فرانک شڤابە: بۆ رێککەوتنی شنگال دەچمە بەغدا دەڵێن چارەسەرەکە لە کوردستانە لە کوردستانیش دەڵێن لە بەغدایە


رووداو دیجیتاڵ

راسپێردراوی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ئایینی و باوەڕ دەڵێت، دۆخی شنگال دوای 10 ساڵ لە هێرشەکەی داعش باش نییە، ئاماژە بەوەش دەکات کە "کاتێک ئەو وێرانەییە لە شاری شنگال دەبینم، ئینجا روونە زۆر خەڵک نایانەوێت بگەڕێنەوە".
 
فرانک شڤابە، راسپێردراوی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ئایینی و باوەڕ، رۆژی سێشەممە 3-9-2024 سەردانی شنگالی کرد و رۆژی دواتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "خەڵکی گەنج بێ هیوان و داهاتوویەک لە ناوچەکەدا نابینین و دەیانەوێت کۆچ بکەن، بەشێوەیەکی سەرەکیش بۆ ئەڵمانیا، ئەوەش جێی نیگەرانییە بۆمان."
 
فرانک شڤابە لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی، ئەڵمانیا مافی مانەوە بە هەموو ئەو کوردە ئێزدییانە دەدات کە لەنێوان ساڵانی 2014 و 2017 چوونەتە ئەڵمانیا، "بەڵام ئامادە نین پێشوازی لە هەموو ئەو خەڵکە بکەین لە سەرانسەری عێراقەوە دێن، بۆیە زۆربەی ئەوانەی دوای 2017 و ئێستاش دێنە ئەڵمانیا رەتدەکرێنەوە و مافی پەنابەرییان پێنادرێت."
 
فرانک شڤابە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات هەموو کارێک بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی شنگال و دەڵێت، "دەبێت رژد بین لەسەر ئەوەی هەردوو حکومەت هەموو شتێک دەکەن دۆخەکە باشتر بکەن. کاتێک دەچمە بەغدا دەڵێن، چارەسەرەکە لە کوردستانە، کاتێکیش لێرەم لە کوردستان دەڵێن چارەسەرەکە لە بەغدایە. ئەم جۆرە یارییە کە هەر بڵێی لایەکی دیکە بەرپرسیارە، کارناکات."
 
راسپێردراوی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ئایینی و باوەڕ لەبارەی پێکهاتە ئایینییەکانی عێراق دەڵێت، "لەسەر کاخەز دەبینم ئازادی ئایینی لە عێراق هەیە، بەڵام دۆخەکە سەختە. ئەوەی وڵاتەکە دەیکات بەوە دەچێت بەس نەبێت، چونکە وا دەردەکەوێت کەمینە ئایینییەکان خەریکە وڵاتەکە جێدەهێڵن."
 
فرانک شڤابە باسی ئەوەش دەکات داعش لە رووی سەربازییەوە تێکشکاوە "بەڵام بیر و هزری داعش هێشتا ماوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فرانک شڤابە، راسپێردراوی حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ ئازادیی ئایینی و باوەڕ 
 
رووداو: بەڕێز فرانک بەخێربێیت بۆ کوردستان، دڵخۆشم ئەم هەڤپەیڤینەت لەگەڵ دەکەم
 
فرانک شڤابە: زۆر سوپاست دەکەم
 
رووداو: تۆ تازە لە شنگال گەڕایتەوە و ئەمە یەکەم سەردانتە بۆ شنگال، دەمەوێت پرسیارت لێ بکەم هەستت چۆنە؟ چیت لەوێ بینی؟
 
فرانک شڤابە: هەستەکە ئەوەیە کە شتی جیاوازم بینی، لەلایەک خەڵکانێکم بینی کە دەیانگوت ئاسایش ئێستا زۆر باشترە، هەروەها خانووم بینی نۆژەن دەکرانەوە و هەندێ شوێنی گشتی وەکو قوتابخانە و ئەو شتانە، بەڵام بێگومان وێرانەیی شارەکەشم بینی و هێشتا زۆر بەش هەن کە زۆر وێرانن. خەڵکی گەنجیشم بینی کە دەڵێن زۆر بێ هیواین و داهاتوویەک لە ناوچەکەدا نابینین و دەمانەوێت بچینە دەرەوە، بەشێوەیەکی سەرەکیش بۆ ئەڵمانیا.
 
رووداو: ئەمە نیگەرانییە بۆت؟
 
فرانک شڤابە: بێگومان نیگەرانییە، نیگەرانییەکەی دوولایەنەیە، دەزانیت من لە سەرانسەری جیهان دا لەگەڵ پرسی ئازادی ئایینی مامەڵە دەکەم، بێگومان ئەوە دەزانم کاتێک خەڵک لە شوێنی خۆیان نین لەو وڵاتەی کە لە دێر زەمانەوە لێین و دەچنە تاراوگە، لەوێ دەتوانیت بژیت، بەڵام لە کۆتاییدا سەختە نەریتەکەت بپارێزیت، لەم رووەوە زۆر جێی نیگەرانییە بۆ دۆخی ئایینەکە. هەروەها بێگومان دەبێت ئەوەش بڵێم هەرچەندە ئەڵمانیا پێشوازی لە خەڵکانێکی زۆر کرد کە رووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، بەڵام ئێمە ئامادەنین پێشوازی لە هەموو ئەم خەڵکە بکەین لە سەرانسەری عێراقەوە، چونکە ئێمەش لە ئەڵمانیا گفتوگۆیەکی نێوخۆیی زۆر هەستیارمان لەسەر کۆچ هەیە.
 
رووداو: 10 ساڵە جینۆسایدەکە روویداوە و تۆ ئەمڕۆ وێرانەیی شنگالت بینی. خۆت دەزانیت سیاسەتڤانان لە ئەورووپا و لە عێراقیش هەمیشە داوا لە ئێزدییەکان دەکەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان کە شنگالە. ئەوەی ئەمڕۆ بینیت، پێتوایە دۆخی شنگال ئەوەندە باشە تاوەکو ئەو هەموو خەڵکەی لە کەمپەکانن بگەڕێنەوە و لەوێ بژین؟
 
فرانک شڤابە: بەپێی پێویست باش نییە، چاومان بە خەڵکێک کەوت کە لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە و دەشزانم گفتوگۆیەک لەمبارەیەوە هەیە، هەندێک خەڵک کە لە کەمپەوە گەڕانەوە شنگال جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە کەمپەکان، چونکە دەبینم ئاسان نییە لەوێ بژیت و رەنگە ئەستەم بێت بتوانیت لەوێ بژیت. من هەندێ شتی باشم بینی، بەڵام بەگشتی پاش 10 ساڵ لە جینۆساید دەبوو دۆخێکی زۆر باشتر ببینین، کاتێک هەموو ئەو وێرانەییە لە شاری شنگال دەبینم ئینجا روونە کە زۆر خەڵک نایانەوێت بگەڕێنەوە. بۆیە بەڕاستی هانی هەمووان دەدەم، پێش هەموویان بێگومان ئەو حکومەتەی کە بەرپرسە کە حکومەتی عێراقە چارەسەری بکەن، ئێمە دەتوانین هاوکار بین، بەڵام ناتوانین جێی حکومەتی عێراق بگرینەوە بۆ ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی خانوو، دەزانم تەنیا دروستکردنی خانوو بەس نییە و هەموو شتێک نییە، بەڵام بەبێ خانوو خەڵک ناگەڕێنەوە.
 
رووداو: ئەمە پرسێکی عێراقییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا پرسێکە جێی نیگەرانی ئەڵمانیایە چونکە ئەمڕۆ تۆ خەڵکت بینیوە، کەسانی گەنج، دەڵێن هیوامان نییە و دەمانەوێت بچینە ئەڵمانیا، ئەمەش واتای نیگەرانییە بۆ تۆ. بێگومان ئێوە دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە راپۆرت دەدەنە حکومەت لەبارەی ئەوەی چیتان بینی و پێشنیازی بۆ دەکەن. دەمەوێت بپرسم چ کارێک پێشنیاز دەکەی بۆ حکومەتەکەت لەم بارەیەوە؟
 
فرانک شڤابە: تەنیا نیگەرانیی نییە، راستە نیگەرانییە بۆ ئێمە، بەڵام جۆرێک لە بەرپرسیارێتیشە بێگومان ئەگەر ژمارەیەکی ئەوەندە زۆر خەڵکی ئێزدی لە ئەڵمانیا هەبن. هەر کەسێک ئەمڕۆ بینیمان جۆرێک لە خزم و هاوڕێی لە ئەڵمانیا هەبوو، بۆیە ئەمە جۆرێک لە بەرپرسیارێتییە بۆ ئێمە، بەڵام بێگومان جێی نیگەرانیشە بۆ ئێمە کە رەنگە 100 هەزار کەس بیانەوێت بێنە ئەڵمانیا ئەمەش زۆر سەختە لە گفتوگۆی سیاسی نێوخۆی ئێستای ئەڵمانیادا. کە دەگەڕێمەوە ئەوەی پێشنیازی دەکەم بێگومان ئەوەیە بەردەوامبین لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەروەها لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەوەی چی کراوە، هەروەها داوا بکەین دۆخەکە باشتر بکرێت لە هەموو روویەکەوە، ئاسایش و دروستکردنی خانوو و کارکردن لەسەر کشتوکاڵ و هەموو ئەمانە لە یەک کات دا بکرێن. ئێمە هەندێک بەرنامەمان هەن و لێرەوە رایدەگەیێنم 15 ملیۆن یۆرۆی دیکە تەرخان دەکەین بۆ دروستکردنی 260 خانووی نوێ و پێشخستنی دۆخی ئاو، ئەمە هەموو شتێک نییە، بەڵام شتێکە کە دەیکەین. لەلایەکی دیکەوە پێموایە لە ئەڵمانیا دەبێت لە دۆخەکە تێبگەین کە چی وا لە خەڵک دەکات بێنە ئەڵمانیا و کۆچ بکەن، ئێمە گفتوگۆمان هەیە لەسەر ئەوەی خەڵکی ئێزدی لە ئەڵمانیاوە بنێرینەوە و دەزانین لێرە زۆر نیگەرانی هەن و ئەمڕۆ قسەیان لەسەری کرد، خەڵک قسەی لەسەر کرد و دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەو کەسانەی لەکاتی جینۆسایدەکە هاتوونەتە ئەڵمانیا تاوەکو 2017 ئەوان لە ئەڵمانیا پارێزراون و دەمێننەوە، جگە لەو کەسانە هەوڵدەدەین ئەوانی دیکە لەنێو وڵاتەکەی خۆیاندا بهێڵینەوە، ئەگەر ئەمڕۆ خەڵک بڕیار بدەن بێنە ئەڵمانیا ئەوا بە پرۆسەیەکی ئاسایی پەنابەرییدا تێدەپەڕن کە لە ئەڵمانیا هەمانە و، چونکە دۆخەکە چیتر وەکو ساڵانی 2015 و 2016 نییە، زۆر کەس رێگەیان پێنادرێت لە ئەڵمانیا بمێننەوە. کەیسی تاکەکەسی دەتوانن بمێننەوە، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک تراومای هەبێت یان ژنان و کچان کە رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە و کەیسی لەوجۆرە، ئەوان چانسیان هەیە، بەڵام بەگشتی خەڵک مافی پەنابەرییان پێنادرێ، بۆیە دەبێت داوایان لێ بکەم نەیێن بۆ ئەڵمانیا، پێویستە ئەڵمانیا زانیاری لەم بارەیەوە بدات، پێویستمان بە هەڵمەتێکە کە خەڵک بەڕاستی لە دۆخی نێوخۆی ئەڵمانیا تێبگەن.
 
رووداو: بۆ چارەسەر رێککەوتننامەی شنگال هەیە، من دڵنیام تۆ بە وردی ئاگاداری ئەو رێککەوتنەی، هێشتا پێتوایە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە چارەسەرە بۆ شنگال، بەگوێرەی ئەوەی ئەمڕۆ لەوێ بینیت؟
 
فرانک شڤابە: دەزانم رەخنەی زۆر لە خەڵکەوە هەیە لەبارەی رێککەوتنەکە، خەڵکانێک هەن کە دەڵێن ئێمە بەشێک نەبووین لەو رێککەوتنە، لەلایەکی دیکەوە ئەمە تاکە شتە کە لە دەستماندایە، بۆیە جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوان بەغدا و هەولێر لەبارەیەوە هەیە. پێموایە دەبێت رژد بین لەسەر ئەوەی هەردوو حکومەت هەموو شتێک بکەن دۆخەکە باشتر بکەن، لە دۆخی سەختی ئەم وڵاتە تێدەگەم و دەزانم لە بنەڕەتدا هەڵکردن لەگەڵ زۆر ناکۆکی و ململانێی ناوچەیی کە هەن ئاسان نییە، بەڵام کاتێک دەچمە بەغدا دەڵێت ئاااه چارەسەرەکە لە کوردستانە، کاتێکیش لێرەم لە کوردستان دەڵێن چارەسەرەکە لە بەغدایە، بۆیە ئەم جۆرە یارییە کە هەر بڵێی لایەکەی دیکە بەرپرسیارە لە کۆتاییدا کار ناکات. ئەڵمانیا بەرژەوەندی لەمەدا هەیە، ئێمە لێرەین وەکو دەنگێکی دیپلۆماسی، چونکە ئێمە لەگەڵ وڵاتێکی سەربەخۆدا قسە دەکەین، هەروەها لەگەڵ حکومەتی هەرێمیی، بەڵام بێگومان بەرژەوەندی ئێمە لەوەدایە چارەسەرێک بدۆزینەوە کە خەڵک لێرە داهاتووی خۆیان ببینن نەک لە ئەڵمانیا.
 
رووداو: تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی دا کە خۆی بەشێکە تێیدا، بەڵام دوای چەند ساڵ هێشتا هەر جێبەجێنەکراوە. کاتێک کە قسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی کوردیش دەکەیت، هەست دەکەیت بە جۆرێک ئەم رێککەوتنە بە مردوویی لەدایکبووە؟
 
فرانک شڤابە: من لێرە نیم تاوەکو بڕیار بدەم لە کۆتاییدا کار دەکات یان نا. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ئەوەیە کە کار ناکات، لە روانگەی ئێزدییەکانیشەوە ئەوان هیوایان نییە، من ئەوەم بینی. ئەوان دەڵێن ئێمە بەشێک نەبووین لە رێککەوتنەکە و زۆر خاڵ لە رێککەوتنەکەدا هەن کە باش نین و وای نابینین کە کار بکات. لە کۆتاییدا خاڵێک کە ئێزدییەکان زۆر داوای دەکەن ئەوەیە جۆرێک لە هێزی ئەمنی رێکخراو هەبێت لە ئێزدییەکان پێکهێندرابێت چونکە ئەوان دەڵێن باشە، ئێمە ئەمڕۆ هەموو ئەو سەرباز و پۆلیسانە لەناو شارەکەدا دەبینین و دۆخی ئەمنی باشە، بەڵام ئەگەر رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ دروست بێت متمانەمان نییە کە پارێزراو دەبین و دەمانەوێت هێزی تایبەتی خۆمانمان هەبێت لە خەڵکی خۆمان، ئەمەش زۆر زۆر پێویستە کە بکرێت.
 
رووداو: چەند راپۆرتێکم خوێندەوە کە ژمارەیەک لەو پەناخوازە ئێزدییانەی لە ئەڵمانیان کەیسەکانیان لەلایەن دادگەوە رەتکراوەتەوە، ئەوان دەڵێن ئێمە ئێزدین و پەرلەمانی ئەڵمانیا دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکان داناوە و داوادەکەن حکومەت گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، ئایا حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا ئەمە بە هەند وەردەگرێت؟ ئەو پەناخوازە ئێزدییانەی ئێستا لە ئەڵمانیان و کەیسەکانیان لەلایەن دادگەوە رەتکراەتەوە چییان بۆ دەکەن؟
 
فرانک شڤابە: لە کۆتاییدا دەزانیت کە پرۆسەکە لە پێش هەموو شتێکەوەیە، حکومەت بڕیار دەدات، بەڵام بە تەنیا نا، نەک تەنیا حکومەت یان وەزارەتەکان بەڵکو ئاژانسێکی تایبەت هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە و ئینجا دەچێتە دادگە و لە کۆتاییشدا مافی تانەدانیش هەیە. من خۆم زۆر کەیسم هەن کە هەوڵدەدەم پاڵپشتی کەسەکان بکەم، چونکە دەزانم لە ئەڵمانیا دەربکرێن زۆر زەحمەت دەبێت بۆیان، بەڵام ئەوەی پێویستە لێی تێبگەین ئەوەیە کە ئەم بڕیارە لە لووتکەوە دەدرێت. بڕیارێکی گرنگە لە لووتکەوە، ئێمە لە ئەڵمانیا دەڵێین دەمانەوێت خەڵک لە سەرانسەری جیهان دا ئاسوودە و پارێزراوبن، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە دواکاری پەناخوازی هەموو کەسێک لە ئەڵمانیا وەکو کەیسی تاکەکەسی تەماشا نەکرێت، ئەمە سیستەمە لە ئەڵمانیا و ئێمە ناتوانین خەڵکی ئێزدی لە دەرەوەی پڕۆسە و سیستەمەکە وەربگرین، ئەمە لە یاساکەدا نییە. ئەگەر دەست بەمەش بکەین دەگەینە کوێ؟ ئەوکاتە کریستیانەکانی ئەم ناوچەیەش داوام لێدەکەن بۆچی بۆ ئێزدییەکان کراوە و بۆچی بۆ ئێمە ناکرێت، ئینجا خەڵکمان هەن لە سەرانسەری جیهانەوە لە رۆهینگا و میانمار ئەوانیش دەڵێن بۆچی مامەڵەی تایبەتتان بۆ رۆهینگا نییە، بۆیە ئەوە چارەسەر نییە.
 
چارەسەرەکە ئەوەیە هەموو ئەوانەی لەنێوان 2014 بۆ 2017 هاتوونەتە ئەڵمانیا ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بۆ هەتاهەتا لە ئەڵمانیا بمێننەوە، لەوکاتە بەدواوە تاک بە تاک تەماشای کەیسەکان دەکرێت و ژمارەی ئەو کەسانەش کە رەتدەکرێنەوە لە هەڵکشاندایە، چونکە ئەڵمانیا دەڵێت راستە دۆخەکە باش نییە و هێشتا خراپە، بەڵام دۆخی جینۆساید نییە کە هیچ کەس نەتوانێت لەوێ بژیت، تەنانەت ئەگەر بەراوردی بکەیت بە دۆخی هەموو جیهانیش، بۆ نموونە با بڵێین سوودان یان هەر شوێنێکی دیکە. ئەگەر بڵێین دەرفەتی مانەوە بە هەموو ئەوانە دەدەین کە دێنە ئەڵمانیا ئەوکاتە دەبێت باسی وڵاتانی دیکەش بکەین و ئێمە ناتوانین مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەکی ئەوەندە زۆری پەنابەران بکەین.
 
رووداو: ئایا دیپۆرت دەکرێنەوە؟
 
فرانک شڤابە: لە کۆتاییدا بەڵێ. لە کۆتاییدا بەڵێ، من ئەمە زۆر بە روونی بە خەڵک دەڵێم، ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی بڕیار بدەن بچنە ئەڵمانیا و کەیسێکی تاکەکەسی دیاریکراویان نەبێت، بۆ نموونە ئەگەر کەیسی تراومایان نەبێت و ئەگەر لەو ژمارە ئافرەتە ئێزدییە رفێندراوانە نەبن کە 2607 کەسن و هێشتا لە شوێنێک لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆیستاندان، ئەگەر ئازاد بکرێن ئەوا بێگومان دەرفەتیان دەبێت بێنە ئەڵمانیا رەنگە بۆ ئەوەی بچنە نەخۆشخانە یان هەر شتێکی دیکە، ئەوان دەتوانن بمێننەوە، بەڵام ئەو خەڵکەی لێرە لە دۆخێکی خراپدا دەژین، گوزەرانیان خراپە، بەڵام لەژێر مەترسی جینۆساید و کوشتن و ئەو شتانەدا نین، ئەوان بە پڕۆسەیەکی پەنابەریی ئاساییدا تێدەپەڕن و پێموایە زۆرینەیان مافی مانەوەیان نابێت و دیپۆرت دەکرێنەوە.
 
رووداو: بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی خۆت، ئێزدییەکان لە عێراق وەکو خەڵکێکی پارێزراو و ئازاد دەبینیت؟
 
فرانک شڤابە: نەخێر، بێگومان نەخێر. من بە تەواوی لەوە تێدەگەم کە ئەو خەڵکە هەست دەکەن لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، لە وڵاتێکدا کە خەڵکێکی زۆر پێشوازییان لێناکەن و قسەو و قسەلۆکیان لەبارەوە بڵاودەکەنەوە لەبارەی هەڵسوکەوت و شێوەی ژیان و ئەو شتانەیان، من لەوە تێدەگەم، بەڵام بۆ ئەوەی کە بێیتە ئەڵمانیا و لە ئەڵمانیا بمێنتەوە دەبێت دۆخێکی زۆر راستەوخۆت هەبێت کە لە کوشتن هەڵبێیت یان دەستدرێژی سێکسی و دۆخی لەو شێوەیە، ئەگەر ئەم کەیسە تاکەکەسییەت نەبێت تەنانەت ئەگەر دۆخەکەش لەو وڵاتەی تێیدا دەژیت خراپ بێت، مافی مانەوەت نابێت. ئەگەر بە بەشەکانی دیکەی جیهانیش بەراوردی بکەین، چونکە ئێمە پێویستە هەمان ستانداردمان هەبێت، لە کۆتاییدا ناتوانین بڵێین زیاتر ئەم خەڵکانەمان لە خەڵکی دیکە پێ قبووڵترە. ئەگەر کەسانی دیکەش بێن و داوای پەنابەریی بکەن ئەوا ئێمە هەر هەمان ستانداردمان دەبێت بۆیان.
 
رووداو: باشە، ئەمە دۆخی ئێزدییەکانە و هەڵسەنگاندنی ئێوەیە بۆ ئێزدییەکان لە عێراق، بەڵام ئێزدی لە تورکیاش هەن بۆ نموونە، لە وڵاتانی دیکەش، دۆخی ئێزدییەکان لە تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
فرانک شڤابە: لە کۆتاییدا هاوشێوەیە، دەزانیت ژمارەیەکی زۆری خەڵکمان هەن کە لە تورکیاوە دێن، ساڵی رابردوو سێیەم گەورەترین ژمارەی پەنابەر لە تورکیاوە هاتنە ئەڵمانیا، ئەوان دەیانەوێت لە حکومەتەکە هەڵبێن.
 
رووداو: تەنانەت ئێزدییەکانیش؟
 
فرانک شڤابە: بەڵێ ئەوانیش، خەڵکێکی زۆر لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیاوە کۆچ دەکەن، بەڵام ئەوانیش زۆرینەیان مافی پەنابەریی وەرناگرن، دەڵێن کە دۆخەکە باش نییە و دۆخی سیاسی زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر کەیسێکی دیاریکراویان نەبێت کە بۆ نموونە رەخنەیان لە حکومەت گرتبێ یان شتێکی لەوجۆرە و لە دۆخێکدابن کە بخرێنە زیندانەوە یان دادگایی بکرین، ئینجا هەڵبێن بۆ ئەڵمانیا، ئەوکاتە چانسی مانەوەیان هەیە. ئەگەر دۆخێکی دیاریکراوی وایان نەبێت و تەنیا بڵێن مەترسی گشتی هەیە، ئەوە بەس نییە بۆ مانەوە.
 
رووداو: ئەمڕۆ تۆ خەڵکت لە شنگال بینی و رۆژانی داهاتووش سیاسەتڤانان و سەرکردەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبینیت، لە راستی دا حەزدەکەم بزانم کاتێک ئەو سەرکردە و بەرپرسانە دەبینیت، پرسیاری سەرەکیت چی دەبێت لێیان پاش ئەوەی کە بینیت؟
 
فرانک شڤابە: پرسیاری سەرەکیم ئەوە دەبێت کە پلانەکانی داهاتوو چین تاوەکو هەموو شتێک بکرێت بۆ باشکردنی دۆخی ئێزدییەکان، هەروەها چۆن رێککەوتنەکە جێبەجێدەکەن و چۆن سازش لەگەڵ بەغدا دەکەن. دەزانم من لە دۆخێکی سیاسی زۆر سەخت دا ئەمە دەکەم لە کاتێکدا کە کێشەی زۆر لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەن و منیش دێم پرسی ئێزدییەکان باس دەکەم، من باش ئاگاداری ئەوەم، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەتوانم دڵنیایی بدەم کە ئەڵمانیا ویستی زۆری هەیە و بەڕاستی هەوڵدەدەین هاوبەشێکی چاک بین، نامانەوێت بە کەس بڵێین چی بکەن، ئێمە ناتوانین ئەوە بکەین، چونکە کەس نای\یتە ئەڵمانیا و پێمان بڵێت دەبێت ئەمە و ئەوە بکەن، بەڵام رەنگە هەندێک پێشنیازمان هەبن، بۆ نموونە دەتوانین بڵێین با پێکەوە بیکەین، ئێمە دەتوانین لێرە و لێرە پاڵپشتیتان بکەین، بەڵام ئەوەی کە گونجاو نییە ئەوەیە کە بچمە هەر پایتەختێک بڵێن خەتای ئەوەی دیکەیە.
 
رووداو: لۆمەی یەکدی دەکەن؟
 
فرانک شڤابە: هەندێک جار تێدەگەم کە ئەمە سیاسەتە، من بایی خۆم ئەوەندە سیاسەتڤانم کە لێی تێبگەم، بەڵام بێگومان ئەمە شتێکە کە هەیە، بەڵام تکایە تەنیا ئەوە بڵێ کە خۆت دەتوانیت بیکەیت نەک ئەوەی کە چاوەڕوانی دەکەیت ئەوانی دیکە بیکەن.
 
رووداو: بەڵێ تۆ لە سیاسەت تێدەگەیت ، بەڵام رەنگە سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی جیاوازتر کار بکات بەراورد بە ئەورووپا.. لەبارەی ئازادی ئایینەوە بەگشتی لە عێراق چۆنی دەبینیت؟ دەزانم ئەمە کاری تۆیە و پرسی ئێزدییەکان تەنیا یەک ئەرکی تۆیە، چونکە تۆ راسپێردراوی حکومەتی بۆ ئازادی ئایینی، لەو رووەوە عێراق چۆن دەبینیت؟
 
فرانک شڤابە: من ساڵی پاریش لێرە بووم و پێموایە هەموو گرووپە جیاوازەکانم بینی، تەنانەت هەندێ خەڵکی جوو، پێموایە ژمارەیەکی کەمی مەندائی هەن، بۆیە من هەمووانم بینیوە، بێگومان کریستیانەکانیش و ئەوە زۆر جێی سەرنجە کە هەمووان دەبینم. کە لێرەم هەمیشە بیر لە ئینجیل دەکەمەوە، دەزانیت من خۆم کریستیانم و لێرە بیر لە مێژوو دەکەمەوە. زۆر جێی سەرنجە چونکە شارستانی لێرەوە گەشەی کرد و ئێستا مەترسی هەیە لەم کاتەدا کە رەنگە لەدەستی بدەین. من چاوم بە زۆر کریستیان کەوتووە و ئەوان دەڵێن ئەگەر شتەکان نەگۆڕێن هیچ داهاتوویەک بۆ خۆمان لێرە نابینین. دەزانم کە ئێستا لە مووسڵ کەمتر لە 70 خێزانی کریستیان هەن، لە کاتێکدا پێشتر 50 هەزار کریستیان لەو شارەدا هەبوون و ئێستا لەم دۆخەدا من نایانبینم بگەڕێنەوە. بۆیە لەسەر کاخەر دەبینم ئازادی ئایینی لە عێراق دا هەیە، بەڵام لە راستی دا دەبێت ئەوە بڵێم کە دۆخەکە سەختە، ئەوەی وڵاتەکە دەیکات بەوە دەچێت بەس نەبێت چونکە وا دەردەکەوێت کەمینە ئایینییەکان خەریکە وڵاتەکە جێدەهێڵن، بۆیە ئەوەی هەیە بەس نییە.. ئەو نەریتە ژیانەی هەیە، پێموایە ئەوە بەهایەکی گەورەی ئەم وڵاتەیە و من زۆر سەرسامم پێی. دەبێت جیهان و عێراقیش سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت ئەمە لەم وڵاتەدا بهێڵنەوە.
 
رووداو: پێش 2003 بە گوێرەی خەمڵاندنەکان ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس بوون، بەڵام ئێستا پاش دوو دەیە و گەشەی دانیشتووانیش، وا دەخەمڵێندرێت کە تەنیا 300 هەزار کریستیان لە عێراق هەبن کە زۆرینەیان بە نزیکەیی 90٪ لە هەرێمی کوردستان دا دەژین. پێتوایە تەنانەت کریستیانەکانیش لە عێراق لە ژێر هەڕەشەن، هەڕەشە لەسەر هەبوونیان هەیە؟
 
فرانک شڤابە: بێگومان، لە کۆتاییدا زۆر لەیەک دەچێ لەگەڵ دۆخی ئێزدییەکان. من زۆر کەس دەبینم کە زۆر لەنێوان عێراق و ئەڵمانیا هاتووچۆ دەکەن و ئەمە ئاساییە، بەڵام خەڵکی زیاتر و زیاتر دەبینم کە هەوڵدەدەن لە هەر جێیەکی جیهان بێت داهاتوویەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە و بەشێکی زۆریشیان لە ئەڵمانیا بەدوای ئەو داهاتوویەدا دەگەڕێن، بەتایبەتی کەسانی گەنج. خەڵکە بەتەمەنەکە دەڵێن ئێمە نزیکەی 60 بۆ 70 ساڵە لێرەین و هەندێک جار بە زەحمەتی و مەینەتیدا تێدەپەڕین، بەڵام هەر لێرە دەمێنینەوە. وەلێ کەسانی گەنج هەموو ژیانیان لەبەردەمە، بۆیە ئەوان کاتێک تەمەنیان 20 و 23 و 24 و 25 ساڵە ئەوانیش دەڵێن شتێکی زۆر باشە کە نەریت و ئایینەکە بپارێزین. لە راستی دا لە کۆتاییدا دەتوانیت لەو ناوچە و وڵاتەی لێوەی هاتووی بیپارێزیت، بێگومان ئازادی ئایینی لە ئەڵمانیا هەیە و دەتوانیت کڵێسای خۆت دروست بکەیت، من لێرە چوومەتە کڵێسای ئەرتۆدۆکس و ئاشوورییەکان، ئەو کڵێسانەمان لە ئەڵمانیا هەیە، بەڵام هیچ نین بەراورد بەو جۆرە بیناسازییەی لە کڵێساکانی ئێرەدا دەیبینیت، ئەم جۆرە نەریتە لێرە هەیە. بۆیە بەڵێ من نیگەرانم کە لەم ناوچەیە ئەو ئایینەش لەدەست دەدەین.
 
رووداو: ئەو ناوچەیەی جیهان کە ئایینەکە تێیدا سەریهەڵدا و مێژووەکە لێرەیە.
 
فرانک شڤابە: بەڵێ.
 
رووداو: دەزانم، جێی داخە کە ئەوە دەبینین. ئەم کێشانە پێشتریش هەبوون، بەڵام لە دوای داعشەوە ئەم کێشانە گەورەتر و گەورەتر بوون و هێشتا کێشەن و چارەسەر نەکراون. ئایا هێشتا لەم ناوچەیەدا داعش وەکو هەڕەشە دەبینیت؟
 
فرانک شڤابە: کاتێک قسە لەگەڵ کریستیانەکان و ئێزدییەکان دەکەم پێم دەڵێن پێشتریش هەر سەخت بوو و جۆرە ژینگەیەک بوو کە داعش توانی گەشەی تێدا بکات، ئێستا پێکەوە لەڕووی سەربازییەوە داعشمان تێکشکاندووە، بەڵام بێگومان بیروباوەڕەکانی هێشتا ماون، خەڵکەکەش هێشتا ماون، راستە ئێستا بێ توانا کراون، بەڵام بیروباوەڕیان هێشتا ماوە. رەنگە تۆ بزانیت چەند رۆژێک پێش ئێستا لە ئەڵمانیا رووداوێکی کوشتن هەبوو، هێرشکارەکە کەسێک بوو کە وا دەردەکەوێت لەلایەن داعشەوە نێردرابێت، بۆیە بیروباوەڕیان هێشتا ماوە و ئێمە دەبێت هێشتا هەموو شتێک بکەین تاوەکو لەژێر کۆنترۆڵ بیانهێڵینەوە.
 
رووداو: لە کۆتایی ئۆکتۆبەردا ئەو ئەرکەی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بە سوپای ئەڵمانیای داوە بۆ مانەوە لە عێراق کۆتایی دێت، ئایا ویستی سیاسی لای حکومەت و لەنێو پەرلەمان دا هەیە بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئەرکە بۆ ساڵێکی دیکە؟
 
فرانک شڤابە: من لێرە لە عێراق ئاگاداری قسەکانم لەوبارەیەوە و لەوە تێدەگەم کە عێراق دەیەوێت دەستتێوەردان و کاریگەری دەرەکی کەم بکاتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە پێموایە پێویستمان بە جۆرێک لە سەقامگیری هەیە و ئەڵمانیا وڵاتێکە کە هەوڵدەدات بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بەبێ پێشبینیکردنی ئەوەی پێویستە وڵاتەکە بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات. بۆیە ئێمە ئەو ویستەمان هەیە و پێکەوە گفتوگۆ دەکەین، ئەڵمانیا ئامادەیە بەردەوامبێت و هەموو بەرپرسیارێتییەک کە لە توانایدابێت لە ئەستۆی بگرێت لەم وڵاتەدا.
 
رووداو: ئایا عێراق ئەو درێژکردنەوەیە قبووڵ دەکات؟
 
فرانک شڤابە: من بەشێک نیم لەو گفتوگۆیە.
 
رووداو: بەڵام لە ئەڵمانیا ئایا ویست هەیە بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئەرکە؟
 
فرانک شڤابە: بەڵێ، لە ئەڵمانیا بێگومان حەزدەکەین ئەوە بکەین.
 
رووداو: باسی هێرشەکەی زۆلینگدنت لە ئەڵمانیا کرد، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەسەکە کە ناوی عیسایە، لەلایەن داعشەوە نێردراوە، حکومەت لە ئەڵمانیا چی دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەڕگیری لەنێوخۆی ئەڵمانیادا؟
 
فرانک شڤابە: ئەوە پرسیارێکی باشە، دیبەیت و گفتوگۆیەکی لەو شێوەیەمان لە هەموو جیهان دا هەیە و لێرەش هەمانە. خەڵکانێکی زۆرمان هەن کە بیری خراپ لە مێشکی خەڵک دا بڵاودەکەنەوە، گوتاری رقاویشمان زۆرە، لە هەموو شوێنێک یاسا هەیە و لە ئەڵمانیاش یاسامان لە دژی گوتاری رقاوی هەیە، بەڵام وادیارە بەهەرحاڵ هێشتا ئەو گوتارە دەتوانێت گەشە بکات، ئەوەی ئێستا ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین ئەوەیە کە چۆن بتوانین کاریگەری زیاترمان بەسەر رادیکاڵیزەکردن دا هەبێت. بۆیە مزگەوتێکمان لە ئەڵمانیا داخست کە زۆر لەژێر کاریگەری ئێران دا بوو، بەڵام هێشتا وەڵامەکەمان دەستنەکەوتووە، لەلایەک ئێمە وڵاتی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانین کە تێیدا دەتوانیت بیروڕای خۆت دەرببڕیت، خەڵک سنووردار ناکەین لە دەربڕینی باوەڕی خۆیان، لەلایەکی دیکەوە نامانەوێت گوتاری رقاوی و ئەو کەسانەمان هەبن کە هانی خەڵک دەدەن بۆ ئەنجامدانی تاوان.
 
رووداو: ئایا زەحمەت نییە بۆ ئێوە لە ئەڵمانیا کە جیاکاری بکەن لەنێوان ئازادی رادەربڕین و گوتاری رقاوی و بڵاوکردنەوەی پەڕگیری؟
 
فرانک شڤابە: ئەوە لە هەموو جیهان دا زەحمەتە و تۆ دەزانیت ئێمە یاسامان لە دژی گوتاری رقاوی هەیە، دەتوانیت بچیتە دادگە و سکاڵا بکەیت، بەڵام پرۆسەیەکی ئاسان نییە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سۆشیال میدیا دەتوانێت یان هەوڵدەدات پاڵپشتیمان بکات، وەکو بەڕێز ئیلۆن مەسک لە ئێکس کە ئێستا جیاواز لە تویتەری جاران کار دەکات، پێشتر لە تویتەر رووبەڕووبوونەوەی گوتاری رقاوی ئاسانتر بوو، بەڵام ئەوەش باڵانسە، هەمیشە ئاسان نییە، چونکە ئێستا هەندێک وڵات هەن کە رەخنەیان لێدەگیرێت بەوەی خەڵک ناتوانن ئازادانە قسە بکەن، ئینجا ئەوکاتە ئەوان دێن و یاسای ئەڵمانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوتاری رقاوی وەکو نموونە دەهێننەوە بۆ ئەوەی بڵێن تەماشا بکە تۆش سنووردارت کردووە، بۆیە زەحمەتە بڕیار بدەیت چ رێگەپێدراوە و چ گوتاری رقاوییە و خەڵک بەیەکدا دەدات و دەبێت رێگە بە چ بدرێت. بۆیە ئەمە شتێکی زۆر ئاسان نییە و ئێستا ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین، رەنگە لەگەڵ هەڵکشانی هێرشەکان ئێمەش روونتر و تووندتر بین لەبارەی چەند یاسایەک.
 
رووداو: نیگەرانیتان هەیە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئیلۆن ماسک لە تویتەر جێبەجێی دەکات؟ ئەو سنوورەی هەیە نیگەرانی کردوون کە رەنگە بەکاربهێندرێت بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری رقاوی و پەڕگیری لە ئەڵمانیا؟
 
فرانک شڤابە: بێگومان نیگەرانییە، نەک تەنیا گوتاری رقاوی بەڵکو بڵاوکردنەوەی هەواڵی رقئامێزیش، ئەگەر تەنانەت تەماشای ئەوە بکەین کە خۆی بڵاویدەکاتەوە کە چ جۆرە پڕوپووچییەکە و لە راستی دا هەندێک جار زانیاری زۆر سەیر و سەمەرەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو بە جۆرێک مۆنۆپۆڵی بەسەر زانیاریدا هەیە و لە سەرانسەری جیهان دا خەڵک ئێکس بەکاردێنن و تەنانەت منیش، ئێمە هەمیشە ئەو گفتوگۆیەمان لە ئەڵمانیا هەیە کە ئایا بەکاریبێنین یان نا، ئایا چیدیکە بەکاریبێنم یان نا، بەڵام لە کۆتاییدا پێوەی گرێدراوین چونکە ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی وامان نییە بۆ ئەوەی خۆمان پڕزانیاری بکەین و زانیاری بدەینە خەڵکیش لە سەرانسەری جیهان. من لە بازنەی هەڵبژاردنی خۆم دا لە ئەڵمانیا سۆشیال میدیای دیکەم بەکارهێنا، بەڵام ئەگەر بمەوێ پەیوەندیم لەگەڵ خەڵکی لە دەرەوە هەبێت لە وڵاتانی دیکە هیچ رێگە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکە نییە.
 
رووداو: بەڵام ئایا حکومەت لەم بارەیەوە چی دەکات؟ چونکە بۆ نموونە هەفتەی رابردوو بەرازیل بڕیاریدا ئێکس بە تەواوی قەدەخە بکات، پێموایە رەنگە ئەمە رێی تێنەچێت و سیاسەتی حکومەت نەبێت لە ئەڵمانیا، بەڵام دۆخەکە سەختە، چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن؟
 
فرانک شڤابە: ئێمە لە سەرەتای گفتوگۆکەداین و قسەکان زیاتر لەسەر خاڵە بنەڕەتییەکانن، ئەمڕۆ ئەو گفتوگۆیە هێشتا زیاتر فەلسەفییە، بۆیە دوورین لەوەی بڕیارێک بدەین لەسەر بنەمای یاسا کە ئایا دەمانەوێت شتێک بگۆڕین یان نا، ئێمە پێویستیمان بە یاسایە و دەشزانین مەترسییەکە چییە چونکە دەزانم تەنانەت تەلەگرامیش کە هەموو شتێکی خراپی تێدایە و هەواڵی ساختەی زۆری تێدایە، بەڵام لەلایەن خەڵکانێکیشەوە بەکاردەهێندرێت کە دژی رژێمەکان و دیکتاتۆرەکان کار دەکەن، بۆیە دەتوانیت بە هەردوو ئاراستە بەکاریبهێنیت، بۆیە هەڵوێستێکی روونمان لەسەر ئەمە نییە، بەڵام گفتوگۆ دەکەین چونکە هەڵبژاردنمان لەپێشە، هەڵبژاردنی فیدراڵی لە ساڵی داهاتوودا و ترسمان هەیە لە هەندێک هەڵمەتی زۆر خراپ، کە تەنانەت لەلایەن هەندێ وڵاتەوە پارەدار و رێکبخرێن کە نایانەوێت لەگەڵ ئێمەدا زۆر باشبن.
 
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر داعش، ئایا ئێستا داعش بە هەڕەشە دەبینیت لە ئەڵمانیا، نەک تەنیا لەم ناوچەیەی جیهان. پێتوایە داعش و ئایدیۆلۆژیاکەی ئێستا لەنێو ئەورووپا و ئەڵمانیا گەشە دەکەن نەک تەنیا لەم ناوچەیەی جیهان؟
 
فرانک شڤابە: هێشتا نا، نەخێر ئێستا نا. پێشتر قاعیدەمان هەبوو و گرووپی دیکەش هەبوون و دەزانیت پێشتر هێرشی زۆریش لە ئەڵمانیا هەبوون. دەزانیت ئێمە هەندێ خۆپیشاندانیشمان هەن کە داوای خەلافەت دەکەن لە ئەڵمانیا کە نزیکەی هەزار کەسێک پاڵپشتی دەکات و داوای خەلافەت دەکەن.
 
رووداو: داوای خەلافەت دەکەن؟
 
فرانک شڤابە: بەڵێ، لەسەر شەقامەکان بینیمان، بەڵام ئێستا هێرشی زیاتر نابینین بەراورد بە 10 یان 12 ساڵی رابردوو، بەڵام ئێمە بەشێوەیەک سەرمان سووڕماوە، کە هێشتا ئەم هێرشانە هەن چونکە خەڵک هەن لە ئەڵمانیا دەڵێن باشە کوا داعش، ئێمە چیدیکە نایانبینین و چیتر ئاڵاکانیان نابینین لە ناوچەکەدا و ئەوان تێکشکێندراون، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە بیروباوەڕەکە و ئایدیۆلۆژیاکە هێشتا ماوە و هێشتا لە شوێنێک پەیکەربەندییەکە ماوە.
 
رووداو: بەڕێز شڤابە، هەزار کەس خۆپیشاندان دەکەن و داوای خەلافەت دەکەن و پاڵپشتی خەلافەت دەکەن وەکو سیستەم لە ئەڵمانیا، ئێوە دەڵێن ئەمە ئازادی رادەربڕینە، بەڵام دەتوانیت بیهێنیتە پێش چاوی خۆت ئەگەر خۆپیشاندانێکی وا لە بەغدا یان دیمەشق بکرێت کە پایتەختی ئەو دوو وڵاتەیە داعش تێیدا سەریهەڵدا، حکومەت چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟
 
فرانک شڤابە: دەتوانم بیهێنمە پێش چاوی خۆم و تێدەگەم ئەو وڵاتانە ئەزموونێکی زۆریان لەگەل پەڕگیریدا هەیە و هەوڵدەدەن رێگری لێ بکەن.. بەڵام...
 
رووداو: بەڵام ئێوە رێگەی پێدەدەن!
 
فرانک شڤابە: بەڵێ، چونکە لە مێژووی خۆماندا ئەوە فێربووین کە دەمانەوێت ببینە کۆمەڵگەیەکی ئازاد کە بتوانین خۆپیشاندان بکەین، بەڵام با راشکاوبم، ئێمەش گفتوگۆمان لەسەر ئەمە هەیە، رێگەشمان بە هەموو شتێک نەدا و رێگری پۆلیس هەبوو و رێگەیان پێنەدرا هەندێ ئاڵا نیشان بدەن، بۆیە رێگریش هەبوو، بەڵام ئێمە لە گفتوگۆیەکی بەردەوامداین و رەنگە لە سەرەتای ئەوەدابین کە لە دۆخەکە و ئەو ئاڵنگارییەی هەمانە تێبگەین.
 
رووداو: پێموایە ئاڵاکان نابینی، بەڵام هزر و بیری لەو جۆرە لەوێ هەن. لە راستی دا، ئەم بابەتە وتووێژێکی فەلسەفییە لەبارەی ئازادی. لە هەمان کات دا، پەیوەست بەو بابەتە، لە ئەورووپا هەوڵی زۆر هەیە شتەکان لەڕووی سیاسییەوە راست پێشانبدرێن. بۆیە رەنگە ئاسان نەبێت لەڕووی سیاسییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئیتر من نازانم لەمەدا ئێوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن بە نموونە یان نا.. دوای هێرشەکەی ئەڵمانیا، دەبینین ژمارەیەکی زیاتری سیاسەتڤانانی ئەڵمانی داوای دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەکەن، بەتایبەتی بۆ سووریا. ئەوان دەڵێن، ئەگەر هەندێ ناوچەی ئارام و سەقامگیر لە سووریا هەبن، پێویستە بتوانین خەڵک بۆ ئەو ناوچانە دیپۆرت بکەینەوە. ئایا پاش هێرشەکەی ئەم دواییە، حکومەت بیر لەمە دەکاتەوە؟
 
فرانک شڤابە: یەکەمین مەرجی دیپۆرتکردنەوەی خەڵک ئەوەیە دەبێت بزانی بۆ کوێ دەیانبەیت. من نامەوێ زۆر بڕۆمە نێو وردەکارییەکانی تایبەت بە عێراقەوە، بەڵام ئەگەر گەشتی ئاسمانی نەبێت، ناتوانی خەڵک دیپۆرت بکەیەوە. هەروەها ئەگەر پەیوەندیت لەگەڵ رژێمەکە یاخود حکومەتی سووریا یان حکومەتی ئەفغانستان نەبێت، ئەوا لەڕووی رێکارەکانەوە، دیپۆرتکردنەکە زەحمەت دەبێت. ئەوەی کە ئەم دواییە کردمان، ئەوە بوو بەیارمەتی هەندێ وڵاتی دیکە توانیمان 28 کەسی تاوانکار بگەڕێنینەوە ئەفغانستان. رەنگە لە داهاتوودا هەمان شت لەگەڵ سوورییەکانیش بکەین، بەڵام لە ئەڵمانیا بەگشتی دیپۆرتکردنی خەڵک زۆر زەحمەتە، دەتوانی ساڵانە چەند سەت کەسێک، چەند هەزار کەسێک بگەڕێنیتەوە، بەڵام تواناکە لەوە گەورەتر نییە، چونکە ئەوە پێویستی بە تاوتوێکردنی یاسای دیکە هەیە. ئێمە ئێستا تاوتوێی ئەوە دەکەین کە پەناخوازان لە نێو ئەورووپادا داوای مافی پەنابەری نەکەن، بەڵکو لە وڵاتێکی دەرەوەی ئەورووپا داوای بکەن. ئەگەر ئەوکات مافی پەنابەرییان پێدرا، رێگەیان پێبدرێت بێنە ئەورووپا و لە کۆتاییشیدا بێنە ئەڵمانیا. چونکە ئەم رێگەیە لە دیپۆرتکردنەوەی خەڵک باشترە، بەڵام ئەگەر خەڵک دەیەوێت بێتە ئەڵمانیا، دەبێت بزانن ئەگەر هۆکارێکی روونیان بۆ داواکردنی مافی پەنابەری نەبێت و تەنیا بڵێن من لە وڵاتێکەوە هاتووم کە بارودۆخی خراپە، ئەوا ئەو شتە بە تەنیا بەس نییە. چونکە ئەگەر ئەوە قبوول بکەین، ئەوا پێویستە خەڵکی 50 وڵاتی جیهان وەربگرین، کە ئەوەش ناکرێت.
 
رووداو: بەڕێز فرانک، پارتەکەت، سی دی یوCDU، پارتێکی جەماوەرییە.
 
فرانک شڤابە: من سۆسیال دیموکراتم.
 
رووداو: بەڵێ، سۆسیال دیموکرات، ببوورە. لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا بینیمان راستڕۆ تووندڕۆکان، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، دەنگی زیاتری بەدەستهێنا، لە هەرێمێکدا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەو دەنگانەیان بەدەست نەهێنابوو. ئەمە بووەتە سەردێڕی هەواڵی ئێستای سەرانسەری جیهان. ئەمە لە ئەڵمانیا روویدا، بەڵام من لێرە لە هەولێر دەیخوێنمەوە. ئایا پێتوانییە ئەو سیاسەتانەی ئێستا لە ئەڵمانیا پەیڕەویان دەکەن سەرکەوتوو نین و بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی دەنگەکانتان؟ پێتوانییە سیاسەتەکان پەککەوتوون؟
 
فرانک: من زیادبوونی دەنگی پۆپۆلیستە راستڕۆ و تووندڕۆکانم لە ئەڵمانیا پێ خۆش نییە... 
 
رووداو: بەڵێ، ئەوە دەزانم.
 
فرانک شڤابە: پێم خۆش نییە.
 
رووداو: پێت خۆش نییە، بەڵام هۆکارەکە ئەوەیە... ببوورە بۆ پرسیارەکەم، بەڵام.. 
 
فرانک شڤابە: بەڵێ... 
 
رووداو: هەندێ لەو خەڵکەی پێشتر دەنگی پێدەدان، چی دیکە دەنگتان پێ نادەنەوە. واتە پێویستە شتێک لەم بارەیەوە بکەن. پێتوایە ئەو سیاسەتانەی لە 10 ساڵی رابردوودا پەیڕەوتان کردوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران کە بابەتێکی گەرمی نێو قسەوباسی راستڕۆ تووندڕۆکانە، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنتان لەگەڵ کێشەکانی ئەم بەشەی جیهان، چیدیکە کارناکەن؟ ئێوە نیشانەکانتان هەیە، راستییەکان دەبینن؟
 
فرانک شڤابە: واتە پرسیارەکە لەسەر ئەوەیە کە کۆچبەری بووەتە هۆی زیادبوونی دەنگی راستڕۆ تووندڕۆکان... 
 
رووداو: بووەتە یەکێک لە هۆکارەکان.. 
 
فرانک شڤابە: بەڵام من زۆر دڵنیام لەوەی تەنانەت ئەگەر هیچ کۆچبەرێکیش نەهاتبایە ئەڵمانیا و وشەی کۆچبەری هەر لە بنەڕەتدا نەبووایە... وێڕای ئەوەی ئێمە پێویستیمان بە کۆچبەرانە و ئەگەر لە رابردوودا کۆچبەرمان وەرنەگرتبا، ئێستا رووبەڕووی زۆر کێشەی ئابووری دەبووینەوە، بەڵام تەنانەت ئەگەر هیچ کۆچبەرێکیشمان نەبووایە، زیادبوونی دەنگی پۆپۆلیستە راستڕۆ و پۆپۆلیستە چەپڕۆکانیشمان هەر دەبینی، بۆچی؟ چونکە خەڵک لە نێو کۆمەڵگەدا زیاتر هەست بە ناسەقامگیری دەکەن، چونکە پێشتر کۆمەڵگە بونیادێکی زۆر باشی هەبوو، وایە پێشتر دەرفەتی کەمتر هەبوو، بەڵام لە هەمان کات دا مەترسییەکان کەمتر بوون، دەتوانم بە درێژی باسی مێژووی ژیانی خۆم بکەم، من نەوەی خێزانێکی کارکەری کانە خەڵووزەکانم. باوکم کرێکاری کانە خەڵووزەکان بوو. ئەگەر منیش پێنج ساڵ زووتر لەدایکبووبام، منیش لە کانێکی خەڵووز دەبوومە کرێکار چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی پێنج ساڵی پێش ئێمە بوون، بوونە کرێکاری کانە خەڵووزەکان. کە ئەوە کارێکی زۆر زۆر سەخت بوو. زۆر روون و دیاربوو و دەتزانی ئەگەر گەورەبی دەچیتە کانە خەڵووزەکان. رەنگە لە کۆڵانێکی لەولاوەتریش ژنێکت هێنابا و منداڵت هەبووایە و هیچ کێشەت نەدەبوو.. 
 
ئێستا دەرفەتی زیاترمان هەیە، بەڵام مەترسی زیاتریشمان هەیە. ئێستا نازانی چی روودەدات، چ کارێکت دەستدەکەوێت، چۆن سوود لە سیستمی خانەنشینی وەردەگری، هەموو ئەم شتانە وا لە خەڵک دەکەن هەست بە ناسەقامگیری بکەن. ئەمە هەمووی پێکەوە لەگەڵ پرسی ئەو کۆچبەرانەی لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە دێن و ئاڵنگاری و مەترسیی دیکە لەگەڵ خۆیان دێنن، وای لە خەڵک کردووە هەست بە ناسەقامگیری بکەن. پێشتر هەر کەسێک دەیزانی دەنگ بە کێ دەدا. لە ناوچە پیشەسازییەکان دەنگیان بە سۆسیال دیموکراتەکان دەدا، لە ناوچە گوندنشینەکان دەنگیان بە کریستیان دیموکراتەکان دەدا، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە کراوەترە. لەم دۆخەدا خەڵک بڕیاریدا بەشێوەیەکی جیاواز دەنگ بدەن. بۆیە لە کۆتاییدا، مانشێتەکانمان بینی کە دەڵێن راستڕۆ تووندڕۆکان لە ئەڵمانیا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵێ وایە کە بوونە گەورەترین پارت لە دوو هەرێم لە کۆی 16 هەرێمی ئەڵمانیا. وێڕای ئەوەی سەرووی 30٪ی دەنگەکانیشیان بەدەستهێنا، ناتوانن حکومەت پێکبێنن. بۆیە هەرچەندە نیگەرانم، بەڵام نابێت وا پێشانیبدەین کە هەموو شتێکمان دۆڕاندووە. هەروەها ئەم شتەمان لە هۆڵەندا، نەمسا، ئیتاڵیا و فەرەنساش بینی. شتێکە کە من پێی دڵخۆش نیم، بەڵام پێموایە تاوەکو رادەیەک ئەنجامی ئەم ناسەقامگیرییە نوێیەیە کە لە جیهانێکی پڕ لە دەرفەتی نوێ دا دروستبووە. بۆیە پێویستە لە دژی بجەنگین، پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکەین. پێویستە بە خەڵک بڵێین رۆیشتن بەم ئاراستەیەدا بڕیارێکی دروست نییە، بەڵام هەرچۆنێک بێت، بووەتە دۆخی راستەقینەی ئێستا.
 
رووداو: پرسیاری کۆتاییم؛ ئایا هاوڕای ئەم کێشە نێوخۆییانەی ئەڵمانیا و ئەم پرسە سیاسییانەی ئێستای، ئەگەر لێی بڕوانی رەنگە وەک کێشەی نێوخۆیی بیانبینی، بەڵام لە راستی دا تەنیا نێوخۆیی نین، بەڵکو پەیوەندییان بە شنگال، عێراق و سووریاشەوە هەیە. پێتوایە ئەو کارانەی لە یەک دوو دەیەی رابردوودا حکومەتەکەت کردوونی، ئێستا کێشەیان بۆ دروستکردوون؟ هەموو ئەو جەنگانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کران، ئەڵمانیا پشتیوانی لێکردن. تەنانەت لە رابردوودا کۆمپانیا ئەڵمانییەکان چەکی کیمیاییان بە سەدام حوسێن دەفرۆشت و کورد بەو چەکانە کیمایاباران کران. پێتوایە لێکەوتەکانی ئەو کارانە بوونە هۆی بەشێک لەو کێشانەی ئەمڕۆ لە وڵاتەکەتاندا بەرەنگاریان دەبنەوە؟
 
فرانک شڤابە: نەک بەشێوەیەکی راستەوخۆ، وێڕای ئەوەی بە دڵنیاییەوە ئەوە کارێکی هەڵە بوو. من یەکێکم لەو کەسانەی هەوڵمداوە لە ئەڵمانیا یاساکان بچەسپێنم بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببنەوە لە بەرامبەر ئەو کارانەی لە دەرەوەی وڵات دا دەیکەن، لە بەرامبەر ئەو بازرگانییەی لەگەڵ دەرەوەدا دەیکەن. ئێمە کەمێک باجی ئەوەمان دا لە قۆناخی وەرگرتنی کۆچبەران کاتێک لە هەموو شوێنێک جەنگی نێوخۆ هەبوو، کە ئێمە زۆر کراوە بووین و رێگەمان بە هاتنەناوەوەی خەڵک دا. بێگومان ژمارەیەکی زۆری خەڵکی چاک هاتن کە لە دەستی داعش هەڵاتبوون، هاتنە ئەڵمانیا، بەڵام هەندێ خەڵکیش هەبوو هەڵگری هزر و بیری داعش بوو، ئەوانیش هاتن، کە ئەوەش شتێکی ئاسان نییە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. شتە سەیرەکە ئەوەیە، ئەم خەڵکەی کە دژی وەرگرتنی کۆچبەرانن، لە هەمان کاتدا خۆیان و پارتەکانیان دژی ئەوەن لەگەڵ دەرەوەدا کاربکەین. پێموایە بەرژەوەندی گەورەمان لەوەدایە ناوچەکە سەقامگیربێت، چونکە ئەگەر وانەبێت خەڵک کۆچ دەکەن. دەتوانین گەورەترین دیوار دروست بکەین، بەڵام خەڵک هەر دەتوانن بێن. من لێرەم بۆ ئەوەی پشتیوانی لە پرسی خەڵکی ئێزدی و هەموو کەسێکی ئەم وڵاتە و کەمینەکانی دیکە بکەم، هەروەها زانیارییەکانیش دەبەمەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بڵێم با دەست لە یارمەتیدان و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی دیکەی جیهان هەڵنەگرین، پێویستە وانەکەین، بەڵام رەنگە بەڕێز ترەمپ بیەوێت وابکات. ئێمە بە شێوازی خۆمان مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی وڵاتەکەماندا دەکەین.
 
رووداو: پێموایە ئەڵمانەکان یەكێکن لەو گەلانەی جیهان کە ئەگەر هیچ کەسێک نەزانێت دیوار چارەسەر نییە، ئەوان دەزانن، چونکە رۆژێک لە رۆژان دیوارێک لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکەتان دا هەبوو و سەرکەوتوو نەبوو. زۆر سوپاس بەڕێز فرانک. دەزانم زۆر کاتی تۆم گرت، بەڵام دڵخۆش بووم بە دواندنت. زۆر سوپاس.
 
فرانک شڤابە: زۆر سوپاس
 
رووداو: دووبارە بەخێربێی بۆ هەولێر.