شارەزایەکی زمان: زمانی عەرەبی کاریگەریی لەسەر زمانی کوردی زیاترە تاوەکو فارسی

 
رووداو دیجیتاڵ 

ماجد مەردۆخ، شارەزای زمانی کوردی دەڵێ، کورد بەهۆی "خۆ بەکەم زانینەوە" خۆی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیدا "هەڵواسیوە"، ئەمەش مەترسی لەسەر زمانی کوردی دروستکردووە.
 
ماجد مەردۆخ پێیوایە، سەرەڕای ئەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی ناخوێنێ و خاوەن دەسەڵاتی خۆی نییە، بەڵام مەترسی لەسەر زمانەکەی کەمترە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.
 
ماجد مەردۆخ، شارەزایەکی زمانی کوردییە، خەڵکی شاری سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
دەقی هەڤپەیڤینی ماجد مەردۆخ، شارەزای زمان لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: زۆر کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێیانوایە ئەگەر زمانی فارسی فێری منداڵەکەی بکات باشترە، چونکە باشتر لە قوتابخانە دەتوانێت پەروەردە بێت، دواتر کاری باشتری دەستدەکەوێت، وەک لە رۆژهەڵات باوە دەڵێن "لەهجەی نابێت [واتە زمانی فارسی بە پاراوی قسە دەکات]"، یان هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژهەڵات کاتێک قسە دەکات ژمارەیەکی زۆری وشەی فارسی بەکاردێنێ و بۆی چووەتەسەر، ئەمە بەڕاستی مەترسییە لەسەر زمانی کوردی یان نا؟ 
 
ماجد مەردۆخ: لە سەرەتاوە بڵێم ئەوە قسەی زمان نییە، پرسی "ورەیە" کەوا بەشی زۆری ئێمەی کورد بەرمان داوە، قسەی ورەبەردانی خۆییە، قسەی لە دەستچوونی کەسایەتییە وەک نەتەوەیەک، خاوەن کولتوورێک، خاوەن زمانێک و خاوەن مێژوویەک.
 
رووداو: واتە خۆبەکەمزانین؟
 
ماجد مەردۆخ: ئەوەیە، واتا بیرمان چووەتەوە ئێمە کێین، ئەوجا خۆهەڵواسین بە فارسی یان بە عەرەبی یان بەهەر زمانێکی دیکە بێت، ئەوە جیاوازیی نییە. هەمووی هەر دیسان کارەسات و گرفتە. راستە، لە رۆژهەڵاتدا باسەکە زیاتر باسی فارسییە، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر زمانی کوردی بەگشتیی لە چوار پارچەکەدا، من ماوەیەک لەمەوبەر لە وان بووم، کوردستانە، بەڵام زۆربەی خەڵکەکە بە تورکی قسە دەکەن، ئەگەر وەک بەراوردکردنێک سەیر دەکەم ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باشترین. 
 
رووداو: مەبەستت ئەوەیە مەترسییەکە تەنیا لە رۆژهەڵات نییە، لە باکوور و باشووری کوردستانیش هەمان مەترسی هەیە؟
 
ماجد مەردۆخ: واتە قسەکە ئەوە نییە ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت، من پێم وایە رۆژهەڵات لە باشووریش زۆر باشترە.
 
رووداو: بۆچی؟
 
ماجد مەردۆخ: بۆ ئەوەی کە راستە سێبەری زمانی فارسی لەسەر سەری ئێمەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە زمانی فارسی و زمانی کوردی لە یەک ریشەوە سەرچاوە دەگرن، لە زمانە هیند و ئەورووپاییەکانن کە دەبێتە هیند و ئێرانی و لە زمانە ئێرانییەکان زمانێکی کۆنتر کوردییە و زمانێکی نوێتر فارسییە. کەوابوو هەندێک لێکچوونیان هەیە، بەم پێیە زۆر زەق و ناشیرین نابێت ئەگەر یەکیان تۆزێک سێبەر بخاتە سەر ئەوی دیکەیان، نەختێک نەک زۆر. بەڵام زمانی عەرەبی لە سامی و حامییەکانە. کاتێک تۆ دێیە ئێرە [باشووری کوردستان] و سەیر دەکەیت، من گوێیەکانم هەستیار دەبن، کاتێک کەسێک کوردی قسە دەکات، بەڵام عەرەبییەکەی نەک تەنیا وشە – وشە زۆر گرنگ نییە – ستراکچرەکەی عەرەبییە، ئەوە گرفتێکی گەورەیە، ئەوە ئیدی زۆر زەق و ناشیرینە.
 
رووداو: پێتوایە زمانی عەرەبی سێبەری خستووەتە سەر زمانی کوردی و کاریگەریی لەسەری داناوە؟
 
ماجد مەردۆخ: بێگومان. تۆ سەیر بکە، دەگوترێ "پێش 10 ساڵ"، لێرە [باشووری کوردستان] زۆر ئاساییە، بەڵام ئەوە کوردی نییە، ئەوە لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە، کە "قبل عشرە سنوات"ـە. کوردی دەڵێ "10 ساڵی پێش"، "10 ساڵ لەوەوپێش"، "10 ساڵ بەر لەمە"، "10 ساڵ لەمەوبەر"، بەڵام "پێش 10 ساڵ" نییە، ئەوە کوردی نییە. ئەوجا شتێک هەیە، کە لە سەرەتاوە باسم کرد ئەوە خۆ بە کەم زانینە کەوا لە هەموو بوارێکەوە خۆی دەردەخات. با ئەو شتە بچووکەش باس بکەم، تۆ تاوەکو ئێستا نەتدیوە، ئێوە [باشوور] دەڵێن سەیارە، ئێمە [رۆژهەڵات] دەڵێین، ماشین یان ئۆتۆمبێل و... ئەگەر مێرسدس بێت و ئارمەکەی لێبکاتەوە و ئارمێکی رووسی لێبدات، ئێمە [لە رۆژهەڵات] دەڵێین پەیکان، ئارمی پەیکانی لێبخات، بەڵام زۆر جار دیتراوە کە ئارمی پەیکان لێدەکاتەوە و ئارمی مێرسدسی لێدەخات، خۆ دیارە بەوە نابێتە مێرسدس، بەڵام دیارە خۆی پێ کەمە و مێرسدسەکەی پێ سەرترە، ئەم لاساییکردنەوەیە لە خۆبەکەمزانینەکەوە دێت. 
 
رووداو: بەڵام بەکارهێنانی وشە واناکات نەوەیەک وردەوردە کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژە و وشەی لەبیر بچێتەوە و ئەگەر نەوە لە دوای نەوە ئەمە بەردەوام بێت، واناکات ژمارەی وشە کوردییەکان زۆر کەم بەرتەسک بکاتەوە؟
 
ماجد مەردۆخ: سێ پێوەرمان هەیە بۆ ئەوەی زمانێک بناسین. بۆ ئەوەی بزانین ئەوانە دوو زمانی جیاوازن یان دوو زاری یەک زمانن. یەکەم، کەشی ناو دەمە، واتە شێوازێک کەوا ماسوولکە و نێودەم هەر لە منداڵییەوە بۆ زمانێک دەپشکوێت، ئەگەر زمانێک لە منداڵییەوە بە زمانێک قسەت نەکردبێت و بە گەورەیی فێری بێت، تا دەم بکەیتەوە دیارە، دیارە تۆ ئەو زمانە نیت، دەڵێن "بنزاری (وەک زمانی دایکی خۆی پێی ناپەیڤێت)" هەیە. ئەوجار بەشی دووەم، دەبێتە ئەو بابەتەی کەوا باست کرد. بەڵام لە هەردووکیان گرنگترە، ستراکچەر یان بینای زمانە. لە زمانە ژێرمەنەکان، من بەدواداچوونی زۆرم بۆیان کردووە، دەبینی ئەڵمانی و هۆڵەندی و ئینگلیزی 80%یان هەر یەک وشەن.
 
رووداو: پێتوایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ستراکچەرە یان ئەو بینایەی زمان هەر وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە؟ تێکنەچووە و مەترسی لەسەری دروست نەبووە؟ 
 
ماجد مەردۆخ: بەو بۆنەیەوە کەوا زمانەکانی فارسی و کوردی ستراکچەرەکەیان لێک نزیکە، هەڵبەت یەک نین و جیاوازیشیان زۆرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێک نزیکن، یان بڵێین لەچاو کوردی و عەرەبی لێک نزیکترن، ئەو تێکچوونە کەمترە. دەنا هەر ناخۆشە، ناشیرینە، دیارە، بەڵام لێرە [باشووری کوردستان] زیاتر هەست بە مەترسییەکە دەکرێ. ئێمە لە رۆژهەڵات بێکەسین، دڵسۆزمان نییە، کوا خوێندمان؟ کوا دەفتەر و دیوانمان؟، کوا دەسەڵاتمان؟ هیچ. ئەگەر تۆ بۆ نموونە سەیری شارێکی وەک سنە بکەیت، چەند مامۆستایەکی خێرخواز قوتابخانەیەک [ناوەندێکی فێرکاریی] دەکەنەوە و دەڵێن، بەڵکو منداڵەکانتان کوردی خوێندنەوە و کوردی نووسین فێرببن. لە 10 دایک و باوک رەنگە یەک دوویەکیان پێیان خۆش بێت، سەرەڕای ئەو هەموو گرفت و نەهامەتی و کێشە و بێدەسەڵاتی و دەسکورتی و...، دەڵێ با منداڵەکەم کوردییەکیش فێربێت، ئەمە کەمە، بەڵام سەیری ئێرە [باشووری کوردستان] دەکەی خوێندن بە کوردییە، دەفتەر و دیوانت بە کوردییە، دەزگەی دادت بە کوردییە، هەموو شت کوردییە، ئەوە بۆ دەبێ بڵێ "فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی"؟.. ئاخر سێ وشە سێ هەڵەی تێدا بێت؟. فڕۆکەخانە نییە فڕگەیە، نێودەوڵەتی نییە نێونەتەوەییە، ئەوجار نیودەوڵەتی یان نێونەتەوەیی ئاوەڵناوە بۆ فڕگە نەک بۆ هەولێر یان بۆ سلێمانی. ئاخر فڕۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتیی چ مانایەکی هەیە؟. ئەوە فڕگەی نێونەتەوەیی (بۆ نموونە) هەولێرە. ئەمە بۆ وایلێهاتووە؟، چونکە رێک لە عەرەبییەکەی وەریگێڕاوە مطار بغداد الدولی. 
 
رووداو: بەم پێیە زمانی کوردی لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت بیرێکی گشتیی لێبکرێتەوە نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟
 
ماجد مەردۆخ: راستە. بۆچی؟ بۆ ئەوەی کە ئەگەر بڕوامان بەوەیە یەک زمانمان هەیە، ئەوجار زمان بەمجۆرە بەشبەندیی کراوە، زمانێکت بە ناوی کوردی هەیە، دەیکەینە چوار زاراوە: زاری باکوور، زاری نێوەڕاست، زاری باشوور و هەورامی و زازایی. ئەو زارانە هەر کامەیان چەند شێوەزاریان هەیە. بۆ نموونە دەڵێی زمانی کوردی، زاری نێوەڕاست، شێوەزاری موکریان یان شێوەزاری گەرمیانی، شێوەزاری سۆرانی، شێوەزاری ئەردەڵانی. ئەو شێوەزارانە دەیان بنزاریان هەیە. بەڵام کە دێتەوە سەر زمانێکی یەکگرتوو، ئەگەر بتوانین دایمەزرێنین، لەنیکەم ئێستا ئەگەر لە زاری نێوەڕاست زمانێکی یەکگرتوومان بێت، چارەسەریان یەک رێزمانە، ئەو جیاوازییە لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتدا نییە بەڕاستی.