ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ بۆ رووداو: حکومەتی ئێران تووندوتیژیی زۆر بەرامبەر خەڵکی شارە کوردنشینەکان بەکاردەهێنێت


داڕشتنەوە: دڵزار زوبێر و دانا عومەر
رووداو دیجیتاڵ

رەها بەحرێنی، لێکۆڵەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 200 خۆپێشاندەر کوژراون کە شەش ژنیان تێدایە و زیاتر لە 13 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.
 
رەها بەحرێنی، لێکۆڵەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە کاتی بەشداربوونی لە بوولتەنی کاژێر 8:00 لە تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکات، ئەو زانیارییانەی خستەڕوو کە رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران کۆیکردوونەتەوە.
 
بەگوتەی بەحرێنی، لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیاتر لە 13 هەزار کەس دەستگیرکراون، لەنێویاندا ژن و منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەن؛ هەروەها رۆژنامەڤان، مامۆستا، پارێزەر و پزیشک هەن و رووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی دیکە بوونەتەوە.
 
لێکۆڵەرەکەی تایبەت بە کاروباری ئێران لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی گوتیشی، "حکومەتی ئێران هێزێکی زۆر بەرامبەر خۆپێشاندەران لە شارە کوردنشینەکان بەکاردەهێنێت و سەربازی زیاتری رەوانەی ئەو شارانە کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆپێشاندان لە شارە کوردنشینەکان و سیستان و بەلوچستان بەردەوامە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رەها بەحرێنی:
 
رووداو: لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چەند کەس کوژراون و برینداربوون؟
 
رەها بەحرێنی: هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەردەوامن لە تەقەکردن لە خۆپێشاندەران بۆ ئەوەی بەهەر نرخێک بووە خۆپێشاندەران سەرکوت بکات. جگە لەوە، ساچمە و گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنیان. ئەم سەرکوتکردنە بووەتە هۆی کوژرانی سەروو 200 پیاو، ژن و منداڵ و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە. لەنێو ئەوانەی کوژراون لانیکەم 30 کچ و کوڕی خوار تەمەن 18 ساڵیان لەنێودایە کە ناوەکانیان ئاشکراکراون. ئێمە بڕوامان وایە کە ژمارەی ئەوانەی کوژراو و برینداربوون زۆر لەوە زیاترە و ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ بەردەوامە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی ناوی ئەوانە بە دۆکیۆمێنت بکات کە کوژراون و ئەو دۆخەش بزانێت تێیدا کوژراون. 
 
رووداو: ئەو ئامارانەتان چۆن دەستکەوتووە؟ 
 
رەها بەحرێنی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دەستکەوتنی زانیاری لە سەرچاوە سەرەکییەکان، لەنێویدا، خزم و کەسانی قوربانییان، هاوڕێکانیان، شایەتحاڵان، دراوسێکان. ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەشێوەیەکی بوێرانە پەیوەندییان بە ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ و داکۆکیکارانی دیکەی مافی مرۆڤەوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانەی لایانە هاوبەشی پێبکەن و ناوی کوژراوان و چۆنییەتی کوژرانیان بڵاوبکەنەوە. لەگەڵ ئەنجامدانی هەڤپەیڤینی ورد، ئێمە شیکردنەوە بۆ ئەو ڤیدیۆیانە دەکەین کە دیمەنی نێوخۆی ئێرانن بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ناڕەوای چەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر خۆپێشاندەران بەدۆکیومێنت بکەین. دەمانەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی سوپاسی هەموو تاکێک بکەین کە بەشێوەیەکی بوێرانە پەیوەندیی بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەمنستی ئینتەرنەشناڵەوە دەکات بۆ ئەوەی زانیارییەکانی هاوبەشی پێبکات. ئەو زانیاری و بەڵگانەی کە ئەوان لەگەڵ ئێمە بەشیان دەکەن، زۆر گرنگن نەک تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوەی جیهان، بەڵکو بۆ پاراستنی بەڵگەکان بۆ کاتێک کە ئەوانەی بەرپرسن لە کوشتن، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نابەجێ، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت. 
 
رووداو: دۆخی ئینتەرنێت لە ئێران چۆنە؟ حکومەت بەردەوامە لە بڕینی ئینتەرنێت بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک نەگات بە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟
 
رەها بەحرێنی: بەشێوەیەکی بەردەوام بەرپرسانی ئێران سنووربەندی دەخەنە سەر ئینتەرنێت و دایدەخەن بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەکان سەرکوتبکەن و رێگە لە گردبوونەوەی خەڵکی بگرن. هەروەها ئەو هەنگاوەیان بۆ ئەوەیە رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاری بکەن و رێگری لە خەڵکی بکەن نەتوانن ئەو بەڵگانە بڵاوبکەنەوە کە لەسەر ئەم تووندوتیژییە خوێناوییە کۆیانکردوونەتەوە. بەرپرسانی ئێران هەوڵدەدەن سنوورداریی ئینتەرنێت بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بشارنەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیانەوە ئەنجامدراون. سەرەڕای ئەم هەوڵانە و شاردنەوە و نکۆڵیکردن، بەرپرسان نەیانتوانیوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان بکەن. لە راستیدا هیچ ئاگادارییەکی جیهانی نییە کە سەرکوتکردنێکی دڕندانە لە ئێران روودەدات و خۆپێشاندەران رووبەڕووی لێدانی تووند و تەقەکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەبنەوە. 
 
رووداو: لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەند ژن گیانیان لەدەستداوە؟
 
رەها بەحرێنی: ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ زانینی ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەکاتی خۆپێشاندانەکان کوژراون؛ دوایین شت دۆکیۆمێنتێکمان بڵاوکردەوە و ناوی لانیکەم 6 ژنمان تۆمارکردبوو کە لەکاتی خۆپێشاندانەکان کوژراون. لەو کاتەوە، ناوی ژمارەیەکی زیاتری ژنە خۆپێشاندەرەکان تۆمارکراوە. بەهۆی ئەو کەشە تۆقێنەرەی کە بەرپرسان دروستیان کردووە، ژمارەیەکی زۆر ئاستەنگ لە دەستگەیشتن بە زانیاریی دروست بووە. هەربۆیە بەدواداچوونمان بەردەوامی پێدەدەین بۆ ئەوەی وێنەیەکی باشتر لەبارەی کۆی ژمارەی ئەو ژنانەمان دەستبکەوێت کە لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون. زۆر روونە کە ژنان و منداڵان ژمارەیەکی بەرزی ئەوانە پێکدەهێنن کە کوژراون، بەراورد بە خۆپێشاندانەکانی پێشوو. ژن و گەنج رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە. 
 
رووداو: چەند کەس دەستگیرکراون؟
 
رەها بەحرێنی: هەزاران کەس دەستگیرکراون. بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە لیستی دەستبەسەرکراوانی بڵاوکردووەتەوە، سەروو 13 هەزار کەس تاوەکو ئێستا دەستبەسەرکراون. بەهۆی چاوسوورکردنەوە لە خێزانی دەستبەسەرکراوان، بەشێکی زۆریان ترسیان لەوە هەیە قسە بکەن و زانیارییەکان لەبارەی دۆخی خۆشەویستانیان بڵاوبکەنەوە. ئێمە دەزانین کە بەرپرسان دەیانەوێت بە بەکارهێنانی هێز دەستبەسەرکراوان بێسەروشوێن بکەن؛ ئەوەش واتای ئەوەیە کە شوێنی مانەوەیان لە خێزانەکانیان دەشارنەوە. هەروەها دەستبەسەرکراوان بێبەشدەکرێن لە دەستگەیشتن بە پارێزەر و رووبەڕووی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکە دەبنەوە لە گرتووخانەکاندا. هەروەها راپۆرتی زۆر دڵگرانکەر هەن کە دەستبەسەرکراوان رووبەڕووی لێدان دەبنەوە و لە شوێنە دوورە دەستەکان جێیاندەهێڵن. ئەمنستی هەوڵدەدات زانیاریی زیاتر بەدەستبخات لەبارەی ئەوانەی کە دەستبەسەرکراون. پێشوازیی لە هەر کەسێک دەکەین کە خۆشەویستەکانیان لە گرتووخانەکاندایە بۆ ئەوەی زانیاری لەگەڵ ئێمە بەشبکەن. ئاسایشی ئەوانە لەلایەن ئەمنستییەوە پارێزراو دەبێت و ناسنامەی سەرچاوەکان هەرگیز بڵاوناکرێتەوە.  
 
رووداو: دۆخی میدیا و رۆژنامەڤانان چۆنە؟ چەند رۆژنامەڤان کوژراون و دەستگیرکراون؟
 
رەها بەحرێنی: ئەو سەرکوتکارییەی لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێت، رۆژنامەڤانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکڤانانی مافی کرێکاران، مامۆستایان و داکۆکیکارانی مافی ژنان و هەموو کەرتەکانی دیکەی وڵاتی گرتووەتەوە. ئەمە راپەڕینێکە کە چالاکڤانان و کەسایەتییەکان لە سەرتاسەری کۆمەڵگەدا تێیدا بەشدارن و داوای داهاتوویەکی دوور لە چەوساندنەوەی سیاسی و گۆڕینی سیستمی ئێران دەکەن. رۆژنامەڤانانیش لەم سەرکوتکارییەدا ئازاریان چەشتووە، چونکە بەرپرسانی ئێران دەیانەوێت بڵاوبوونەوەی زانیاری رابگرن. تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکمان پێنەگەیشتووە کە باس لەوە بکات رۆژنامەڤانان کوژرابن، بەڵام دەیان لەوان لەنێو ئەوانەدان کە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دەستبەسەرکراون. 
 
رووداو: هێزە ئەمنییەکان لە زیندان چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان دەکەن؟ رەچاوی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکرێت؟
 
رەها بەحرێنی: نیگەرانیی جیدی هەن کە دەستبەسەرکراوان رووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ ببنەوە، ئەوەش بۆ هەبوونی ئەشکەنجەیەکی زۆر لە گرتووخانەکانی ئێران دەگەڕێتەوە. جگە لەوە، رێگە بە دەستبەسەرکراوان نادرێت قسە لەگەڵ پارێزەر و خێزانەکانیان بکەن. لەم هەلومەرجانەدا، زۆر گرنگە ناوی ئەوانەی دەستگیرکراون بۆ رای گشتی رابگەیێندرێت و خێزانەکانیان پەیوەندی بە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاوە بکەن. بەهۆی نەبوونی سیستمێکی دادوەری لە ئێران، تەنیا لە رێگەی رای گشتی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤەوە دەکرێت وابکرێت کە دەستبەسەرکراوان جۆرێک لە پاراستنیان هەبێت و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئاوڕێکیان لێبدرێتەوە. 
 
رووداو: ئێستا لە چەند شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان هەیە، بەراورد بە رۆژانی رابردوو فراوانتر بووە یان کەمتر بووەتەوە؟
 
رەها بەحرێنی: شارە کوردنشینەکانی ئێران لە چەند هەفتەی رابردوودا گرژیی زۆریان بەخۆوە بینیوە. دەسەڵاتداران چەک و هێزی زۆر دژی خۆپێشاندەرانی شارە کوردییەکان بەکاردەهێنن. ئەمەش بە داخەوە رەنگدانەوەی ئەو تووندتیژییە زۆرەیە کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیشە دژی کەمینەی سەرکوتکراوی ئێران بەکاریهێناوە، لەنێویشیاندا کورد. سەرەڕای ئەو دۆخە، لە پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و کرماشان خەڵک بەردەوامە لەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. ژمارەی گیانلەدەستدانیش لەنێو ئەم پارێزگایانەدا بەرزترین بووە. دوایینیشیان، هەفتەی رابردوو لە 26 و 27ـی ئۆکتۆبەردا هێزی زۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکارهێندرا و لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 8 خۆپێشاندان لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا. ئەمەش ئەو راستییە پێشاندەدات کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران بەبێ ئەوەی هیچ ترسیان لە ئەنجامەکان هەبێت.