هیچ پلانت هەیە لە داهاتوویێکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەیت؟
کۆنگرێسمان: بەڵێ، هەمە و کار لەسەر وردەکارییەکانی دەکەم. گەلی کورد بۆ من گرنگە و بەشێکی گرنگی ناوچەکەمە. هیچ شتێک لەوە زیاتر دڵخۆشم ناکات کە بێم سەردانی بکەم. ئەوان هەروەها پارێزگارمان بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن دی سی بکات و سەردانی مۆزەخانەی کۆنگرێس بکات بۆ ئەوەی کەمێک لە مێژووی ئێمە ببینێت.