سەرۆکی شارەوانیی ناشڤیڵ: هەولێر تایبەتە و لە هەموو ئەو شارانە گرنگترە کە دەستەخوشکین لەگەڵیان
رووداو - ناشڤیڵ
سەرۆکی شارەوانیی ناشڤیڵی ئەمریکا، کە بە "کوردستانی بچووک"یش ناسراوە، لەبارەی دەستەخوشکیی شارەکەی لەگەڵ هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، هەولێر یەکەم شارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە واژۆی دەستەخوشکییان لەگەڵ کردوون.
جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤیڵ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە دیار کوردە لەگەڵی رێکخستووە، گوتی، "ئێمە دەستەخوشکیمان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، بەڵام خەڵکی زۆری ئەو شارانەمان لێرە نییە، رەنگە پەیوەندییەکی مێژووییمان هەبێت، وەکو لەنێوان ئەمریکا و ئەوروپا، یان لەگەڵ رۆژهەڵاتی دوور، بەڵام هەولێر یەکەم شارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هیچ یەکێک لە وڵاتەکانی دیکەش هێندە خەڵکیان لێرە لە ناشڤیڵ نییە. بۆیە شارێکی زۆر تایبەتە و لە هەمووشیان گرنگترە."
رووداو: یەکەم شت ئەوەم پێ بڵێ، هەستت چۆنە کە ئاڵای کوردستان لە پشتی خۆتەوە دەبینیت؟
جۆن کووپەر: هەست بە شانازییەکی زۆر دەکەم، شانازی بە ناشڤیڵەوە دەکەم و سەربەرزم کە کوردێکی زۆر ئێرەیان کردووە بە ماڵی خۆیان، ئێستا چرکەساتێکی گرنگە کە ببین بە دەستەخوشکی هەولێر لێرە لە ئەمریکا، بۆیە دەمانەوێت بەخێرهاتنی هەموو کوردێک لە سەرانسەری جیهان بکەین کە بێن سەردانمان بکەن و ببینن کە چ شارێکی جوانمان هەیە، هەروەها جێی شانازییە کە سەیری پردەکە دەکەین بەم رەنگانە، کە وایکردووە ببێتە کوردستانێکی بچووک لە ئەمریکا، زۆر دڵخۆشین.
رووداو: ماوەیەک بەر لە ئێستا سەردانی کوردستانتان کرد، لەوێ چیتان ئەزموون کرد، وابزانم شوێنی جیاوازیش گەڕان؟
جۆن کووپەر: لە شوێنی جیاواز بوون، بەڵام خۆت دەزانی، مێژووەکەی، خەڵکەکەی، گەرموگوڕی و میواندۆستییان، ئەمانە زۆر تایبەت بوون، مێژووەکەی بە تەنیا جێیی سەرسامییە بۆ خەڵکی ئەمریکا، کە باس لە مێژووی هەزاران ساڵ دەکات، کە ئێمە خۆمان چەند سەد ساڵێکە لێرەین، تەمەنی ناشڤیڵ خۆی 250 ساڵێکە، بەڵام ئەمە جێگەی خۆشحاڵی و شانازیمانە کە خەڵکی کورد لێرەن و کۆمەڵگەیەکی گەورەیان بنیادناوە، ناشڤیڵ شانازییان پێوەدەکات، هەروەها کولتوور و خواردنی ئێمەش دەوڵەمەندە بە هەبوونی دۆستە کوردەکانمان.
رووداو: دوایین پرسیارم دەکەم، پێموایە ژمارەیەک دەستەخوشکی دیکەتان هەیە، نزیکەی نۆ بۆ 10 دەبن، پێم بڵێ ئەو جیاوازییە چییە کە لە هەولێردا هەیە، ئەو جیاوازییە چییە لە هەولێر هەیە و لە شارەکانی دیکەدا نییە؟
جۆن کووپەر: هەولێر زۆر گرنگترە، چونکە کوردی زیاترمان هەیە، ئێمە دەستەخوشکیمان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، بەڵام خەڵکی زۆری ئەو شارانەمان لێرە نییە، رەنگە پەیوەندییەکی مێژووییمان هەبێت، وەکو لەنێوان ئەمریکا و ئەوروپا، یان لەگەڵ رۆژهەڵاتی دوور، بەڵام هەولێر یەکەم شارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هیچ یەکێک لە وڵاتەکانی دیکەش هێندە خەڵکیان لێرە لە ناشڤیڵ نییە. بۆیە شارێکی زۆر تایبەتە و لە هەمووشیان گرنگترە.
رووداو: پلانت هەیە سەردانی کوردستان بکەیتەوە؟
جۆن کووپەر، بەڵێ، دەمەوێت بگەڕێمەوە، ئێمە کاتێکی خۆشمان لەوێ هەبوو و هانی ئەمریکییەکانیش دەدەم بچن مێژووی راستەقینە ببینن، مێژوویەکی راستەقینە کە لەوێ هەیە، میواندۆستییەکەیان، باشوورییەکانم بیردەخەنەوە، باشوورییەکان لە ئەمریکا بە میواندۆستییەوە بەناوبانگن، هەروەها کوردیش بە هەمان شێوە.
رووداو: زۆر سوپاس.