سیناتۆر ڤان هۆڵن: داوا لە سەرکردەکانی کوردستان دەکەم رێگەی پێکەوە کارکردن بدۆزنەوە
رووداو دیجیتاڵ
کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری ئەمریکایی (ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا) داوا لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان دەکات رێگەی پێکەوە کارکردن بدۆزنەوە و دەڵێت، "پێموایە هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت ئەگەر حیزبە جیاوازەکان زیاتر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەن."
سیناتۆری دیموکرات، کریس ڤان هۆڵن کە رۆژی دووی ئایار لە نووسینگەکەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، گوتی "من دیدارێکی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی دا هەبوو لەم سەردانەیدا". هەروەها دەڵێ، "ئەمریکا لە گرنگیی هەرێمی کوردستان تێدەگات لەنێو سیستمی عێراقی فیدراڵ دا."
کریس ڤان هۆڵن دەڵێ ئەمریکا دژی هێرشەکانی تورکیایە بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات. باس لەوەش دەکات کە "ئێمە دەمانەوێت بەشێک بین لەو گفتوگۆیانەی لەبارەی داهاتووی سووریاوە دەکرێن."
ئەو سیناتۆرە دەڵێت، لە چارەسەری کێشەی سووریادا دەبێ مافەکانی کورد بپارێزرێن، "پێموایە ئەوە بەرژەوەندییەکی گرنگی ئەمریکایە وەک بەشێک لە هەوڵە گشتییەکانی چارەسەری."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس سێناتۆر کە میوانی رووداویت، دڵخۆشین کە لەگەڵمانیت.
سێناتۆر ڤان هۆڵن: دڵخۆشم کە لەگەڵتانم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
رووداو: زۆر سوپاس، با لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن دەست پێبکەین، ئەو لەگەڵ ئیدارە و هەروەها ئەندامانی کۆنگرێسیش کۆبووەوە، ئێوەش لەگەڵی کۆبوونەوە، لە دوای ئەو کۆبوونەوانە، پێتوایە ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەرتر ببینێت بۆ پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم وڵاتە؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: بەڵێ، من دیدارێکی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی دا هەبوو لەم سەردانەیدا. باسی هەموو ئەو کێشانەمان کرد کە لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق دا هەن. یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی ئەوەبوو کە ئەو دەیەوێت پەیوەندییەکان فراوان بکات و سنووری بواری ئەمنی تێبپەڕێنن و سنووری ئابووری و شتی دیکەیش بگرنەوە و بناخەی پەیوەندییەکە فراوان بکات. ئەوەش شتێکە کە منیش پشتیوانی دەکەم.
رووداو: زۆر باشە، کاتێک قسە لەسەر عێراق دەکەین، دەزانین کە کوردیش هەن و لە عێراق دەژین، لەبیرمە کاتێک لە میونشن بوون، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لەگەڵ ئەو کۆبوونەوەیە و کۆبوونەوەکەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئایندەی هەرێمی کوردستان لە عێراق چۆن دەبینت، ئەمریکا چۆن دەتوانێت هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بکات؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: پێموایە ئەمریکا لە گرنگیی هەرێمی کوردستان تێدەگات لەنێو سیستمی عێراقی فیدراڵ دا، بەڵام ئێمە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی کوردستان دا هەیە. ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆمان لەگەڵ عێراق دا بەگشتی بپارێزین، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەیش بپارێزین کە ئێستا لەگەڵ لایەنە جیاوازە پێکهێنەرەکانی عێراق دا دەکرێن.
رووداو: کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لێرەبوو، یەکێک لەو پرسانەی باسکرا، پرسی سەقامگیری بوو لە عێراق دا، ئەم هەفتەیەش، بە درۆنێک هێرشکرایە سەر گەورەترین کێلگەی بەرهەمهێنانی گازی عێراقی کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم، چونکە لە یاسای بەرگری نیشتمانی ئەمریکادا داواکراوە سیستمی دژە مووشەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، بۆ پاراستنی هەرێمەکە لە هەڕەشەی جۆراوجۆر کە دەکرێنە سەری، بۆچی تاوەکو ئێستا ئەم سیستمە دابین نەکراوە؟ بۆچی حکومەتی ئەمریکا ئەو سیستمەی بە هەرێمی کوردستان نەداوە؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: دەسەڵاتی جێبەجێکردن، سەرۆک بایدن و تیمەکەی، بڕیار دەدەن لە بارەی باشترین رێگە بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئەمریکایی لە یاسای بەرگریی نیشتمانی دا، ئەوەی تۆ ئاماژەت پێدا. کۆنگرێس داوای لێکردن کە چاو بە رێکخستنی ئاسایشی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا بخشێننەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گرنگە ئەوە لە چوارچێوەی حکومەتی فیدرالیی عێراق دا بکەین، بەڵام هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت. کەوتووەتە بەر هێرش. هەروەها بەشدارییەکی زۆر گرنگی لە شەڕی داعش دا هەبووە کە نیگەرانییەکی هاوبەشە. دەیڵێمەوە، ئیدارەی بایدن بە رێکی بڕیار دەدات کە چۆن ئەم هاوکارییە سەربازییە دابڕێژرێتەوە. بەڵام من پشتیوانیی رۆڵێکی گەورەترم بۆ هێزەکانی ناو هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەش لەژێر پێکهاتەی فەرماندەیی فیدراڵیی یەکگرتوودا.
رووداو: وەک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، ئاگاداری ئەوەشن کە یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکانیدا باسکران، پرسی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بوو، لەم دواییەش بینیمان کۆبوونەوەی باش بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکەوەکارکردن لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کران. پرسیارکەم ئەوەیە، ئەمریکا چۆن دەتوانێت هاوکاری زیاتری ئەو دوو پایتەختە بکات تاوەکو باشتر پێکەوە کاربکەن و بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵ بن؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: ئەمە کارێکی لەپێشینەی گرنگە. ئەوە بەشێک بوو لە گفتوگۆکەم لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی دا. گفتوگۆمان لەسەر زۆر شت کرد، لەنێویشیدا گرنگیی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان دا و، هەروەها باسی گرنگیی چارەسەرکردنی ئەم جیاوازییانەمان کرد. جیاوازی هەیە لەسەر ئەوەی چۆن بەشە مووچەی هەندێک لە کارمەندانی حکومیتان پێبدرێت. هەروەها ئێستا لەسەر سەرچاوە نەوتییەکان کێشە هەیە. ئینجا ئەمانە ئەو کێشانەن کە بەڕاستی دەبێت بە یەک جار و بۆ هەمیشە چارەسەر بکرێن. بۆیە من دڵخۆش دەبم کە ببینم گفتوگۆی زیاتر دەکرێت. ئەمریکا هەوڵیداوە لە نزیککردنەوەی حیزبەکان دا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت. بەڕاستی لەسەرمانە چارەسەری بکەین.
رووداو: هیچ هیوایەکت هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: بەکورتی، من هەمیشە گەشبینم بەوەی کە خەڵکانی نیازباش دەتوانن بگەنە چارەسەرێک. ئەمە ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشا. بیرمە ساڵێک لەمەو پێش لە میونشن بووم و هەمان کێشە سەری هەڵدا. ئینجا زۆر گرنگە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەندێک لە کێشە گەورەکانی دیکە لە پەیوەندییەکەماندا چارەسەر بکەین.
رووداو: سەبارەت بە پرسی سیاسەتی ئەمریکا، کاتێک ئەمریکا دەیەوێت یان گفتوگۆ دەکات لەبارەی سیاسەتی عێراق، ئایا هەمیشە سیاسەتی یەک عێراقە، یانیش کاتێک باس لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەکەن، هەمیشە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو سیاسەتەدا؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: دیارە کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دان بەوە دادەنێین کە عێراق وڵاتێکی هەمەچەشنە و هەرێمی کوردستانیش لەنێو سیستمی فیدراڵی دا ئۆتۆنۆمیی زۆری هەیە. پێویستە لەنێو سیستمی فیدراڵی دا ئۆتۆنۆمیی هەبێت. دەیڵێمەوە، ئەمریکا هەر تەنیا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیران سوودانی دا مامەڵە ناکات، بەڵکو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی ئەوێش دا دەیکات. هەروەها داوا لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم رێگە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەن.
رووداو: هیچ نیگەرانییەکت هەیە سەبارەت بە پێکەوە کارنەکردنی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: پێموایە هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت ئەگەر حیزبە جیاوازەکان زیاتر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەن، ئەگەر یەکگرتوویی و هاوکارییەکی گەورەتر هەبێت.
رووداو: زۆر باشە، وەک ئێوە لە ئەنجوومەنی پیرانن و لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەشن، پرسیارێک لەبارەی سووریا دەکەم، ئەمریکا هاوبەشییەکی بەهێزی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دا هەیە، دەزانین کە داعش هێشتا لەوێ هەڕەشەیە، ئایا ئەو هاوبەشییەی ئێوە لەگەڵ هەسەدە، کاتییە یان هاوبەشییەکی درێژخایەنە؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: وەک گوتت، ئێمە لە شەڕی داعش دا هاوبەشییەکی زۆر بەهێزمان لەگەڵ هەسەدەدا هەیە. هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕی دژی داعش دا سەری رمەکە بوون. ئینجا ئەو پەیوەندییە زۆر بە گرنگی دەمێنێتەوە تاوەکو دڵنیابین لەوەی داعشمان بە تەواوی تێکشکاندووە و ئیدی سەرهەڵدانەوە یان خۆڕێکخستنەوەی داعش نەبینین. هەروەها زۆر کەستان لە کەمپی [هۆڵ] هەیە و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئەو کێشانە چارەسەر دەکەین. بەڵام بڕوام وایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رۆڵە زۆر گرنگەی هەسەدە لە تێکشکاندنی داعش دا گێڕای، ئەمریکا جۆرێک لە پابەندێتی هەیە کە بەردەوامبێ لە پشتیوانییان. ئێمە دەمانەوێت بەشێک بین لەو گفتوگۆیانەی لەبارەی داهاتووی سووریاوە دەکرێن. بە لەبەرچاوگرتنی دڕندەیی رژێمی ئەسەد و بوونی هێزەکانی رووسیا و رۆڵی تورکیا لە ململانێی نێو سووریادا و هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی هەسەدە. بە دڵنیاییەوە ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورە بووە. من لەگەڵ ئیدارەی بایدن دا زۆر روون گوتوومە کە پێویستە ئێمە تەواو روونی بکەینەوە کە هێرشی تورکیا بۆ سەر هەسەدە قبووڵکراو نییە و ئەوان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لاواز دەکەن.
رووداو: ئەی هاوڕایت لەگەڵ مامەڵەی ئیدارەی بایدن لەگەڵ ئەم دۆخەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دا هەیە؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: من لە نزیکەوە چاودێریم کردووە و لە ئیدارەی بایدنەوە دڵنیاییم وەرگرتووە کە ئەوان چەند جار حکومەتی تورکیایان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێمە بە تووندی دژی ئەوەین کە تورکیا هەسەدە دەکاتە ئامانج. ئاشکرایە تورکیا لەنێو وڵاتی خۆیدا مافی یاسایی هەیە هەر جۆرە بەرگرییەک بکات. واتە هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر تورکیا چ پەکەکە بێت یان هەر لایەنێکی دیکە، بەڵام کاتێک باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکرێت، ئەوە قەوارەیەکی جیاوازە و ئەوانە لە شەڕی دژی داعش دا هاوبەشی ئەمریکا بوون و، ئێمە پێویستیمان بە پاراستنی ئەو هاوبەشییە هەیە.
رووداو: وەک باست لە داهاتووی سووریا کرد، ئەمریکا هیچ پلانێکی ستراتیجی هەیە بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لە داهاتووی سووریادا، دەیەوێت کێشەی کورد لە سووریاش چارەسەربکات، وەک ئەو هەوڵانەی لە عێراق هەبوون؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: بەڵێ، پێموایە ئەمریکا پێویستی بەوەیە دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە وەک بەشێک لە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی چارەسەری داهاتووی پەیوەست بە سووریا، مافی کوردی سووریا بپارێزرێت و پارێزگارییان لێ بکرێت. پێموایە ئەوە بەرژەوەندییەکی گرنگی ئەمریکایە وەک بەشێک لە هەوڵە گشتییەکانی چارەسەری. رەنگە لە سووریا بگەینە چارەسەری. بەدەستهێنانی ئەوە زۆر قورسە، بەڵام پێموایە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی کەسیی خۆم کە نزیکایەتی و سۆزێکی زۆرم بۆ گەلی کورد هەیە، خاڵە راستەقینەکە لێرەدا ئەوەیە کە زۆر گرنگە سیاسەتی ئەمریکا رەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە زۆر گرنگ و بەهێزەبێت. ئینجا ئەوە پەیوەندییەکە کە ئێمە وەک پەیوەندییەکی تایبەت دەیبینین؛ دەیڵێمەوە، لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا، بەڵام لەو رۆڵە زۆرگرنگە تێدەگەین کە گەلی کورد لەو چوارچێوەیەدا دەیگێڕێت.
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە، کورد چۆن دەتوانێت دۆستی زیاتری لە واشنتن هەبێت؟
سێناتۆر ڤان هۆڵن: خۆی کورد هاوڕێی زۆری لە واشنتن هەن، بەڵام هەمیشە دەتوانین بازنەکە فراوان بکەین. هەر بۆیە پێموایە ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن کە سەرکردەکانی کورد سەردانی ئێرە و پایتەختەکەمان دەکەن زۆر گرنگە کە بگەنە لای هاوکارەکانم و ئەوەیان کردووە. لەبەرئەوەی باوەڕم وایە ئەوە پەیوەندییانەی گەل لەگەڵ گەل بۆ زیاتر بەهێزکردنی هاوسەنگییەکەیە.
رووداو: کاتی ئێوە کەمە و پرسیارەکانی منیش زۆرن، بەڵام زۆر سوپاست دەکەم کە میوانی رووداو بوون و، چاوم لەوەیە زیاتر و زیاتر لە رووداو دەربکەویت.
سێناتۆر ڤان هۆڵن: زۆر سوپاس.
رووداو: زۆر سوپاس سێناتۆر، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.